riklam

وته‌بێژی یه‌كێتی: نه‌مانویستووه‌ كورد ببێته‌ به‌شێك ململانێكانی عیراق

کوردستان 11:16 AM - 2022-06-26

دكتۆر سۆران: گفتوگۆ و سازان لە پێناو پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزاری بەهێز كە وڵامدەرەوەی خواستی هاووڵاتیانی عیراق بێت.

دكتۆر سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەكتەبی سیاسی و تەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند: گفتوگۆكانی نێوان پارتی و یەكێتی و لایەنە سیاسیەكان بەگشتی كاردانەوەی ئەرێنی هەبووە، و نزیكبوونەوەی باش هەیە بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەو گرفتە سیاسی و ئابوورییەكان بۆ فەراهەمكردنی ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

 

دكتۆر سۆران جەمال تاهیر لە میانەی چاوپێكەوتنێكدا لە گەڵ كەناڵی ئاسمانی كەركووك (TV)، وتی: یەكێتیی لە سۆنگەی بەپرسیاریەتی و ئاستی بەشداریكردنی لەحكومەتی هەرێم بەپرسیاریەتی هەڵگرتووە و هەوڵی جددی داوە لە پێناو باشكردنی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان، و ڕایگەیاند حكومەتی هەرێم دەبێت هەوڵەكانی چڕتر بكاتەوە لە پێناو چارەسەركردنی كەمووكورتییەكان و دابینكردنی خزمەتگوزاری لە سێكتەرە جیاوازەكان لە تەندروستی و پەروەردە و بوژاندنەوەی بازاڕ و دابینكردنی هەلی كار و خزمەتی گشتی، كە لەئاستی پێویستدا نین.

 

لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەگفتوگۆكانی یەكێتیی لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسیەكانی عیراق لەپێناو دەرباز بوون لەو بنبەستە سیاسییەو هەڵبژاردنی حكومەتێكی نوێ خزمەتگوزار وتی: عیراق بە بارودۆخێكی سەخت و دژوار تێدەپەڕێت و ئێمە وەكو یەكێتی هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ سازان و لێكتێگەیشتن بووین، و بڕوامان بە زمانی گفتوگۆ هەبووە بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسیەكان، و لەگەڵ ئەوە نەبووین كورد ببێتە بەشێك لەململانێی نێوان هێز و لایەنە سیاسیەكانی عیراق.

 

ئاماژەیدا بەوەشدا كە دەبێت ڕێز لە هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان بگیرێت و ڕۆڵیان هەبێت لە حكومەتی داهاتووی عیراق، لەپێناو دامەزراندنی حكومەتێكی بنكە فراوانی بەهێزی بونیادنەر، كە لەئاستی داوا و داخوازیەكانی هاوڵاتیان بێت. 
هەر لەو ڕوانگەیەشەوە جەختی لە گرنگی هەماهەنگی و هاوكاری نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی كردەوە، لەپێناو تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی عیراق پێدا تێدەپەڕێت و پێكهێنانی حكومەتێك وڵات بەرەو كەناری ئارامی و سەقامگیری ببات.

سەبارەت بەگفتوگۆكانی نێوان هێز و لایەنە سیاسیەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان وتی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەخت لەسەر بیروڕاكانی دەكاتەوە كە بەزووترین كات هەڵبژاردن بكرێت و كۆمسیونی باڵای هەڵبژاردن كارا بكرێتەوە و یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێت، بە هەماهەنگی و سازانی هێز و لایەنە سیاسیەكان، كەتێدا فرەبازنەیی پەیڕەو بكرێت و پێكهاتەكان بەئازادانە دوور لەدەستتێوەردان نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن و تۆماری دەنگدەران باكژ بكرێتەوە، و كار بە سیستمی بایۆمتری بكرێت بۆ شێوازی دەنگدان لەچوارچێوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە كوردستان.

 

سەبارەت بە كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكانی هەرێمی كوردستان، دكتۆر سۆران راگەیاند: یەكێتیی هەمیشە جەختی لە پاراستنی پێكەوە ژیان و مافی پێكهاتەكانی ئەو شارە كردووەتەوە، و لە دیداری یەكێتی باس و خواستی زۆری لەسەر كراوە، و گەلێك ڕاسپاردەی بۆ كراوە، و یەكێتی بەبەرنامەیەكی گشتگیر هەوڵی خزمەت كردنی كەركوك و هاووڵاتیانی ئەو ناوچانەی دەدات بەبێ جیاوزای و بە لوتكەی ئەولەویاتی خۆی دەزانێت، كە ئێستا بەدەست ناعەدالەتی و جیاكاری و كەمی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن.
PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket