riklam

كەنەدا .. تۆڕی هاوكاری كۆمەڵایەتی جەخت لە گەیاندنی هاوكاری مرۆیی دەكات

تاراوگە 12:54 AM - 2022-06-01


دوای دوو ساڵ لە هەوڵی بەردەوامی كار و چالاكی لە پێناو هاوكاری و فریاگوزاری  خۆراك و دەرمان بۆ هاوڵاتیانی كوردستان ، ڕۆژی 14/ 5/ 2022 بە بەشداری نزیكەی 50 ئەندام لە هەڵسوڕاوانی تۆڕی كۆمەڵایەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان لەڕێگەی ئۆنلاینەوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ یەكەمین كۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی خۆی ئەنجامدا .
سەرەتا هاوڕێ ئەحمەد عەلی سەرپەرشتیاری گشتی تۆڕی هاوكاری كۆمەڵایەتی وێڕای بەخێرهاتن ، سوپاسی بەشداربووانی كۆبوونەوەكەی كرد و پاشان باس و تەوەرەكانی كۆبوونەوەی ڕوونكردەوە كە بریتی بوون لە دوو تەوەر ( یەكەم ئامانج وكارو چالاكیەكانی تۆڕی هاوكاری كۆمەڵایەتی لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوو ، دووەم كارو ئەركەكانی داهاتووی تۆڕەكان لە دەرەوە و ناوخۆی كوردستان ).
 سەرپەرشتیاری تۆڕەكە بە تێروتەسەلی چەند خاڵێكی لە ئامانجەكانی تۆڕی هاوكاری كۆمەڵایەتی و جێگە وشوێنی ئێستا و كارو چالاكییەكانی لە پێناو هاوكاریكردنی خەڵكی كەم دەرامەتی كوردستان ڕوونكردەوە ، هەروەها پەڕەپێدان بەگیانی هاوكاری و فریاكەوتن و یارمەتیدانی یەكتر و بەهێزكردنی هەستی مرۆڤ دۆستی و نیشاندانی بەرپرسیارێتی لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا خستەڕوو . 
بەهادین حاجی شوكر وتە بێژی تۆڕی هاوكاری كۆمەڵایەتی سەبارەت بەتەوەری دووەمی بەرنامەكە و ئەركەكانی داهاتووی تۆڕەكاندا ڕایگەیاند ئەم ڕێكخراوە بۆ بەردەوامی هاوكاریكردن و ڕاپەڕاندنی ئەرك و خولەكانی فێركاری و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری پێویستی بە دانانی سندووقی هاوكاری هەیە لە شوێنە گشتیەكانی ناو بازاڕ و مۆڵ و ماركێتەكان كە بەناو و لۆگۆی تۆڕی هاوكاری كۆمەڵایەتی بێت. وتە بێژی تۆڕی هاوكاری ئاماژەی بە تیمەكانی هاوكاری و خولەكانی بواری فێركردن و ژینگە و تەندرووستیدا كە چەندین مامۆستا و دوكتۆر و كارمەندی تەندرووستی لە چوارچێوەی تۆڕی كۆمەڵایەتی خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاولاتیان دەكەن . ڕاشیگەیاند پێویستە لە داهاتوودا تۆڕی هاوكاری لە پشتیوانیكردن و دابینكردنی پێداویستی نەخۆشخانەی هیوا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت .
دواتر بەشداربووانی كۆبوونەوەكە ڕاو پێشنیاری خۆیان لەسەر چەند بابەتێك لە داهاتوودا ڕاگەیاند لەوانەش بەردەوامی و هەوڵی زیاتر بۆ گەیاندنی كۆمەك و هاوكارییەكان ، ڕاگەیاندنی پشتیوانی لە كەمپەینی داكۆكی كردن لە نەخۆشخانەی هیوا ، بەشداریكردنی  كەسایەتی هونەری و ئەدەبی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و میدیاكار وەرزشوانان بۆ پشتگیریكردن لە كەمپەین . خاڵیكی تریش كە جێی باس و گفتوگۆی هەڵسوڕاوانی كۆبوونەوكە بوو بەتایبەتیش ئەوانەی دەرەوەی كوردستان كار بكەن بۆ بەدەستهێنانی هاوپشتی و ئیمكاناتی دارایی و دەرمان و كەرستەی پزیشكی و هاوكاری مرۆیی بۆ نەخۆشخانەكانی كوردستان و كردنەوەوەی حسابێكی بانكی بۆ كۆكردنەوەی دارایی خێرخوازان . هاوكات نامەیەكیش ئاراستەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی تەندرووستی جیهانی بكەن بۆ هاوكاری و بەهاناوەچوونی نەخۆشەكانی شێرپەنجە و ژنان و منداڵان و تالاسیما و مەترسی كەمی دەرمان لە نەخۆشخانەكان .
دوای سێ كاتژمێر لە گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەی بەشداربووان ، كۆبوونەوەكە بە كۆمەڵێك ڕاسپاردە و هەنگاوی كردار كۆتایی هات .
PUKmedia عوسمان عەلی ، كەنەدا 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket