riklam

چەند زانیارییەكی سەرنجڕاكێش سەبارەت بە برنج

هەمەڕەنگ 09:47 AM - 2022-03-28

برنج خواردنی بنچینەییە لەزۆرێك لەوڵاتان و یەكێكە لەبەربڵاوترین خۆراكەكان لەجیهاندا، ئەمانەی خوارەوەش چەند زانیارییەكی سەرنجڕاكێشن سەبارەت بەم خۆراكە:

- خۆراكێكی بنچینەییە لەوڵاتە داهات نزم و مامناوەندەكانی جیهاندا.
- زیاتر لەنیوەی دانیشتوانی جیهان هێندە برنج دەخۆن كە بەشی لانیكەم لەسەدا بیستی ئەو بڕە كالۆرییە دەكات كە رۆژانە وەریدەگرن.
-زیاتر لە چل هەزار جۆر برنج هەیە.
- نزیكەی لەسەدا 50ی ئەو بڕە كالۆرییەی لەلایەن دانیشتوانی جیهانەوە بەكاردەبرێت، سەرچاوەكەی گەنم و گەنمەشامی و برنجە.
-لەڕوی بەكاربردنی برنجەوە لەسەر ئاستی تاكەكەسی، وڵاتانی لاوس و بەنگلادیش و كەمبۆدیا پلەی یەكەمیان گرتووە لەسەر ئاستی جیهان.
-وەك وڵات، چین بە بەراورد بە هەر وڵاتێكی تری جیهان، زۆرترین برنج بەكاردەبات.
- گەورەترین دوو بەرهەمهێنەری برنج لەجیهاندا چین و هندستانن.
- بە بەراورد بە كیشوەرەكانی تر، ئاسیا زۆرترین برنج بەكاردەبات، هەر تاكێك لەدانیشتوانی وڵاتە برنج زۆرترین خۆرەكانی ئەم كیشوەرە، ساڵانە زیاتر لە سەد كیلۆگرام لەم خۆراكە بەكاردەبات.
- تاكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەبەراورد بە هی هەر وڵاتێكی تری جیهان كەمترین برنج بەكاردەبات، بەگشتی هەر تاكێكی ئەم وڵاتە ساڵانە تەنها نزیكەی 10 كوپ برنج دەخوات، بەڵام هی وڵاتانی ئاسیا دەكرێ رۆژانە پێنج بۆ 10 كوپ برنج بخوات.
-برنجی سپی ئەگەر بەشێوەیەكی گونجاو هەڵبگیرێت، ئەوا دەكرێ بە تازەیی و بۆ خواردنشیاوی بۆ ماوەی 10 بۆ 30 ساڵ بمێنێتەوە.
- تەنها یەك دەنك لەتۆوی برنج زیاتر لە سێ هەزار دەنكەبرنج بەرهەمدەهێنێت.
- لەزۆربەی هەرەزۆری شوێنەكانی جیهاندا بەرهەمدەهێنرێت، جگە لەكیشوەری جەمسەری باشور.
- ئەو كانزاو ماددە دژەئۆكسانانەی تێدایە كە پێست بە نەرمی و سافی دەهێڵنەوە.
-برنج لەدروستكردنی شورای مەزنی چیندا بەكارهێنراوە.
-برنجی كێوی برنج نییە، بەڵكو خزمێكی دوری برنجی بازرگانییە.
-هەموو برنجە سپییەكان لەبرنجی قاوەییەوە دروستبوون.
-برنجی قاوەیی لە هی سپی زیاتر ریشاڵی تێدایە.

-برنج چەندین سودی تەندروستی هەیە:
بە خێرایی و دەسبەجێ پاش خواردن وزەت پێدەدات. جوڵەی ریخۆڵەكان رێكخدەكات. پرۆسەی پیربون هێواشدەكات. رێژەی شەكر لەخوێندا جێگیردەكات. سەرچاوەیەكی بنچینەییشە بۆ ڤیتامین بی 1.
-بەرهەمهێنانی بڕێكی زۆر ئاوی پێویستە. بەرهەمێهانی تەنها یەك كیلۆگرام برنج نزیكەی پێنج هەزار لیتر ئاوی پێویستە.
- بەهۆی كوالێتییە بەرزەكەیەوە، برنجی ژاپۆن لەجیهاندا بەناوبانگە، ئەم وڵاتە بڕێكی گونجاو بارانی تێدا دەبارێت كە رۆڵێكی بەرچاوی هەیە لەبەرهەمهێنانی ئەم خۆراكەدا.
- كۆمپانیای هۆندا (Honda) كە یەكێكە لەبەناوبانگترین كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لەجیهاندا، ناوەكەی هەرچەندە لەدامەزرێنەرەكەیەوە وەرگیراوە كە ناوی سۆیشیرۆ هۆندایە، بەڵام زاراوەی هۆندا لەزمانی ژاپۆنیدا بەمانای "كێڵگەی سەرەكیی برنج" دێت.
- برنجی كوڵێنراو لەپلەی گەرمی ژوردا ئەگەری تێكچوونی زۆرە، بۆیە باشتر وایە كە بە شێوەیەكی گونجاو لە بەفرگرەدا هەڵبگیرێت.
-كوپێك برنجی قاوەیی بەڕێژەی لەسەدا 40 پرۆتینی زیاتر تێدایە لە برنجی سپی، هەمان بڕ دوو ئەوەندەی برنجی سپی ریشاڵی تێدایە.
-هەرچەندە لەڕوی ماددەی خۆراكییەوە، برنجی قاوەیی لە هی سپی زۆرتری تێدایە، بەڵام لێكۆڵینەوەیەك ئەوەشی سەلماندووە كە هەندێك لەو ماددانەی لەبرنجی قاوەییدا هەن، كێشە بۆ مژینی ماددەخۆراكییەكان لەلەشدا، دروستدەكەن.
-لایەنی بەهێزی سەرەكی برنجی قاوەیی پەیوەندی بە نەخۆشیی شەكرەوە هەیە. برنجی سپی مەترسیی شەكرە بە رێژەی زیاتر لەسەدا 10 زیاددەكات بۆ هەر بەكاربردنێكی رۆژانە. لەبەرامبەردا برنجی قاوەیی دەكرێ مەترسیی ئەم نەخۆشییە بەڕێژەی لەسەدا 16 كەمبكات.
-هندستان گەورەترین بەرهەمهێنەری برنجی بەسمەتییە لەجیهاندا. پاكستان و نیپاڵ و ئیندۆنوسیاش بە بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە برنجە بەناوبانگن
-برنجی بەسمەتی چەندین سودی تەندروستی هەیە، لەوانە دابەزینی چەوریی تێر لەلەشداو رێگرتن لەدروستبونی خانەی شێرپەنجەیی ودۆستی شەكرەیەو یارمەتی هەرسكردن و دابەزینی كێشی لەش دەدات.
-بەڵگە درەیخستووە كە بنەڕەتی برنج دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵ پێش زایین لە چین، بەڵام هەندێك لێكۆڵینەوەی تر ئاماژە بەوە دەدەن كە زۆر پێشتر لەوە لە هندستان و پاكستان هەبووە.
-مێژوی بەرهەمهێنانی برنج لەكیشوەری ئەفەریقا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1500 بۆ 800ی پێشزایین.  
-لەكلتوری چیندا مانای تایبەتی هەیە: كچۆڵەكانی ئەم وڵاتە پێیاندەووترێت كە پێویستە قاپی برنجەكەیان تەواوبكەن، ئەگەرنا هەر دەنكێك كە لەو قاپەدا دەمێنێتەوە دەبێتە پەڵه یان زیپكە یان كێشەیەك لەدەموچاوی مێردی داهاتویاندا.

سەرچاوە: كتێبی زانیاریخانە/ چاپی 28هەم/ والی عەلی/ زانیاریی ژماره هەزارو 892 بۆ 1921

PUKmedia والی عەلی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket