riklam

مەڵبەندی كەركوك: هەزاران شەهیدی ئەنفالمان هەیەو لایەنێك لەگەڵ نەیارانمان دەست تێكەڵ دەكات

کوردستان 12:08 PM - 2022-04-14

لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی رایدەگەیەنێت: لەدوای ئەنفالكردن و كیمیاباران و راپەڕین و ئەو هەموو كارەساتەی بەسەر كورددا هات، هێشتا نەتونراوە ریزەكانی كورد یەكبخرێت. دەشڵێت: لایەنێك لەگەڵ نەیارانی كوردا دەست تێكەڵدەكات بۆ لەناوبردنی كوردستان و بەفڕۆكەكانیان دەچێتە بەغدا بۆ مساوەمەكردن لەسەر پلەوپۆست.  
ئەمڕۆ 14-4-2022، لەبارەگای مەڵبەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەركوك، بەئامادەبوونی لێپرسراوانی حزبی و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، مەراسیمی یادی 34 ساڵەی ئەنفالی گەرمیان بەڕێوەچوو.
 سەرەتای مەراسیمەكەش بە ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكردو دواتریش رەوەندی مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك وتەیەكی پێشكەشكردو رایگەیاند: ئەو تاوانەی بەرامبەر گەلی كورد هات بەسەر كەك گەلی جیهاندا هاتوە، پێویستە ئەنفال بكەینە مێژوو بۆ ئەوەی لەبیرنەكرێت و لەسەر دڵمان بنوسین ئەنفال لەبیر ناكرێت.
وتیشی: لەدوای ئەنفالكردنی 182 هەزار كەس و كیمیاباران و راپەڕین و ئەو هەموو كارەساتەی بەسەرماندا هاتووە، هێشتا نەمانتوانیوە ریزەكانی كورد یەكبخەین و بەشێك لە میللەتەكەمان لەگەڵ نەیارانی كوردا دەست تێكەڵدەكات بۆ لەناوبردنی كوردستان، جارێك بە بەهانەی ریفراندۆم و جارێك بە بەهانەی ئابوری و نەوتی سەربەخۆ جارێكیش بە فڕۆكەكانیان دەچێتە بەغدا بۆ مساوەمەكردن لەسەر پلەوپۆست، بەڵام كە باسی شارو رزگاری نیشتمانی گەلەكەمان دەكرێت دەڵێن، ئەم شارە داگیركراوە، ئێمەش دەڵێن، ئاڵای كوردستان  لە حەمرین بوو، بەڵام بە ئێوە واتانكرد 40 كیلۆمەتر هاتە خوارووی كەركوكەوە.
لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی راشیگەیاند: ئێستا بەشێك لە كورد دەستدەخاتە دەستی نەیارانمانەوە بۆ ئەوەی پارێزگارێكی كورد لە كەركوك دانەنرێت بۆیە پێویستە لە یادی كارەساتەكانی ئەنفال و كیمباباراندا پەنجە بەچاوی ئەوانەدا بكەین كەدەیانەوێت میللەتەكەمان تووشی سەرلێشێوان بكەن.
وتیشی: بۆیە دەڵین بەسە میللەت خەڵەتاند، دوای ئەو هەموو ساڵە لە حوكمڕانی ببینن خەڵكەكەمان لە چ دۆخێكدایە، ئومێدەواریشین كەیسەكانی ئەنفال و كیمیاباران بكرێنە نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی جیهان بەرگریمان لێبكرێت. 
PUKmedia تایبەت

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket