riklam

سه‌رۆكی هه‌رێم: یه‌كڕیزیمان باشترین وه‌فایه‌ بۆ ئه‌نفال

کوردستان 10:47 AM - 2022-04-14

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ یادی كاره‌ساتی ئه‌نفالدا په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات، له‌ كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان به‌ دۆخێكی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت، باشترین یاد و ‏به‌رزڕاگرتنی یادی شه‌هیدانی ئه‌نفال و ته‌واوی شه‌هیدانی كوردستان، ته‌بایی و ‏پێكه‌وه‌یی و یه‌كڕیزیی هێز و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانه‌.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌...
ئه‌مڕۆ 14ی نیسان به‌وپه‌ڕی ڕێز و شكۆوه‌ یادی (182) هه‌زار هاووڵاتیی ‏بێتاوانی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌ و سه‌ری ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گیانی پاكی شه‌هیداندا ‏داده‌نوێنین كه‌ ساڵی 1988 له‌ یه‌كێك له‌ دڕندانه‌ترین تاوانه‌كانی مێژوودا، ‏ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وسای عیراق جینۆسایدی كردن و گیانیان سپارد.‏

ئه‌نفال كه‌ به‌ هه‌شت قۆناخ ژماره‌یه‌كی زۆری ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی گرته‌وه‌، تا هه‌تایه‌ په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌شه‌ به‌ نێوچه‌وانی مێژوو و ئه‌نجامده‌رانییه‌وه‌ و ‏به‌رپرسیاریه‌تیی ته‌واوی مرۆڤایه‌تییه‌ كه هه‌رگیز ڕێگه‌ نه‌دات ئه‌م تاوانانه‌ له‌ هیچ ‏شوێنێكی سه‌رزه‌مین دووباره‌ ببنه‌وه‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕێی لێ بگیرێت.‏

له‌ كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان به‌ دۆخێكی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت، باشترین یاد و ‏به‌رزڕاگرتنی یادی شه‌هیدانی ئه‌نفال و ته‌واوی شه‌هیدانی كوردستان، ته‌بایی و ‏پێكه‌وه‌یی و یه‌كڕیزیی هێز و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان و پێكهاته‌كانیه‌تی له‌پێناو ‏مسۆگه‌ركردن و پاراستنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان و قه‌واره‌ی سیاسی و فیدرالی و ‏داهاتووی هه‌رێمی كوردستاندا.

له‌ كاتێكدا دادگای باڵای تاوانه‌كانی عیراق ئه‌نفالی به‌ جینۆساید و تاوانی دژی ‏مرۆڤایه‌تی و تاوانی جه‌نگ ناساندووه‌، له‌م یاده‌دا داواكارین و دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ‏حكوومه‌تی فیدرالیی عیراق له‌به‌رده‌م ئه‌ركێكی یاسایی و ئه‌خلاقی و مرۆییدایه‌ بۆ ‏ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بۆی لێقه‌وماوان و كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان بكاته‌وه‌ تا هه‌ندێك له‌ برینه‌كانیان ساڕێژ ببن.

له‌ هه‌رێمی ‏كوردستانیش هه‌رچی له‌ توانادایه‌ ده‌بێ خزمه‌تی باشتری خانه‌واده‌ و كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان بكرێت و هه‌وڵه‌كان بۆ ‏ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ ئه‌نفالكراوه‌كان و گێڕانه‌وه‌ی ڕوفاتی شه‌هیدان به‌رده‌وام بن. هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش له‌هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین بۆ ناساندنی ئه‌نفال وه‌ك جینۆساید.

سڵاو و دروود له‌ گیانی پاكی شه‌هیدان و یادیان به‌ خێر.‏

نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
‏2022/4/14‏

 

PUKmedia 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket