riklam

دیارییەكی بەنرخی عەباس بەدری

بیروڕا 09:28 PM - 2022-06-23

كتێبی "مقالات و رؤى في (النور)" كە بەشێكە لەو وتارانەی پێشتر نووسەری ناودار مامۆستا عەباس بەدری لە ڕۆژنامەی (النور) لە بەغدا بڵاویكردووەتەوە، لە دووتوێی ئەم كتێبەدا كۆكراوەتەوە لەلایەن كاكە بەرزان-ی كوڕی مامۆستا عەباس-ی نەمرەوە.

بەلای منەوە ئەم كتێبە بایەخێكی یەكجار زۆری هەیە، هەڵبەت لەبەرئەوە نا كە بابەتەكان لەسەر بەرهەمەكانی منە، بەڵكو لەبەر زۆر هۆكاری لەوە لەپێشتر و گەورەتر، ئەوانیش ئەوەن كە سەرچاوەیەكی زۆر گرنگە بۆ ناساندنی ئەدەب و وێژەی كورد بە خوێنەرانی عەرەب، بەتایبەت كە ئێمە چارەنووس وایكردووە وەك دوو گەل بەیەكەوە بژین و سوود لە ئەزموونە ئەدەبی و ڕۆشنبیری و كەلتوورییەكانی یەكتر وەربگرین. 

هۆكارێكی دیكە بۆ بایەخ و گرنگیی كتێبەكە ئەوەیە كە بەقەڵەمی نووسەرێكی وەك مامۆستای كۆچكردوو عەباس بەدری نووسراوە، ئەمەیش بۆخۆی سەنگ و بەهایەكی تری دەداتێ‌، چونكە كەم نووسەر و ڕۆشنبیری كورد و عەرەب هەیە مامۆستا بەدری نەناسن و ئاشنایەتییان لەگەڵ بەرهەمە بە پێزەكانیدا نەبێت.

بۆ من عەباس بەدری هەر نووسەرێك نەبوو، بەڵكو هاوكارێكی دڵسۆزم بوو، بەپەرۆشەوە بەدواداچوونی بۆ بەرهەمەكانم كردووە و بەشێكی بەرچاویشی لێ‌ وەرگێڕاوەتە سەر زمانە دەوڵەمەندەكەی عەرەبی، جا بەو سەلیقە و لێزانی و توانا بەرزەی خۆیەوە.

كتێبەكەی بەدری-ی نەمر، یەكێكە لە جوانترین و پڕبەهاترین ئەو دیارییانەی كە پێشكەشم كراون، چونكە ئەمە لەلایەكەوە هەڵسەنگاندن و لەسەروەستانێكی بەشی زۆری بەرهەمەكانمە، لەلایەكی تریشەوە یادگاریی پیاوێكی دڵسۆی كایەی ڕۆشنبیریی گەلەكەمانە كە بە زمانی عەرەبی خزمەتێكی زۆریی كردووە.

یاد و یادەوەریی مامۆستا عەباس بەدری بەخێر و زیندوو بێت و دووبارە سوپاسی بەرزان-ی كوڕیشی دەكەم كە ئەركی كێشاوە بە كۆكردنەوە و یەكخستن و ئینجایش چاپكردنیان لەم كتێبەدا. 

گەلاوێژ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket