riklam

سه‌رۆكی په‌رله‌مان: یادی ئه‌نفال بكه‌ینه‌ سه‌ره‌تایه‌كی نوێ بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌

کوردستان 10:03 AM - 2022-04-14

د. ڕێواز فائق رایگه‌یاند: ئه‌نفال برینێكه‌ (٣٤) ساڵه‌ خوێنی لێده‌چۆڕێت و له‌ده‌روونی كه‌سوكارو هه‌مووماندا ساڕێژ نابێت.

له‌ (٣٤)ه‌مین ساڵڕۆژی ئه‌نفالدا سه‌ری ڕێز و وه‌فاداری بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی جینۆسایدی ئه‌نفال داده‌نه‌وێنین، ئه‌نفال برینێكه‌ (٣٤) ساڵه‌ خوێنی لێده‌چۆڕێت و له‌ ده‌روونی كه‌سوكار و هه‌مووماندا ساڕێژ نابێت، ئه‌م مێژووه‌ ڕه‌شه‌ له‌ یاد و یاده‌وه‌ریی مرۆڤی كورددا مێژوویه‌كی هێنده‌ پڕ له‌ ئازار و مه‌ینه‌تییه‌ كه‌ لێكه‌وت و كاریگه‌رییه‌كانی بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ له هزر و ویژدانی گه‌له‌كه‌ماندا ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌نفال له‌ بنه‌ڕه‌تدا تاوانێكی پلان بۆ داڕێژراوی هه‌مه‌لایه‌یه‌نه‌ بوو، بۆ سڕینه‌وه‌ و جینۆسایدكردنی خه‌ڵكی كوردستان، له‌ناوبردنی ١٨٢ ھه‌زار مرۆڤی بێتاوان و سڤیل، وێرانكردنی هه‌زاران گوند و سووتاندنی هه‌زاران دۆنم ڕه‌زو باخ و كانی و ئاو و ژینگه‌ی كوردستان، تاوانێكه‌ كه‌ هه‌رگیز كاریگه‌رییه‌ ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆتایی نایه‌ت. 
ئه‌نفال پرۆسه‌یه‌كه‌ هاوشێوه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و جینۆسایدانه‌ی كه‌ له‌ مێژوودا به‌رامبه‌ر به‌ میلله‌ته‌كه‌مان ئه‌نجام دراوه‌ له‌لایه‌ن ڕژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراقه‌وه‌، ئه‌و تاوانه‌ی كه‌ ته‌نیا له‌ مێژوودا نه‌وه‌ستاوه‌ و هه‌میشه‌ به‌ فۆرم و شێوازی جۆراوجۆر خۆی دووباره‌ كردووه‌ته‌وه‌.
له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا دوژمنان جیاوازییان نه‌كرد له‌نێوان پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی گه‌لی كوردستاندا، له‌نێوان ڕه‌نگ و ده‌نگه‌ جیاوازه‌كاندا، گه‌لی كوردستانیش به‌ كۆده‌نگی و یه‌كگرتووییه‌وه‌ توانیی به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و تاوان و مه‌رگه‌ساته‌ تراژیدییانه‌دا سه‌ركه‌وێت. 
ئه‌مڕۆ له‌م یاده‌ پڕ له‌ ئازارو تراژیدیایه‌دا له‌ هه‌موو كات زیاتر پێویستمان به‌ جه‌سته‌یه‌كی یه‌كگرتوو و گوتارێكی نیشتمانی و هه‌نگاوێكی عه‌قڵانییه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و ڕووداو و گۆڕاِنكاری و پێشهاتانه‌دا كه‌ دێنه‌ پێش، ئه‌ویش له‌پێناو به‌دیهێنانی ئامانجه‌ ستراتیژی و نیشتمانییه‌‌كانی گه‌له‌كه‌مان و هێنانه‌دیی خه‌ون و ئاواته‌كانی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان.
ده‌بێت یادی ئه‌نفال بكه‌ینه‌ سه‌ره‌تایه‌كی نوێ بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌، یه‌كگرتوویی و هاوهه‌ڵوێستی بۆ سه‌رجه‌م پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌كان. له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و ناوه‌خۆییشدا جارێكی دیكه‌ ئه‌م مێژووه‌ شه‌رمهێنه‌ره‌ وه‌بیر كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بهێنینه‌وه‌، بۆ شه‌رمه‌زاركردن، به‌ جینۆسایدناساندنی و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی مادی و مه‌عنه‌ویی زیانلێكه‌وتووانی ئه‌م تراژیدیایه‌ و كه‌سوكاره‌كانیان.
پێویسته‌ له‌سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌پیر ئه‌و ڕاسپاردانه‌وه‌ بێت كه‌ له‌ ڕابردوودا له‌لایه‌ن لێژنه‌ی كاروباری شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، ئاراسته‌ی حكوومه‌تیان كردووه‌، به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی زیاتری ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كان. 
نه‌مری بۆ شه‌هیدان، نه‌فره‌ت له‌ تاوانكارانی مه‌رگه‌ساتی ئه‌نفال و جینۆسایدی خه‌ڵكی كوردستان.
د. ڕێواز فائق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
٢٠٢٢/٤/١٤

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket