riklam

ئەمین بابەشێخ: نەوت و غاز نەخرێنە نێو ململانێ و ئاڵۆزییە سیاسیەكانەوە

کوردستان 05:23 PM - 2022-06-07

ئەمڕۆ 7-6-2022،  ئەمین بابەشێخ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندیەكان، لە شاری سلێمانی پێشوازیكرد لە رادۆ ئۆكتاڤیان دۆبری، باڵیۆزی رۆمانیا لە عیراق و لە كۆبوونەوەیەكدا گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرو پرسێكی گرنگ و هەنوكەیی كرا. هەردوولا تەئكیدیان لە بەهێزكردنی پەیوەندیەكانی نێوان رۆمانیاو عیراق و هەرێمی كوردستان كردەوەو بەپێویست زانرا كە لە دوای قۆناغی جەنگی دژی داعش و پەتای كۆرۆنا، جگە لە پەیوەندیە ئەمنی و سەربازی تەندروستیەكان بۆ لەمەودوا برەو بە پەیوەندی لە بوارەكانی تریشدا بدرێت.
لەو میانەیەشدا باڵیۆزی رۆمانیا ئامادەیی وڵاتەكەی دەربڕی بۆ بەهێزكردنی هەماهەنگی و پەیوەندیەكان لە بوارەكانی ئابوری و بازرگانی و خوێندنی باڵاو كشتوكاڵ و كەرتە گرنگەكانی تریش، پێشنیاری ئەوەی كرد كە وەفدێك لە خاوەنكارو بازرگانانی هەرێمی كوردستان سەردانی رۆمانیا بكەن و گرێبەست و پەیوەندی بازرگانی زیاتر لەگەڵ كارگەو كۆمپانیا رۆمانیەكان دروست بكەن، هاوكات ئاڵوگۆڕی ئەزمون و  هەماهەنگی زیاتر لەنێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان و رۆمانیادا بكرێت.
هەروەك لە بواری خوێندنی باڵاشدا باسی لەوە كرد كە حكومەتی رۆمانیا  زەمالەی خوێندنی بۆ خویندكارانی عیراق دابین كردوەو خوێندكارانی هەرێمی كوردستانیش دەتوانن بەرێژەیەكی زیاتر سودمەند بن لەو زەمالانە. 
لای خۆیەوە ئەمین بابە شێخ خۆشحاڵی خۆی بە پێشنیارەكانی باڵیۆز دەربڕی و ئەوەی خستەڕوو كە رۆمانیا بۆ هەرێمی كوردستان و عیراق، وڵاتێكی گرنگە و دەكرێت لە گشت بوارەكان پەرەو گەشە بەپەیوەندییەكانمان بدەین،  لەئێستاشدا رەوەندێكی گەورەی كوردیی لەو وڵاتە دەژین بۆیە پێویستە رێگاو هۆكاری جیاواز بدۆزینەوە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیەكان و هەوڵ بدرێت یاداشتەكانی لێكتێگەیشتن بگۆڕین بۆ گرێبەستی كاركردن لە بوارە جیاوازەكاندا. 
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەشدا باس لە پرس و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان كراو ئەوە خرایەڕوو كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دیدو هەڵوێستی نەگۆڕو هاوسەنگی لەسەر كۆی كێشەكان هەیەو تەئكید دەكاتەوە كە پێویستە تەواوی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستورو بە دانوستان و لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێن، هەرچی زووە حكومەتێك پێكبهێنرێت كە خزمەتگوزاری خەڵك بێت، نەوت و غازیش كە دوو سەرچاوەی داهاتی سەرەكین لە عیراق بۆ خزمەتی خەڵك و چارەسەری كێشەكانیان بەكاربهێنرێن و قوت و بژێوی خەڵك نەخرێنە نێو ململانێ و ئاڵۆزییە سیاسیەكانەوە.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket