}

سەرۆك كۆمار: دەبێت ئیدارەی شەنگال بە ویستی خەڵكی شارەكە بێت

عیراق 01:13 PM - 2022-06-19

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق ئەمڕۆ یەكشەممە 19ی حوزەیرانی 2022 لەكۆشكی سەلام لەبەغدا پێشوازیكرد لە وەفدێكی خەڵكی شەنگال بە ئامادەبووانی حەمید شەتری، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و لە بارەی دۆخی ئەمنی و خزمەتگوزاری و ئاستەنگەكانی رووبەڕووی خەڵكی شەنگال دەبێتەوە گفتوگۆكرا. 

لە دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار رایگەیاند، خەڵكی شەنگال بەهۆی توندوتیژی و تیرۆرەوە ئازاری زۆری چەشتووە، لەگەڵ ئەوەشدا بە قارەمانێتی زۆرەوە رووبەڕووی نەهامەتی و ئاستەنگە جۆراوجۆرەكان بوونەتەوە، ھەروەھا جەختیشیكردەوە لە پێویستی كۆتایی ھێنان بە نەھامەتییەكانی خەڵكی شەنگال و ئاسایكردنەوەی دۆخی شارەكە و رەخساندنی كەشێكی لەبار بۆ گەڕانەوە ئاوارەكان بۆ شوێنی خۆیان بە سەربەرزی.

ھەر لە دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار بە تووندی سەركۆنەی دەستدرێژیكردنە سەر شەنگالی كرد و دووپاتیشیكردەوە لە پێویستی كۆتایی ھێنان بە بارگرژییە ئەمنییەكانی شارەكە كە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ئێزدییەكان دەكات، ھاوكات جەختیكردەوە لە گرنگی كاركردن بۆ چارەسەركردن و كۆتایی ھێنان بە كێشەی ھەڵپەسێردراوەكان لە رێگەی ھەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان.

لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار بەگرنگییەوە باسی لە پێویستی تێپەڕاندنی ئاستەنگە سیاسی و ئیدارییەكان كرد بۆ قەرەبووكردنەوەی ئێزدییەكان و كاركردن بۆ ئاوەدانكردنەوەی شەنگال و رێكخستنی ئیدارەی شارەكە بە پێی خواستی خەڵكی شەنگال و دوورخستنەوەی خەڵك و شارەكە لەناكۆكییە سیاسییەكان.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket