riklam

لەرۆژی جیهانی ژناندا.. داوادەكرێت كۆتای ژنان هەڵبوەشێنرێتەوە

کوردستان 11:24 PM - 2022-03-08


لەسەرەتای دروستبوونی ژیان لەسەر زەوی دەركەوت كە داهێنان و دەستكەوتەكان تەنها لەلایەن پیاوانەوە نەبووەو ژنانیش رۆڵی گەورەیان لەو بەشداریكردنانەو بنیاتنانی شارستانییەكاندا هەبووە كەتوانیویانە رێڕەوی مێژوو بگۆڕن، هەر لەبەرئەوەشە ژنان شایستەی ئەوەن رۆژی جیهانییان هەبێت و هەمووان پێكەوە ئاهەنگی بۆ بگێڕین.
هەر لەم بۆنە جیهانییە مێژووییەدا ژمارەیەك لە پەرلەمانتارو چالاكوانانی مەدەنی داوایان كرد سیستمی كۆتا لەپەرلەمانی عیراق هەڵبوەشێنرێتەوەو ژنان بەشایستەیی خۆیان و لەدەرەوەی ئەو سیستمە كارپێكراوەداو پچنە پەرلەمان و ببنە نوێنەری راستەقینە، داواشدەكەن ئەو یاسایانە دەربچێنرێت كەتایبەتن بەژنان و بەرگری لەمافەكانیان دەكات.
ئەم خوولەی ئێستای پەرلەمان كەخوولی پێنجەمە، 97 پەرلەمانتاری ژنی تێدایەو لەساڵی 2003ەوە ئەوە زۆرترین ژمارەی ژنانە كەدەچنە پەرلەمانی عیراق و لەهەڵبژاردنەكانی 10ی تشرینی یەكەمی رابردووشدا نیوەی ئەو ژنانەی بۆ پەرلەمان سەركەوتن لەدەرەوەی كۆتا بوو كەلە یاسای هەڵبژاردندا بڕیاری لەسەر درابوو و لە25% كورسییەكانی پەرلەمان بۆ ژنان تەرخان كرابوو.
پێویستە لەسەر ژنان بەئاراستەی بەدەستهێنانی مافەكانیان كار بكەن
مەیسون دەمەلوجی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عیراق و چالاكوانی دیاری بواری مافی ژنان لەلێدوانێكیدا بۆ PUKmedia رایگەیاند: پێویستە لەسەر ژنان لەرێگەی پەرلەمانەوە كار بەئاراستەی بەدیهێنانی مافەكانیان و دەركردنی یاساكانی تایبەت بەژنان و خێزان بكەن.
راشیگەیاند: هەروەها پێویستە لەسەر ژنان بەهێزێكی زیاترەوە هەنگاو بنێن دوای ئەوەی توانییان لەكاری سیاسیدا خۆیان بسەلمێنن و توانیشیان زیاتر لە 90 كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن، جەختیشیكردەوە كە پێویستە ژنان پۆستی سیادیی بەهێزتر لەحكومەت وەربگرن یاخود بگەنە یەكێك لەپۆستە سەرۆكایەتییەكان لەعیراق، ئاماژەشیدا كە تا ئەم ساتەش ژنان هیچ نوێنەرایەتییەكیان لەچوار سەرۆكایەتییەكەدا نییە، نەوەك سەرۆك و نەوەك جێگری سەرۆكیش.
یەكێتیی نیشتمانیی داوادەكات ژنان پۆستی باڵا وەربگرن
سۆزان مەنسوڕ ئەندامی پەرلەمانی عیراق لەفراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە PUKmediaی راگەیاند: بەهەموو شێوەیەك و لەسەرجەم بوارەكانی ژیانی سیاسی و كایەكانی تردا پاڵپشتی لەمافەكانی ژنان دەكەین.
راشیگەیاند: ئەم پاڵپشتیكردنەش لەسەر حسابی پیاو نییە بەڵكو داوادەكەین یەكسانی جێندەری لەسەرجەم بوارەكاندا هەبێت، ئاماژەشیدا كە پێویستە لەسەر ژنان بخوێنن و كاربكەن و مافەكانی خۆیان بەدەستبهێنن و شانبەشانی پیاو كار بكەن.
سۆزان داواشیكرد كە پێویستە ژنان بگەنە پۆستە سیادییە گەورەكانی وەك چوار سەرۆكایەتییەكە یاخود بەلایەنی كەمەوە یەكێك لەجێگرەكانی ئەو سەرۆكاتییانە لەلایەن ژنانەوە پڕ بكرێتەوە ئەوەش لەسەر بنەمای تواناكانیان بێت، هەروەها پێویستیش دەكات كە ژنان پێگەیەكی بەرزترینیان هەبێت و ببنە وەزیری بەرگری یاخود وەزیری ناوخۆ، هەروەها دەكرێت ببنە سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری.
روونیشیكردەوە كە ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشترو لەئێستاشدا داوادەكەین ژنان پۆستی باڵا لەئیدارەی دەوڵەتدا وەربگرن، لەمەكتەبی سیاسی و لەناو ریزەكانی حزبیشدا هانی ژنانمان داوەو بەردەوامیش هانیان دەدەین پچنە ناو كاری سیاسییەوەو پۆستە باڵاكان وەربگرن.
ژنە چالاكوانێك: دەبێت ژن وەك مرۆڤ خۆی لەبەرامبەر پیاودا ببینێتەوە
هاوتەریب لەگەڵ ئەوەی لەسەرەوە باسمان لێكرد، هەنا ریاز وەك ژنە چالاكوان و میدیاكارێك جەختیكردەوە كە ژن لەچاو هەڵبژاردنەكانی پێشووتری پەرلەمان بەشێوەیەكی كاریگەرانەتر بەشداری لە خوولی ئەمجارەی هەڵبژاردنەكان كردو ئامادەیی خۆی بەشێوەیەكی باشتر سەلماند.
هەنا بۆ PUKmedia راشیگەیاند: ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت ئەم ژمارەیە لەژنان لەناو پەرلەمانی عیراق بەس بێت، خواستیشی ئەوەیە كە كۆتایی بەسیستمی كۆتا لەپەرلەمان بهێنرێت و ژنان بەڕێژەیەكی دیاریكراو بەشداری لەپەرلەمان و پرۆسەی سیاسیدا بكەن.
هەنا ریاز میدیاكارو چالاكوانی بواری ژنان ئاماژەشیدا بەپێویستی ئەوەی كەدەبێت ژنان لەسەر بنەمای تواناو لێهاتووییان بەشداری و كێبڕكێی راستەقینە بكەن و وەك مرۆڤێك نەك وەك ژن بتوانن لەبەرامبەر پیاودا بوەستنەوە.
هەروەها داواشیكرد جیاكاری جێندەری لەبنچینەوە هەڵبوەشێنرێتەوە، هاوكات هیواخوازە كۆتایی بەسیستمی كۆتا لەپەرلەمان بهێنرێت و تەنها پشت بەتواناو لێهاتوویی ببەسترێت، ژنانی دەشتوانن پۆستە سیادییەكان بەدەستبهێنن.
ئەو بەوە كۆتایی بەلێدوانەكەی هێنا كە جەژنی ژنان تەنها بۆنەیەك نییە ئاهەنگی بۆ بگێڕرێت بەڵكو بۆ وەبیرهێنانەوەیە لەبایەخی ژن و بەشداربوونی لەكایەكانی ژیان هەروەها بیرهێنانەوەیە لەبەرامبەر مافەكانی وەك مرۆڤ و هەڵوەشاندنەوەی جیاكاری جێندەری كە نەنگییەكە لەبەرامبەر مافەكانی مرۆڤ، دووپاتیشیكردەوە كە پێویستە ژنان لەسەرجەم جومگەكانی ژیاندا مافەكانی بەمافەكانی خۆی بگات، راشیگەیاند كە زۆربەی ئەو ستەمانەی كە دەرهەق بەژن دەكرێت لەنموونەی ئەو ژنانەی كە بەپاساوی شەرەف دەكوژرێن، ژنانی ئاوارەبوو، رزگاربووانی ژنانی ئێزیدی، تا ئێستاش مافەكانی خۆیان وەرنەگرتووە سەرباری دەركردنی یاساكە، هەروەها ئەو حاڵەتە ستەمكاراییانەی كەلەبواری تەڵاقدا لەدژی ژنان هەن.
رێواز فایەق:  ژمارەیەك یاسای باشمان هەیە كە لەبەرژەوەندی ژناندایە
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت كە ژن بەشێك لە وزەی لەبن نەهاتووی كۆمەڵگای كوردەوارییە و دەبێت بە چاوێكی جوان سەیری تواناكانی ژنان بكرێت.
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەبۆنەی 8 ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بابەتی ژنان بابەتێكی كۆمەڵایەتییە و ڕەهەندە كۆمەڵایەتییەكەی زاڵترە لە ڕەهەندە سیاسییەكەی و ناتوانین بڵێین ڕەهەندی سیاسی نییە و جاری وایە دەبێتە بابەتێك لەنێوان عەلمانی و ئیسلامیدا.
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕاشیگەیاند: نۆخبەی سیاسی لە كوردستان و دامەزراوە دەستورییەكان لە هەرێمی كوردستان ئازایانە لەچاو ناوچەكە دەستیان بۆ دۆزی ژنان بردووە و لە هەرێمی كوردستان دەیان ڕێكخراو هەیە كە ئازایانە و ئازادانە لەسەر دۆزی ژنان كار دەكەن.
د. ڕێواز فایەق وتیشی: ئێمە یاسای باشمان لەم پەرلەمانە دەركردووە كە پەیوەندی بە ژنانەوە هەیە، هەندێك لەو یاسایانە فشاری كۆمەڵایەتی و سیاسی دروستكردووە. حكومەتە یەك لە دوا یەكەكانی هەرێمی كوردستان  بە باشی لەسەر دۆزی ژنان كاریان كردووە و لەهەرێمی كوردستان زۆر هەنگاوی باش نراون لەوەی كە لەناوچەكە هەیە، ئێمە یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیمان هەیە، ئێمە كۆتامان هەیە بۆ ئەوەی ژن لە پەرلەمان و ئەنجومەنەكان بوونیان هەبێت كە ڕێژەكەی 30%یە تەنانەت لە عیراقیش باشترە.
سەرۆكی پەرلەمانی هیوای خواست كە ئەمڕۆ لە ڕۆژانی دیكە جیاواز بێت و كۆتایی بە كوشتنی ژن چ بە جەستە و چ بە ڕۆح و چ گێچەڵكردن بێت لە شوێنی كار، بەكەم سەیركردنی بێت. بابەتی ژن بابەتێكی كۆمەڵایەتییە، چەند پەیوەستە بە دامەزراوە دەستوورییەكان، ئەوەندەش پەیوەستە بە خێزان و بە كۆمەڵگە و تاك  و هیوادارم ئێمە لە دووفاقی بێینەدەرەوە، كە دەڵێن باوەڕمان بە دۆزی ژن هەیە كە هاتە سەر خۆمان بەوەی باوەڕمان پێی نەبێت دۆزی ژن بێت. 
هیواشی خواست هاووڵاتی كوردستان بزانێت كە ژن بەشێكی وزەی لەبن نەهاتووی كوردەواری و بەچاوێكی جوان بڕوانێتە تواناكانی ژنان. 
د. ڕێواز فایەق وتیشی: بێشەرمییە كە ژن بە بیانووی جیاواز بكوژرێت.
PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket