riklam

نوسەرانی جینۆساید: كیمیابارانی ھەڵەبجە مەترسیدارترن تاوان بوو

کوردستان 07:19 PM - 2022-03-15

یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان بۆ ساڵیادی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: كیمیابارانی ھەڵەبجە مەترسیدارترن و دیارترین تاوانە پاش جەنگی جیهانی دووەم لەدژی مرۆڤایەتی ئەنجامدرابێت، ئەنجامدانی ئەو تاوانەو كۆمەڵكوژی خەڵكەكەی لەمێژووی مرۆڤایەتیدا هیچی كەمتر نییە لەتاوانی هۆلۆكۆست و هێرۆشیماو ناكازاكی و كۆمەڵكوژی گەلی كەمبۆدیاو جینۆسایدی گەلی ئەرمەن و زۆرێك لەتاوانەكانی دیكە. 
دەشڵێن:  دەبوو حكومەتی عیراق و هەرێم بەجدی كاریان  بۆ سڕینەوەی ئەم كاریگەرییانەی تاوانەكە لەسەر ژیانی دانیشتوانەكەی بكردایەو ژیانێكی شایستەتریان بەكەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و بەركەوتوانی چەكی كیمیایی و دانیشتوانی شارەكە دابینبكردایە.
 
راگەیەنراوی یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان  
لەیادی 34 ساڵەی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە
سی و چوار ساڵ لەمەوبەر رژێمی بەعس لە عیراق بەمەبەستی جینۆسایدكردن و سڕینەوەی ژیان لە شاری ھەڵەبجە بەچەندین جۆر لەچەكی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی (چەكی كیمیاویی) هاووڵاتیان و شارەكەی كیمیاباران كرد، ‌پەلامارەكە بوە هۆی شەهیدبوون و برینداركردنی هەزاران هاووڵاتی سڤیلی ھەڵەبجەو دەوروبەری و وێران و خاپوركردنی شارەكە بەتەواوی و ئاوارەبونی دانیشتوانەكەی بۆ وڵاتی ئێران.
ئەنجامدانی تاوانی كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجەو كۆمەڵكوژی خەڵكەكەی لەمێژووی مرۆڤایەتیدا هیچی كەمتر نییە لەتاوانی هۆلۆكۆست و هێرۆشیماو ناكازاكی و كۆمەڵكوژی گەلی كەمبۆدیا و جینۆسایدی گەلی ئەرمەن و زۆرێك لەتاوانەكانی دیكە. كە دەرهەق بەخەڵكی ئازادیخوازو مەزڵوم ئەنجامدراوە، كیمیابارانی ھەڵەبجە مەترسیدارترن و دیارترین تاوانە پاش جەنگی جیهانی دووەم لەدژی مرۆڤایەتی ئەنجامدرابێت.
دوای تێپەڕبونی سی و چوار ساڵ بەسەر ئەنجامدانی تاوانەكە، ھێشتا زۆر بەڕونی هەست بەوە دەكرێت كە تاوەكو ئێستا كاریگەریی ئەم تاوانە لەسەر دانیشتوانی شارەكە لەڕووی تەندروستی و ژینگەیی و دەرونی ...هتد دیارە. لەكاتێكدا دەبوو حكومەتی عیراق و هەرێم بەجدی كاریان  بۆسڕینەوەی ئەم كاریگەرییانەی تاوانەكە لەسەر ژیانی دانیشتوانەكەی بكردایەو ژیانێكی شایستەتریان بە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و بەركەوتوانی چەكی كیمیایی و دانیشتوانی شارەكە دابینبكردایە.
یەكێتی  نوسەرانی جینۆساید لەكوردستان بەگرنگی دەزانێت:-

یەكەم: بریندارانی چەكی كیمیایی تیمار بكرێن و وەك دۆسیەیەكی گرنگی ئاسەواری كیمیاباران بایەخیان پێ بدرێت.
دووەم: یادی ھەڵەبجە كورت نەكرێتەوە تەنیا لە رۆژی ٣/١٦ دا بەڵكو بە بەردەوامی یاد بكرێتەوەو وەك پرۆژەی كاری نیشتمانسازی لێی بڕوانرێ.
سێیەم: پابەندی حكومەتی عیراق بكرێت بە قەرەبووی قوربانیان و ئاوەدانكردنەوەی ھەڵەبجە.
چوارەم: چڕكردنەوەی تواناو ھەوڵە گشتی و تاكەكەسیەكان بۆ ناساندنی جینۆسایدی ھەڵەبجە بەدونیاو ناوەندە رەسمی و نا رەسمیە نێودەوڵەتیەكان.
پێنجەم: كردنەوەی كۆلێژێكی تایبەت بەخوێندن و توێژینەوەی جینۆساید لە زانكۆی ھەڵەبجەو چالاككردنی سەنتەری توێژینەوەی جینۆساید لە زانكۆی ھەڵەبجە.
شەشەم: پارێزگاریكردن لە سیمبوڵ و شوێنەواری كیمیاباران بۆ نمونە خانوەكەی عومەری خاوەر كەلەسەری نوسراوە بۆ فرۆشتن. بكڕدرێتەوەو بكرێتە شوێنێك بۆ چالاكی گشتی.
حەوتەم: تەرخانكردنی بودجەی تایبەت لەھەردوو حكومەت بۆ ئاوەدانی شاری ھەڵەبجە.
یەكێتی نوسەرانی جینۆساید نیگەرانە لەپشتگوێخستنی دۆسیەی جینۆساید لەلایەن دەسەڵاتە گشتیەكانی ھەرێم و عیراقەوە.
لەم یادەدە جەخت دەكەینەوە راپەڕاندنی ئەم ئەركانە لە ئەستۆی ھەردوو حكومەتی ھەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق و ناوەندە پەیوەندیدارەكانە.
لەكۆتاییدا سەری ڕێزو وەفا بۆ تەواوی شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجەو تەواوی شەهیدانی جینۆسایدی گەلەكەمان دادەنەوێنین .
یەكێتی نوسەرانی جینۆسایدی كوردستان                   
                                 
               
                     

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket