riklam

ئازاد خانەقینی دەنگ و چەكەكەی خستبووە خزمەتی كوردستان

کوردستان 01:33 PM - 2022-05-01

لە 1 ئایاری ساڵی 2006 دا ئازاد خانەقینی بۆ دواجار لە سلێمانی چاوەكانی لێكنا و بەرەو كاروانی نەمران بەڕێكەوت.

ئازاد وەهاب عەبدولڕەحمان ناسراو بەئازاد خانەقینی، ساڵی 1958 لەگەڕەكی پاڵاوتگەی ئەڵوەند لەخانەقین لەدایكبووە، خوێندنی سەرەتایی لەقوتابخانەی ئەڵوەند تەواوكردووە.

لەدەستپێكردنەوەی خوێندنی كوردی لەناوەندیی 11ی ئازار قۆناغی ناوەندی تەواو كردووە، ئامادەیی كشتوكاڵی لەقەزای خاڵس-ی پارێزگای دیالە تەواوكردووە.

سەرەتای ژیانی هونەری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1971، كاتێك بۆ یەكەم جار لەگەڵ تیمێكی مۆسیقادا وەك كۆرس بەشداریی لە ئاهەنگێكی گۆرانی وتندا كرد كە كرێكارانی كۆمپانیای نەوتی خانەقین بەبۆنەی ساڵرۆژی جیهانی یەكی ئایارەوە سازیان كردبوو .

لەساڵی 1979 لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا بەشدار بوو لە دامەزراندنی تیپی مۆسیقای خانەقین . دوای ئەوەی تیپەكە كاسێتێك گۆرانی تۆمار كرد ئەندامانی تیپەكە لەلایەن دەزگا ی ئەمنەوە گیران و داوایان لێكرا چیتر گۆرانی بەزمانی كوردی تۆمار نەكەن .

ساڵی 1980 بووە بەپێشمەرگە لەخڕی ناوزەنگ، لەژیانی پێشمەرگایەتی بەشداری زۆر بۆنە و ئاهەنگی كردووە بەسروودی نیشتمانی و نەتەوەیی.

ئەندامی دامەزرێنەری تیپی مۆسیقای شەهید كارزان بووە لەشاخ، یەكەمین بەرهەمی سروودی نیشتمانی لەگەڵ تیپی شەهید كارزان تۆماركردووە، لەوانە: دەبا فاشییەكان بزانن، ئەی كوردینە، كەڵكی قەیوان.

هەرووەها بەهاوكاریی لەگەل هونەرمەند شوان كابان هەردوو سروودی (لێرە ناڕۆم، ئاسوودەبن)ی تۆماركردووە، هەر لەوكاتەشدا چەندین گۆرانی فۆلكلۆری ناوچەی كرماشان-ی تۆماركردووە و بۆتە ئەندامی یەكێتی هونەرمەندانی كوردستان- كۆمیتەی شاخ.

پاش ئەنفال چۆتە ئێران و درێژەی بەكاری پێشمەرگایەتی داوە، یەكێك بووە لە هەڵسوڕاوانی پێكهێنانی یەكەم فیستیڤاڵی هەڵەبجە لەسەقز، لە ساڵی 1989 دا بەشداربوو لە فێستیڤاڵی هەڵەبجە لەشاری سەقز و بەرهەمی تازەی پێشكەش كرد .

لەسەردەمی پێشمەرگایەتیدا بەرهەمەكانی ڕۆڵێكی كارایان هەبوو لە بڵاوكردنەوەی گیانی خۆڕاگری و بەرگریدا لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی تردا , توانی هونەر و بخاتە خزمەتی مەسەلەی خەبات و شۆرشەوە . هونەری داوە،لەساڵی 1991 بەدواوە چەندین بەرهەمی دیار و نازازەی تۆماركردووە، لەوانە: بڕۆبڕۆ، ئەی شەهید .. و هتد) ساڵی 1993 لەگەڵ رۆژنامەنووس پەیمان عێزەدین چۆتە ژیانی هاوسەرییەوە و خاوەنی دووكچە بەناوەكانی (رازبار و زنە).

لە كۆتایی ساڵی 1992 وە تا ساڵی 1996 لێپرسراوی بەشی بەرنامە هەمەجۆرەكان بوو لە تەلەفیزیۆنی گەلی كوردستان لە سلێمانی.

لە ساڵی 1997 دا یەكەم كونسێرتی خۆی لەسلێمانی بەناوی (دیمانەی عاشقان) ساز كرد، هەر هەمان ساڵ دامەزراندنی پرۆژەی ئەرشیفی شۆرشی پێشنیار كرد و بەپشتیوانی خاتوو هێرۆ برایم ئەحمەد توانی ئەم پرۆژەیە جێبەجێ‌ بكات .

لەمكارەشدا هەزاران دیكۆمێنتی گرنگی دەربارەی راگەیاندن و دادگاكان و نەخۆشخانەكان و بێتەلەكان و چالاكییە هونەریەكان و بڵاوكراوەكان و چالاكی و وێنەی پێشمەرگەی كۆكردەوە وهەمووی بەتازەترین رێو شوێنی زانستی لەناو كۆمپیوتەردا پاراست .

ساڵەكانی 1999 و 2000 دووساڵی بەبڕشتی تەمەنین، لە ساڵی 1999 دا هۆنراوەی "وەرزە ئاڵەكانی عەدەم " ی جەمال غەمباری كرد بە بەرهەمێكی هونەری و چەندین گۆرانی دیكەشە تۆمار كرد.

لە ساڵی 2000 یشدا بەشێكی ئەو دیكۆمێنتانەی تایبەت بە مێژووی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان بوون , لە دوو توێی كتێبێكی 200 لاپەڕەی قەبارە مام ناوەنجیدا بە ناونیشانی "مادێنا : مێژوو و بیبلۆگرافیای راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان 1975-1991 " بڵاوكردەوە .

لەماوەی نێوان ساڵانی 2003-2006 دا جێگری بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان بوو لە چوارتا.

ئەندامی دامەزرێنەری گروپ موزیكی (هۆرە) بوو ماوەیەكی كەم پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات، كرایە بەڕێوەبەری گشتی لە دەزگای شەهیدان .

لە 1 ئایاری ساڵی 2006 دا بۆ دواجار لە سلێمانی لەنەخۆشخانەی بوژاندنەوەی دڵ چاوەكانی لێكنا و بەرەو كاروانی نەمران بەڕێكەوت.

PUKmedia ئا.. كاوان ئەحمەد حەمەساڵح هەڵەبجەیی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket