riklam

وشكەساڵی و خۆڵبارین زیان بە جوتیاران دەگەیەنێت

ڕیپۆرتاژ 11:27 AM - 2022-05-31

ماوەی دوو ساڵە جوتیارانی هەرێمی كوردستان بەگشتی و پارێزگای هەولێر بەتایبەتی بەهۆی وشكەساڵی و كەم باران بارینەوە تووشی لەناوچوونی بەروبوومەكانیان بووینە و زیانێكی زۆریان بەر كەوتووە، ئەمساڵیش جوتیارانی هەولێر تەنیا ئەوانەی بیری ئاویان هەیەو زەوییەكانیان پێ ئاو دەدەن بەرهەمی گەنم و جۆیان دەدورنەوە، ئەگینا ئەوانی تر بەهۆی لەناوچوونی بەرهەمەكانیان ئاژەڵەكانیان لەناویدا دەلەوەڕێنن و زۆربەیان تووشی زیانی دارایی بوون.

لەوبارەیەوە فارس حسێن سەرۆكی رێكخراوی جوتیارانی سەردەم بە PUKmedia ی راگەیاند : دووەمین ساڵە ئەو جوتیارانەی هەرێمی كوردستان كە زەوییەكانیان بەشێوازی دێمی چاندووە بەهۆی وشكەساڵی تووشی زیانێكی زۆر بووین كە پشتیان تەنیا بەئاوی باران بەستووە بەتایبەتی پارێزگای هەولێر لەكاتێكدا پارێزگاكە بڕبڕەی پشتی كەرتی كشتوكاڵ و بەرهەمی گەنم و جۆیە بۆ هەموو بەشەكانی تری عیراق ، چونكە خاوەنی دەشتێكی فراوانە وەكو دەشتەكانی قەراج و كەندێناوەو دەشتی هەولێرو شەمامك ، بەڵام خاوەن ئەو زەویانەی كە بیری ئیرتیوازیان هەیە ئاودێری خۆیان كردووەو لەوانەیە لەداهاتوو سوودێك لەبەرهەمەكانیان وەربگرن.

وتیشی: ناكرێت هەموو جوتیارەكان بیر لەزەویەكانی خۆیان لێبدن، چونكە ئەوكات دەبێتە هۆی نەمانی ئاوی ژێر زەوی، بەڵام دەكرا چەندین ساڵ بەر لەئێستا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهێنرا پلانی هەبوایە بۆ ئەوەی لەسەر ئاوی زێی گەورە بەنداوێكی گەورەی دروست بكردبایە كە سوودێكی زۆری دەبوو بۆ ئەوەی جوتیارانی هەموو ناوچەكانی هەولێر زەویەكانیان بكردبایە بەئاودێری كە ئەگەر ئەو پڕۆژیە بوونی هەبوایە وشكەساڵیەكە ئەو كاریگەرەیە خراپەی نەدەبوو.

باسی لەوەشكرد: حكومەتی هەرێم بڕێك بنەتۆوی وەكو هاوكاری بە جووتیاران داوە ئەمساڵیش چاوەڕوانین بەهۆی ئەو وشكەساڵییەوە وابكەین حكومەت یارمەتی جوتیاران بەلایەنی كەمەوە بەدابینكردنی پەینی كیمیایی بدات بۆ ئەوەی دووبارە زەویەكانیان بچێنن، ئەمساڵ جگە لە بەشێكی كەمی، زۆربەی جوتیارانی هەرێم زەوییەكانیان بەگەنم و جۆ چاندووە، بەڵام ئەوانەی ئاویان نەبوو بەرهەمەكانیان لەناوچوون و بەناچاری ئاژەڵەكانیان بەرداوەتە ناو بەرهەمەكانیان بۆ ئەوەی بەلایەنی كەمەوە بۆ ماوەیەك خۆراكی ئاژەڵەكانیان بەدەستبێنن.

ئەوەشی ئاشكراكرد: جگە لەوانەی بەرهەمەكانیان لەناوچووە، بەڵام ئەوانەی بەرهەمەكانیان ئاو داوە رێژەیەكی باشی گەنم لەمساڵدا بەرهەم بێنن كە لەوانەیە هەموو بەرهەمەكای گەنم لە هەرێمی كوردستان بگاتە نزیكەی 500 تا 600 هەزار تۆن دیارە حكومەتی عیراقیش رایگەیاندووە، كە ئەمساڵ بڕی هەر تۆنێك گەنم بە 850 هەزار دینار لەجوتیاران وەربگرێت كە نرخەكەی گونجاوە، بەڵام دەبوایە یەك ملیۆن بوایە چونكە نرخی گەنم لەهەموو جیهان گران بووە كە لەساڵانی پێشوودا نرخی یەك تۆنی بە 600 هەزار دینار وەردەگرت، وتیشی: تائێستا پارەی گەنمی ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 ی جوتیارانی هەرێم لەلایەن حكومەتی عیراق ماوەتەوە و نەیداوەتەوە بۆ ئەمساڵیش حكومەتی عیراق رایگەیاندووە، گەنمی جوتیاران بەنەقدی وەردەگرێت.

رونیشی كردەوە: بۆ چارەسەركردنی كێشەی جوتیارانی هەرێم پێویستە حكومەتی هەرێم لەداهاتوو پلانی بۆ كشتوكاڵ هەبێت پەینی كیمیایی و بنەتۆ و گازوایل و كارەبایان پێبدات هەروەك كاری بەبازاركردنیان بۆ ئەنجام بدات و كادیری كشتوكاڵی باشیان بۆ دابین بكات.

نامیق یونس یەكێكە لەجووتیارانی گوندی سۆربەشی شاری هەولێر كە ئەمساڵ زەویە لە كشتوكاڵیەكانی گەنم و جۆی چاندووە رایگەیاند : ئەمساڵ پەینی كیمیایی گران بووە یەك تۆنمان بە 1 ملیۆن و 400 هەزار دینار كڕیوە كە پێشتر بە 400 هەزار دینار بوو هەروەك نرخی گازوایلیش گران بووە لیتری بە 400 دینار بوو ئێستا گەیشتۆتە 900 – 1000 دینار ئەمساڵ لەزەویەكانم گەنم و پاقڵەو پیازم چاندووە ، بەڵام بیرەكانمان ئاوی كەم كردووە حكومەتیش ناهێڵێت بیری تازە لێبدەین ، بۆیە هەندێك لەگەنمەكانم دێمی بوون لەناوچوون بەناچاری مەڕم بردە ناوی بۆ ئەوەی ببێتە خۆراكی ئاژەڵەكانم كە نزیكەی 30 دۆنم زەویم بەگەنم و جۆ چاندبوو لەو بڕەیە بڕێكی كەمی گەنمم پێگەیشت كە هێشتا نەمدوریتەوە كە ئەویش بەهۆی ئاوادنی بوو ، بۆیە لەوانەیە ئەمساڵ نزیكەی 10 ملیۆن دینار زیانم پێبگات جوتیاریش دەناسم ئۆتۆمبێڵەكەی فرۆشتووەو پارەكەی لەكشتوكاڵ خەرج كردووە كەچی كشتوكاڵەكەشی پێنەگەیشت و ئۆتۆمبێڵەكەشی نەما.

ئەو جوتیارە وتیشی : بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەم ئاوی زەویە كشتوكاڵیەكانی هەولێر پێویستە بەنداو لەسەر زێیەكان دروست بكەن بۆچی ئەو هەموو ئاوە بەفیڕۆبچێت بۆ وڵاتانی سعودیەو قەتەڕو بەحرەین بڕوات بەتایبەتی ئەمساڵ چەند جارێك بارانی بەخوڕ باری كە بەسەر زەویدا رۆیشت و نەچووە ناخی زەوی ، بۆیە بۆ ئێمە هیچ سوودی نەبوو بەهۆیەوە چەندین گەڕەكی هەولێر تووشی لافاو خنكانی هاوولاتیان بووین ئەگەر بەنداو هەبوایە ئەو كێشەیە لەشاری هەولێر رووینەدەدا.

باسی لەوەشكرد زەویەكانی ئەو لەگوندی سۆربەش حەوێزە لەناحیەی شەمامك وتی : من ئیستا ئامادەم ئەگەر حكومەت یارمەتیەكم بدات زەویەكەی خۆم دەدەم بۆ ئەوەی قوڵی بكات و بیكات بەبەنداو كە دەتوانین لەئاوی ئیفراز پڕۆژەی ئاو و بەنداو دروست بكەین كە تێچووەكەشی زۆر نیە كە شوێن بۆ دروستكردنی بەنداو لەپارێزگای هەولێر زۆرە ، چونكە ژمارەیەك لەزەوی قوڵمان هەیە كە ئێمە پێی دەڵێین كەند كاتێك بارانی بەخوڕ دەبارێت ئەگەر بەنداومان هەبوایە بایی ساڵێك ئاوی گلدەدایەوە.

سەبارەت بەدابینكردنی دەرمانی لەناوبردنی مێرووی زیان بەخش بۆ بەرهەمی كشتوكاڵی ، نامیقی جوتیار وتی: پێشتر وەزارەتی كشتوكاڵ لەوڵاتی سویسرا دەیكڕی بەبێ بەرامبەر بۆمانی دابین دەكرد كە جۆرەكەی باش بوو بەماوەیەكی كەم هەموو مێرووەكانی لەناودەبرد ، بەڵام ئێستا بازرگانەكان دەچن بەپارە لەوڵاتی چین كامە جۆری خراپە دەیهێنن، بۆیە ئەو دەرمانە ناتوانێت مێرو و گژوگیای زیانبەخش لەناوببات.

هەر لەبارەی ئەو كێشانەی كشتوكاڵ ، حسێن حەمەكەریم وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان بەكوردستانی نوێی راگەیاند : ئێستا وەزارەتەكەمان راپۆرتێكی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئامادەكردووە بۆ كێشەكانی وشكەساڵی و كاریگەریەكانی لەسەر ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی و كشتوكاڵ لیژنەیەكیش بۆ ئەو بابەتە دروستكراوە ، بەڵام تائێستا هیچ شتێك بەڕەسمی ئەنجام نەدراوە ، بەڵام كاری لەسەر دەكرێت.

وتیشی : وشكەساڵی و خۆڵبارین كاریگەری گەورەی كردۆتە سەر كەرتی كشتوكاڵ بەتایبەتی لەناوچەی گەرمیان و دەوروپشت و باشوورو دەشتی هەولێرو بەهۆی بێ بارانی بەشێكی زۆری ئەو بنەتۆیەی كە چاندرابوون هەمووی سەوز نەبوو بەهەدەرچوون تەنانەت كاریگەری لەسەر پاوان و سامانی ئاژەڵیش هەبووە ، بەڵام هیچ زەویەكی هەرێم تووشی بەبیابان بوون نەبووە ، بەڵام ناوچەی گەرمیان بەتایبەتی كەلارو كفری و ناوچەی مەخمورو دیبەگەو گوێر مەترسی بەبیابان بوونی خاكەكەیان هەیە بەتایبەتی ئەگەر دیاردەی وشكەساڵی درێژە بكێشێت و چارەسەر نەكرێت.

راشیگەیاند : لەپلانەكانمان باسی ئەوەمان كردووە چۆن لەگەڵ دروستكردنی بەنداو پۆندی بچووكی ئاو دروست بكەین هەروەها پڕۆژەی ئاودێری بۆ كشتوكاڵ دروست بكەین كە هەمووی لەراِپۆرتەكەدا هەیە كە دەبێت سوود لەو رووبارانە وەرگرین كە لەهەرێمی كوردستان هەن ئێستاش 6 بەنداو كاری تێدا دەكرێت.

ئاشكراشی كرد ئەو خۆڵبارینە كاریگەری خراپی هەیە لەسەر فەسلەجی رووەك و داپۆشینی رووی دەرەوەی بەرهەمەكان و درەختەكان و كاریگەری لەسەر كرداری رۆشنە پێكهاتنی رووەكیش دروست دەكات كە ئەگەر خۆڵبارین سوودیشی هەبێت سوودەكەی ئەوەندە كەمە كە شایانی باس كردن نیيە.      

PUKmedia  رەوەست نەوزاد

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket