riklam

خوولی یەكەمی هەڵبژاردن بۆ سەرۆكی فەڕەنسا دەستپێدەكات

جیهان 01:57 PM - 2022-03-14

ئەنجوومەنی  دەستووری  فەڕەنسا  رۆژی  7-3-2022، لیستی ناوی  12 كاندیدی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی فەڕەنسا ئاشكرا كرد، كاندیدەكان  بۆ پۆستی  سەرۆكی  دەوڵەت و مەرجەكانی خۆ كاندیدكردن  لە كۆی  46 كاندیت  بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، 12 كاندید توانیان مەرجەكانی خۆ كاندیدكردن تەواو بكەن، مەرجی  كاندیدش بوونیش، كۆكردنەوە و   پشتگیری و ئیمزای 500 سەرۆكی شارەوانی و ئەندامی ئەنجوومەنی  پارێزگاكان و ئەنجوومەنی ناوچەكان و هەرێمەكان و ئەندامی  ئەنجوومەنە  گشتییەكان بوو.

ژمارەیان 42 هەزار كەسایەتییە و بە پڕۆسەی دەنگدان  لە هەڵبژاردنەكانی  شارەوانی و هەرێمیدا لە ساڵەكانی پێشوودا لە سەرتاسەری فەرەنسادا   هەڵبژێردراون، هەروەها  پێوویستە تەمەنی لە 18 ساڵ زیاتربێت و رەگەزنامەی  فەڕەنسی  هەبێت و  پێش خۆكاندیدكردنی  پێوویستە،  هەموو  سەروەتو سامان و مووڵكەكانی و تەنانەت ئۆتۆمۆبێلەكانیان و سەرمایە و مووچە و بڕی پارەی لە بانكدا و  بڕوانامەی دانی باجی ساڵانەی  بۆ دەوڵەت  لە ئەنجوومەنی دەستوور  ئاشكرا بكات، ئەگەر  هەڵبژێردرا  بۆ سەرۆكی  دەوڵەتیش  پاش تەواوبوونی  ماوەی  دەسەڵاتی  واتە دوای 5 ساڵ،  بەهەمان شێوە  پێویستە  دووبارە  هەموو  سەروەت و سامانی  دووبارە ئاشكرابكاتەوە  لەلای دەوڵەت. 

دوا مۆڵەت بۆ خۆكاندیداتكردن و ژمارەی كاندیدەكان بۆ پۆستی  سەرۆكایەتی
سەعات 6 ی ئێوارەی  دوو شەممە  4  ی مارس، دوا  رۆژ  بوو  بۆ پێشكەشكردنی  كەیسی  كاندیدبوون  لە  ئەنجوومەنی  دەستووری فەڕەنسا، زۆر لە كاندیدەكان نەیانتوانی ئەو 500 ئیمزایە كۆبكەنەوە و هەندێكیان  خۆیان كشانەوە و هەندێكیتریشیان  لە رێگای هەڵبژاردنی ناوخۆیی  حزبەكانیانەوە پڕۆژە  بەرامبەر  بە  پڕۆژەی كاندید بوونیان لەلایەن ئەندامانی حزبەكانیانیانەوە  هەڵبژێردران و لە ئەنجامدا یەك  كاندید   نوێنەری  حزبەكانیان  بوون  هەمووشیان   پشتگیریان لێدەكەن، بۆ نموونە كۆمارییەكان  و پارتی ئەوروپا  ئیكۆلۆژی  پارتی سەوزەكان ، لە كۆیی 5 كاندید یەك كاندیدیان بەدەنگدان پاڵێورا  و  بوونە كاندیدی  حزبەكانیان   بۆ هەڵبژاردنەكان ئەوانیش  كاندیدی  كۆمارییەكان (ڤێلێری  پێكرێس و كاندیدی  ئەوروپ ئیكۆلۆژی  یانیك جادۆ) بوو.

دوا  كەسایەتی كە كاندید بوونی خۆی راگەیاند، ئیمانیول ماكرۆن بوو  48 سەعات پێش تەواو بوونی ماوەی  مافی  خۆ كاندیدكردن ، لە  ئەنجوومەنی  دەستووری  فەڕەنسا، پاش ئەوەی لە نامەیەكی كراوەدا  بۆ  فەڕەنسییەكان  و بڵاوكردنەوەی لە میدیاكاندا تێیدا كاندیدبوونی خۆی بەڕەسمی  راگەیاند، لە ئەنجوومەنی دەستووریدا كاندید بوونی خۆی بە رەسمی راگەیاند.

رۆژی 7 مارس، لۆران فەنیووس سەرۆكی پێشووی سۆسیالیست و سەرۆكی ئەنجوومەنی  دەستووری  ئێستای فەڕەنسا، كۆتا لیستی كاندیەكان كە بریتین  لە 12 كاندید  بە رەسمی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی فەڕەنسا لە مییدیاكاندا راگەیاند.

یەكسانی كات بۆ هەموو كاندیدەكان
رۆژی  28 ی مارسیش  بە رەسمی  سەرەتای دەستپێكردنی پڕۆپاگەندە و كێبڕكێیە بۆ هەڵمەتەی هەڵبژاردنەكان، لە 28 ی ئەم مانگەوە كاتی  ئاخافتن و دانوسان و داكۆكیی لە پڕۆگرامەكانی 12 كاندیدا،  تا رۆژی 7 ی نیسان تا كاتی 12 ی شەو،  واتە 48 سەعات پێش  دەنگدان  بۆ خوولی یەكەم لە رۆژی یەك شەممە 10 نیسان لە ناوەندی میدیاكاندا  دەستپێەكات،  كاتەكان  بە یەكسانی بەسەر 12 كاندیدا دابەشدەكرێت  بۆ ئەوەی  بەیەكسانی هەموو كاندیدێك  بتوانێت  داكۆكیی  لە  كاندید بوون و بەڵێنەكانیانی  خۆیان  و پڕۆگرامەكانیان  بكەن.   

دەنگدان  بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ، بە 2 خووڵ بەڕێوەئەچێت
هەڵبژاردنەكان بۆ سەرۆكایەتی فەڕەنسا، لە دوو  خوولدا  ئەنجامدەدرێت، خوولی یەكەم  رۆژی  یەك شەممە 10 مانگی نیسانی ساڵی 2022  بەڕێوەدەچێت و لە كۆی ئەو 12 كاندیدە  تەنها 2 كاندید  دەمێنێتەوە بۆ خوولی دووهەم و كۆتایی.
 لە ڕۆژی یەك شەممە 24 ی هەمان مانگدا واتە دوای 14 رۆژ بۆ خوولی دووهەم،  دووبارە  دەنگدەدرێت  بۆ یەكێك لەو دوو كاندیدە و لە سەعات 8 ی ئێوارەی هەمان رۆژدا، لەسەر  شاشەی تەلەڤیزیون، وێنە و ناوی  سەرۆكی  تازەی  فەڕەنسا  ئاشكرادەبێت، بەپێی  دەستووریش  رۆژی  13 مانگی مایس، لە مەڕاسیمێكی شایستەدا بەو بۆنەیەوە، ئاڵوگۆڕی  دەسەڵات دەكرێت و سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراو بۆ ماوەی 5 ساڵ   دەستبەكار دەبێت ، بەڵام  ئەگەر ئیمانیول ماكرۆن دووبارە هەڵبژێردرایەوە ئەو مەراسیمە  بەڕیوەناچێت.

ژمێریاری و خەرجی و مەسرەفی كاندیدەكان
رۆژی  24 ی  حوزەیرانیش، هەموو كاندیدەكان پێوویستە لە راپۆڕتێكی وردی  ژمێرییاریدا  هەموو  خەرجییەكانیان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان بە بەڵگە و پسووڵەوە بخەنە بەردەست لیژنەیەكی تایبەت بە خەرجی  هەڵمەتی  هەڵبژاردنەكان  لە  ئەنجوومەنی دەستووری، ئەم لیژنەیە لە ماوەی 6 مانگدا پاش پێداچوونەوە و بەپێی یاسای هەڵبژاردنەكان، هەموو كاندیدێك لە خوولی یەكەمدا، رێژەی لە 5٪ زیاتری بەدەستهێنابێت، دەوڵەت لە 47،5٪  لە كۆی  خەرجییەكانی  بۆ ئەگەڕێنێتەوە، بەڵام لە خوولی دووهەمدا ئەو كاندیدەی كە دەدۆڕێت  و رێژەی لایەنیكەم  لە  4،5 ٪ دەنگیهێنابێت ئەوا بەهەمانشێوە لە  47،5٪ خەرجییەكانی بۆ قەرەبوو دەكرێتەوە .

دەنگدان بۆ زۆرینە  لە پەرلەمان 
دوای هەموو هەڵبژاردنێك بۆ سەرۆكایەتی دەوڵەت وەك نەریتێكی  دەستووری  فەڕەنسا  دەنگدەدەن  بۆ  نوێنەریان لە پەرلەمان ، چونكە  سەرۆك كۆماری تازە  پێوویستی  بە  زۆرینە  هەیە  لە پەرلەمان بۆ ئەوەی  بتوانێت هەموو  ئەو بەڵێنانەی لە  كاتی هەڵمەتەی دەنگداندا، داوێتی  بە فەڕەنسییەكان  جێبەجێبكات  بە هەمان شێوە  بۆ ئەوەی  بتوانێت  پڕۆگرامەكەی بخاتە  بواری جێبەجێكردنەوە پێوویستی بە زۆرینەی پەرلەمانتارانی حزبەكەی هەیە، بۆیە  رۆژی  12  و 19 ی مانگی حوزەیران دووبارە فەڕەنسییەكان  بەرەو سندوقی دەنگدان دەچنەوە بۆ هەڵبژاردنی نووێنەرانیان  لە پەرلەمان.  

ناو و رەنگی ئایدیۆلۆژی  و حزبیی 12 كاندید  بۆ  پۆستی سەرۆكایەتی
ژمارەی كاندیدەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەمساڵ، بەراورد بە  هەڵبژاردنەكانی  ساڵەكانی پێشوو  بەم شێوەیەی خوارەوایە:

16 كاندید بۆ هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2002 و 12 كاندید بۆ ساڵی 2007 و 10 كاندید بۆ ساڵی 2012  و 11 كاندید  بۆ ساڵی 2017 و 12 كاندیدیش  بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەم ساڵ  2022  ئەكەونە كێبڕكێ  بۆ پۆستی سەرۆكایەتی فەڕەنسا  كە باڵاترین پۆستی كۆمارییە و بۆ ماوەی 5 ساڵە.

پاش ئەوەی  لۆران فەبیوس،  سەرۆكی ئەنجوومەنی  دەستووری  فەڕەنسا، ناوی 12 كاندیدی بۆ خوولی یەكەمی هەڵبژاردنەكان بەڕەسمی راگەیاند، ناوی كاندیدەكان و تەمەن و  رەنگی  ئایدیۆلۆژی حزبەكانیان  بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

 یەكەم/ ئیمانیول ماكرۆن تەمەن 39 ساڵ، كاندیدی حزبی (كۆمار بەڕێوەیە) حزبی پۆپۆلیست و باڵی راست، سەرۆكی ئێستای فەڕەنسا، دووهەمین جارە  خۆی كاندید دەكات بۆ پۆستی سەرۆكی  فەڕەنسا، لە دوا راپرسیدا رێژەی رازیبوون و دەنگدان بۆی ئەگاتە 30،5٪ لە خوولی  یەكەمدا و  سەركەوتنیشی مسۆگرە  بۆ خوولی دووهەم و كۆتایی، بەپێی هەموو راسپاردییەكان  ئئیمانیول ماكرۆن جارێكیتر هەڵدەبژێردرێتەوە  بۆ  5 ساڵی تر وەك سەرۆكی فەڕەنسا.

دووهەم/ مارین لوپێن  تەمەن 53 ساڵ، كاندیدی حزبی (گرتبوونەوەی  نیشتمانی) راستی  توونڕە و جاری دووهەمە خۆی كاندید دەكات  بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، لەساڵی 2017 بەرامبەر بەماكرۆن لەخوولی دووهەمدا   شكستیهێنا، بە حزبێكی رەگەزپەرست  ناسراوە و رێژەی  رازیببون و دەنگدان  بۆی  ئەگاتە 16٪  بۆ خوولی یەكەم و شكستهێنانی  لە بەرامبەر ماكرۆندا  لە خوولی دووهەمدا.

سێهەم/ ئیرییك  زێموور تەمەن 63 ساڵ، كاندیدی حزبی (گێڕانەوە) یان خۆئامادەكردنەوە یان گێڕانەوەی دەسەڵات و سەروەری، مەبەستی ناوی حزبەكەی  سەرچاوەی لەوەوە  گرتووە  كە  فەڕەنسا  لە بەرزۆری  كۆچبەری  عەرەب و موسڵمان و ئەفریقیی پێوویستە دەستیبەسەرابگێڕێتەوە و دەسەڵات و  سەروەری  بگەڕیتەوە  دەستی سەر ئەسڵی خۆی و شاراستنانی رەسەنی خۆی بپارێزرێت، زێممور وابیرئەكاتەوە ئەگەر چارەسەرێكی رەگی بۆ  كۆچبەران بەتایبەتی عەرەب و موسڵمان  نەدۆزێتەوە  ئەوا  بەڕای ئەو  پاش  چەندساڵێكی تر  موسڵمانان  دێنە سەر حوكم  لە فەڕەنسا و بگرە لە ئەوروپاش، حزبەكەی  بە حزبێكی  تووندڕەوی رەگەزپەرستی راست ناسراوە، درووشمەكانی و پڕۆگرامی بۆ  فەڕەنسا بە پلەی یەكەم بریتییە لە دژی  كۆچبەران و پەناهەندە و موسڵمان و ئەفریقییەكانە، دژی  بنیاتنانی مزگەوتە و بە نیازی  داخستنی  سنوورەكانی فەڕەنسایە و پێی وایە  ناوی  مناڵان كە لەسەر خاكی فەڕەنسا لەدایك دەبن  پێویستە ناوی  فەڕەنسایان هەبێت و ناوی  عەرەبی و مووسڵمان قەبووڵ ناكات، بیریش  لە بنیاتنانی  دیوار دەكاتەوە  لەسەر سنوورەكانی  ئەوروپا بۆ ریگاگرتن  لە هاتنی كۆچبەران ، رێژەی شانسی دەنگدانی بۆ خوولی یەكەم  13،5 ٪یە، بەڵام  لە خوولی دووهەمدا  ئەیدۆڕێنێت بەرامبەر بە ماكرۆن . 

چوارهەم/ جان لییوك میلانشۆن تەمەن 70 ساڵ، كاندیدی  حزبی فەڕەنسای (كۆڵنەدەر یان چۆكدانەدەر یان یاخی)، حزبی  تووندڕەوی  چەپ و بەرەی  میللییە، بۆ جاری سێهەمە خۆی كاندید دەكات بۆ پۆستی سەرۆكی فەڕەنسا،  لە ساڵی 2017 لە 19٪ ی دەنگەكانی بەدەستهێنا تەنها چەند سەد هەزار دەنگێكی مابوو بچێتە خوولی دووهەمەوە، لەدوا راپرسیدا بۆ  هەڵبژاردنەكانی  ئەم ساڵ، رێژەی رازیببوون و دەنگدان بۆی گەیشتۆتە لە   12٪، ئەگەر بچێتە خوولی دووهەمیشەوە بەپێی راپرسیینەكان شكست  دەهێنێت بەرامبەر بە ماكرۆن.

پێنجەم/ خاتوو ڤالێریی پیكرێس تەمەن 54 ساڵ، كاندیدی  كۆمارییەكان، پاش ئەوەی لە هەڵبژاردەكانی ناوخۆیی حزبەكەیدا لە كۆی 5 كاندید،  پڕۆژەكەی بە زۆرینەی دەنگ پەسەند كراون، زۆرینەی  دەنگی بەدەستهێنا و  بووە كاندیدی كۆماریەكان و رێژەی رازیبوون و دەنگدان بۆی ئەگاتە لە 11٪  لە خوولی یەكەمدا و یەكەمجارە خۆیكاندیت ئەكات بۆ ئەو پۆستە، ئەگەر بگاتە خوولی دووهەم لە بەرامبەر بە ماكرۆن شكست ئەهێنێت.

شەشەم/  یانیك جادۆ تەمەن 54 ساڵ، كاندیدی (ئەورۆپ ئیكۆلۆجی)  لەدوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی حزبەكەی  حزبی  سەوزەكان و پاراستنی ژینكە لەكۆی 5 كاندیت، بە زۆرینەی دەنگ هەڵبژێردرا بۆ كاندیدی  حزبەكەی و جاری یەكەمە خۆی كاندیدكات  بۆ ئەو پۆستە ، ریژەی رازیبوون و دەنگدان بۆی بۆ خوولی یەكەم ئەگاتە لە  6،5٪،  گەر بگاتە خوولی دووهەمەوە  بەرامبەر بە ماكرۆن شكست دەهێنێت.

حەوتەم/  فابیان رووسێل تەمەن 52 ساڵ  ئەندام پەرلەمان، كاندیدی پارتی (كۆمۆنیست)  بۆ یەكەم جارە خۆی كاندید دەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، رێژەی رازیبوون و دەنگدان بۆی ئەگاتە لە 3٪، گەر چووە خوولی دووهەمەوە، شكستی ئەهێنێت بەرامبەر بە ماكرۆن.

هەشتەم/ خاتوو ئان دیالگۆ تەمەن 62 ساڵ، كاندیدی پارتی (سۆشیالیست)  یەكەمین  خانمە لە مێژووی فەڕەنسادا پۆستی شارەوانی پاریس  وەربگرێت و  بۆ دوو خوول هەڵبژێردرایەوە، جاری یەكەمە خۆی كاندید بكات بۆ پۆستی  سەرۆك كۆمار، رێژەی رازیبوون و دەنگدان بۆی، لە دوا راپرسیدا ئەگاتە  2،5٪، گەر بچێتە  خوولی دووهەمەوە  بە رێژەیەكی  زۆر  ئەدۆڕێت  بەرامبەر بە ماكرۆن.

نۆیەم/  جان لەسال، تەمەن 66 ساڵ ئەندام پەرلەمان و كاندیدی  بزووتنەوەی (بەرگریكردن) ناوەندی  باڵی راست و  بۆ جاری دووهەمە خۆی كاندید دەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، رێژەی  رازیبوون و دەنگدان بۆی بۆ خوولی یەكەم دەگاتە لە  1،5٪  بۆ خوولی یەكەم و هیچ شانسی ئەوەی نابێت بگاتە خوولی دووهەمەوە .

دەیەم/ فیلییپ پوو تۆ تەمەن 54 ساڵ، كاندیدی حزبی (پارتی دژی كاپیتالیست)  چەپە تووندڕەوەكان، بۆ سێهەمین جارە خۆی كاندید دەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و رێژەی رازیبوون و دەنگدان بۆی دەگاتە لە ٪ 1،5  بۆ خوولی یەكەم، هیچ شانسێكی نییە بگاتە خوولی دووهەمەوە.

یانزەیەم/ نیكۆلا دیپۆن تەمەن 61 ساڵ،  كاندیدی حزبی (فەڕەنسا  بەپێوە) راستە تووندڕەوەكان، بۆ جاری سێهەمە خۆی كاندید ئەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار و رێژەی  رازیبوون و دەنگدان  بۆ خوولی یەكەم  ئەگاتە لە 1،5 ٪، هیچ شانسێكی  نییە  بگاتە خوولی دووهەمەوە. 

دوانزەهەم/  خاتوو ناتالی ئارتۆ تەمەن 52 ساڵ مامۆستا زانستییە  ئابوورییەكان، كاندیدی حزبی (خەباتی كرێكار) بۆ جاری سێهەمەخۆی كاندید ئەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، رێژەی رازیبوون و دەنگدان بۆی،   لە دوا راپرسیدا بۆ خوولی یەكەم  دەگاتە  تەنها لە 0،5 ٪ و هیچ شانسێكی  نییە بچێتە خوولی دووهەمەوە.

توێژینەوە و لێكدانەوە و دوا وتە سەبارەت  بەو هەڵمەتە
راپرسی لە هیچ حاڵەتێكدا بریتییە لە هەستكردن یان چاوەرووانكردن، بەڵام بریتییە  لە  گرتەیەك لە فۆتۆگرافی  رای گشتی لە كاتێكی  تایبەت و دیاریكراوودا، تا ئێستا ژمارەیەكی زۆر لە راپرسین ئەنجامدراوە و بەردەوامیش  راپرسیین  بەردەوام دەبێت،  بایرۆمیتری  رێژەی راپرسین بۆ هەموو كاندیدەكان، لە هەڵكشان و نەوییبوندا ئەبێت لە رۆژانی داهاتوودا، مەرجیش نییە  دڵنییای هەبێت  لە رێژە و ئەنجامی  هەموو  راپرسینەكاندا و رێكەوتووە  كە  سەد لەسەدیش وانەبوبێت، بەڵام راپرسیین بۆتە نەریتێكی دێریین لە هەڵمەتەی  هەڵبژاردنەكاندا  بە تایبەتی  لە وڵاتانی  سەرمایەداری و عیلمانییدا.

تایبەتمەندی هەڵبژاردنەكانی ئەم جارەی فەڕەنسا
هەڵبژاردنەكانی ئەم ساڵ  شێوەیەكی تایبەتمەندی بەخۆوە گرتووە، سەڕەڕای  بارودۆخی تەندرووستی و  كۆڕۆنا كە  كاریگەری  نێگەتیڤی هەبوو بۆ سەر ئاستی دەروونی  فەڕەنسییەكان،  پاشان هێرشی ناڕەوای  رووسیاش  بۆسەر ئۆكرانیا لە 24 ی مانگی شووباتەوە دەستی ێكردووە و رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا  كێشەی گرانی سووتەمەنی و بەزین و دانەوێڵە و گەنم و گاز بگاتە فەڕەنسا یش، هەروەها كاندید بوونی ئیریك زێمموریش بۆ  پۆستی سەرۆكی دەوڵەت، بەشێوەیەكی رادیكاڵ كەشوهەوای  هەڵبژاردنەكانی بە ئاڕاستەیەكی زۆر دژواردا  بردووە و  جۆرێك لە دڵەڕاوكێ و  ترس درووستبووە لە ناو دڵودەروونی خەڵكی بیانی و كۆچبەری  مووسڵمان و عەرەب و ئەوانەی داوای پەناهەندەیانكردووە،  بەتایبەتی  لە ناو  زۆر لە رێكخراوە  جەماوەرییە دیموكراسی و ئاشتیخوازەكان  و  ئەوانەی داكۆكی  لە مافی مرۆڤ و حەز بە تێكەڵ بوون و پێكەوە ژیان ئەكەن  دیارە  پێیان وایە كە فەڕەنسا خاكی پەناهەندیە و تێكەڵبوونی هەموو ئەو كلتوورە  جیاوازانە ئەبێتە دەوڵەمەندكردنی فەرهەنگ و كلتووری فەڕەنسا.

لە هەڵبژاردنەكانیپێشوودا تەنها یەك حزبی رەگەزپەرست  ئەبینرا و ترسی  وەرگرتنی دەسەڵاتیان هەبوو، ئەویش حزبی بەرەی نیشتمانی بوو كە ئێستا بوەتە (گردبوونەوەی نیشتمانی) بەسەرۆكایەتی مارین لوپێن، ئەمساڵ  ئیرییك زێممور بە  هێز و جۆشوخرۆشێكی  بێوێنە و بەبێ ترس و خۆشاردنەوە  و بە ئاشكرا بێچاوترسان  دژی  عەرەب و مووسڵمان لە كۆڕو و كۆبوونەوەكاندا دەدوێت و پڕۆگرامەكەشی زیاتر لەسەر هەمان بابەت  چڕكردوەتەوە و داكۆكیی لەسەر دەكات.

لەبەرامبەر ئەمانەشدا، چەپەكان نەیانتووانی یەكبگرن و نەیانتووانی  تاكە كاندیدێك دەستنیشان بكەن و بە هەموویان پشتگیریبكەن بۆ ئەوەی سەركەووتن مسۆگەربكەن  لە هەڵمەتەی  دەنگداندا لەبەرامبەر  ماكرۆن و كۆماریەكان و توونڕەوە راستەكاندا، گەر سەیری ناوی كانیدەكان بكەین لەسەرەوە، دەبینین كە جگە لە  جان میلانشۆون  كە  لە پلەی  چوارهەمدایە و رێژەی لە  12٪ ی  لە راپرسییەكاندا  بەدەستهێناوە، كاندیدە چەپەكانی تر وەك، خاتوو دیالگۆ تاكە كاندیدی پارتی سۆشیالیست نەیتوانییەوە  ببێتە جێگای رەزامەندی خەڵكی تەنها لە 2،5٪ ی هێناوە لە دوا  راپرسیدا، هۆكارەكەشی ئەگەڕێتەوە بۆ  شیرازەپچڕان و  تێكچوونی  ریزەكان  و باڵباڵێنە و كووتلە و كووتلە كاری  ناوخۆیی پارتی سۆشیاڵ دیموكراتی  فەڕەنسیە هەر لە دوای تەواوبوونی ماوەی دەسەڵاتی فرانسوا هۆڵاند و دووبارە خۆ كاندید نەكردنەوەی بۆ 5 ساڵی تر لە دەسەڵات پارتی سۆشیالیستی فەڕەنسا  نەیتوانیوە  خۆیبگرێتەوە.

ڕووی شاراوەی  ئێریك  زێممور لە چەند دێڕیكدا
ئیریك زێممور، لەساڵی 1958 لە شاری مۆنترۆیی لە یەكێك لە بازنە ئیداریەكانی پاریس لە دایك بووە.

زێممور نووسەر و  رۆژنامەنووس و رەخنەگر و شرۆڤەوانی سیاسی سەر كەناڵی تەلەڤیزێونییەكان بووە و  نووسینی  ستوونی لە رۆژنامەكاندا بە تایبەتی رۆژنامەكانی باڵی راست و كۆمارییەكان وەك بۆ نموونە لو ڤیگارۆ هەبووە. 

كەسایەتییەكی ناسراو بە تێكدان و ووروژاندنی  بابەتە هەستیارەكان  و  بەرزكردنەوەی رق و توڕەبوونی بەرامبەرەكەی لەكاتی چاوپێكەوتندا  بەتایبەتی ئەگەر كەسایەتییەكی باڵی چەپبێت، چەند جارێك  لەسەر بۆچوونە  رەگەزپەرستییەكانی  لەسەر شاشەی تەلەڤیزیون و رۆژنامەكاندا، سزای یاسایی مادی دراوە.

لەكاتێكدا ڕۆژنامەنووس  بوو، هەردەم دژی ئاینی ئیسلام و كۆچبەرانی  مسوڵمان دواوە و هیچ كات نەترساوە  لە دەربڕینی راوبۆچوونی سیایی و قەومیی رەگەزپەرستی و بۆ دروستكردنی جیاوازی  لەناو كۆمەڵانی خەڵكدا، ئاژاوەوە و دژایەتی تووند دەخوولقێنێت لە پێناوی خزمەتكردنی  قووڵبوونەوەی  بیروڕای  سیاسی  خودی خۆی.

كەسایەتییەكی ئاڵۆز و ئاژەوچییە لە شێوەی دەڕبڕینی  بیرووڕاكانیدا  و هەمیشە  كەسەكەی بەرامبەری ئەخاتە حاڵەتێكی  نا سەقمگیر و ناڕەحەتییەوە  و هەوڵی  وروژاندن و توڕەبوونی دەدات، سەرئەنجام   مزایەدەی  بەسەردا دەكات و تاوانباریدەكات بە تووڕە و هەڵەشە.

لە خێزانێكی بازرگان و هەژار بە ئەسڵ جوولەكە هاتۆتە ژیانەوە،  سەرەتای دەستپێكردنی وەك رۆژنامەنووس دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەكانی 1986.

لە ساڵی 1996 دا لە رۆژنامەی ناسراوی كۆمارییەكان لو ڤیگارۆ  ریپۆرتاژی سیاسی ئامادە دەكرد  تا ساڵی 2009.

هەروەها لە كەناڵی 2 ی تەلەڤیزییون،  ئەبێتە راوێژكار و قسەكەر لە بەرنامەی (ئێمە جارێ نەخەووتووین) و هەروەها  (دانووساندن) لەسەر كەناڵی تەلەڤیزیووێنی ئێڕ، تی، ئێڵ (رادوێی و تەلەڤیزیوونی  لوكسێمبوورگ) خاوەنی چەند كتێبێكە  كە هەمووی بە هەمان شێوە، بریتییە لە رەخنەو و رووژاندن، بۆ نموونە لە ساڵی 2006 دا كتێبی (دۆنێول) دا  ئیدانەی  زۆربوون و  ژنان  و رەگەزی میینە ئەكات لە كۆمەڵگەدا، ئەمەش بووە مایەی نیگەرانی رێكخراوە فێمینیستەكانی فەڕەنسا و تا ئێستاش  نێوانیان باشنییە.

لە 30 نۆڤەمبەری ساڵی 2021 دا، كاندید بوونی خۆی بۆ سەرۆكایەتی  فەڕەنسا،  بە رەسمی راگەیاند و یەكەمین  وتاری لە 6 ی دێسەمبەری  هەمان ساڵدا بوو لە پاریس بە ئامادەبوونی دەیان هەزاركەس .

ژیانی تایبەتی  زێممور، خاوەن خێزانە لە ساڵی 1982 وە 3 مناڵیان هەیە.

لە 12 ی  كانوونی دووهەمی ساڵی 2022 دا  لە كاتی چاوپێكەوتنێكی تەلەڤیزیونیدا ، پەیوەندی  خۆیی و سارا  كنافۆی  وەك  كەپڵ  بە رەسمی ئاشكراكرد . 

PUKmedia حەمە عوسمان-میدیاكانی فەڕەنسا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket