riklam

پاپای ڤاتیكان سەردانی كەنەدا دەكات

جیهان 01:50 PM - 2022-06-01

ماتیو برۆنی بەڕێوبەری راگەیاندنی ڤاتیكان لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند: پاپا فرانسیس لە 24ی تەموزی داهاتوو سەردانی وڵاتی كەنەدا دەكات و تا 29 ی مانگ لە گەشتەكەی بەردەوام دەبێت. 
قەشە ریچارد سمیس سەرۆكی كەنیسەی كاسۆلیكی جیهان و رێكخەری گشتی گەشتەكەی پاپا لە كۆنفرانسی قەشەكانی كاسۆلیكی لە شاری ئەدمنتۆنی پایتەختی ئەلبیرتا هەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە كە پاپا فرانسیس سەردانی كەنەدا دەكات و سەرەتای گەشتەكەی لە هەرێمی نۆناڤۆت لە باكوری كەنەدا دەستپێدەكات كە زۆرترین خەلكی نەتەوە رەسەنەكانی (ئینویتەكان)ی تێدا دەژین و لەوێ چاوی بەخەڵكی ناوچەكە دەكەوێت، پاشان سەردانی كویبك دەكات و دواتر بەرەو هەرێمەكانی رۆژهەڵاتی كەنەدا پاپا لە گەشتەكەی بەردەوام دەبێت.
 قەشە ریچارد سمیس راشیگەیاند: سەردانەكەی پاپا فرانسیس بۆ كەنەدا درێژكراوەی گفتوگۆی نێوان كەنیسەی كاسۆلیكی و نوێنەرانی كۆمەڵگەی نەتەوە یەكەمەكانی كەنەدا (نەتەوە رەسەنەكانە ) كە لە یەكەم سەردانی وەفدەكانی گەلانی ( ئینویتەكان و میلاكیتەكان) بۆ رۆما لە كۆتایی مانگی ئازاری رابردوو  ئەنجامیان دابوو لەوێ چاویان بە پاپا كەوت، هاوكات  بانگهێشتنامەیەكیان ئاڕاستەی پاپا كرد بۆ سەردانی كەنەدا. 
قەشە سمیس ئاماژەی بەوەشكرد كلتوری رەسەن و ژیانی رۆحی ئینوێتەكان لە پێشەنگی ئەو چالاكییانەدا دەبێت كە پاپا فرانسیس بەشداری تێدا دەكات. 
جەستن ترودۆ سەرۆك وەزیرانی كەنەدا لە بەیاننامەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پێشوازی لەڕاگەیاندنی ئەم سەردانەی پاپا دەكات كە بەئیرادەو توانای ئەو گەنجانەی كۆمەڵگا رەسەنەكان ئەم سەردانەبەئەنجام گەیشت. 
 ترودۆ لە بەیاننامەكەدا پێداگریكرد كە پێویستە كەنیسەی كاسۆلیكی لە كەنەدا داوای لێبوردن بكات وەك ئەوەی كۆمسیۆنی ئاشتەوایی كەنەدا پێشنیاری كردوە، بەڵام هێشتا  دیاری نەكراوە كە ئایا لە ئەجێندای سەردانەكەی پاپا بۆ كەنەدا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی كەنەدا كۆدەبێتەوە یان نا.
شایەنی باسە لە دوای یەكەم گەشتی پاپای كۆچكردو یوحەنا پۆلسی دووەم لە ساڵی 198 ، ئەمە چوارەمین سەردانی پاپای ڤاتیكان سەرۆكی باڵای دەسەڵاتی كڵێسای جیهانە بۆ كەنەدا.
PUKmedia عوسمان عەلی - كەنەدا


 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket