riklam

فراكسیۆنی یه‌كێتی داواده‌كات تاوانبارانی ئه‌نفال دادگایی بكرێن

کوردستان 07:19 PM - 2022-04-13

فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌یادی  34 هه‌مین تاوانی كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نفالدا راگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌و داوا ده‌كات، قه‌ره‌بووی ماددی و مه‌عنه‌وی كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی ئه‌نفالكراوه‌كان بكرێته‌وه‌و ناوچه‌ وێرانكراوه‌كان ئاوه‌دان بكرێنه‌وه‌. 

ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌...
له‌یادی  34 هه‌مین تاوانی كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نفالدا، سڵاوی نه‌مری بۆ ئه‌نفالكراوه‌كانمان و سڵاوی خۆراگریش بۆ كه‌سوكاره‌ سه‌ربه‌رزه‌كانیان ئه‌نێرین. 

تاوانی كۆمه‌ڵكوژی نه‌نفال، كه‌ به‌پێی بڕیاری دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق و یاسا و په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان تاوانی جینۆسایده‌. رژێمی له‌ناوچووی به‌عس له‌چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی پاكتاوكردنی نه‌ژادی ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لی كوردستان به‌هه‌شت قۆناغ و به‌دڕنده‌ترین شێوه‌ 182 هه‌زار مرۆڤی بێتاوان له‌ ژن و مناڵ و پیرو لاو راپێچی بیابانه‌كانی خوارووی عێراق كران و زینده‌به‌چاڵ كران و به‌شێكی زۆریشیان له‌ سه‌ربازگه‌ و زیندانه‌كاندا دڵڕه‌قانه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی و ده‌روونی دران. هه‌ر له‌تاوانی ئه‌نفالدا، زیاتر له‌ ٥٠٠٠ گوند روخێنران و كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵ و هه‌موو ژێرخانی ئابوری ئه‌و ناوچانه‌ وێرانكران. 

له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادیی عێراق ژماره‌یه‌ك له‌گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان له‌بیابانه‌كان دۆزرانه‌وه‌، ژماره‌یه‌ك له‌ تاوانبارانی تاوانه‌كه‌ش دادگایی كران، به‌ڵام هێشتا رێكاره‌ یاساییه‌كانی تایبه‌ت به‌تاوانه‌كه‌ ته‌واو نه‌بوون. 

له‌یادی 34 هه‌مین ساڵه‌ی تاوانی كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نفالدا، جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ دوور له‌ ململانێی سیاسی و له‌روانگه‌ی نیشتمانی و مرۆڤایه‌تیه‌وه‌، كار بكرێ بۆ: 
یه‌كه‌م/ رێوشوێن و رێكاره‌ یاساییه‌كانی تری په‌یوه‌ست به‌ كه‌یسی ئه‌نفال ته‌واوبكرێن و هه‌موو تاوانباره‌كانی تریش دادگایی بكرێن.
دووه‌م/ قه‌ره‌بووی ماددی و مه‌عنه‌وی كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی ئه‌نفالكراوه‌كان بكرێته‌وه‌و ناوچه‌ وێرانكراوه‌كان ئاوه‌دان بكرێنه‌وه‌. 
سێیه‌م/ هه‌ماهه‌نگی بكرێ له‌نێوان حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێم بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی روفاته‌كان بۆ زێدی خۆیان. 

سڵاو له‌رۆحی پاكی ئه‌نفالكراوه‌كان و سه‌ربه‌رزی بۆ كه‌سوكاریان. 
شه‌رمه‌زاری و رووڕه‌شی بۆ تاوانبارانی تاوانی ئه‌نفال.

فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق 
١٤ی نیسانی ٢٠٢٢


PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket