riklam

داوای رادەستكردنەوەی سوپاسالاری سەردەمی بەعس دەكرێت

کوردستان 08:45 PM - 2022-05-10

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان راگەیەنراوێكی لەبارەی لێدوانی نزار عەبدولكەریم فەیسەڵ خەزرەجی سوپاسالاری پێشووتری سەردەمی بەعس بۆ كەناڵی العربی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، تاوانبار لەمیانەی گێڕانەوەی یاداشتەكانی سوكایەتیكردنی بەناوی پێشمەرگە و خەباتی رزگاریخوازانەی گەلەكەمان كردووە.

راشیگەیاندووە: تاوانباری ناوبراو بەگوێرەی نووسراوی ژمارە ف 2/1445 لە 18/12/2005، یەكێك بووە لە تاوانبارە داواكراوەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق و لێدوانەكانی ئەم دواییەی ئەو، دژی بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانە لە عیراق.

دەقی راگەیەنراوەكە:
ڕاگەیەندراوێك لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانەوە
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان ..
قوربانیانی تاوانەكانی جینۆسایدی دەستی بەعس ..

لەم ڕۆژانەی دواییدا و لەڕێی كەناڵی (العربی) كە لە لەندەنەوە پەخش دەكرێت، تاوانبار (نزار عەبدولكەریم فەیسەڵ خەزرەجی) سوپاسالاری پێشووتری سەردەمی بەعس، لەمیانەی گێڕانەوەی یاداشتەكانی، سەرەڕای سوكایەتیكردنی بەناوی پێشمەرگە و خەباتی رزگاریخوازانەی گەلەكەمان، هەموو ئەو تاوانانەش كە سوپا و دامودەزگا سەركوتكەرەكانی بەعس لە ئەنفالدا دژ بە دانیشتوانە سڤیلەكەی كوردستان ئەنجامیان داوە، زۆر بێ شەرمانە رەت دەكاتەوە و تەنها بە پڕوپاگەندەی هێزە كوردییەكان و ئێران و راگەیاندنەكانی خۆرئاوای لە قەڵەم دەدات.
پێشتریش تاوانباری ناوبراو لە زاری خۆیەوە و لە یاداشتە نووسراوەكانی خۆیدا، ئەنفالی بە پڕۆسەیەكی ئەمنی ناوخۆیی لە قەڵەم داوە و پێی وایە ئەو هەڵایەی نەویستووە كە لەسەری دروست كراوە. نەك هەر ئەوە، تەنانەت كیمیابارانكردنی هەڵەبجەش دەخاتە ئەستۆی ئێران و  بەعس و سوپا دڕندەكەی لەم تاوانە بێ بەری دەكات. ئەو بە شانازییەوە باسی ئەوە دەكات كە ئەندازیاری راگواستنی گوندەكانی كوردستان بووە لە دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، سەرەڕای سەرپەرشتیكردنی قۆناغەكانی ئەنفالی یەك و دوو و سێ لە ناوچەكانی دۆڵی جافەتی و قەرەداغ و گەرمیان، هەر خۆی داڕێژەری بیرۆكە و تەواوكەری تاوانەكانی ئەنفالیش بووە لە پاش كۆتاییهاتنی جەنگی عیراق – ئێران.
وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان وەكو پارێزەری سەروەریی شەهیدان و مافی كەسوكارە سەربەرزەكانیان و داكۆكیكاری ناساندنی تاوانەكانی بەعسی رووخاو دژ بە گەلی كوردستان، لە كاتێكدا ئەم ئینكاریكردنەی تاوانباری ناوبراو رەت دەكاتەوە و ناوبراو بە تاوانبارێكی سەرەكی تاوانەكانی ئەنفال دەناسێنێت،  بە ئەركی خۆشی دەزانێت لەڕێی هەماهەنگی لەگەڵ هەر سێ سەرۆكایەتییەكە و ئەنجومەنی دادوەری و رێكخراوەكانی بوارەكە لە هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، داوای گرتن و رادەستكردنەوەی تاوانبار (نزار عەبدولكەریم فەیسەڵ خەزرەجی) بكات بەمەبەستی دادگاییكردنی وەكو یەكێك لە تاوانبارەكانی ئەنفال، بەتایبەتیش كە تاوانباری ناوبراو بەگوێرەی نووسراوی ژمارە ف 2/1445 لە 18/12/2005، یەكێك بووە لە تاوانبارە داواكراوەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق و لێدوانەكانی ئەم دواییەی ئەو، دژی بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانە لە عیراق كە تاوانی ئەنفال و كیمیابارانكردنی گەلەكەمانی وەكو جینۆساید ناساندووە.

نەمری و سەروەریی بۆ شەهیدان.
مردن و رسوایی بۆ تاوانبارانی تاوانەكانی دژ بە گەلی كوردستان.

PUKmedia راگەیاندنی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket