riklam

لەساڵی رابردوودا زیاتر لە 34 هەزار هاوسەر پشكنینی خوێنیان ئەنجامداوە

کوردستان 10:59 AM - 2022-04-10

پشكنینی پێشوەختەی پزیشكی بۆ تەندروستی مرۆڤ سوودێكی زۆری هەیە كە دەتوانرێت بەهۆیەوە دەستنیشانی زۆر نەخۆشی بكرێت، بەڵام پشكنینی پزیشكی بۆ كچان و كوڕان بەر لەئەنجامدانی پڕۆسەی هاوسەرگیری سوود و گرنگییەكی زیاتری هەیە كە بەهۆیەوە كچان و كوڕان لەئەگەری لەدایكبوونی منداڵ و وەچەی ناتەندروست و نەخۆش و شێواو یان كەمئەندام ئاگاداردەكاتەوە، ئەمجۆرە پشكنینە لەڕابردوودا لەهەرێمی كوردستان نەبووە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە نەخۆشخانەی تایبەتی بۆ كراوەتەوە یەكێك لەو نەخۆشخانانە، سەنتەری شەهید مەمئومن دەباغ– ە لەشاری هەولێر كە تایبەتمەندە بەپشكنینی خوێنی ئەو كچ و كوڕانەی بەنیازی هاوسەرگیرین.

هندرێن تەحسین بەڕێوەبەری كارگێڕی سەنتەری شەهید مەئمون دەباغ بۆ پشكنینی پزیشكی پێش هاوسەرگیری سەبارەت بەكارەكانیان بە PUKmedia ی راگەیاند: بەر لەساڵی 2007 تەنیا چەند پشكنینێكی سەرەتایی بۆ بوك و زاوای تازە دەكرا، بەڵام دوای ئەو ساڵە بنكەی تەندروستی بەو ناوە كرایەوە دواتر لەساڵی 2013 كرا بەسەنتەر كە پشكنینی زیاتر و ئامێری پێشكەوتووتری بۆ دابینكرا بۆ پشكنینی هاوسەران.

وتیشی: ئێستا پشكنین بۆ نەخۆشیە ڤایرۆسییەكان و پشكنینە سەرەكییەكانی خوێن cbc و تەلاسیمیا و سۆنار و تۆی پیاوەتی زیاد كراوە، بۆیە ئێستا بووەتە سەنتەر كە مەبەستمان لەكارەكانمان لەداهاتوودا نەوەیەكی تەندروست دروست ببێت بۆ ئەوەی دووربین لەمنداڵی ناكام و ناتەندروست كە ئێمە بەتایبەتی كار لەسەر نەخۆشی تەلاسیمیا دەكەین تا بتوانین بەربەستێك دابنێین بۆ ئەوانەی كە تەلاسیمیایان هەیە كە ئەوەش بەهاوكاری خەڵكی دەبێت.

لەئێستادا هەر كەسێك بیەوێت پڕۆسەی هاوسەرگیری لەشاری هەولێر ئەنجام بدات دەبێت سەرەتا سەردانی دادگای تایبەتمەند بكات و نوسراوی رەسمی دادگاكە بۆ ئەو سەنتەرە بهێنێت دوای پشكنینیان وەڵامی ئەو نوسراوە دەدەنەوە و پشكنینیان بۆ دەكرێت و ئەنجامی پشكنینەكە بۆ دادگا دەڕوات بەمەبەستی بڕیاردان لەبارەی دروستی تەندروستی هاوسەران و ئەنجامدان یا رەتكردنەوەی پڕۆسەكە.

بەوتەی ئەو لێپرسراوەی نەخۆشخانەی مەئمون دەباغ باشترین پشكنین بۆ هاوسەرگیری ئەوەیە كە گروپەكانی خوێنی هەردوو هاوسەرەكە كێشەیان لەگەڵ یەكتری نەبێت و گونجاوبن كە زۆربەی خوێنی ئێستای هاوسەران لەگەڵ یەك گونجاون و وتیشی: دوای پشكنینی ورد بۆ هاوسەران بانگی بەخێوكەریان دەكەین پزیشكی پسۆڕو تایبەتمەند بۆیان شیدەكاتەوە كە كێشەیان چیدەبێت، ئەوكات دەگەڕێتەوە سەر بەرپرسیارێتی خۆیان كە ئەو هاوسەرگیریە ئەنجام دەدەن یا نا لەوكاتیش بەفۆڕمێكی تایبەت و بەڕاپۆڕتێك ئاگاداری دادوەر دەكەین كە بەپێی پێشبینیەكان لەداهاتوودا منداڵەكانیان لەدوای لەدایكبوونیان بەو شێوەیە دەبێت دوابڕیاریش بەدەست دادوەرە كە دەسەڵاتی هەیە لەسەر بڕیاری لیژنەی پزیشكی ئەو هاوسەرگیرییە ئەنجام نەدرێت كە ئێمە نازانین چەندیان تائێستا رەتكراونەتەوە.

بەپێی ئامارێك لەساڵی 2021 دا ئەو سەنتەرەی هەولێر پشكنینی بۆ 29 هەزار و 296 كەس بەمەبەستی پشكنینی هاوسەرگیری ئەنجامداوە كە دەكاتە 14 هەزار و 648 پڕۆسەی هاوسەرگیری، لەدوو مانگی یەكەمی ساڵی 2022 شدا پشكنین بۆ 5 هەزارو 292 كەس كراوە كە دەكاتە 2 هەزارو 646 پڕۆسەی هاوسەرگیری كە بریتی بوون لەو كوڕ و كچانەی كە لەناو سەنتەری شاری هەولێر و دەوروبەری بەنیازی پڕۆسەی هاوسەرگیری بوون كە جگە لەخەڵكی هەولێر هەر كەسێكی بیانیش لەشاری هەولێر پڕۆسەی هاوسەرگیری بكات ئەو پشكنینەی بۆ دەكرێت.

بەوتەی هندرێن تەحسین یەكێك لەو نەخۆشیانەی كە بۆ وەچە خستنەوە خراپە ئەوەیە كە هەردوو هاوسەرە تازەكە هەڵگڕی نەخۆشی تالاسیمیا بن، بۆیە ئەو دەڵێت: لەساڵی 2021 دا 52 حاڵەت بووە و لەدوو مانگی 2022 شدا 14 حاڵەت بووە و دیاریكراوە كە ئێمە رێگری لەهاوسەرگیرەكەی ئەوان دەكەین، بەڵام ئەگەر بیانەوێت دەتوانن لەسەر بەرپرسیارێتی خۆیان ئەو هاوسەرگیرییە ئەنجامبدەن.

ئەوەشی ئاشكراكرد: كە لەپێشوودا دەوترا جیاوازی خوێن كچ و كوڕ بۆ تەندروستی منداڵ خراپە ئەوكات و ئێستاش كێشەی نییە، چونكە پێشتر دەرمان و چارەسەری كەمتر دەستدەكەوت، بەڵام لەئێستادا ئەگەر خوێنەكانیان جیاواز بێت ئێمە رێنماییان دەكەین لەسەرەتای دروستبوونی منداڵەكە لەسكی دایكی لەسێ حاڵەتی تایبەتدا كە لەبارچوون و خوێن بینین و دوای منداڵبوونە سەردانی نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵان بكەن پشكنینی تایبەتیان بۆ دەكرێت ئەگەر پێویست بێت دەرزی تایبەت وەردەگرن.

هەرچەندە پشكنینی خوێن بۆ هاوسەران بەر لەپڕۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام دەدرێت، بەڵام بەوتەی لێپرسراوانی ئەو سەنتەرەی هەولێر پشكنینی نەزۆكی بۆ هاوسەران تائێستا ئەنجام نادرێت، چونكە بەڕای ئەوان تائێستا تاكەكانی كۆمەڵگاكەمان بەپێدانی ئەو زانیارییە لەئەنجامی پشكنینی لەو جۆرە رازی نابن و بەهۆیەوە كێشەی كۆمەڵایەتی لێدروست دەبێت هەروەك تائێستاش لەهەرێمی كوردستان یاسایەك نییە دەسەڵات بەنەخۆشخانەكانی تایبەت بەو بوارە بدات پشكنین بۆ هاوسەران لەبارەی نەزۆكی كچ یا كوڕان ئەنجام بدەن، بۆیە ئەو سەنتەرەی هەولێر تەنیا پكشنینی لەو جۆرە بۆ ئەو هاوسەرانە دەكات كە تەمەنیان بچووكەو لەخوار 17 ساڵەوەن و دادگا نووسراویان بۆ دەكات بۆ لای ئەوانی دەنێرێت كە ئەو حاڵەتەش رێژەكەی زۆرە لەشاری هەولێر یا ئەو پیاوانەی ژنی یەكەمیان تەڵاقداوە و منداڵیان نەبووە و دووبارە پڕۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام دەدەن.

بەڕێوەبەری كارگێڕی سەنتەری شەهید مەئمون دەباغ ئەوەشی ئاشكراكرد: كە زۆرجار ئەو كچ و كوڕانەی كە هەردووكیان هەڵگری تالاسیمان پزیشكی تایبەت ئاگاداریان دەكاتەوە كە لەداهاتوو منداڵەكانیان لەوانەیە هەڵگری تالاسیما یا نەخۆشی تالاسیما بن، بەڵام زۆربەیان بەقسەی ئێمە ناكەن تەنانەت لە 10 كەس یەك كەسیش لەو هاوسەرانە بەقسەمان ناكەن و پڕۆسەكەیان ئەنجامداوە.

سەرەڕای ئەو پشكنینە وردانەی كە ئەو سەنتەرە بۆ هاوسەران ئەنجامی دەدات، بەڵام ماوەیەكە بارگرانییەك بۆ ئەو هاوسەرانە دروستبووە كە ئەنجامدانی پشكنینی دوبارەی خوێنە لەنەخۆشخانەی كەرتی تایبەت، هێمن تەها گەنجێكی شاری هەولێرە كە چەند مانگێكە پڕۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامداوە و سەردانی ئەو سەنتەرەی كردووە لەوبارەیەوە بە PUKmedia ی راگەیاند: بۆ دڵنیایی لەوەی لەگەڵ دەستگیرانەكەم كێشەی تەنروستی و خوێنمان نەبێت سەردانی ئەو سەنتەرەم كرد، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانی ئێمە بوو دوای ئەنجامدانی پشكنینەكە لەو سەنتەرە دووبارە پشكنینی خوێنەكەمان لەنەخۆشخانەی كەرتی تایبەت ئەنجامدا كە هەرچەندە لەنەخۆشخانە حكومییەكە پشكنینیان بۆمان كرد، بەڵام دیار بوو ئەوان لەڕاستی و دروستی ئەنجامەكەی دڵنیا نەبوون، بۆیە ئێمەیان بۆ نەخۆشخانەی كەرتی تایبەت نارد كە بیانووەكەیان ئەوەبوو ئامێری نەخۆشخانە تایبەتییەكان پێشكەوتووترن كە بەهۆیەوە دووجار خەرجی پشكنینی خوێنماندا كە لەو دۆخەدا بارگرانییەكی زیاتر دەخرێتە سەر هاوسەران.

لەبارەی ئەو كێشەیە هندرێن تەحسین رایگەیاند: ئەو پشكنینانەی كە لەلای خۆمان دەكرێت بۆیان ئەنجام دەدەین، بەڵام لەئێستادا تەنیا پشكنینی تەلاسیمیا ئەنجام نادەین كە ئێستا بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر خەریكی ئەوەیە بۆمان دابینبكات كە مادەكەیمان نەماوە كە هەموو هاوسەران پێویستیان بەو پشكنینە نییە تەنیا ژمارەیەكی كەمیان نەبێت كە ماوەی چەند مانگێكە تووشی ئەو كێشەیە بووینە، بڕی 45 هەزار دیناریش بۆ پشكنینەكان لەهاوسەران وەردەگرین.

PUKmedia رەوەست نەوزاد–هەولێر 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket