riklam

هەنگاوەكانی خۆپارێزی لەتوشبوون بەسكچوون

تەندروستی 06:13 PM - 2022-06-16

ئەمڕۆ پێنجشەممە پسپۆڕێكی بواری تەندروستی جەختیكردەوە لەسەر پێویستی گرتنەبەری چەند هەنگاوێك بۆ خۆپارێزی لەتوشبوون بەسكچوون و رشانەوە بەتایبەتیش لەمناڵاندا.

 

ئوسامە ئەلعانی پزیشكی دەرمانساز لەلێدوانێكدا بۆ PUKmedia زانیاری زیاتری خستەڕوو وە رایگەیاند: وەك تیبینی دەكرێت كە بەمدواییانە حاڵەتی سكچوون و رشانەوە لەنێو مناڵان و گەورەدا رووی لەبەرزبوونەوە كردووە.

 

عانی راشیگەیاند: زۆربەی حاڵەتەكان بەهۆی ڤایرۆسەوەیەو لەماوەی 2 رۆژ بۆ 4 رۆژدا نامێنێت و جەختیشیكردەوە كە پێویستە بەئاگادارییەوە مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەكەدا بكرێت و نەهێڵین جەستە رووبەڕووی ووشكبوونەوە بێتەوەو بەشلەمەنییەكان قەرەبوو بكرێتەوە بەتایبەتیش لەكاتی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمادا.

 

عانی باسی لەوەشكرد كە كەسی توشبوو تاوەكو نیشانەكانی سكچوون تێیدا كەمبكرێتەوە پێویستی بەچارەسەری ئاسان هەیە، دووپاتیشی كردەوە كە پێویستە خۆمان بپارێزین و میوەو سەوزە پێش ئەوەی بخورێت باش بشۆرێتەوە، هەروەها پێویستە ئاگاداری پاكوخاوێنی مناڵان بین بەتایبەتی لەو كاتانەی دەچنە سەرئاو.

 

عانی لەكۆتایشدا رایگەیاند: ئەوەی پەیوەستە بەمناڵی شیرەخۆرەوە دەبێت زوو زوو دایبیەكانیان بگۆڕدرێت و ئامرازەكانی شیردان پێیان باش پاكژ بكرێنەوە.

 

پێشترو هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری 24 سەعاتی رابردووی هەموو ئەو نەخۆشانەی بڵاوكردەوە كەبەهۆی سكچوون و رشانەوەوە رەوانەی نەخۆشخانەكانی شاری سلێمانی كراون.

 

بەڕێوەبەرایەتیەكە لەراگەیەنراوێكدا كەوێنەیەكی دەست PUKmedia كەوتووە بڵاویكردەوە لەماوەی 24 سەعاتی رابردوودا 656 كەس بەهۆی توشبوونیان بەسكچوون و رشانەوە رەوانەی نەخۆشخانەكانی ناو شار كراون.

 

بەپێی راگەیەنراوەكە، ئاماری 24 سەعاتی رابردووی حاڵەتەكانی داخڵبوون لەنەخۆشخانەكانی شاری سلێمانی بەم شێوەیە بووە: نەخۆشخانەی شار 136حاڵەت، نەخۆشخانەی شەهید هێمن 298 حاڵەت، نەخۆشخانەی شۆڕش 140 حاڵەت، نەخۆشخانەی مناڵان 82 حاڵەت.

 

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket