riklam

كەسوكاری ئەنفالكراوان: جاش و خۆفرۆشەكان پلەو پۆستیان لەئێمە بەرزترە

کوردستان 10:05 AM - 2022-04-14

كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان لەساڵیادی تاوانی ئەنفالدا رایدەگەیەنن: ئەوانەی بەشداربوون لەئەنفالكردنی كەسوكاریان لەحكومەتی هەرێمدا پلەیان لەپێشمەرگە دڵسۆزەكان و كەسوكاری شەهیدان بەرزترەو لەناو لایەنیشدا پلەو پۆستی بەرزو بەرپرسیارێتیان پێدەدرێت، دەشڵێن: پێویستە ئەنفال وەك كەیسێكی نیشتمانی سەیربكرێت.

ئەمڕۆ 14-4-2022، لە یادی 34 ساڵەی كارەساتی ئەنفالدا، لەگەرمیان كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند:پێشتر لە قۆناغە جیاجیاكاندا بەڕێپێوان و خۆپیشاندانی هێمنانەوە و دیداری سەرۆك كۆمارو سەرۆكی هەرێم و هەردوو پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و عیراق و ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانمان و جێبەجێكردنی  بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق سەبارەت بە كارەساتەكانی ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە فشاری گەورەمان لەسەر حكومەت دروستكردوە بۆ گرتن و دەستگیركردنی جاش و مستەشار و داواكراوەكان. 

راشیانگەیاند: ئەوەی جێگای نیگەرانییە پێشتر حكومەتی هەرێم لەسەر ئاستی عیراق سەنگ و قورسایی هەبوو، كابینە یەك لەدوای یەكەكانی هەرێمیش دەرفەتی زۆریان لەپێش بوو بۆ كاركردن لەسەر كەیسی جینۆسایدی گەلی كورد بۆ ئەوەی ئاسودەیی ببەخشنە خانەوادە رەشپۆش و جگەرسوتاوەكانی شەهیدان و ئەنفالكراوان، نەك هەر ئەمەیان نەكرد، بەڵكو زۆر دەرفەتی زێڕینیان لەدەستدا، گلەیی و ناڕەزایەتی كەسوكاری ئەنفالكراوان رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر دەبێت و لەپەرەسەندندایە.

دەشڵێن: خۆفرۆشەكان خۆیان و نەوەكانیان پێگەیان لە پێشمەرگە دڵسۆزەكان و كەسوكاری شەهیدانی سەنگەرو ئەنفالكراوان و كیمیاباران بەرزترەو لایەنیش هەیە پلەو پۆستی بەرزی پێداون و ئێستا تاوانبارانی ئەنفال پێگەی كۆمەڵایەتیان بەهێزدەكرێت.

ئەوەشیان وت: بەهۆی نیگەرانییەكانمانەوە لەگەرمیان و لە یادی ئەنفالدا بەشداری ئەو یادە ناكەین كە حكومەتی رێكیخستوە، ئەمانەش پەیامی گەورەن بەگوێی حكومەتدا دەدرێت بۆیە پێویستە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی شەهیدان بەپەلە بێنەسەرخەت و كۆنفڕانسێكی گشتی بۆ شارەزایان و یاسا ناسان و چالاكوانان و نوسەران و رێكخراوانی بواری جینۆساید رێكبخەن بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ دەربازبوون لەو دۆخە چەقبەستووەی جینۆسایدی گەلی كورد.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket