riklam

له‌یادی ئه‌نفالدا چه‌ند داواكارییه‌ك له‌هه‌ردوو حكومه‌ت ده‌كرێت

جینۆساید 02:40 PM - 2022-04-13

ژماره‌یه‌ك رێكخراو له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا چه‌ند داواكاریه‌ك بۆ رایگشتی بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كه‌، دروستبوونی حكومه‌تی ئێستای عیراق و هه‌رێمی كوردستان، به‌خۆێنی قوربانیانی جینۆساید هاته‌ به‌رهه‌م، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ر دوو حكومه‌ت، بوونه‌ حكومه‌تی داڵده‌دانی تاوانبارانی جینۆساید.

ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌..
داواكارییه‌كانمان له‌ یادی (34) ساڵی تاوانی ئه‌نفال
(34) ساڵ به‌ر له‌ئێستا، رژێمی به‌عس یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین تاوانه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌می به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی كورد ئه‌نجامدا به‌ناوی ئه‌نفال، له‌ ماوه‌ی (8) ساڵدا، رژێمی به‌عس چوار تاوانی جینۆسایدی به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی كورد پیاده‌ كرد، كه‌ بریتی بوون له‌ "كۆمه‌ڵكوژی كوردانی فه‌یلی، جینۆسایدی بارزانیه‌كان، كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال"، كه‌ تاوانی ئه‌نفال، گه‌وره‌ترین و به‌رفراوانترین پرۆسه‌ی جینۆسایدكردنی كورد بوو.
به‌ داخه‌وه‌ ساڵ له‌ دوای ساڵ، داواكارییه‌كانمان دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌، په‌یمان و به‌ڵێنه‌كان ئه‌نجامیان نابێت، دروستبوونی حكومه‌تی ئێستای عێراق و هه‌رێمی كوردستان، به‌ خۆێنی قوربانیانی جینۆساید هاته‌ به‌رهه‌م، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ر دوو حكومه‌ت، بوونه‌ حكومه‌نی داڵده‌دانی تاوانبارانی جینۆساید، چونكه‌ ده‌یان تاوانباری تاوانه‌كانی جینۆسایدی به‌عس، له‌ سایه‌ی ئه‌م دوو حكومه‌ته‌، ئازادانه‌ ده‌ژیین و موچه‌ و ئیمتیازییان بۆ بڕ‌اوه‌ته‌وه‌ و هه‌ندێكیشیان پله‌ و پۆستیان پێی به‌خشراوه‌.
هه‌ر بۆیه‌ له‌ یادی (34) ساڵه‌ی تاوانی ئه‌نفال، ویڕ‌ای به‌رزگراتنی یادی (182) هه‌زار قوربانی ئه‌و تاوانه‌، داوا ده‌كه‌ین:
1ـ دادگاییكردنی تۆمه‌تبارانی ئه‌نفال، به‌ تایبه‌ت ئه‌و (423) تۆمه‌تباره‌ی له‌لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق، له‌ رێكه‌وتی (20/5/2007)ـه‌وه‌ بڕ‌یاری ده‌ستگیركردن و دادگاییكردنی بۆ ده‌رچووه‌ و تائێستا دامه‌زراوه‌ ئه‌مینه‌كانی عێراق و هه‌رێم، ئاماده‌نین ده‌ستگیرییان بكه‌ن.
2ـ داوا ده‌كه‌ین، ناوی تۆمه‌تباران بدرێته‌ پۆلیستی ئه‌نته‌رپول و حكومه‌تی وڵاتان، تا ره‌گه‌زنامه‌ و مافی په‌نابه‌رێتیان لێی وه‌ربگیرێته‌وه‌.
3ـ په‌له‌ بكرێت له‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی ته‌واوی گۆڕ‌ه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان و هێنانه‌وه‌ی روفاتی قوربانیان و ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كانی شیكاری (DNA) بۆ روفاته‌كان و كه‌سوكاری قوربانیان، به‌ مه‌به‌ستی ناسینه‌وه‌یان.
4ـ سه‌رۆك كۆماری عێراق به‌ ناوی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه‌ داوای لێبوردن له‌ قوربانیانی جینۆساید بكات، چونكه‌ به‌پێی پرنسیپی نێوده‌وڵه‌تی، داوای لێبوردن، ئه‌ركی سه‌رۆك كۆماره‌، كه‌ بۆ خۆی كورده‌ و له‌ میله‌تێكی قوربانی جینۆسایده‌.
5ـ هه‌موو لیسته‌كانی موچه‌ی "شه‌هیدان، جینۆساید، بریندارانی چه‌كی كیمیاوی، زیندانیانی سیاسی، پێشمه‌رگه‌ی دێرین" بڵاوبكرێنه‌وه‌و له‌بوونی گه‌نده‌ڵی و ناوی تاوانباران پاك بكرێنه‌وه‌.
5ـ سه‌ربازگه‌ی تۆپزاوا له‌ فه‌وتان و له‌ ناوچوون رزگاربكرێت و به‌ به‌په‌له‌ بكرێت به‌ مۆنۆمێنتێكی شایسته‌ به‌ قوربانیانی ئه‌نفال، چونكه‌ سه‌ربازگه‌ی تۆپزاوه‌ به‌ هاوشێوه‌ی سه‌ربازگه‌ی ئۆشفیتزی هۆڵۆكۆست، هه‌ڵگری ده‌یان په‌یام و چیرۆكی قوربانیانی ئه‌نفال.
6ـ داواكاری كه‌سوكاری قوربانیان جێبه‌جێ بكرێت و ژیانی شایسته‌ بۆ تاقانه‌كانی جینۆساید و رزگاربووانی گۆڕ‌ی به‌ كۆمه‌ڵ، برینداره‌كان دابین بكرێت.
7ـ په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌موو جۆره‌ دانیشتن و سه‌ردان و وێنه‌گرتنی به‌رپرسانی حكومی و حزبی له‌گه‌ڵ تاوانباران قه‌ده‌غه‌ بكات.

رێكخراوه‌كان:
1ـ رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
2ـ تۆڕ‌ی هاوپه‌یمانی رێكخراوه‌ كوردستانییه‌كان بۆ دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی
3ـ رێكخراوی باران بۆ پرسی شه‌هیدان وئه‌نفالكراوان
4ـ رێكخراوی گه‌شه‌پێدانی مافی مرۆڤ
5ـ گۆڤاری تۆپزاوه‌
6ـ رۆژنامه‌ی نوگره‌سه‌لمان
7ـ ڕ‌ێكخراوی چاودێری كوردۆساید ـ چاك
8ـ رێكخراوی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی كۆكوژی له‌ كوردستان
9ـ رێكخراوی جیهان بێ چه‌كی كیمیاوی و بایه‌لۆجی
10ـ هه‌ڵمه‌تی دادپه‌روه‌ری
11ـ رێكخراوی چیرۆكه‌كانی ئه‌نفال
12ـ تۆڕ‌ی ئایكان له‌ كوردستان

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket