riklam

دراوی 25 دیناری كۆن دەفرۆشرێتەوە

ڕیپۆرتاژ 02:44 PM - 2022-02-23

دراوی جۆری 25 دیناری سویسری گەورەترین دراو بوو كە حكومەتی پێشووتری عیراق لەساڵی 1990 چاپی كرد و خستییە بازاڕەكانەوە، بەڵام بەهۆی جەنگی كەنداو و راپەڕینی خەڵكی كوردستانەوە، حكومەتی بەعس ویستی گورزێكی ئابووری لەمیللەتی كورد و قەوارەی هەرێمی كوردستان و چەند وڵاتێك بدات، بۆیە ئەو دراوەی لەبازاڕەكان كشاندەوە و بەهۆیەوە خەڵكێكی زۆر لەبازرگان و خاوەن سەرمایە لەهەرێم زیانیان بەركەوت كە نەیانتوانی پارەكە لەبانكی ناوەندی عیراق بگۆڕنەوە و بەشێكیان مایەپووچ بوون، ئێستاش دوای زیاتر 31 ساڵ ئەو دراوە بەنرخێكی زۆر كەم لەناو بازاڕی دراوی شارەكانی هەرێم كڕین و فرۆشتنی پێوەدەكرێت.

لەوبارەیەوە عومەر حەسەن كە یەكێكە لەدراو فرۆشەكانی بازاڕی گەورەی هەولێر بە PUKmedia ی راگەیاند: ئەو دراوە بەتەواوی بەهای نەماوە ئێستاش كە خەڵك هەیە دێنە لام بۆ جوانی و یادگاری پێشوویان لەگەڵی ئەو دراوە دەكڕن كە نرخەكەی بۆ هەر 100 دانە كە دەكاتە 2500 دیناری كۆن 20 هەزار دیناری ئێستایە. 

ئەو دراو فرۆشەی هەولێر ئەوەشی ئاشكراكرد: كە ماوەیەك هەندێك كەس ئەو دراوە 25 دیناریەیان دەبردە وڵاتی توركیا و لەوێ كاری ساختەیان پێدەكرد و دەستكاریان دەكرد و دەیانكردە دراوی 25 هەزار دیناری تازەی ئێستای عیراقی، چونكە كاغەزو قەبارەكەی وەك یەكن.

وتیشی: هیچ كەسێك ئەو پارەیە بۆ ئەوە ناكڕن كە دواتر بەهاكەی بەرزبێتەوە و قازانجی لێبكەن، چونكە دوای زیاتر لە 30 ساڵ كەس متمانەی بەوە نەماوە حكومەتی عیراق ئەو پارەیان بۆ بگۆڕێتەوە تازە گۆڕینەوەی كاتی بەسەرچوو، تائێستاش ئەو پارەیە بەڕێژەیەكی زۆر لەلای خەڵكی لەماڵەكانیان هەڵگیراوە یا لەلای دراو فرۆشەكان بۆ فرۆشتن دانراوە كە بەملیۆنەها دینار دەبێت من بڕێكی كەمم هەیە كە تەنیا دوو شەدە لەو پارەیەیە بۆ جوانی و بۆ فرۆشتن دامناوە.

بەپێی بەدواداچوونی PUKmedia زۆربەی ئەوانەی ئەو دراوە دەكڕن كەسە بەتەمەنەكانن كە یادگاریان لەگەڵیدا هەیە كە لەكاتی خۆیدا یەك دانە لەو دراوە بەرامبەر بوو بەنزیكەی 75 دۆلاری ئەمریكی زۆرێك لەدوكاندارەكانی شاری هەولێر و شار و شارۆچكەكانی تری كوردستانیش بۆ جوانی لەناو جامخانەی مێز و دیوارەكانی دوكانەكانیان هەڵیدەواسن كە زۆربەی دراوەكانیش بەهۆی بەكارنەهێنانیان تازە و پاكن و كۆن نەبوون.

عومەر حەسەنی دراو فرۆش باسی لەوەشكرد: دوای رووخانی رژێمی بەعس ئەگەرێك هەبوو حكومەتی نوێی ئەوكاتی عیراق بۆ خاوەنەكانی بیگۆڕێتەوە، بۆیە نرخەكەی تۆزێك بەرز بووەوە كە هەر 100 دانەیەك كە 2500 دینار بوو بۆ 500 دیناری چاپی سویسری كۆن كە بەر لەو دراوەی ئێستا هەبوو نرخەكەی بەرز بوو، بەڵام دواتر ئەو ئەگەرەش وادەرنەچوو كە لەو پارەیەش دوو جۆری هەیە كە یەكیان ئەوەی وێنەی چەند ئەسپێكی لەسەرە ئەویتریان ئەو جۆرەیە كە وێنەی سەدام حسێنی سەرۆكی رژێمی پێشووتری عیراقی لەسەر چاپكراوە، بەبۆچوونی ئەو دراو فرۆشە ئەو جۆرە دراوە بەڕێژەیەكی زۆر لەوڵاتانی دەرەوە و دراوسێی عیراق هەبوو حكومەتی بەعس دەیویست گوزری ئابووری لەوڵاتانی جیهان و دراوسێكانی بدات كە بەملیۆنەها دینار لەو جۆرە دراوە لەلای وڵاتان هەبوو.

سەعد جەبار یەكێكی ترە لەدراو فرۆشەكانی شاری هەولێر كە لەسەر مێزەكەی دەیان هەزار دیناری لەو جۆرەی داناوە، بەپێی وتەی ئەو زۆربەی كڕیارانی ئەو دراوە لەئێستادا عەرەب و گەشتیارە بیانەكانن ئەو دەیوت: ئەو پارەیە ئەوكاتەی كشێنرایەوە هاوڵاتی عەرەب لەعیراق لەلایەن حكومەتی بەعس بۆیان گۆڕدرا بەدراوی تازە تەنیا هاووڵاتی هەرێمی كوردستان بۆیان نەكرا بیگۆڕن و زیانیان بەركەوت، بۆیە ئێستا گەشتیاری عەرەب دەیكڕن.

سەعد دەیوت: ئێستا من نزیكەی یەك ملیۆن دیناری لەو جۆرەم هەیە بۆ فرۆشتن دامناوە رۆژانە 1 تا 20 دانە لێی دەفرۆشم كە شەدەی 100 دانەیی بە 25 هەزار دینار دەفرۆشمەوە ئەگەر كڕیارێكیش بەدانە بیكڕێ، ئەوا نرخی یەك دانە 500 تا 1000 دینارە.
باسی لەوەشكرد كە ئەو كەسانەی ئەو جۆرە دراوەی لێكڕیوون كاتێك لەپێشوودا هەیبووە و بەنیازی بەرزبوونەوەی نرخەكەی یا گۆڕینەوەی لەلایەن حكومەتەوە هەڵیگرتووە، بەڵام ئێستا دوای دەیان ساڵ هیچ ئومێدی نەماوە و دەیفرۆشێتەوە.

هەر لەبارەی ئەو دراوە، شەماڵ نوری ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سەندیكای ئابوریناسانی كوردستان بەكوردستانی نوێی راگەیاند: بەهۆكاری سیاسی ئەو دراوە لەلایەن رژێمی پێشووی بەعسەوە لەكارخرا كە ئەوكات ماوەیەكی كەمیش بۆ گۆڕینەوەی بەدراوی چاپی عیراقی دانرا كە پێشێلكاریەكی یاسایی و هەڵەیەكی دارایی نەختینەیی بوو، چونكە ئەوكات حكومەتی عیراق سنوورەكانی داخست و بواری نەدا هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئەو جۆرە دراوە ببنە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان بۆ گۆڕینەوەی، بۆیە تا ئەمڕۆش جۆرە مامەڵەیەكی پێوە دەكرێت بەو ئومێدەی بانكی ناوەندی عیراقی وەریبگرێتەوە.

شەماڵ نوری ئەوەشی روونكردەوە: كە لەئەگەری گۆڕینی ئەو جۆرە دراوە دەبێت بەوریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بكەین، چونكە ساختەكاریەكی زۆری تێداكراوە كە ئەوكات چەندین وڵاتی ناوچەكە بۆ زیانگەیاندن بەئابووری عیراق بەمەبەستی سوود وەرگرتن لەئەگەری هەڵگرتنی گەمارۆكان و بەرزبوونەوەی بەهاكەی دراوێكی زۆری لەو 25 دیناریەیان بردە دەرەوەی عیراق هەروەك بانكی ناوەندی عیراق لەڕووی یاساییەوە خاوەنی ئەو دراوەیە دەبێت بەدراوی چاپی نوێ بیگۆڕێتەوە لەبەر ئەوەی ئیمزای بانكەكەشی لەسەرە لەئێستاشدا ئەو بانكە خاوەنی زیاتر لە 64 ملیار دۆلار و سەدان ملیۆن دیناری عیراقی و یەدەگێكی زۆری زێرە كە بەیەكێك لەبانكە دەوڵەمەندەكانی جیهان دادەنرێت، بۆیە توانای هەیەو ئەركی سەرشانییەتی ئەو ئاڵوگۆڕی دراوە بۆ هاووڵاتیانی ئەنجام بدات .

سەبارەت بەبڕەكەی لەهەرێمی كوردستان، ئەو ئەندامەی سەندیكای ئابووریناسانەی كوردستان رایگەیاند: بەپێی هەندێك زانیاری بڕی 22 ملیۆن دینار لەو جۆرە دراوە لەهەرێمی كوردستاندا هەیە، بەڵام كۆی ئەو دراوە لەسەرتاسەری عیراق بەوڵاتانی دەوروبەریشەوە بڕەكەی بە 550 ملیۆن دیناری 25 مەزەندە دەكرێت كە هاونیشتمانیان داوای قەرەبووكردنەوەی دەكەن.

سەبارەت بەداكۆكیكردنی حكومەتی هەرێم لەزیانمەندانی ئەو دراوە وتی: بۆ ئەو مەبەستە پەرلەمانی كوردستان لەساڵی 2014 نوسراوێكی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە داوایانكردووە نوسراو ئاڕاستەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق بكرێت بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو هاونیشتمانیانەی هەرێمی كوردستان كە ئەو جۆرە دراوەیان هەیە.

ئەوەشی نەشاردەوە: كە بەهۆی لەكارخستنی ئەو دراوە چەندین بازرگان و سەرمایەداری كورد تووشی زیانی دارایی بوون و بەهۆیەوە هەندێكیان گیانیان لەدەستداو بەشێكی زۆریشیان تووشی مایەپووچی بوون .

PUKmedia رەوەست نەوزاد - هەولێر 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket