riklam

درامای کوردی باران بە ئاستێکی جیهانییەوە لە کوردسات نمایش دەکرێت

ئەدەب و هونەر 05:55 PM - 2022-06-01

درامای باران درامایەکی کۆمەڵایەتییەو بەم زوانە لەسەر شاشە ڕەنگینەکەی کوردسات پەخش دەکرێت، ئەو دیاردە کۆمەڵایەتیانە کە  لە ئێستاو ڕابردوودا کۆمەڵگە پێوەی دەناڵێنێت لە درامای باراندا باسی لێوە دەکرێت، ئەیەوێت ناشرینیەکانی کۆمەڵگا لەڕێگەی بارانەوە بشواتەوە، ئەم درامایە بەرهەمی دەزگای میدیایی کوردسات و گلوپ پرۆدێکشنە.

‎لە دیمانەیەکدا PUKmedia ستافی درامای بارانی دواند و سەرەتا ئاکۆ عەزیز میرزا کە دەرهێنەری درامای بارانە  وەڵامی پرسیارەکانی بەم شێوەیە داینەوە.

‎* چۆن بینەری کورد ئاشنا ئەبێتەوە بە درامای کوردی ، ئەو هەوڵانە چین ئەبێت بدرێت بۆ ڕاکێشانی بینەر بۆ درامای خۆماڵی و کوردی؟

‎ئاکۆ عەزیز: ئاشنا کردنەوەی بینەری کورد بە درامای کوردی لەسەر سێ کۆڵەکەی ئەساسی بنیات دەنرێت ، یەکەمیان دەق، دووەمیان دەرهێنانێکی باش، سێیەمیان ئەکتین و نواندن وستافێکی باش، کە ئەو سێ توخمە یان بابڵین ئەو سێ کۆڵەکەیەمان هەیەو ئەمەش ئەکەوێتە سەر ئەوەی کە ئەو دەزگایەی کە ئەیەوێت هەڵسێت بە ئەنجامدانی بەرهەمهێنانی درامایەک ئیتر ئەوکاتە چۆن هەڵدەستێت بە دەستنیشانکردنی دەقێکی باش و ئەکتەرێکی باش وو ستافێکی باش و چاودێری کردنیان دور لە مەحسوبیەت ، ئەو کارەی کەئەدرێت بەو دەرهێنەرە پێویستی بە پارەیەکی باشە بە سواڵکردن ناکرێت، هەتا تۆ بینەری کورد ئاشت بکەیتەوە.

 

وتیشی: بەم سێ کۆڵەکەیە ئاستی درامای کوردی بەرز ئەکرێتەوەو بۆ ئاستی درامایەک لەوڵاتانی دەوروبەر دەهێنرێت و لە کوردستان پێشکەش دەکرێن کەتۆ درامایەکی کوردی ئەبینیت و درامایەکی بیانی ئەبینیت لە تەلەفزیۆنەکاندا ئاستەکان زۆری فەرقە ئێمە ئەبێت هەوڵبدەین لەو ئاستە نزیک ببینەوە بەو سێ کۆڵەکەیەی کە پێم وتیت بۆیە کەلەو ئاستە نزیک بوینەوە بینەری کورد لەدەوری شاشەکانمان کۆدەکەینەوە و ئەوەش دڵنیام بە فەندێکی باشو هەوڵدانێکی باش و  ڕاستگۆییەکی باش هەیە هەروا بەئاسانی بەرهەمنایەت، ‎ئەبێت ئەو دەزگایانە بودجەیەکی تەواو تەرخان بکەن بۆ بەرهەمهێنانی دراما و ئەبێت چاودێریەکی باشی ئەو  چیرۆک و درامایانە بکەن کە دێتە لایان چونکە بەڕاستی کاری زۆر لاواز ئەبینین با بینەر فێری سەیرکردنی کاری لاواز نەکەین و نەتۆرێن لە شاشەی کوردی و دراما کوردیەکان.

‎* وەک دەرهێنەر هەوڵت داوە ئەو بیرۆکەی لە مێشکتدایە چۆن بگەیەنیتە بینەر؟

‎ئاکۆ عەزیز: بەڕاستی تۆ کۆمەڵێک کەرەستەت لە بەردەستایە تاوەکو ئەو بیرۆکەیەی لە مێشکتدایە بگات  یەکەم کەرەستە دەقەکەیە دووهەم کەرەستە ڕاهێنان و بەکارهێنانی ئەو ئەکتەرانەیە بەشێوەیەکی ئەکادیمی بۆئەوەی بچنە ناو کاراکتەرەکانیانەوەو بتوانن بەرجەستەی کاراکتەرەکەی خۆیان بکەن، لەهەمان کاتدا ، ماندوبون و بیرکردنەوە و چاودێریکردن و بەئاگابون لە دراماو فیلمی دونیا . ئەگەر دەرهێنەرێک بەئاگا بێت ئەتوانێت ئەو بیرۆکەی هەیەتی بەرجەستەی بکات بیگەیەنێت بە بینەری خۆی.

‎* درامای باران لەهەموو ڕوو یەکەوە تائێستا بۆتۆ دڵخۆشکەرە کارەکانی؟

ئاکۆ عەزیز: درامای باران تەجروبەیەکی قورسە بۆ من لەهەمانکاتدا ستافێکی تازە لەدەوری ئەم درامایە کۆبۆتەوە، کە هەمووی دەرچوی سینەمان و کۆمەڵێک کوڕو کچی گەنجی بەتوانان بڕوا ناکەم کاریان لە درامایا کردبێت، ئەمە وەک ستافی پشتی کامێرا باسیان ئەکەم وەک ئەکتەرنا  وای ئەبینم کە درامایەکی باش و جوان دەربچێت ئەوەندەی کە ئێستا بینیومەو لە بواری مۆنتاژکردندایە هەست ئەکەم  کارێکی جوانمان کردووەو دڵخۆش کەرەو دواجار بینەریش قەرار ئەدات من وەکو خۆم دڵخۆشکەرە بۆم هەست ئەکەم  لە چاو ئیشەکانی پێشوتری خۆما هەنگاوێکم ناوە گۆڕانکاریەکم کردوە لە خۆما، من خودی خۆم باس ئەکەم هیوادارم بگاتە بینەرو ئەم کارە جیاوازتر بێت لەو کارانەی کردوومە.

دەستخۆش لە هەموو ستافەکەم ئەکەم هەر لە بچوکترینیانەوە هەتا گەورەترینیان دەستی ماندوبونیان دەگوشم یەک بەیەکیان.

‎.... کامەران نوری گوڵاڵە وەک نوسەری سیناریۆی دراماکە لێمان پرسی، ئەزمونت وەک سیناریست  بۆ درامای باران چۆن و لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە لەوەڵامدا وتی: سیناریۆی باران یەکەم ئەزموونی نووسینمە لەپاش ئەزموونم لە کاری هونەری نواندن و کارکردنم لەپشتی کامێرا، توانیم دەست بکەم بە ئەزموونی نوسینی سیناریۆ و بە سیناریۆی درامای تەلەفزیۆنی (باران) دەستم پێکرد.

‎ئەزموونی ژیانم، ڕوداوە بینراوەکان، ڕوداوە بیستراوەکان، بوونە سەرچاوەی چیرۆکەکانی ناو سیناریۆی باران، سوپاس بۆ سەرجەم هاوکارانم.

 

* بۆ ئەوەی بزانین لەڕوی هونەریەوە  کارەکانی ئەم درامایە لە چ ئاستێکدایە، ئامانج ئیبراهیم محەمەد بەڕێوەبەری بەرهەم بە PUKmedia ی وت: قۆناغەکانی بەڕێوەبردن لەدرامای باراندا لە تالەفزیۆنی خاکەوە بەسوپاسەوە دەستی پێکرد لەگەڵ برای دەرهێنەر ( ئاکۆ عەزیز میرزا) و سیناریستی کارەکە (کامەران نوری گوڵاڵە) لەهەڵسەنگاندن و دیاریکردنی ئەکتەرەکان بۆ ڕۆڵەکان لەم درامایەدا وەهەروەها دیاریکردنی (لۆکەیشن) کە سپێردرابوو بە برای بەڕێز بەکر فەرەج . ئەتوانم بڵێم هیچ کارێکی هونەری بەبێ ئاستەنگ نابێت بەڵام ئەمکارە هونەریە سەرەڕای ماندوبونی زۆری ستافەکە توانیمان زاڵ ببین بەسەر گیروگرفتەکاندا. لە قۆناغی وێنەگرتنەوە تا دوا دیمەنەکانی وێنەگرتنی دراماکە بەهاوکاری سەرجەم ستافی دراماکە کە خۆی لە ۳۱ ئەڵقەدا دەبینێتەوە کۆتای بە وێنە گرتنی کارەکە بهێنرێت بەهیوام دراماکە لە ئاستی چاوەڕوانی بینەردا بێت لەگەڵ سەرجەم خۆشەویستیم بۆ  ستافی درامای ( باران). من لەمکارەدا بەهاوکاری کامەران نوری و هونەر کاکەیی وڕێباز عەبدوڵا توانیمان کاری بەڕێوەبردنی دراماکە بگەیەنینە ئەنجام. 

بەهیوای سەرکەوتن بۆ دراماکەو ڕێزو خۆشەویستم بۆ ئەرک و ماندو بونی ئێوەش.

خەیبەر ڕەفیق وەک بەڕێوەبەری وێنەگرتن بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەکەی PUKmedia ی دایەوە، کە پرسیمان: چۆن ئەتوانیت ئەو بیرۆکەیە یاخود ئەو چیرۆکەی لە خەیاڵی دەرهێنەردایە لەڕوی وێنەوە بگوازیتەوە؟

‎خەیبەر ڕەفیق: لەکاتی وەرگرتنی هەر گرتەیەکمدا دەمەوێت ئەو پرسیارە دروست ببێت کە من کێم ڕۆڵی من چیە ، ئەمە ڕێگەی منە بۆ وتن و بینین ، کاتێک کە چیرۆکێک لە دایک دەبێت وە بڕیارە ئەم چیرۆکە ببێت بە وێنە کەسێک بە پیشەی دەرهێنەر گێڕانەوەکە وێنادەکات سینەما تۆگراف هەوڵی تەواو دەدات کە نزیک بێت لە ودنیایەی دەرهێنەر وێنای بۆ دەکات ئەمەش بە گفتوگۆیەکی قوڵ لەگەڵ دەرهێنەر دروست دەبێت ، وە گرنگترین شت ژانرو باسو خواسی چیرۆکەکەیە کە هۆکارێکە بۆ زیاتر نزیک بونەوە لەوێناکردنی دەرهێنەر هەڵبژاردنی ستایلی وێنەگرتن.

‎PUKmedia کۆچەر عومەر

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket