riklam

بازاڕی پەلەوەری هەولێر كێشەی هاتووچۆ دروستدەكات

ڕیپۆرتاژ 10:33 AM - 2022-03-01

دەیان ساڵە بازاری پەلەوەر و ئاژەڵی ماڵی لەناو شاری هەولێر هەبووە و تائێستاش بۆ چەندین شوێن گواستراونەتەوە كە ئێستا شوێنەكەی دەكەوێتە گەڕەكی سەیداوە و سەر شەقامی 40 مەتری شاری هەولێر كە رۆژانە لەو بازارە هەزاران ئاژەڵ و پەلەوەری جۆراوجۆر كڕین و فرۆشتنیان پێوەدەكرێت، لەئێستاشدا خولیای بەخێوكردنی پەلەوەرو ئاژەڵ لەناو خەڵكی هەولێر زۆر بووە، بۆیە ئێستا ئەو كارە بۆتە كارێكی بازرگانی، بەڵام بەوتەی خەڵكی شار ئەو شوێنە نەگونجاوە بۆ ئەو جۆرە بازاڕە بەتایبەتی لەڕۆژانی هەینی كە خەڵكێكی زۆر رووی تێدەكەن و بەهۆیەوە شەقام و كۆڵانەكانی ئەو شوێنە بەپاشماوەی ئاژەڵ پیس دەبن و دەبنە هۆی گرتنی رێگای سەرەكی ئۆتۆمبێل.

ئازاد عومەر گەنجێكی شاری هەولێرە ئەو لەزۆربەی ژیانیدا ئاژەڵی بەخێوكردووە دەیوت: ناتوانم بەبێ ئاژەڵ یا پەلەوەرێكی ماڵی ژیان بگوزەرێنم، بۆیە زۆر جۆر ئاژەڵ و پەلەوەرم كڕیوەو لەماڵەوە بەخێوكردووە وەكو مریشك و كۆترو جوجەڵەو مراوی و كەروێشك ئێستاش سمۆرەو غەندورو مینام هەیەو رۆژانی هەینیش سەردانی بازاری پەلەوەری سەیداوە دەكەم رێژەیەكی زۆر ئاژەڵی ماڵی دەهێننە ئەو شوێنە.

ئەو دەیوت: ئەو بازارەی پەلەوەر لەهەولێر شوێنێكی نزیكە بۆ ئەوەی خەڵكی رووی تێبكەن، بەڵام شوێنەكەی بۆ كڕین و فرۆشتنی پەلەوەر زۆر نەگونجاوە، چونكە دەبێتە هۆی قەرەباڵخی شەقامەكەی، هەروەك چەندین دوكانی لێیە بەهۆیەوە تووشی ناڕەحەتی دەبن لەلایەكی تر بەهۆی پاشماوەی ئاژەڵەكان بازارەكە پیس دەبێت و دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوی چەندین نەخۆشی، بۆیە پێمباشە بەرپرسانی شارەكە بیر لەدابینكردنی شوێنێكی گونجاو بۆ ئەو بازارە لەشوێنێكی تری هەولێر بكەنەوە كە بەشێوەیەكی تەندروست دروستكرابێت.

زەكەریا ماوەی شەش ساڵە دوكانی فرۆشتنی ئاژەڵ و پەلەوەری لەبازاری هەولێر هەیە دەیوت: ئێستا بازاری فرۆشتنی ئاژەڵی ماڵی زۆر فراوان بووە بەشێكی زۆریان لە دەرەوەی هەرێم دەهێنرێن وەكو هۆڵەنداو ئێران و توركیاو سوریاو میسر كە لەتوركیا كەناری و كاسكۆو لەئێران توتی دێت لەئەفغانستانیش مینا دێت و لەمیسر كۆكتێل دەهێنرێت لەوڵاتانی ئەوروپا پەلەوەری گەورەی وەك مەكاو و كۆكاتۆ دەهێنرێت لەئەفریقاش كاسكۆو مەكاو دەهێنرێن لەئێران و هیندستانیش مەیمون دەهێنرێت.

باسی لەنرخ و فرۆشتنی ئاژەڵ و پەلەوەر كردو وتی: خەڵكی بەزۆری پەلەوەری قسەكەر دەكڕن، بۆیە زۆرترین فرۆشیان لەبازارەكەمان هەیە، بەڵام خەڵكی هەولێر لەئێستادا ئارەزووی كڕینی پشیلەشیان زۆر بووە كە نرخیان لە 100 دۆلار تا دوو هەزار دۆلارە كە هەرزانەكەی توركیە نرخی 100 دۆلارە ئێرانییەكەشی جۆری شیرازیە لە 200 دۆلار تا زیاتر هەیە، هەروەك ئارەزووی كڕینی سەگیش لەو شارە زۆر بووە كە نرخیان لەنێوان 50 هەزار دینار تا 5 هەزار دۆلارە كە سەگی جۆری پامێری بچووك نرخیان گرانە كە بە 700 دۆلار هەیە تا 2500 دۆلار، مەیمونی بچووكیش نرخی 500 دۆلارە، توتی بچووك هەیە تازە فێری قسەكردن بووە نرخەكەی 600 دۆلارە گرانترینیان 2 هەزار دۆلارە كە زۆربەی ئەو ئاژەڵانە لەدەرەوەی وڵات دەهێنرێن كە هەندێكجار بەخۆشم دەیانهێنم.

باسی لەوەشكرد: راگرتنی ئاژەڵی ماڵی لەلایەن خەڵكەوە بۆ حەزكردن لەبەخێوكردنی دەگەڕێتەوە نەوەك چاولێكەری، باڵندەی ماڵی بۆ ئەو كەسانەی نەخۆشی دەروونیان هەیە لەماڵەوە باشترین چارەسەرە بۆ نەخۆشیەكەیان ، هەروەك بەشێكی زۆر لەكڕیارەكانمان لەكچان و ژنان حەزیان بەڕاگرتنی پشیلەو كۆكتێل و توتی و سەگ هەیە، بەڵام زۆربەی ئافرەتە عەرەبەكان حەزیان لەبەخێوكردنی سەگە، بەڵام ژنانی كورد حەزیان لەپشیلەیە من زۆربەی ئەو جۆرە ئاژەڵ و باڵندانەم هەیە.

لەبارەی رۆژانی هەینیش وتی: ئەم بازارە لەهەموو رۆژانێكی هەینیدا زۆر قەرەباڵخ دەبێت، چونكە خەڵكی كاتی زیاترەو بواری زۆرترە بێتە ئێرە و ئاژەڵی هەیە دەیفرۆشێت و جۆری تازە دەكڕێت، ئەوەشی ئاشكراكرد: ئێستا خەڵكی ئاژەڵی دڕندەش دەكڕن، من شێرم هەبووە كە جووتێك بەچكەی سێ مانگیم بە 7500 دۆلار فرۆشتووە  كە ئەوانیش بەڕەسمی لەدەرەوەی هەرێم دەهێنرێن، شێری گەورەش هەیە كە نرخی لەنێوان 25 تا 30 هەزار دۆلارە شێری سپی هەیە جووتی بە 45 تا 50 هەزار دۆلارە كە ئەو جۆرە ئاژەڵە خەڵكی باخ و مەزرەعەیان هەیە و لەوێ رایدەگرن كە ماڵینە و هیچ زیانێكی بۆ مرۆڤ  نییە چونكە بەبچووكی بەخێودەكرێن.

ئاسۆ رەمەزان دوكانی فرۆشتن و سەربڕین و پاككردنەوەی پەلەوەری لەهەمان بازار هەیە دەیوت: لەدوكانەكەمان قازو مراوی و كەڵەشێرو قەل و كۆتر بەخەڵكی دەفرۆشین و سەریدەبڕین كە زۆربەی خۆماڵین كە نرخی سەڕبرین و پاككردنەوەی پەلەوەری گەورە 2 هەزار دینارە، نرخی قازی سێ كیلۆیی نرخەكەی 25 هەزار دینارەو مراوی نرخی بە 10 هەزار دینارە و قەلیش كیلۆی بە 9 هەزار دینارە، كۆتریش جووتی بە 4 هەزار دینار دەفرۆشم و 2 دانەش بەهەزار دینار پاكیان دەكەینەوە.

وتیشی: خەڵكی زیاتر دێنە لای ئێمە بۆ كڕینی پەلەوەر، چونكە خۆمانەن و تامیان لەهی پەلەوەری دەرەوە خۆشترەو تازەشن، چونكە زۆر لەخەڵكی حەز بەوەدەكەن پەلەوەر بەتازەیی و لەبەرچاوی خۆی سەرببڕێت، تەنیا رۆژانی هەینیش كارمان باشە كە لەهەر رۆژیكدا 10 مراوی و یا 10 قاز دەفرۆشین، بەڵام جێگاكەمان زۆر نەگونجاوە بۆ كارەكەمان، چونكە ئاو و كارەبایەكی تەواومان نییە و ئاوەڕۆی رۆیشتنی ئاوی پاشەڕۆی سەربڕینی پەلەوەرەكانیشمان بۆ دروستنەكراوە.

سەبارەت بەشوێنی پەلەوەرەكان هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر بە PUKmedia ی راگەیاند : ئێمە كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر ئەنجامداو باسی ئەوە كرا كە خەریكی دابینكردنی شوێنێكی گونجاوین بۆیان پاشان بازاری پەلەوەر فرۆشانی هەولێر لەو شوێنە دەگوازینەوە، بەڵام هێشتا بەفروانی باسی شوێنەكەو شێوەی بازارەكە نەكراوە، بەڵام بەرنامەكە دادەنرێت بۆ شوێنەكەو نەگەیشتووینەتە قۆناغی كۆتایی و بواری جێبەجی كردن، بەڵام سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر راسپێردرا بۆ دۆزینەوەی شوێنێك بۆ ئەو بازاڕە و چارەسەری كاری ئەو خەڵكەش بكەین كە لەوێ كاردەكەن.

وتیشی: ئەو بازاڕە لەو شوێنە كێشەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێڵی دروستكردووە بەتایبەتی لەڕۆژانی هەینی هەروەك ناوچەكەش بەهۆی پاشەڕۆوە پیس دەكات كە دەبێتە هۆی بێزاری خەڵكی ئەو شوێنەو دوكانەكانی بازارەكانی دەوروبەری ئەو شوێنەكە، لەڕووی ڤێتێرنەری و تەندروستیشەوە كێشەی هەیە كە بەشێوەیەكی ناتەندروست لەوێ پەلەوەر سەردەبڕدرێت و خاوێن دەكرێن، بۆیە دەبێت ئەو جۆرە بازارە رێكبخرێتەوە، بەڵام رەچاوی كارو كاسبی خەڵكی ئەو شوێنەش دەكەین.

PUKmedia رەوەست نەوزاد-هەولێر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket