riklam

پوتین سزای جه‌نه‌رِاڵه‌ سه‌ربازییه‌كانی ده‌دات

جیهان 06:27 PM - 2022-06-04

راپۆرته‌ میدیاییه‌كانی رۆژئاوا رایانگه‌یاندوه‌، له‌دوای ئه‌و زیانانه‌ی به‌هۆی جه‌نگی ئۆكرانیاوه‌ لێیكه‌وتووه‌، فلادیمێر پوتین سه‌رۆكی روسیا ژماره‌یه‌ك جه‌نه‌رِاڵی سه‌ربازی و به‌رپرسی ئه‌منی له‌سه‌ر كاره‌كانیان لاده‌بات.

رۆژنامه‌ی "The Hill"ی ئه‌مریكی  كه‌له‌ رۆژنامه‌ی "برافدا"ی روسییه‌وه‌ گواستیویه‌تییه‌وه‌ فلادیمیر پوتین هه‌فته‌ی رابردوو 5 له‌گه‌وره‌ جه‌نه‌رِاڵه‌ سه‌ربازییه‌كانی روسیاو ئه‌فسه‌رێكی پله‌ باڵای پۆلیسی له‌كاره‌كانیان دوورخستۆته‌وه‌.

رۆژنامه‌كه‌ ئاشكراشیكردووه‌، كه‌ ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ سه‌ربازییانه‌ی له‌كاره‌كانیان دوورخراونه‌ته‌وه‌ به‌رپرسی  ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی  روسیا بوون له‌ئۆكرانیا.

به‌گوێره‌ی میدیا رۆژئاواییه‌كان، ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ سه‌ربازیی و ئه‌منییانه‌ی له‌كاره‌كانیان دووخراونه‌ته‌وه‌ بریتی بوون له‌هه‌ریه‌ك له‌ فاسیلی كوكوشكین و ئه‌لێكسنده‌ر لاس و ئه‌ندریه‌ لیبیلین و ئه‌لێكسه‌نده‌ر ئۆدۆفینكۆ و یۆری ئیسترانكین و هه‌روه‌ها ئیمیل موسین ئه‌فسه‌ر به‌پله‌ی عه‌قید له‌پۆلیسی روسیا.

راشیگه‌یاندووه‌، كه‌هۆكاری دوورخستنه‌وه‌یان و له‌كارلابردنیان دوای ئه‌و هه‌موو زیانانه‌ دێت كه‌ به‌ر سوپای روسیا كه‌وتووه‌ له‌ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانیدا له‌ئۆكرانیا، هه‌روه‌ها كه‌ نه‌یاتوانی ده‌ست به‌سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌ئۆكرانیا بگرن وه‌ك كێیڤی پایته‌خت.

 پێشتریش به‌رپرسانی باڵای سه‌ربازی روسیا ئاماژه‌یاندابوو كه‌ وڵاته‌كه‌یان  زیانێكی  بێشووماری له‌ریزه‌كانی ئه‌فسه‌رانی پله‌ باڵاو جه‌نه‌رِاڵه‌كاندا به‌ركه‌وتووه‌.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م پرسه‌، ئه‌دمیرِاڵی خانه‌نشین جیمس ستافریدیس فه‌رمانده‌ی پێشووی هاوپه‌یمانی باكوور ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) رایگه‌یاندبوو كه‌ له‌مێژووی نوێدا هیچ زیانێكی وا گه‌وره‌ له‌كوژرانی جه‌نه‌رِاڵه‌كانی سوپادا هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی ئێستا به‌سه‌ر روسیادا دێت تۆمار نه‌كراوه‌.

ئه‌و ئه‌دمیرِاڵه‌ خانه‌نشینه‌ی ناتۆ راشیگه‌یاندووه‌ ته‌نها له‌ماوه‌ی دوو مانگدا به‌لایه‌نی كه‌م 10 جه‌نه‌رِاڵی سوپا كوژراون.

وه‌زاره‌تی به‌رگری به‌ریتانیاش ئاشكرایكردبوو كه‌ روسیا له‌نێو ریزی ئه‌فسه‌ره‌ پله‌ مامناوه‌ندی و پچووكه‌كاندا زیانی گه‌وره‌ی پێكه‌وتووه‌.

  PUKmedia ئاژانسه‌كان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket