}

عیراق له‌ هه‌وڵی گێڕانه‌وه‌ی میراته‌ مێژووییه‌كه‌یدایه‌

عیراق 07:41 PM - 2022-03-06

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی فه‌رمانگه‌ی مۆزه‌خانه‌كانی سه‌ربه‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و شوێنه‌واره‌كان له‌حكومه‌تی فیدڕاڵی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 6ی 3ی 2022 رایگه‌یاند عیراق به‌ڕێگه‌ی رێكاره‌ دپلۆماسییه‌كان هه‌وڵ ده‌دات پارچه‌ شوێنه‌وارییه‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌خۆی له‌ میراته‌ كه‌له‌پووری و مێژووییه‌كان ده‌بینێته‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ د.عه‌باس عه‌بد مه‌ندیل جێگری به‌ڕیوه‌به‌ری گشتی مۆزه‌خانه‌كانی عیراق له‌میانی لێدوانێكدا بۆ PUKmedia رایگه‌یاند: مۆزه‌خانه‌كانی عیراق و جێگه‌ شوێنه‌وارییه‌كان رووبه‌ڕووی چه‌ندین ئاڵنگاریی مرۆیی و سروشتی بوه‌وه‌، به‌تایبه‌تیش ململانێ چه‌كدارییه‌ نێوخۆییه‌كان و له‌نێویشیاندا ململانێیه‌ ده‌ره‌كییه‌كان و هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌و سه‌رپێچییه‌ جۆراوجۆرانه‌وه‌ كه‌له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر شوێنه‌ شوێنه‌وارییه‌كان و هه‌ڵدانه‌وه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی.

عه‌بد مه‌ندیل راشیگه‌یاند: جه‌نگی كه‌نداو له‌ساڵی 1991 و ئه‌و رووداوانه‌ی له‌دوای ئه‌و جه‌نگه‌وه‌ هاتنه‌پێشه‌وه‌و ئۆپراسیۆنه‌كانی رزگاركردنی عیراق له‌ساڵی 2003 و   ململانێیه‌ چه‌كداره‌كان زیانی زۆری به‌مۆزه‌خانه‌كانی عیراق و جێگه‌ شوێنه‌وارییه‌كان دا، به‌تایبه‌تیش مۆزه‌خانه‌ی عیراق رووبه‌ڕووی وێرانكردن و تاڵان و دزی بوه‌وه‌، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ به‌هه‌وڵه‌ نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و هاوكاری نێوان عیراق و وڵاتان توانی به‌شێك له‌ كه‌لوپه‌له‌ میراتییه‌كانی خۆی و شوێنه‌واره‌كانی بۆ وڵات بگه‌ڕێنێته‌وه‌.

جێی ئاماژه‌شه‌ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدڕاڵ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 6ی 3ی 2022 مۆزه‌خانه‌ی نیشتمانیی عیراق و پێشانگای پارچه‌ شوێنه‌وارییه‌ گه‌ڕاوه‌كانی كرده‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بۆ ئه‌نجامدرا، هانی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیشیدا له‌هه‌وڵی به‌رده‌وامدان بن بۆ گێڕانه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كانی عیراق له‌ڕێگه‌ی هاوئاهه‌نگی دیپلۆماسییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتاندا.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیران له‌بڵاوكراوه‌یه‌كدا كه‌وێنه‌یه‌كی ده‌ست PUKmedia كه‌وتووه‌ راشیگه‌یاند كازمی ئه‌مڕۆ مۆزه‌خانه‌ی نیشتمانی له‌عیراق كرده‌وه‌ له‌دوای نۆژه‌نكردنه‌وه‌و چاككردنه‌وه‌ی هۆڵه‌كانی، روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ كردنه‌وه‌ی مۆزه‌خانه‌كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ رۆژی لێبووردنی نیشتمانیی و تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر سه‌ردانه‌ مێژووییه‌كه‌ی پاپا فره‌نسیس بۆ عیراق و دیداره‌ مێژووییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان له‌عیراق.

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران، كازمی هه‌روه‌ها پێشانگای ئه‌و پارچه‌ شوێنه‌وارانه‌ی كرده‌وه‌  كه‌له‌ هه‌ریه‌ك له‌وڵاته‌كانی ئه‌مریكاو هۆڵه‌نداو یابان و ئیتاڵیاو لوبنانه‌وه‌ بۆ عیراق گه‌ڕێنرابوونه‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی تری به‌رزنرخاند له‌پاراستنی شوێنه‌وارو كه‌له‌پووره‌كانی عیراق و هانی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش دا له‌هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وام بن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م شوێنه‌واره‌كانی عیراق له‌ڕێگه‌ی هاوئاهه‌نگییه‌ دیپلۆماسییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتاندا.

كازمی هه‌روه‌ها جه‌ختیشكردۆته‌وه‌ كه‌ عیراق مافی خۆیه‌تی سه‌رجه‌م شوێنه‌واره‌كانی خۆی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ كه‌پێش و له‌دوای له‌ساڵی 2003 ه‌وه‌ رووبه‌ڕووی تاڵان ودزی بوه‌وه‌، دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌ت پشتیوانی بێسنووری ده‌بێت  بۆ سه‌رجه‌م رێوشوێنه‌كانی تایبه‌ت به‌پرۆسه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌كه‌.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket