riklam

كەنەدا.. رۆژی جیهانی جەژنی كرێكاران بەرز رادەگیرێت

تاراوگە 09:37 PM - 2022-05-02

بەبۆنەی 1ی ئایار جەژنی كرێكارانی جیهان، بەدروشمی بژی ئازادی، یەكسانی، حكومەتی كرێكاری لەڕێوڕەسمێكی شایستەدا بەئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە پاركی تۆماس پاركی تۆرونتۆ رۆژی چینی كرێكار بەرز راگیرا.
لەو ڕێوڕەسمەدا چەندین وتارو چالاكی هونەری سروود و گۆرانی و شیعر خوێندنەوە پێشكەشكران. 
سەرەتای ڕێوڕەسمەكە بەسرودی مارشی كرێكاری جیهان دەستی پێكرد، پاشان جەلال سەعید سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی پەنابەران بەناوی لیژنەی ئامادەكار لە وتەیەكدا پیرۆزبایی رۆژی 1ی ئایاری لە ئامادەبووان وسەجەم كرێكارانی جیهان كرد و سوپاسی رێكخەران و هاوكارانی ڕێوڕەسمەكەی كرد. 
سەناریا جەلال پێشكەشكاری رێوڕەسمی 1 ی ئایار بەخێرهاتنی ئامادەبووانی كردو دواتر بڕگەو تەوەری مەراسیمەكەی بۆ ئامادەبووان رونكردەوە. 
جێی ئاماژەیە سەكۆی مەراسیمەكە كە پێكهاتبوو لە پێشانگایەك بۆ تابلۆی وێنەو خەبات و چالاكی جەماوەر و كرێكارانی هەر یەكە لە عیراق و كوردستان و ئێران و كەنەدو هەروەها لەسەرمێز كتێب و نووسراو و بڵاوكراوەكان بەزمانی كوردی و عەرەبی و فارسی ئینگلیزی نمایشكرابوون.
دواتر چەندین وتار بەو بۆنەوە لە میانەی مەراسیمەكەدا پێشكەشكران كە بەگشتی وتارەكان وێڕای پیرۆزبایكردنی جەژنی كرێكاران گوزارشتیان لەوەكرد كە 1ی ئایار رۆژی هاوپشتی و هاوچارەنووسی جیهانی كرێكارە، رۆژی ناڕەزایەتی چینی كرێكارە دژی ستەمكاری  سیستمی سەرمایەدارە كە چارەنووسی مرۆڤایەتی بەرەو واقعێكی نادیار ئەبات، لەم رۆژەدا رێز لە 1ی ئایارو چینی كرێكار دەگرێت.
وتاری لایەنەكان ئاماژەیان بەوەدا كە  یادكردنەوەی 1ی ئایاری ئەمساڵ لە هەلومەرجێكی تایبەتدا بەڕێوەدەچێت بەهۆی جەنگی روسیاو ئۆكرانیا، بەهۆیەوە لەئۆكرانیا مرۆڤ بەكۆمەڵ دەكوژرێت، ژێرخانی ئابووری خاپور دەكرێت، بەملیۆنان كەس ناچار دەكرێن شوێنی ژیانیان بەجێبهێڵن و ئاوارە دەبن.
 راشیانگەیاند: پێشنیارێكیشیان بۆ حكومەتی كەنەدا ئامادەكردوە سەبارەت بەڕەسمیكردنی 1ی ئایار وەك پشویەكی رەسمی  رۆژی جیهانی كرێكاران بناسرێت.
هەر لەمیانەی ئاهەنگەكەدا پارچە شیعرێك بەناوی مەشخەڵ لەلایەن خاتوو مەهاباد جاف خوێندرایەوە .
لە كۆتاییدا بەسرودو گۆرانی میللی زەماوەندی بەشداربوان كۆتایی بەڕێوڕەسمی 1 ی ئایار ساڵرۆژی جیهانی كرێكاران هات.
هەر بە بۆنەی رۆژی 1ی ئایار رۆژی 1/5/2022 لەسەر بانگهێشتی كۆمیتەی مەراسیمی شاری تورونتۆ لەڕێپێوانێكی جەماوەری لە ستی هۆڵ بەرەو پەرلەمانی ئۆنتاریۆ ی سەنتەری شاری تۆرونتۆ بە بەشداری ژمارەیەكی فراوانی جەماوەری نەتەوە جیاجیاكان بەڕێوەچوو، بەشداربوان بەهەڵگری ئاڵاو دروشمی ( كرێكاران یەكبگرن، بڕوخێ سەرمایەداری ) پشتیوانی خۆیان بۆ بەدەستهێنانی ماف و داخوازییەكانی چینی كرێكار نیشاندا كە بەشێكیان بریتین لە زیادكرنی موچەی ئیشكردن بەڕێژەی دوو بەرامبەرو چاكردنی بیمەی تەندروستی خەڵك و كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری.
پاشان لەگردبوونەوەی خۆپیشاندەران لەبەردەم پەرلەمان ژمارەیەك وتاری سەندیكاو رێكخراوەكان خوێندرانەوە لەوانەش جۆن كلارك كەسایەتی دیاری سۆسیالیست و سكرتێری رێكخراوی دژی هەژاری لە ئۆنتاریۆ. ئیرج رەزایی ئەندامی كۆمیتەی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری ئێران .
جێی ئاماژەپێكردنە لە رۆژی 1ی ئایاری هەموو ساڵێك بەڕۆژی كرێكارانی جیهانی ناسراوە، لەم ِۆژەدا ساڵانە لەزۆربەی وڵاتانی جیهان كرێكاران گردبوونەوەو خۆپیشاندان ئەنجام ئەدەن بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی سەرمایەداری و بەدەست هێنانی ماف و داخوازیەكانیان.
PUKmedia عوسمان عەلی - كەنەدا

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket