riklam

خولی پەروەردەو راهێنانی راگەیاندن بۆ كادرانی یەكێتی دەكرێتەوە

کوردستان 10:46 PM - 2022-06-25

مەكتەبی رێكخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خولی شەهید ئاشتی بۆ كادرانی یەكێتی دەكاتەوەو ئامانج لێی هۆشاركردنەوەی كادرانە لەچەند بوارێكی راگەیاندن و وانەكانیش لەلایەن مامۆستایانی پسپۆڕی زانكۆ و شارەزایانی بواری راگەیاندن دەوترێنەوە.

خولی پەروەردەو راهێنانە بێت
د.فوئاد عەلی لێپرسراوی بەشی روناكبیری مەكتەبی رێكخستن لەبارەی خولەكەوە بە PUKmediaی راگەیاند: مەكتەبی رێكخستن لە هەموو بوارەكاندا هەردەم بەرنامەی هەیە تا خولی سەردەمیانە بۆ كادرەكانی بكاتەوە، هاوكات خولەكە بە شێوەیەكی ئەكادیمییانەیە لە بواری راگەیاندن و بۆ زیاتر پەرەسەندنی راگەیاندنە لە دەزگاكانماندا.
 وتیشی: خولەكە بەخولی پەروەردەو راهێنان ناودەبەین، وانەكانیش لەلایەن چەند مامۆستایەكی پسپۆڕەوە بەشێوەیەكی  ئەكادیمی دەوترێنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو: بەشداربوان كەسانی گەنج و بەتوانان لە بواری راگەیاندن و لە چەند شوێنێكی جیاوازدا هاتوون.
سەرپەرشتیاری خولەكە، دەشڵێت: كردنەوەی ئەمجۆرە خولانە بە مەبەستی پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییانەیە كە لە میدیایی كوردیدا بوونی هەیە، چونكە  ئێستا سەردەمی  مەڵتی میدیایە و خولەكە بۆ راگەیاندنە، بەڵام 80%ی خولەكەمان پەیوەست بەخودی پسپۆڕی تەلەفزیۆن كردوە.
ئامانج لێی هۆشیاركردنەوەی كادرانی حزبە 
د.شێركۆ جەبار مامۆستای خولەكە بە PUKmedia ی راگەیاند: خولەكە لەلایەن مەكتەبی رێكخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە كراوەتەوەو ئامانج لێی هۆشیاركردنەوەی كاردانی حزبییە لەگەڵ ماس میدیاو كەناڵەكانی راگەیاندن.
 وتیشی: مەبەستمانە كادرانی یەكێتی لەسەر رۆشنانی حزبی لەڕووی راگەیاندنەوە زۆر بەباشی مامەڵە بكات لەگەڵ دۆخی نوێی هەرێمی كوردستان عیراق و ناوچەكە و هەروەها چۆنێتی مامەڵەكردنە لەگەڵ پەیج و ئەكاونت و سۆشیالمیدیا و تەكنیكی پۆستكردن لە سۆشیالمیدیا و تەكنیكی بەرهەمهێنانی ناوەڕۆكی میدیایی.
 ئەوەشی خستەڕوو: خولەكە ماوەی دوو هەفتە دەخایەنێت و نزیكەی 70 كادری حزبی بەشدارن و هەوڵدەدەین لەماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا بتوانین كادرێكی تەواو هۆشیار لە رووی كاری میدیاییەوە بەرهەم بهێنین.
 ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: وانەكان لەلایەن مامۆستایانی پسپۆڕی زانكۆ و شارەزایانەوە دەوترێنەوەو خواستمان وایە ئەو خولە ببێتە كۆرسی یەكەم و خوای دیكەش بەدوای خۆیدا بهێنێت.
 خولێكی بەسود بۆ كادیرانی یەكێتی
بەشداربوانی خولی راگەیاندن كە لەلایەن مەكتەبی رێكخستنەوە كراوەتەوە، ئاماژە بەوەدەكەن كە لە خولەكەدا كەسانی پسپۆڕ وانەكان دەڵێنەوەو ئەوەش سودی زۆری هەبووە بۆیان.
رێبین تاڵب یەكێك لە بەشداربوانی خولی راگەیاندنی مەكتەبی رێكخستن بۆ PUKmedia، وتی: خولەكە بۆ ماوەی سێ هەفتەیەو لەلایەن مامۆستایانی زانكۆ وانەی خولەكە دەوترێتەوە، كە مەبەست لە كردنەوەی زیاتر پێگەیاندنی كادرەكانی یەكێتییەو گەیاندنی پەیامەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە بۆ ئۆرگانەكان و كۆمەڵانی خەڵكەو تێگەیشتن لە بەرنامەو ستراتیجی حزبەكە.
 ئاماژەی بەوەشكرد: بەشداریكردنی بەشداربوان بەپێی ناوچە جوگرافییەكانەو هەر شارێك كادرێك بۆ دوو كادر تێیدا بەشدارە، ئەوانەشی هەموویان كادری گەنجن و  كادری مەڵبەندەكانن و بەشێكیان لە راگەیاندنی  كۆمیتەكانەوە هاتوون كە لە مەڵبەندەوە بەشداربوون و كادری یەكێتین.
رێبین تاڵب وتیشی: خولەكە سوودی زۆری هەبووە بۆ بەشداربوان، وەك كادرێك پێشتر بەكۆكردنەوەی زانیاری خۆم لە راگەیاندن كارمكردووە، بەڵام ئێستا لە رووی ئەكادیمییەوە فێردەكرێین.
ئەوەشی خستەڕوو: هەفتەی یەكەمی خولەكە تەواو بووە و رۆژی شەممە 25-6-2022 هەفتەی دووەمی خولەكە دەستپێدەكاتەوە.
نیگار عومەر یەكێكی دیكە لە بەشداربوانی خولەكە بۆ PUKmedia ئەوەی خستەڕوو: خولەكە بۆ ماوەی سێ هەفتە بەردەوام دەبێت،  دوو هەفتەی بۆ وانەی تیۆرییە و هەفتەی سێهەمیش تایبەت دەكرێت بەوانەی پراكتیكی.
نیگار عومەر وتیشی: هەموو خولێك  وەك تازە كردنەوەیەكە لەزانیاری بۆ بەشداربوان و سودی زیاتری دەبێت، هاوكات وانەكانی هەفتەی یەكەم بریتیی بووە لە چەند وانەیەكی گرێدراو بەیەكەوە، وەك وانەی هونەری قسەكردن و گەشەپێدانی مرۆیی و چۆنیەتی رۆشتن بۆ بەرنامە و جۆرەكانی ناسینی میوان و كاریگەری میدیا و چۆنیەتی مامەڵە پێكردن لە سۆشیال میدیادا.
ئەوەشی خستەروو: سۆشیال میدیا گرنگیەكی تەواوی كۆمەڵگایە لە ئێستادا لە هەموو ماڵێكدا هەیە، بۆیە ئێستا پێویستە كادر زانیاری تەواوی هەبێت لەسەر چۆنیەتی بەكارهێنانی. 
PUKmedia تایبەت   

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket