riklam

قوباد تاڵەبانی بە کردار سەلماندویەتی لەهەوڵی چارەسەری کێشەی ژنانە

کوردستان 06:01 PM - 2022-06-16

روداوەکانی توندوتیژی دژی ژنان رویان لە زیادبونەو بە وتەی چالاکانی ئەو بوارە خەریکە لە روداوەوە دەبێت بەدیاردە، ئەمەش نارەزایی زۆری رێکخراو چالاکانی بواری ژنانی لێدەکەوێتەوەو یەکێتی و قوباد تاڵەبانیش بەتایبەت کار لەسەر روبەروبونەوەی ئەم پرسە دەکەن و هەنگاو بەرەو نەهێشتنی دەنێن.

 

PUKmedia چەند چالاکێکی ئەم بوارە دەدوینێت و دەپرسێت لە رێکارەکانی روبەروبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان چی دەکرێت و یەکێتی و دیداری یەکێتی چی بۆ ئەم پرسە دەکات؟

 

لەو بارەیەوە چالاکوانی بواری ژنان شاناز هیرانی ئەندامی لیژنەی ژنانی دیداری یەکێتی و ئەندامی مەکتەبی بیر و هۆشیاری لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ PUKmedia رایگەیاند: لیژنەی دیداری یەکێتی سەرجەمیان کۆمەڵێک ژنی بەتوانا بوون و سەردانی هەموو مەڵبەندەکانیان کردووە، وە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە ژنی ئەکادیمی کۆبوونەتەوە، دیارە توندوتیژی بە هەوموو جۆرەکانیەوە یەکێک بوو لەو تەوەرانەی کە لە رێکخستنەکان تەنانەت لە لایەن خودی ژنانی ئەکلادیمی باسی لێوە دەکرا و یەکێک لە خاڵەکان، کە ئێمە لە ڕاپۆرتەکەی خۆما وەکو لیژنەی ژنان جێمان کردووەتەوە بریتی بوو لە تێڕوانینی ژنان لە گرفتەکان و لە ئامانجەکانمان، دواتر لە ڕاسپاردەکانمان رادەستی دیداری یەکێتی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی کراوەو دەبێت پەسەند بکرێت و ببێتە هێڵی گشتی کارکردن.

وتیشی: ئێمە بابەتی توندوتیژی بەرامبەر ژنان و بابەتی گێچەڵ و گێچەڵی سێکسیمان لە ڕاپۆرتەکەدا جێکردۆتەوە، کە بەداخەوە ژنانی یەکێتیش چ لە ناو رێکخستنەکان یان بڵێین لە ناو زانکۆکان بەدەر نین لەو جۆرە توندوتیژییانە لەبەر ئەوەی توندوتیژی لە کۆمەڵگای ئێمە خەریکە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردەیەکی ترسناک. 

 

ئەو ئەندامەی لیژنەی ژنانی دیداری یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد کە، توندوتیژی هەر لێدان نییە، بەڵکو وتەی نەشیاو و هەڵسوکەوت ناجۆرو ناپەسەندیش توندوتیژییە و بەداخەوە ئێستا ژن دەسوتێندرێت، بەر چەقۆ دەدرێت، لەسەر جادە و شەقامەکان زۆر بە ئاسانی دەکوژرێت و فڕیدەدرێت وە ئەشزانن تاوانبار کێیە و دەستگیریش ناکرێت، بۆیە ویستمان یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان هەمواربکرێتەوەو تۆکمەتر بێت بۆئەوەی ڕێ لەو توندوتیژیانە بگرێت.

 

ئەوەشی وت: ئێمە لە لیژنەی ژنان وە لە دیداری یەکێتی زۆر جەختمان کردووەتوە لەسەر مەسەلەی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی، هەروەها بیریشمان نەچێت کە ئێستا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پێشنیاری هەڵمەتێکی نیشتیمانی کردووە و هەر خۆشی سەرپەرشتی هەڵمەتەکە دەکات بۆ بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی خێزانی وە دژی ژنان وە لە هەمواری ئەم یاسایە پێشنیاری زۆر باشی هەبووەو دەتوانم بڵێم یەکێکە لەو سیاسیانەی کە پشتگیری مافەکانی ژنانی کردووە، بۆیە گرنگیەکی باش درا بە مەسەلەی ژنان لە ناو خودی دیدارەکەدا.

هاوکات لەوەڵامی پرسیاری PUKmedia ش لەبارەی زۆربونی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان لەم ماوەی کۆتاییدا شاناز هیرانی وتی: دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان و ئەو بیرکردنەوە بەرتەسکەی پیاوان هۆکاری سەرەکین و بیریشمان نەچێت کە ڕاگەیاندن و میدیا ڕۆڵیکی خراپ دەگێڕیت لە نیشاندانی هەندێک دیمەن کە لەگەڵ دابونەریتی کۆمەڵگەی ئێمە ناگونجێت، بەڵام بەداخەوە گەنجەکانمان پەیڕەوی دەکەن وە تاکی کوردی نەیوتانیەوە مامەڵەیەکی تەندروستانە لەگەڵ ئەو تەکنەلکۆژیایەی سەردەم بکات و زۆرجار لاسایی کردنەوە هۆکاری توندوتیژییە و مامەڵەی خراپی میدیاکارانیش لەگەڵ مەسەلەی ژن بە شێوەیەکی گشتی هۆکاری توندوتیژییە.

ئەوەشی خستەروو کە، زۆرجار هەیە ژنێک دەکوژرێت میدیا نایەت هەڵمەتێک بکات کە تاوانبار دەسگیربکرێت، بەڵکوو بەداخەوە لەبەر ئەو دابونەریتە سەقەتەی کە ئێمە خۆمان هەمانە دێن ئەکۆڵنەوە بزانن ژنەکە چ خەتایەکی کردووە و لەوەش خراپتر ئەوەیە زۆرجار ئەو کەیسانەی کە کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە دادەخرێت و ناهێڵن بگاتە دادگاکان و ڕێڕەوی یاسایی خۆی بگرێتەبەر، ئەوانە هەموو هۆکارن بۆ سەرهەڵدانی توندوتیژی زیاتر.

قوباد تاڵەبانی ھەمیشە پارێزەری مافەکانی ژنان بووە

شارا عەبدولکەریم لێپرسراوی لقی شارەزووری یەکێتی ژنانی کوردستان بۆ PUKmedia وتی: دواکەتووی کۆمەڵگا و کێشە ئابووریەکانی کە ڕووبەڕوی خێزانێک دەبێتەوە هۆکاری سەرەکی توندوتیژی دژی ژنانە لەھەرێمی کوردستان، بۆیە ھەر کاتێک باری دارایی  باشبێت و ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا زیاتر بێت، ئەوا ڕاستەوخۆ دیاردەی توندتیژی دژی ژنان ڕوو لەکەمبوونەوە دەکات.

 

وتیشی: هەموو کات قوباد تاڵەبابی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، داکۆکیکاری مافەکانی ژنان بووە و ھاوکار و پاڵپشتی ژنان بووە لە ڕووبەرووبوونەوەی توندتیژی دژی ژنان، ھەروەھا قوباد تاڵەبانی لەڕابردوودا کاری کردووە بۆ بەسزا گەیاندنی ئەو کەسانەی کە توندوتیژیان دژی ژنان ئەنجامداوە، بۆیە  ڕۆڵ و پشتیگیرییەکانی جێگەی دەستخۆشیە.

 

مامۆستایەکی زانکۆ: قوباد تاڵەبانی بە کردار سەلماندویەتی لەهەوڵی چارەسەری کێشەی ژنانە

هەر بۆ ئەو مەبەستە PUKmedia پەیوەندی کرد بە د. ژیا عەباس ، مامۆستای زانکۆ و سەبارەت بە توندوندوتیژی دژی ژنان ، وتی: بەداخەوە لەگەڵ پێشکەوتنی کۆمەڵگا و هەبوونی ڕێکخراوێکی زۆری ژنان ، بەڵام ڕێژەی کوشتنی ژنان ، ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان ،  چ لەچواچێوەی خێزان یان دەرەوەی خێزان ڕۆژ بە ڕۆژ زیادی کردوەو هەر لەزیادبونیشدایە.

 

وتیشی: میدیاو بەکارهێنانی سۆشیال میدیا هەندێ جار هۆکاربووە ژنان توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجام بدرێت و ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد : ڕێکخراوەکانی ژنان توانیویانە زۆر لە مافەکان بۆ ژنان دەستەبەربکەن و زۆر یاسا هەموار بکەنەوە بەتایبەتی ئەوانەی داکۆکیکاری مافەکانی ژنانن ، جەختیشیکردەوە کە پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ، ڕێکخراوەکانی ژنان ، کاری زیاتر بکەن لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاک و هەوڵبدرێت زۆربەی ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر بە ژنان بەناوی کلتورەوە دەکرێت ڕێگری لێ بکرێت.

 

د. ژیا عەباس ، مامۆستای زانکۆ هەوڵەکانی قوباد تاڵەبانی لە پشتیوانی ژنان بەرزنرخاندو ئەوەی خستەڕوو کە هەمیشە قوباد تاڵەبانی لە هەموو پرسەکان بەگشتی و پرسی ژنان بەتایبەتی ڕۆڵ و پشتیوانی خۆی هەبووە و بەکردار سەلماندویەتی کە لە خەمی چارەسەری کێشەی ژنان بووە و پاڵپشتی لێکردون.

 

خۆشبەختانە یەکێتی هەر لەسەرەتاوە هەڵگری دروشمی مەدەنی و یەکسانی کۆمەڵایەتی بووە

هەر لەو چاوچێوەیەدا رەنگین عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تایبەت بۆ PUKmedia وتی: هەموارکردنەوەی یاسای روبەروبونەوەی توندوتیژی دژی خێزان ئامانجەکەی ئەوەیە کە ئەو یاسایە بەر لە 15 ساڵ دەرچوەو بارودۆخ ئەکات لەگەڵ ئێستا زۆر جیاواز بووە و لەگەل پێشکەوتنەکانی سەردەم و داگیرکردنی دنیا لەلایەن سۆشیاڵ میدیا و راگەیاندنەوە، خۆشبەختانە لە پەرلەمان لیژنەیەکی تایبەتی بۆ پێکهێنراوە بە هاوکاری و پشتیوانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و بەشی جێندەری نوسینگەی بەرێزیان و فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان پرۆژە یاسایەک گەڵاڵە کراوە کە پێشنیازی زۆر باشی تێدایە بە ئامانجی فراوانکردنی مەودای پارێزگاریکردن لە ژنان و مافەکانی بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەی توندوتیژی.

 

وتیشی: خۆشبەختانە یەکێتی هەر لەسەرەتاوە هەڵگری دروشمی مەدەنی و یەکسانی کۆمەڵایەتی بووە کەهەموو ئەم دروشمانە لە خزمەتی مرۆڤایەتیدان و یەکێتی بەئەرکی خۆی دەزانێت لەکاتێکدا ژن کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان رووی لە زیاد بونە بەرگرییان لێبکات و ئەم هەموارکردنەوەیەش یەکێکە لەو بەدەنگەوە هاتنانە بۆ پرسی ژنان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد: کە تائێستا هەوڵەکان بەشێوەیەکی باش بەڕێوە چوەو ئەو پێشنایازانەی بۆ گۆڕانکاری لە چەند مادەیەکی ئەو پرۆژە یاسایە خراونەتەروو هەمووی لە خزمەتی ژناندایە.

 

رەنگین عەبدوڵا ئەوەشی خستەروو، هەموارکردنەوەی ئەو پرۆژە یاسایەش لە چوارچێوەی ئەو راسپاردانەیە کەئێمە لە لیژنەی ژنانی دیداری یەکێتی خستومانەتەروو بەرزکراوەتەوە بۆ سەرەوە و هیوادارین پەرلەمانی کوردستان بەباشترین شێوە ئەو پرۆژە یاسایە هەموار بکاتەوە.

 

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket