}

سه‌رۆكی په‌رله‌مان: شانازی به‌پێكه‌وه‌ژیان له‌هه‌رێم ده‌كه‌ین

کوردستان 03:56 PM - 2022-06-04

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا، جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگیی په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی ئیتاڵیا كرده‌وه‌.

پێشنیوه‌رِۆی ئه‌مرِۆ شه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٦/٤، د. رِێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ خاتوو ماریانا سێرێنی، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا كرد.

له‌ دیدارێكدا كه‌ برونۆ ئه‌نتۆنیۆ، باڵیۆزی ئیتاڵیا له‌ عیراق و میكێلێ كامیرۆتا، كونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یبوون، باسی دۆخی سیاسیی عێراق، هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌ كرا.

سه‌ره‌تا د. رِێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مان، سوپاس و پێزانینی خۆیانی به‌ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا رِاگه‌یاند له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هاوكارییه‌ سه‌ربازی و پشتیوانییانه‌ی كه‌ وڵاتی ئیتاڵیا له‌ شه‌رِی رِووبه‌رِووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعشدا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان پێشكه‌شی هه‌رێمی كوردستانیان كرد.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیشیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان تیشكی خسته‌ سه‌ر چه‌ندین لایه‌نی په‌یوه‌ست به‌ ئازادییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و پرسی ژنان و مافی پێكهاته‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و رِایگه‌یاند: "ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوون تایبه‌ت به‌ پاراستنی مافی ژنان به‌گشتی، پێكه‌وه‌ژیانی ئاین و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان، به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ناوچه‌كه‌، له‌ باشترین یاساكانن".

وتیشی: "پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی عیراق كاتێك هه‌رِه‌شه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ژیان و گیانیان، په‌نا ده‌هێننه‌ به‌ر كوردستان، له‌م رِووه‌وه‌ ئێمه‌ شانازی به‌و فره‌یی و پێكه‌وه‌ژیانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ ھه‌رێمی كوردستاندا ھه‌یه‌".

هه‌روه‌ها سوپاسی ماریانا سێرێنی، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیای كرد كه‌ له‌ ماوه‌ی رِۆژانی مانه‌وه‌یدا له‌ كوردستان به‌ په‌رۆشییه‌وه‌ چاودێریی رِه‌وشی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی ژنانی كردووه‌ و سه‌ردانی شه‌ڵته‌ره‌كانی پاراستنی ژنانی كردووه له‌ ھه‌ولێر‌، بۆ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ دۆخی ژیان و گوزه‌رانیان و به‌دواداچوون بۆ گرفته‌كانیان.

لای خۆیانه‌وه‌ خاتوو ماریانا سێرێنی، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا، خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربرِی به‌وه‌ی كه‌ ژنێك له‌ هه‌رِه‌می ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بینێت و سه‌رۆكایه‌تیی دامه‌زراوه‌یه‌كی گرنگ و كاریگه‌ر ده‌كات له‌ هه‌رێم، هاوكات سوپاس و پێزانینی خۆیانی ده‌ربرِی بۆ پێشوازیلێكردنیان و خستنه‌رِووی ئه‌و زانیارییه‌ گرنگ و به‌ بایه‌خانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن به‌رِێزیانه‌وه‌ خرانه‌ رِوو.

هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیی په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان كرده‌وه‌، له‌سه‌ر ئاسته‌ جیاوازه‌ دیپلۆماسی و سیاسییه‌كاندا به‌ گشتی.

PUKmedia راگه‌یاندنی په‌رله‌مانی كوردستان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket