riklam

پزیشكێك هۆكاری سەرەكی بڵاوبونەوەی كۆلێرا ئاشكرا دەكات

کوردستان 10:28 PM - 2022-06-20

پزیشكێكی نەخۆشخانەی شەهید د.هێمن كە تایبەت كراوە بەچارەسەركردنی نەخۆشخانی سكچون و رشانەوەو كۆلێرا رایدەگەیەنێت: رۆژ بەڕۆژ ژمارەی نەخۆشخانی سكچون و رشانەوە زیاتر دەبێت و هۆكاری سەرەكی بڵاوبونەوەی كۆلێراش ئاوی پیس و خواردنی پیسە.
د.هێرش حەیدەر پزیشكی پایە بڵندی هەناوی لەنەخۆشخانەی شەهید د.هێمن كە تایبەت كراوە بەچارەسەركردنی نەخۆشخانی سكچون و رشانەوەو كۆلێرا، لەبارەی زیادبونی ژمارەی توشبوان بەسكچون و رشانەوە لەنەخۆشخانەكانی سلێمانی بە PUKmediaی راگەیاند: ژمارەی توشبوان زۆرەو وەك وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە رۆژ بە رۆژ رێژەكە زیاتر دەبێت و تەنها دوێنێ لە ماوەی 24 سەعاتدا 625 كەس داخڵی نەخۆشخانەكان كراون.
وتیشی: بەپێی داتاكان تەنها لەماوەی 6 رۆژدا زیاتر لە 4 هەزار توشی نەخۆشی سكچون و رشانەوە بوون و سەردانی نەخۆشخانەكانیان كردوە، بۆیە تا دێت ئامارەكان روو لەزیادبونەوە.
ئەو پزیشكەی باسی لەوەشكرد: ناتوانین رێژەیەكی دیاریكراو دابنێن بۆ داخڵبوونی رۆژانە لەنەخۆشەكان، چونكە رۆژێك بۆ رۆژێكی تر جیاوازە، بەڵام رێژەكە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.
ئەو پزیشكەی نەخۆشخانەی شەهید د.هێمن تایبەت بەچارەسەری نەخۆشانی سكچون و رشانەوە دەشڵێت: نەخۆشەكان پۆڵێن دەكرێن بۆ سێ بەش، بەشێكیان گەنجن، چارەسەری پێویست وەردەگرن و دەچنە ماڵەوە، بەشێكی تریان داخڵ دەكرێن و بۆ چەند سەعاتێك چارەسەر وەردەگرن، بەشێكیشیان پێویستیان  بەمانەوەیە لەنەخۆشخانەكان.
ئەوەشی خستەڕوو: جیاوازی ئەم سكچونە لە سكچونەكانی تر ئەوەیە وشكبونەوەیەكی زۆر دروست دەكات، لە ماوەی زۆر كەمدا زیاد لە 5 تا 6 لیتر شلەی لەش دەچێتە دەرەوە، ئەمەش بەكاتی سستی گورچیلەكان دروست دەكات، ئەگەر فریا نەكەویت ئەوا كاریگەری خراپتری دەبێت.
د.هێرش حەیدەر ئەوەشی وت: نەخۆشخانەكان ئامادەن بۆ وەرگرتنی نەخۆش و ئەگەر لەو نەخۆشخانەی ئێستا تەرخانكراون جێگا نەمێنێت، ئەوا نەخۆشخانەی تری ئامادەكراو هەیە.
 لەبارەی بڵاوبوونەوەی كۆلێراش وتی: یەكەم جار نییە كۆلێرا بڵاوببێتەوە، بەڵام هۆكاری سەرەكی بڵاوبونەوەی لە ئاوی پیس و خواردنی پیسە، دەبێ ئەم دوو سەرچاوە كەم بكرێتەوە، هاووڵاتیانیش پابەندبن بەخۆپارێزییەوە، دوور بكەونەوە لە ئاوی پیس و خواردنی پیس بەو شێوەیە دەتوانین رێژەكە كەمتر بكەینەوە، چونكە كۆلێرا چەند جارێكی تر بڵاو بووەتەوە وەكو ساڵی 2009 و ساڵی 2012 بڵاوبوەتەوە، چارەسەرەكەش ئەوەیە دەبێت سەرچاوەی ئاو و خواردنەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت ئەوكات كۆلێرا دەتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێت و رێژەی توشبوون كەمبكرێتەوە.
دەشڵێت: هەر نەخۆشێكی توشبوو بەكۆلێرا دوای وەرگرتنی چارەسەریش تا 14 رۆژ كۆلێر لە پیساییەكەیدا دەمێنێتەوەو دەتوانێت بڵاوی بكاتەوە. 
PUKmedia تایبەت 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket