riklam

سیستمی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری یەك دەخرێت

ڕیپۆرتاژ 09:28 AM - 2022-04-04

بەهۆی زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلی تایبەت، ژمارەی شوفێریش لەهەرێم بەڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە كە بەشێوەیەكە زۆربەی ئەو هاووڵاتیانەی تەمەنیان گەیشتووەتە 18 ساڵ ئەگەر ئۆتۆمبێڵیشیان نەبێت، ئەوا مۆڵەتی شوفێریان دەرهێناوە یا هەوڵی دەرهێنانی دەدەن كە ساڵانە بەهەزاران كەس لەهەموو چین و توێژ و تەمەن و رەگەزێك روو لەنووسینگەكانی فێربوونی شوفێری و پاشان بەشی مۆڵەت وەرگرتنی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەرێم لەسەرجەم شارو شارۆچكەكان دەكەن كە قەرەباڵخی و سەرەیەكی زۆری لەو بەڕێوەبەرایەتیانە دروستكردووە.

هێلان حەمید یەكێكە لەو ژنانەی شاری هەولێر كە ماوەی شەش ساڵە مۆڵەتی شوفێری تایبەتی دەرهێناوە، ئەو دەڵێت: هۆكاری دەرهێنانی مۆڵەتەكەم بۆ نەبوونی هۆكارەكانی گواستنەوەی گشتی لە كوردستان وەكو (ترام) و (شەمەندەفەر) و (پاسی گەورە) و (میترۆ) بووە كە ناچار بووم بچم بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری، چونكە من كارمەندی حكومەتم و دەبێ رۆژانە بچمە سەر كارەكەم هەروەك خاوەنی منداڵیشم زۆرجار هاوسەرەكەم ناتوانێت بمگەیەنێتە بازارو شوێنی گشتی، بۆیە پێویستم بەوە هەبوو خۆشم ئۆتۆمبێل لێبخوڕم.

سەبارەت بەشێوازی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری ئەو ژنە وتی: سیستمی مۆڵەتی شوفێری لە شاری هەولێر لەئێستادا جۆری وڵاتی كۆریایە، بۆیە تاڕادەیەك تاقیكردنەوەكەی قورس بوو بۆ نمونە دەبوایە لەكاتی تاقیكردنەوە جگە لەسەركەوتنت لەتاقیكردنەوەكە كاتێكی دیاریكراویشی هەبوو دەبوایە لەو ماوەیەدا تاقیكردنەوەكە تەواو بكەیت ئەگەر دواكەوتی، ئەوا بەكەوتوو ئەژماردەكرێیت، بۆیە تا سەركەوتم 8 جار لەتاقیكردنەوەكە كەوتم.

بەڕای هێلان تاقیكردنەوەی وەرگرتنی مۆڵەتی شوفێری بەسیستمی وڵاتی كۆریا زۆرباشە، چونكە هەموو كەس بەمافی خۆی دەردەچوو هیچ كەموكوڕییەكی تێدانەبوو ئۆتۆمبێڵەكانیش تاڕادەیەك نوێ بوون، وتیشی: بەر لەوەی بچم بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری سەردانی نووسینگەیەكی فێركردنی شوفێریم لەهەولێر كرد كە تاڕادەیەك باش بەهۆیەوە فێری لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بووم.

هاوژین مەجید گەنجێكی شاری هەولێر بوو لەبارەی زۆربوونی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری لەكوردستان دەیوت: بەڕای من ئەو ژمارە زۆرەی خەڵكی كە هەوڵی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری دەدەن وەكو دیاردەیەكی لێهاتووە كە ئێمە لەهەرێم پێی دەڵێین چاولێكەری، ئەگینا هیچ پێویست ناكات هەموو تاكێكی كۆمەڵگا دوای 18 ساڵی مۆڵەتی شوفێری هەبێت.

وتیشی: یەكێك لەو هەڵانەی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری بوونی سیستمی كۆن و تازەی دەرهێنانی مۆڵەتە كە دوو جۆری هەیە كە لەشاری هەولێر جۆری وڵاتی كۆریایە و لەشار و شارۆچكەكانی تریش سیستمی كۆنەكەی عیراقە كە وادەكات خەڵكی لەشاری هەولێر بەهۆی زۆری مەرجی سیستمی كوریەكە دەچنە قەزاو ناحیە و شارۆچكە بچووكەكانی تری پارێزگاكە، چونكە لەوێ سیستمە كۆنەكە پەیڕەو دەكرێت و تاڕادەیەك ئاسانترە.

هێرۆ عەلی-یش یەكێكی تر بوو لەو ژنانەی شاری هەولێر كە بەهۆی كاركردنی وەكو كارمەند لەفەرمانگەیەكی حكومی شاری هەولێر مۆڵەتی شوفێری بۆ خۆی دەرهێنانەوە و ئۆتۆمبێلی هاوژینەكەی بۆ هاتووچۆی خۆی بەكاردێنێت دەڵێت: ئەو سیستمی مۆڵەت پێدانەی هەولێر كە بەسیستمی كۆریایە بەلای منەوە باشە، بەڵام یەك شتی گرنگی هەیە ئەویش دەبێت زۆر ئاگاداری هەنگاوەكان بیت، چونكە كارەكە لەلایەن كۆمپیوتەرەوە ئەنجام دەدرێت من بەهۆی ئەوەی مەشقێكی زۆری شوفێریم ئەنجامدا ئینجا داوای مۆڵەتم كرد و بەیەكجاری دەرچووم.

عەمید ئەسعەد مەلا كەریم بەڕێوەبەری پلاندانان لەبەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گشتی هەرێمی كوردستان لەبارەی چۆنێتی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری لەهەرێم بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئێستا تەنیا لەشاری هەولێر میكانیزمی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری بەسیستمی وڵاتی كۆریای باشوور ئەنجامدەدرێت، بەڵام ئێستا ئەو سیستمە لەكۆریاش جێبەجێ ناكرێت و سیستمی تازەتر بەكاردێن و گۆڕاوە بۆ هەرێمی كوردستانیش گونجاو نییە، بەداخەوە لەئێستادا هەرێمی كوردستان لەهەر شارێك بەشێوەیەكی جیاواز مۆڵەتی شوفێری بەشوفێران دەدرێت، بەڵام بەهەوڵی هەموولایەك هاتوچۆی گشتی لەگەڵ وەزارەت و هاتووچۆی شارەكان لەبەرنامەیاندایە لەئایندەیەكی نزیكدا هەموو شارەكان بەیەك شێواز مۆڵەت ببەخشنە شوفێران.

سەبارەت بەدیاریكردنی ماوەیەكی زۆر بۆ ئەو كەسانەی كە لەتاقیكردنەوەی شوفێری دەرناچن و دوبارە ئەنجامی دەدەن، عەمید ئەسعەد وتی: هۆكارەكە بۆ زۆری ژمارەی داواكاری بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری دەگەڕێتەوە كە كارمەندانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە پێڕاناگەن ئەو هەموو كارە رایی بكەن هۆكارێكی تریش بۆ ئەوەیە ماوەیەكی زۆری پێبدەین كە هەڵەكانی خۆی چاكبكاتەوە كە ئەو كارەش بەچەند رۆژێكی كەم ئەنجام نادرێت.

وتیشی : تا 30/1 ی ساڵی 2022 بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێم مۆڵەتی شوفێری داوەتە 1 ملیۆن و 911 هەزارو 185 كەس كە تەنیا 19 هەزارو 7 یان مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆر سكیلە، ئەگینا زۆربەیان بۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێلە كە لەو ژمارەیەش 1 ملیۆن و 681 هەزاریان لەڕەگەزی نێرو 229 هەزاریشیان لەڕەگەزی مێن، هەر لەو ژمارەیەشدا زیاتر لەیەك ملیۆن مۆڵەتی ئۆتۆمبێلی تایبەتەو زیاتر لە 871 هەزاریش بۆ مۆڵەتی بۆ شوفێری ئۆتۆمبێلی گشتییە.

ئەوەشی ئاشكراكرد: كە لەساڵانی رابردوو زۆربەی ئەو كەسانەی مۆڵەتی شوفێریان دەردەهێنا لەڕەگەزی نێر بوون، بەڵام ئێستا خەڵكێكی زۆر لەڕەگەزی مێ دێن داوای مۆڵەتی شوفێری دەكەن، وتیشی : هیواخوازم مۆڵەتی شوفێری بكرێتە خاڵ كە لەكاتی تەواوبوونی خاڵەكانی شوفێرەكە لەكاتی ئەنجامدانی سەرپێچی، ئەوا بۆ ماوەیەك مۆڵەتەكەی لێ وەربگیرێتەوە كە ئێستا لەهەرێم تەنیا سزای سەر شوفێرەكە سزای پێبژاردنی پارەیە كە هەندێكجار ئەگەر شوفێرەكە مۆڵەتی نەبێت، ئەوا سزاكە دەبێتە دەستگیركردن.

عەمید ئەسعەد ئەوەشی راگەیاند: لەئێستادا 9 شوێنی تاقیكردنەوەی مۆڵەتی شوفێری لەشار و قەزاو ناحییەكانی هەرێمی كوردستان هەیە كە مۆڵەت بەشوفێران دەدەن، جگە لەوەش 191 نووسینگەی فێركردنی شوفێریش لەهەرێمی كوردستان هەیە كە بەڕێنمایی وەزارەتی ناوخۆ ئەو كەسانەی لەوێ كاردەكەن و كەسانی مەدەنین، بەڵام بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی شارەكان كاردەكەن كە هەمووشیان سەر بەكەرتی تایبەتن.

PUKmedia رەوەست نەوزاد-هەولێر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket