riklam

شەوانی رەمەزان هەولێر جمەی دێت

کوردستان 10:02 AM - 2022-04-26

شەوانی مانگی پیرۆزی رەمەزان یەكێكە لەگەرموگوڕترین شەوانی هەولێر و زۆربەی خەڵكی شارەكەش كاتەكانیان لەدەرەوە بەسەردەبەن.

شەوانی مانگی رەمەزان لەشاری هەولێر چێژو تایبەتمەندی خۆی هەیە كە جیاوازە لەگەڵ شەوانی هەمان مانگی شارەكانی دیكەی هەرێم، چونكە كەشوهەواو رێوڕەسمەكەی بەشێوەیەكە هەست دەكەیت بەڕاستی لەناو مانگی رەمەزاندایت كە زۆربەی دوكان و بازارو چایخانەو مزگەوتەكان كراوەن و خەڵكی بەفراوانی بەمەبەستی ئەنجامدانی نوێژی تەراویح لەمزگەوتەكان و كڕینی كەلوپەل لەبازاڕ هاتووچۆی تێدادەكەن، ئەو گەرموگوڕییەش دەیان ساڵە پەیڕەو كراوە و لەكۆندا لەسێ گەڕەكی دێرین هەبووە كە ئەوانیش تەعجیل، تەیراوە، سەیداوە بوون، بەڵام لەئێستادا بەهۆی گۆڕانكاری لەشێوەی ژیاندا شەوانی رەمەزان لەو شارەش وەكو جاران نەماوەو شێوازی تری لەخۆگرتووە.

سیداد عومەر گەنجێكی شاری هەولێرەو دەڵێت: شەوانی رەمەزان بەلای من و زۆربەی خەڵكی شاری هەولێر لە شەوانی مانگەكانی دیكە خۆشترە چونكە، زۆربەی شەوەكان لەگەڵ هاوڕێكانم دێمە دەرەوە و لەگەڵ هاوڕێكانمدا كات بەسەردەبەین.

جێی ئاماژەیە هەر كاتێك رەمەزان دەبێت خەڵكی هەولێر هەستو بیریان بۆ لای گەڕەك و شەقامی تەعجیل دەڕوات كە گەڕەكێكی زۆر دێرینی شارەكەیە و تەمەنی نزیكەی 500 ساڵە، هۆكارەكەشی بۆ فرۆشتنی گۆشتی برژاو و كوڵاوی چەندین باڵندە و ئاژەڵ لەچێشتخانەكانیدا دەگەڕێتەوە، چونكە خەڵكی ئارەزوو دەكەن لەمانگی رەمەزاندا بیخۆن یەكێك لەو خواردنانەش تكەی فاتەڕەش و تكەی گوانی ئاژەڵ و كێشكەی كوڵاوە، واتا ریشۆڵەی كۆڵاوە كە لەو مانگە بەڕێژەیەكی زۆر دەخورێت، لەوبارەیەوە سیداد بە PUKmedia ی راگەیاند: لەژیانمدا هیچ مانگێكی رەمەزان نەبووە نەیەمە تەعجیل و گۆشتی برژاوی فاتەڕەش و گوان نەخۆم كە جگە لەوە چەندین جۆرە گۆشتی تری برژاو و كوڵاوی لێیە كە زۆر بەتام و لەزەت ئامادە دەكرێن.

ئەحمەد شەهاب یەكێكە لەخاوەن چێشتخانە دێرینەكانی گەڕەكی تەعجیلی شاری هەولێر سەبارەت بەشەوانی مانگی رەمەزان لەشاری هەولێرو گەڕەكی تەعجیل PUKmedia ی راگەیاند: من خۆم خەڵكی ئەو گەڕەكە كۆنەم ئێستا خواردنگەی گۆران – م لەو گەڕەكە هەیە ماوەی زیاتر لە 40 ساڵە ئەو كارە دەكەم كە ئەوكات لەساڵی هەشتاكان تەنیا خواردنی پەلەوەری وەكو ریشۆڵە هەبوو تا ساڵی 1991 دواتر لەسەر داوای خەڵكی هەڵسام گۆشتی كوڵاوی كۆتر، سوێسكە، كەو، پۆڕ، هەوێردە، مراوی توركی، بەڕای ئەو خاوەن چێشتخانە دێرینە شەوانی رەمەزان زۆر جیاوازە لەگەڵ شەوانی تر لەهەولێر بەتایبەتی گەڕەكی تەعجیل و دەیوت: هەركاتێك بڵێی شەوانی رەمەزانی هەولێر واتا گەڕەكی تەعجیل یا بەپێچەوانەوە كە پەیڕەوانی چەندین ئاین و نەتەوە رووی تێدەكەن و زۆر قەرەباڵخ دەبێت بەتایبەتی دوای نوێژی تەڕاویح كە خەڵك هەیە ساڵی یەكجار دێنە لای ئێمە نان دەخۆن كە ئەویش لەمانگی رەمەزانە كە زۆر كڕیارم هەیە لە یەكەم رۆژەوە تا رۆژی عەرەفە خواردنی گۆشت لەلای من دەخۆن كە زۆربەیان تكەی فاتەڕەش و گوانی ئاژەڵ و كۆترو ریشۆڵە دەخۆن كە خواردنی فاتەڕەش و گوانی ئاژەڵ لەساڵانی چلەكان و پەنجاكانی سەدەی رابردوو لەتەعجیل لەو مانگە خوراوە و تائێستا ئەو كارە بەردەوامە، كە ئەو جۆرە گۆشتە لەزۆر پارێزگا و شار و شارۆچكە ناخۆن و فڕێی دەدەن، بەڵام بەپێچەوانەوە لەهەولێر زۆر دەخورێت چونكە، جۆرە تاموچێژێكی تایبەتی خۆی هەیە بەتایبەتی ئەگەر ناسك بێت كە بەر لەڕەمەزان ئێمە لەسەربڕخانەكانی هەولێر دەیانكڕین، بەڵام لەڕەمەزان لەبەر ئەوەی خەڵكێكی زۆر ئەو گۆشتە دەفرۆشن و فرۆشی زۆرە نرخی گران دەبێت و بەهۆیەوە لەشاری كۆیەو سلێمانی و دهۆك و زاخۆ بۆمان دێت.

ئەحمەد شەهاب وتیشی: لەشەوانی رەمەزاندا جگە لەهاووڵاتی ئاسایی بەرپرسان و كارمەندانی كونسوڵخانەی وڵاتان و خەڵكی ئەوروپاو ئەمریكا دێن لەلامان دادەنیشن و خواردنەكانمان دەخۆن و وێنەمان لەگەڵ دەگرن، بەڕای ئەو خاوەن چێشتخانەیە گەڕەك و شەقامی تەعجیل زۆر فەرامۆش كراوە ئەو دەیوت: پێمان باشە حكومەت نوێیان بكاتەوە یان رێمان پێبدات خۆمان نوێیان بكەینەوە یا خۆیان نوێی بكەنەوە.

رەمەزانی ساڵانی رابردوو لەگەڵ ئێستا لەهەولێر زۆر جیاوازە كە لەكۆندا خەڵكی ئەو شارە بەتەقاندنی تۆپەكەی كەسایەتییەكی وەك فەتاح ماسێ رۆژویان دەشكاند كە لەسەر قەڵای شارەكە بەپەڕۆ دەیتەقاند كە ئەوكات شار بچووك بوو هەموو خەڵكی گوێیان لەدەنگەكەی دەبوو، هەرچەندە لەئێستادا تۆپێك لەسەر لەقەڵای هەولێری دانراوە، بەڵام كەس لەجیاتی فەتاح ماسێ بۆ تەقاندنی دانەنراوە و ناتەقێندرێت.

لەكۆندا شەوانی ڕەمەزان لەگەڵ ئێستا زۆر جیاواز بوو، چونكە زەمانی زوو بۆ كات بەسەربردن هەموو شەوێك لەچەند چایخانەیەكی شار هونەرمەندانی وەك مشكۆ (یەشار شەوكەت) و محەمەد ئەحمەد ئەربیلی و مامۆستا تایەر تۆفیق و عارەب عوسمان و جەبار ئەحمەد و چەند هونەرمەند و گۆرانی بێژێكی تر ئامادە دەبوون و گۆرانی و بەستەو حەیرانیان دەچڕی و لەهەمانكاتدا خەڵكی شار لەوێ یاری سینی و زەرفیان دەكرد، هەروەك میوانیش لەشارەكانی وەك كەركوك و دوزخورماتوو دەهاتن و داوەت دەكران، بەڵام ئێستا نە هونەرمەندان دێن بۆ ئەوەی گۆرانی و بەستە بچڕن و نە یاری سینی و زەرفیشی تێدا دەكرێت تەنیا لەچەند شوێنێكی گشتی یاری سینی و زەرف ئەنجام دەدرێت و گەنجانی شارەكەش دوای رۆژ و شكاندن كاتەكانیان بەیاری دۆمینە و كۆنكان بەسەردەبەن ئارەزووی ئەو یاریە درێرینە ناكەن.

یەكێكی تر لەو دیاردانەی ئێستای شەوانی مانگی رەمەزان لە هەولێر دانانی خواردنگەیەكی زۆری گەڕۆك و ناو مێز و كابینەیە كە ژمارەیەكی زۆری گەنج و پیاوانی ئەو شارە لەو مانگە لەسەر شەقام و گەڕەكەكانی ئەو شارە دەیكەنەوە كە تەنیا خواردنی برژاوی تێدا دەفرۆشن و دوای كۆتایی هاتنی ئەو مانگەش خواردنگە سەرپێیەكانیان نامێنێت كە ئەوانیش بەهەمان شێوەی ئەوانەی تەعجیل تكەی فاتەڕەش و جۆری تر دەفرۆشن.

یەكێكی تر لەو دیاردانەی ئێستای شەوانی رەمەزان كە لەشەوانی رەمەزانی كۆندا لەشارەكە جیادەكاتەوە بوونی رێژەیەكی زۆری نێرگەلەیە كە ماوەی چەند ساڵێكە دەركەوتووە و ژمارەیەكی زۆری گەنجان و پیاوانی شارەكە شەوانی رەمەزان بەنێرگەلە كێشان بەسەردەبەن كە كاریگەری خراپی تەندروستی بۆ خەڵكی شارەكە هەیە.

هەر لەشەوانی ئەم مانگە لەو شارە شوێنێكی تر هەیە كە لەسەردانیكەرانی جمەی دێت كە ئەویش بازاڕ و شەقامی ئیسكان - ە كە بەر لەهاتن و دوای تەواوبوونی ئەو مانگەش هەر قەرەباڵخە، بەڵام لەو مانگەدا خەڵكێكی زۆرتر رووی تێدەكەن، بەڵام لەوێ كەمتر خواردنی كۆن دەخورێت و زیاتر خواردنی سەردەمیانە دەخورێـت و تا خواردنی پارشێویش ئەو شەقامە خەڵكی سەردانی دەكەن، مەجید ئیسماعیل كە گەنجێكی تری ئەو شارەیە باسی لەشەوانی رەمەزان لەو شەقامە بۆ PUKmedia كردو وتی: شەقامی ئیسكان لەسەردەمێكی زوودا هەر قەرەباڵخ بوون و ئێستاش بەهۆی مانگی رەمەزان و بوونی چەندین چێشتخانەو چایخانەو كافتریا قەرباڵخییەكی ئێجگار زۆری لێدروست دەبێت كە بەڕای من یەكێك لەخۆشترین شەقامەكانی شاری هەولێرە كە هەر شەوێك دڵتەنگبم یا بمەوێت هاوڕێكانم ببینم روو لەو شەقامە دەكەم و لەشەوانی رەمەزانیش سەردانیكردنی تاموچێژێكی زۆرتری هەیە و زۆركات خەڵكی بۆ خۆئامادەكردن بۆ رۆژوگرتن، لەوێ درەنگانی شەو نانی پارشێو دەخۆن ئینجا دەچنەوە ماڵەكانیان.

PUKmedia رەوەست نەوزاد- هەولێر

                                

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket