riklam

ئەمڕۆ رۆژی جیهانی خوێن بەخشینە

ڕیپۆرتاژ 08:33 AM - 2022-06-14

ڕۆژی جیهانی خوێن بەخشین كە بە  بەئینگلیزی پێی دەوترێت World Blood Donor Day ئەو رۆژەیە تایبەتە بە خوێن بەخشان هەموو ساڵێك لە رۆژی 14-6 دا یادی دەكرێتەوە.

خوێن بەخشین كردارێكی خۆبەخشی پزیشكییە بە گواستنەوەی خوێن یا یەكێك لە پێكهاتەكانی خوێن لە كەسێكی تەندروست و باش بۆ كەسێكی نەخۆش و پێویست بە خوێن، ئەم كردارەش ساڵانە ملیۆنان كەس پێویستیان پێی دەبێت و لەكاتی نەشتەرگەری یان ڕووداو یان لەدایكبوون یان ئەو نەخۆشیانەی پێویستیان بە گواستنەوەی هەندێك لە پێكهاتەكانی خوێنە.

خوێن بەخشین چەندین جۆری هەیە:
یەكەم- خوێن بەخشینی تەواوەتی: یەكێكە لە جۆرە هەرە بڵاوەكان لە كردارەكانی خوێن بەخشین، كە هەموو پێكهاتەكانی خوێن دەگرێتەوە (خڕۆكە سوورەكان، پلازمای خوێن، پەڕەكانی خوێن).

دووەم-پەڕەكانی خوێن

سێیەم-پلازمای خوێن

4چوارەم-خڕۆكە سوورەكان

لە رووی مرۆڤایەتییەوە خوێن بەخشین بۆ گرنگە؟

كرداری خوێن بەخشین لە كردارە گرنگەكانە كە بە شداری دەكات لە ڕزگاركردنی مرۆڤ لە مردن و لەم بارانەدا دەبەخشرێت:

بۆ كاتی نەشتەرگەری وەك نەشتەرگەری دڵ، لوولەكانی خوێن، نەشتەرگەری چاندنی ئێسك، ئەوانی تر.

لەكاتی روودانی تەنگ و چەڵەمە لەسەر خانمانی دووگیان،  وەك بارەكانی خوین بەربوون پێش لەدایكبوون و یان لەبارچوون یان دوای لەدایكبوون.

تووشبووانی بە نەخۆشییەكانی خوێن.

تووشبووانی بە ڕووداوەكان.

توشبووانی بە نەخۆشی شێرپەنجە.

 

مەرجەكانی خوێن بەخشین:

بەخشەری خوێن دەبێت لە كاتی خوێن بەخشیندا ئەم مەرجانەی تێدابێت:

-كێشی لە (50) كگم كەمتر نەبێت.

- تەمەنی لە (18 – 65) ساڵ دابێت.

-تەندروست باش بێت و تووشی هیچ نەخۆشییەكی گوازراوە نەبووبێت.

- رێژەی هیمۆگڵۆبینی له خوێن بۆ‌ پیاوان لە (14 - 17) گم و بۆ‌ ئافرەتان لە (12 – 14) گم دابێت.

- تێكڕای پەستانی خوێنی كەمتر بێت لە (120\80) ملم جیوەیی.

- لێدانەكانی دڵی لە نێوان ( 50 – 100) لێدان بێت لە خولەكێك.

كەسێكی پێگەیشتوو و تەندروستی باش دەتوانێت بڕی ( 450 – 500) مل لە خوێنی ببەخشێت بەبێ هیچ ترس و كێشەیەك، دەشتوانێت هەموو دوو مانگ جارێك خوێن ببەخشێت بەو مەرجەی لە ساڵێكدا لە (5) جار زیاتر خوین نەبەخشێت.

 
سوودەكانی خوێن بەخشین:
- زیاد كردنی چالاكی سوڕی خوێن.

-زیادكردنی چالاكی مۆخی ئێسك بۆ بەرهەم هێنانی خانەكانی نوێی خوێن (خڕۆكە سوورەكان، خڕۆكە سپییەكان، پەڕەكانی خوین).

-خوێن بەخشین یارمەتی بەخشەر ئەدات بۆ كەمكردنەوەی ئاسن لە خوێن، كە بەیەكێك لە هۆكارەكانی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و داخرانی خوێنبەرەكان دائەنرێت.

4-بەپێی توێژینەوە زانسیتییەكان ئەو كەسانەی لە ساڵێكدا لە جارێك زیاتر خوێن ئەبەخشن، كەمتر تووشی نەخۆشییەكانی سوڕی خوێن و شێرپەنجەی خوێن دەبن.

 

ئەو بارانەی رێگا پێدراونییە خوێنیان تێدا ببەخشرێت:

- تەمەنی لە (18 ساڵ) كەمتربێت.

- تووشبووانی بە نەخۆشییە درێژخا‌یەنەكانی وەك (نەخۆشی شەكرە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، شێرپەنجە)

- توشبووانی بە نەخۆشییە گوێزراوەكان وەك (ئایدز، هەوكردنی جگەری لە جۆری B و C ، نەخۆشی سفلس و مەلاریا).

-توشبووانی بە نەخۆشییە بۆماوەییەكان.

4-تووشبووانی بە كەم خوێنی توند.


دوای خوێن بەخشین چی بكرێت؟

پێویستە بەخشەری خوێن دوای خوێن بەخشین كەمێك پشوو وەرگرێت و ژەمێكی بچووك لە خۆراك بخوات، دوای 10 – 15 دەقیقە شوێنی خوێن بەخشینەكە جێبهێڵێت، دەبێت خوین بەخش بۆ ماوەی 5 سەعات لە خوێن بەخشین، چالاكی جەستەیی قورس یان بەرزكردنەوەی قورسایی ئەنجامنەدات و شلەكان زیاتر بخواتەوە.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket