حیكایه‌تی نووسراوی سه‌ر لووله‌كانی گوڵه‌به‌ڕۆژه
ڕیپۆرتاژ 12:06 PM - 2022-02-13
لووله‌ی یه‌كه‌م: مێژوو و ماناكانی پێڵاو و پینه‌دۆزی
هه‌ر هێنده‌ی ئولفه‌تت به‌شتێكه‌وه گرت، ئیدی بۆ مرۆڤ ده‌بێته خوو، خووه‌كانیش هه‌ندۆكێكی باشن و كه‌مێكیشیان به‌دفه‌ڕ، ساڵانێكی زۆر گوڵه‌به‌ڕۆژه فرۆشه‌كان سه‌رگه‌رمی راوه كتێب بوون، په‌رتوكه‌كانیان په‌ڕ په‌ڕ ده‌كردو پیاڵه‌یه‌ك گوڵه‌به‌رۆژه‌یان به فلسێك‌و پاشانیش به‌دینارێك‌و ئێستاش به هه‌زار دینار پڕده‌كرد، ئه‌و ده‌ستگێڕانه‌ش به سه‌لیقه‌بوون، بێ ئه‌وه‌ی سه‌ر به ئه‌هلی خوێندنه‌وه‌و خوێنده‌واری بن، لاپه‌ڕه به لاپه‌ڕه ده‌گه‌ڕان نه‌بادا له دێڕێكدا ئایه‌تێك یان فه‌رمووده‌یه‌كی تێدابێت، چونكه ده‌یانزانی له قه‌راغ یاریگا خۆڵه‌كان، یان پارك و ژێر زڕ تووه‌كانی ناو بازاڕ یانیش هه‌ر شوێنێكی تر، كاغه‌زپۆشی گوڵه‌به‌ڕۆژه ده‌كه‌ونه بن پێیان و ئه‌وه‌ش فریشته‌كانی سه‌ر شانان له په‌ڕاوی چاكه‌و خراپه‌ی ده‌ستگێڕه‌كه‌دا به تاوان ده‌ینووسنه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ش هه‌ر زوو تێكسته پیرۆزه‌كانیان وه‌لا ده‌ناو نه‌یانده‌كردنه لووله.
سروشتی مرۆڤی كڕیار له فرۆشیار جودایه، له‌خواردنی گوڵه به‌رۆژه هێنده شه‌ویلگه‌كانی شل ده‌بێت تاقه‌تی قسه‌ی نامێنێ، هه‌ر هێنده‌ش دوا ده‌نكی ئاوا كرد، وه‌ك دوكانداره مایه‌پووچه‌كان له‌ده‌نكه وه‌ریووه‌كانی ناو خۆڵ‌و خاشاك ده‌ڕوانن‌و راوی دانه به دانه‌ی ده‌نكه وه‌ریووه‌كان ده‌كه‌ن، كه ده‌سكه‌نه‌ی ئه‌ویشیكرد، ئینجا ده‌ست به خوێندنه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی پێچراوی گوڵه‌به‌ڕۆژه‌كان ده‌كات. ئه‌و لول پێچه وه‌ك یانسیب وایه داخۆ چیت بۆ ده‌رده‌چێت، هه‌ندێكجار لاپه‌ڕه‌ی كتێبێكی كیمیایه‌و ده‌رهه‌ق به كه‌مۆڵه‌و تێكه‌ڵكردنی مادده‌كانه، جاروباریش ره‌نگه فیزیا بێت‌و له‌باره‌ی بیردۆزه‌كه‌ی (نیوتن)ه‌وه بێت، له‌وانه‌شه لاپه‌ڕه‌ی بیركاری بێت، كه هاوكێشه‌یه‌كی هێنده ئاڵۆز به‌ر تۆ كه‌وتبێت، كه زۆرجار له‌داخی شیته‌ڵكردنی بیرت له ته‌رككردنی خوێندنگا كردبێته‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر رێزمانی كوردیش بێت یان رسته‌یه‌كت پێ شیده‌كاته‌وه، یان ووشه‌یه‌كت پێده‌خاته رسته‌وه.
(فه‌ره‌یدونی گوێزڕن) گه‌نجێكی كه‌ڵه‌گه‌ت‌و چوار شانه‌ی گوندیی بوو، رۆژگارێكی درێژ له گونده‌وه ده‌یان فرسه‌خی ته‌یده‌كرد بۆ خوێندن بگاته شار، گه‌رماو سه‌رما‌و ماندوبوونی پێیه‌كانی ده‌ره‌قه‌تی ووره‌ی نه‌هاتن‌و ده‌ستی له خوێندن به‌رنه‌دا، ئه‌و رێ‌و كه‌نده‌ڵان‌و هه‌ورازو نشێوه ته‌نها پێڵاو و كتێبه‌كانی لێی زوویرنه‌بوون، ئه‌و هێنده قیرسیچمه بوو بۆ فێربوون بیردۆزه‌كه‌ی (محه‌مه‌د ماغوت)یشی پێچه‌وانه كردبۆوه‌و به‌رده‌وام پێڵاوه‌كانی زیاتر به گوند‌و قوتابخانه‌كه‌یه‌وه گرێیده‌دا، له‌راستیشدا هیچ شتێك بارته‌قای ئه‌وه بۆ مرۆڤ ناسۆر نیه كه‌وشه‌كه‌ی ته‌نگه‌به‌رو ته‌سك‌و ئاوه‌دز بێ‌و نه‌توانێ هه‌نگاو بنێ، یانیش فشه‌ڵ بن‌و له‌رێڕۆیشتن‌و هه‌نگاوه‌كاندا به ناچارییه‌وه له‌پێت داكه‌ندرێ، كه‌چی فه‌ره‌یدون هه‌موو ئه‌و ده‌ردانه‌ی دیت‌و كۆڵی نه‌دا، هه‌میشه كه فه‌ره‌یدونم ده‌دیت، به‌رله‌وه‌ی ته‌ماشای روخساری بكه‌م له پێڵاوه‌كانی راده‌مام، ئاخر ژماره‌ی هه‌مان ئه‌و كه‌وشانه له‌سه‌ر دره‌خت به دره‌ختی گوێزی كوێستانه‌كان به‌جێمابوون، له‌و رێگا درێژه‌ی خوێندنگا به شه‌قامه‌كانه‌وه مابوونه‌وه، كه ده‌مدی نامه‌كه‌ی (چیخۆف)م بۆ (شورین) بیرده‌كه‌وته‌وه، كه نووسیبووی "ده‌ی تۆ چیرۆكێك له‌باره‌ی گه‌نجێكه‌وه بنووسه، كوڕه سه‌پانێك، گه‌نجێك كه پێشتر شاگردی دوكاندار‌و قوتابی بووه‌و وا په‌روه‌رده‌كراوه، كه رێزی خاوه‌ن پله‌ی له‌خۆی ژوورتر بگرێ، زستانێك به‌بێ پێڵاو و به پیاده به‌ره‌و قوتابخانه بڕوا"، خۆ فه‌ره‌یدونیش وایده‌كرد زۆرجار‌و له رۆژانی ته‌ڕوتوشدا، له‌ناو قوڕی رێگا درێژه‌كه‌دا پێڵاوه‌كانی داده‌كه‌ند‌و به‌پێخواسی رێی ده‌كرد، نه‌بادا هاوپۆله‌كانی بۆ پێڵاوه‌كانی بتریقێنه‌وه.
فه‌ره‌یدونی گوێزڕن و خاڵندی پینه‌دۆز، چیرۆكی پینه‌كردنی ئازار
له‌گوێز رنینه‌وه بۆ خوێندن، هه‌ردووكی چنینه‌وه‌ی به‌رهه‌م‌و ده‌ستكه‌نه‌ی شه‌ونخونییه، فه‌ره‌یدون هێنده قیرسیچمه بوو بۆ خوێندن دواجار له به‌شی ئاژه‌ڵداری كۆلێژی كشتوكاڵی گیرسایه‌وه، كۆلێژێك ره‌نگه پڕ به‌پێستی ژینگه‌و ویسته‌كانی ئه‌و بووبێت، چونكه قه‌ده‌ری ژیانی هه‌رده‌بوو له‌و كوێره گونده‌دا بمێنێته‌وه، خه‌یاڵی فه‌ره‌یدون بۆ خوێندنه‌وه ته‌نها له‌ناو كتێبه‌كانی زانكۆ قه‌تیس نه‌بوو، له‌هه‌ر شوێنێك په‌ڕه‌ی كاغه‌زێك ته‌نانه‌ت نوشته‌یه‌كی پێچراویشی دیتبا، سه‌رله‌به‌ری ده‌خوێنده‌وه، ئیدی ئه‌وه ئولفه‌تێكی منداڵیی بوو كه له حوجره‌ی گونده‌كه‌یه‌وه فێركرابوو نووسراوی ناو كتێبه‌كان پیرۆزن.
له كۆتا وه‌رزی خوێندنی ئه‌وساڵه، بۆ چاككردنه‌وه‌ی كه‌وشه‌كانی روده‌كاته ئاوایی‌و له‌دوكانه‌كه‌ی (خاڵندی پینه‌دۆز) ده‌گیرسێته‌وه، وه‌ك ئولفه‌ته قه‌ییمه‌كه‌ی خۆشی له‌ناو دوكانه‌كه‌ی خاڵنددا به‌ده‌م گوڵه به‌رۆژه خواردنه‌وه ده‌ست ده‌كات به‌خوێندنه‌وه‌ی لول پێچه‌كه، لووله‌كه لاپه‌ڕه‌ی هه‌ژده‌ی گۆڤاری (سرووه) بوو، به زمانێكی شیرین ووتارێك ده‌رباره‌ی (پێڵاو) بڵاوكرابۆوه. چه‌ند قه‌ده‌رێكی سه‌یره فه‌ره‌یدونی كه‌وش دڕا‌و له دوكانێكی پینه‌دۆزدا سه‌رقاڵی خوێندنه‌وه‌ی ووتارێك بێت ده‌رباره‌ی مێژوو و ره‌چه‌ڵه‌كی پێڵاو. له دێڕی یه‌كه‌مدا وانووسرابوو "پێڵاو، ئه‌و ئامرازه‌یه كه مرۆڤ چه‌ندین سه‌ده‌یه ناسیوویه‌تی‌و بۆ پاراستنی پێیه‌كانی به‌كاریهێناوه، مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌زاران ساڵ، زمانناسه كورده‌كان ئه‌و ووشه‌یه بۆ دوو گریمانه ده‌گێڕنه‌وه، یان (پێڕه‌و) وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و ئامرازه ساده‌یه‌ی كه پێی رۆیشتوون، یانیش (پێ ئاڵاندن) وه‌ك هێمایه‌ك بۆ ئه‌و پارچه پێسته‌ی مرۆڤ بۆ پاراستنی پێیه‌كانی لێی ئاڵاندووه‌و به تێپه‌ڕبوونی كات ناوه‌كه‌ی له‌سه‌ر پێڵاو گیرساوه‌ته‌وه"، ئه‌و زانیارییه زمانه‌وانییه بۆ فه‌ره‌یدون جێی سه‌رنج بوو، هێنده‌ی به‌ده‌ست پێڵاوی دڕاوه‌وه چه‌شتبوو، به‌رده‌وام خۆی له فیلمی (منداڵانی ئاسمان)دا ده‌بینیه‌وه، ئه‌و فیلمه‌ی خوشك‌و برایه‌ك پێكه‌وه به پێڵاوێكی دڕاوه‌وه رێگابڕكێی قوتابخانه ده‌كه‌ن‌و هه‌موو خه‌یاڵێكیان له‌لای كه‌وشه‌كانه، له‌و بیركردنه‌وه‌یه‌دا خاڵند وه‌ده‌نگ دێت‌و فه‌ره‌یدون به ئاگا دێنێته‌وه، ئه‌وه چ سحرو جادویه‌كه هه‌ردووكیان پێكه‌وه له‌سه‌ر جیهانی پێڵاو خه‌یاڵیان ده‌مه‌زره‌رد بكه‌نه‌وه، ئاخر خۆ خاڵندیش به پینه‌دۆزی له‌دایك نه‌بووه، به‌ڵكو رۆژانێك له‌كۆلێژی زمان خوێندویه‌تی‌و قه‌ده‌ر له‌ناو دنیای پاژنه‌و بزمارو ناوكه‌ف‌و پینه گیرساندویه‌تییه‌وه، به‌ڵام قوڵ له‌باره‌ی پێڵاوه‌وه ده‌زانێ‌و خوێندویه‌تییه‌وه.
مێژووی دروستكردنی پێڵاو
خاڵندی پینه‌دۆز به حه‌سره‌ته‌وه ده‌ست پێده‌كات، له‌و رۆژه‌وه‌ی مرۆڤ ئاگایی له‌به‌رامبه‌ر ئازاری پێیه‌كانی په‌یداكردووه، كه‌ره‌سته‌یه‌كی بۆ داپۆشین چنگ كه‌وتووه، له‌راستیشدا چونكه پێیه‌كانی مرۆڤ له(28) ئێسك‌و (19) ماسولكه پێكدێت، هه‌ڵگرتنی هه‌موو قورسایی جه‌سته ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ئه‌م، له‌كاتی رۆیشتندا ئه‌و قورساییه بۆ سێ ئه‌وه‌نده زیاد ده‌كات، ئه‌م كێشه زۆره‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤ مه‌گه‌ر هه‌ر پێڵاو به‌رگه‌ی بگرێت، ئه‌وه‌شه له‌سه‌ره‌تای مێژووه‌وه مرۆڤ شوێن دۆزینه‌وه‌و دروستكردنی پێڵاو كه‌وتووه. مرۆڤی سه‌ره‌تایی له‌رێگه‌ی پێ ئاڵاندنی چه‌رمه‌وه پێیه‌كانی خۆی له‌سه‌رماو گه‌رما پاراستووه. بۆ یه‌كه‌مجار هه‌شت هه‌زار ساڵ پێش زایین له‌شوێنی ئێستای ویلایه‌تی (میسور) دۆزراوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی تر ده‌یگێڕنه‌وه بۆ (3300) ساڵ له چیاكانی (ئه‌لب)ی فه‌ره‌نسا. نموونه‌ی تریش له‌ناو شارستانیه‌ته دێرینه‌كان زۆرن، میسرییه كۆنه‌كان، چینیه‌كان‌و ته‌نانه‌ت ڤایكینگه‌كانیش به‌پێی پله‌به‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و چینایه‌تی پێڵاوی جۆراوجۆریان به‌كارهێناوه. مه‌گه‌ر تابلۆ هه‌ڵكه‌نراوه‌كانی میسر‌و خانه‌واده‌ی فیرعه‌ونه‌كان ئه‌و وێنانه به‌یان ناكه‌ن، كه چۆن سه‌نده‌لی پێی فیرعه‌ون‌و كاربه‌ده‌سته‌كان چه‌ند دیزاین‌و شێوه‌یه‌كی جیای هه‌یه، هه‌رچی رۆمانه‌كانن خاوه‌نی جۆرێك له پێڵاو بوون كه به (claigae) ده‌ناسرێته‌وه‌و شێوه‌یه‌كی سه‌ربازیی هه‌بووه. به‌مجۆره‌ش مێژووی پێڵاو دێرینه، ته‌نانه‌ت له هه‌ر شوێنێك ناوێك‌و جۆرێك بووه، ئه‌وه‌ی میسر به قاپقاپی فیرعه‌ونی ناسراوه و نه‌علی له پێست دروستكراوی گریكه‌كانیش ناوی (كریبس) بووه، لای رۆمانییه‌كان جۆرێك پێڵاویان بووه كه به(كالسیۆس) و (كریبدا) ده‌ناسران، فه‌ره‌یدون به تاسه‌وه گوێده‌گرێ‌و خوازیاری ئه‌وه‌یه پێنه‌دۆزه‌كه به‌رده‌وام بێت.
چه‌رمی به‌كارخراو له پیشه‌سازیی پێڵاو دروستكردن
خاڵند دیسان تێهه‌ڵده‌چێته‌وه، ئه‌مجاره له‌باره‌ی كه‌ره‌سته‌كانی دروستكردنی پێڵاو قسه ده‌كات، به‌جۆرێك وێنای ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی له قۆناغه سه‌ره‌تاكانی مێژوودا به‌رده‌ستیی مرۆڤی نیانده‌رتاڵی كردبێت، له‌ووردو درشتی پیشه‌سازییه‌كه ده‌زانێت، كه چۆن پێڵاو له‌سه‌ره‌تاوه له پێستی ئاژه‌ڵ یان ته‌خته دروستكراوه‌و دواتر چه‌ندین نه‌خشی جۆراوجۆری تێدا نه‌خشێنراوه، ئه‌و پێستانه‌ی كه له‌و پێشه‌سازییه ره‌عه‌مه‌ل هێنراون (په‌ز‌و مانگا)و ئه‌وانی دیكه بووه، كه به‌پێی سروشتی ئاژه‌ڵه‌كه‌و ته‌مه‌ن‌و ره‌گه‌زه‌كه‌یان له دروستكردنی پێڵاو به‌پێی وه‌رزه‌كان به‌كارهێنراون، كۆنترین پێڵاوی چه‌رمیش مێژووه‌كه‌ی بۆ پێنج هه‌زار ساڵ پێش ئێستا ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌م شێوازی دروستكردنه‌ش به‌پێی كلتور‌و فه‌رهه‌نگی وڵاتان گۆڕاوه، له وڵاتانی چین و خۆرهه‌ڵاتیش له ڕێگه‌ی قوماش و ته‌خته‌وه پێڵاویان دروست كردووه. بۆ سه‌لماندنی به‌ڵگه مێژووییه‌كانیشی سه‌رگوزشته‌ی پادشایه‌ك ده‌گێڕێته‌وه، كه له‌دێر زه‌ماندا بۆ ئه‌وه‌ی له گوزه‌رانی هاونیشتمانییه‌كانی به ئاگا بێت كوچه‌و كۆڵانه‌كانی شار به‌سه‌رده‌كاته‌وه، وه‌ختێك ده‌گه‌ڕێته‌وه كۆشك، هه‌ردوو پێیه‌كانی پڕ برینه، له‌توڕه‌ییان بڕیارده‌دات كه ته‌واوی شار به چه‌رم دابپۆشن بۆ ئه‌وه‌ی چیتر له كاتی ڕێڕۆشتندا به‌ده‌ست ئازاره‌كانی قاچیه‌وه نه‌تلێته‌وه، به‌ڵام لاوازی‌و به‌تاڵی خه‌زێنه‌ی میریی وا له شالیارێكی دووربین ده‌كات روو له پادشا بكات‌و پێی بڵێ "بۆچی هه‌موو مه‌مله‌كه‌ت به‌چه‌رم روپۆش ده‌كه‌ی، ته‌نها دوو پارچه چه‌رمی بچووك له‌بن پێت دابنێ‌و ئیتر وا ده‌زانی هه‌موو دنیا چه‌رمه"، ئه‌مه‌ش به‌یه‌كێك له سه‌ره‌تاییترین بیرۆكه‌كانی به‌كارخستنی چه‌رم له پیشه‌سازیی دروستكردنی پێڵاو ئه‌ژمار ده‌كرێت.
بۆ فه‌ره‌یدونێك كه ژیانی راوشكاریی گوند‌و خوێندنی زانكۆیی له‌بواری ئاژه‌ڵداری بینیووه، ئه‌و زانیارییانه هه‌م نوێ‌و هه‌میش به پێزبوون، ئاخر ئه‌و له‌هه‌موو كه‌سێكی تر زیاتر له بایه‌خی سامانی ئاژه‌ڵ تێده‌گات‌و ده‌زانێ بێ سوودترین به‌شی جه‌سته‌ی ئاژه‌ڵێك له‌دیدی خه‌ڵكه‌وه، كه پێسته‌كه‌یه‌تی له‌جۆره‌ها پیشه‌سازیی به‌كاردێت، له‌وه تێده‌گات كه به‌درێژایی مێژوو مرۆڤ وه‌ك سه‌رداری زه‌وی توانیوویه‌تی هه‌موو كه‌ره‌سته‌و بوونه‌كانی تر بخاته خزمه‌ت خۆشگوزه‌رانی خۆیه‌وه، كاتێك له‌و خه‌یاڵه‌دا بوو، خاڵند له‌دوورینه‌وه‌ی پێڵاوه‌كان‌و داكوتینی پاژنینی ئاسنه‌كه ته‌واو بوو، ئای چ رۆژگارێكی سه‌یر بوو، پینه‌دۆزه‌كان هاوشێوه‌ی ئه‌سپ مرۆڤیان ناڵده‌كرد‌و ده‌نگی پێی مرۆڤ‌و نازو مه‌كری رۆیشتنی ئه‌سپێك له شه‌قامه‌كان له‌یه‌كتر جودا نه‌ده‌كرانه‌وه. هه‌ر چۆنێك بێت حه‌شرو حسابی پینه‌كردنی پێڵاوه‌كان له‌نێوان (فه‌ره‌یدونی گوێزڕن)و (خاڵندی پینه‌دۆز) ته‌واو بوو، به‌ڵام هیچیان نه‌یانده‌ویست كۆتایی به چیرۆكێك بێنن، كه پێڵاو تایتڵی قسه‌و باسه‌كان بوو.
پاژنه‌ی پێڵاوه‌كانی ماری ئه‌نتۆانێت
پاژنه‌ی پێڵاوه‌كانی فه‌ره‌یدون هه‌ندۆكێك به‌ژنی به‌رزتر كردبۆوه، خۆی چه‌ند كه‌ڵه‌كه‌ت‌و كه‌ته بوو، هێنده‌ی تر وه‌ك به‌ژن زراف له‌خۆی راده‌ما، له‌وه‌ته‌ی پێڵاویش داهاتووه بۆ داپۆشینی كورته باڵایی هه‌میشه مرۆڤ جادووی باڵاكردنی له كه‌وشی پاژنه به‌رزدا جێگه كردۆته‌وه، خاڵند له‌باره‌ی ئه‌و مێژووه‌وه هه‌ندێكی خوێندۆته‌وه، ده‌زانێ مێژووی دروستبوونی بۆ (3500) ساڵ پێش زایین ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌وكاته‌ی له میسری كۆندا خانمان‌و ده‌ستو پێوه‌نده‌كانی فیرعه‌ون باڵا كورتیان به شوره‌یی زگماكی ده‌بینی‌و ده‌بوایه له‌رێگه‌ی پێڵاوی پاژنه به‌رزه‌وه له خه‌ڵكانی ره‌شۆكی جودابن. دواتر ئه‌و خه‌سڵه‌ته وه‌رده‌گۆڕێت بۆ داپۆشینی خه‌وشییه‌كانی پیاوانیش، به‌دیاریكراویش له‌دوای هاوسه‌رگیرییه‌كه‌ی (لویسی شانزه) پادشای ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ (ماری ئه‌نتوانێت) شێوازێكی نوێ بۆ پێڵاوی پاژنه به‌رزی پیاوانه سه‌ریهه‌ڵدا، كاتێك به‌هۆی كورته‌باڵایی لویس به به‌راورد له‌گه‌ڵ ماری ئه‌نتوانێت فه‌رمانی به خزمه‌تكاره‌كانی كرد پێڵاوێكی بۆ دروست بكه‌ن وه‌كیه‌كی له‌نێوانیاندا دروست بێت، له‌وده‌مه‌وه ژن‌و پیاو پێكه‌وه پاژنه بڵندیان بۆ بڵندبوونه‌وه‌ی باڵا ره‌عه‌مه‌ل هێنا، هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی تر ئه‌و دیارده به شارستانییه‌تی كۆنی ئێرانییه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه‌و ئاریاییه‌كان وه‌ك یه‌كه‌مین نه‌ته‌وه ده‌بینن كه سوارچاكه‌كانیان پێڵاوی پاژنه به‌رزیان له‌كاتی سواری له‌پێكردووه‌و نه‌وه دوای نه‌وه‌ش پارێزگاری‌یان له‌و نه‌ریته كردووه‌و هه‌ر له‌رێگه‌ی نێرده دبلۆماسییه‌كانی ئێرانیشه‌وه ئه‌و جۆره له كه‌وش براوه‌ته ئه‌وروپا، له شوێنی تردا له‌باره‌ی ئه‌و جۆره پێڵاوانه‌وه نووسیوویانه بیرۆكه‌ی یه‌كه‌مجاری داهێنان‌و به‌رهه‌مهێنانی ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ هونه‌ری ئه‌سپسواری، جه‌نگاوه‌رو مێرخاسانی قه‌ییمه بۆ ئه‌وه‌ی به ته‌واوه‌تی پێیه‌كانیان له‌زینی ئه‌سپه‌كانیان جێگیر بكه‌ن دایانهێناوه، له‌وه‌شدا فه‌زڵی دۆزینه‌وه بۆ سوارچاكێكی ئێرانی ده‌گێڕنه‌وه، له‌سه‌ده‌ی ده‌یه‌مدا پێڵاوه‌كانی بوونه هۆكاری سه‌ركه‌وتنی له تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌سپسواری‌و ئیدی له‌وه به‌دوا ئه‌و پێڵاوانه بۆ ئه‌سپسوارو سوارچاكه‌كان بووه براندێكی په‌سندكراو له‌هه‌موو شوێنێكه‌وه گه‌ره‌كیان بوو.
پینه‌دۆزی‌و چیرۆكه‌كه‌ی شا عه‌باسی سه‌فه‌وی
فه‌ره‌یدون واقی وڕماوه، له‌كوێ هه‌بووه پینه‌دۆزێك به‌و ئه‌وینه‌وه مه‌ستی پیشه‌كه‌ی خۆی بێ‌و له‌ووردو درشتی جیهانی پێڵاو تێبگات، ئاخر خۆ پیشه‌ی پینه‌دۆزی ئه‌وه‌نده به حه‌وجێی پاشخانی مه‌عریفه‌و ئاگایی نیه‌و چ بایه‌خێكی تێدایه ئه‌و مێژووه درێژه له باره‌ی پێڵاو بخوێنیته‌وه، بۆ فه‌ره‌یدون كه به‌شێك له ته‌مه‌نی به پێی په‌تی به‌ڕێكردوه‌و پاژنه‌ی پێیه‌كانی وه‌ك بنی ساج ره‌ش‌و ره‌ق داگه‌ڕاوه، شتێكی سه‌مه‌ره‌یه هۆگربوون به‌و راده به پێڵاوه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شعره‌كه‌ی (حاجی قادری كۆیه)و (مه‌لا عه‌بدوڵڵا جه‌لیزاده)ی بیرده‌كه‌وێته‌وه، كه چۆن بۆ خوێندن روویان له‌ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی كردووه‌و سه‌دان فرسه‌خ به‌پێی په‌تی باو و بۆرانی ئه‌و روبه‌ڕه‌یان به په‌نجه‌كانیان نووسیووه‌ته‌وه "به‌بیرت دێ رۆژێ چووینه باڵه‌ك .... به‌پێ خاوس نه كه‌وشم بوو نه كاڵه‌ك"، ئه‌وه‌ی ده‌بوو هۆگری پێڵاو بێت خۆیه‌تی نه‌ك (خاڵندی پینه‌دۆز)، به‌ڵام پێشینان راستیان فه‌رمووه "قه‌دری زێڕ لای زێرنگره"، ئاخر كه‌وشه‌كان زێڕی قاچه‌كانی مرۆڤن‌و ته‌نها پینه‌دۆزه‌كان له قه‌دری ده‌زانن. بۆ فه‌ره‌یدون له‌وه زیاتر دانیشتن به‌دیار پیاوێكی پینه‌دۆزه‌وه، كه رزق‌و رۆزییه‌كه‌ی له‌سه‌ر درومان‌و پینه‌كردن‌و پاژنه داكوتینه ئه‌سته‌م بوو، به‌ڵام خاڵند به‌بیانووی ئه‌وه‌ی كه چیتر پیشه‌كه‌ی سه‌رچاوه‌ی ژیان‌و بژیووی نیه سه‌رله‌نوێ ده‌ستی پێكرده‌وه، سه‌رگوزشته‌یه‌كی (شا عه‌باسی سه‌فه‌وی) ده‌گێڕێته‌وه، كه له‌ده‌ورانی خۆیدا له وه‌زیرێك ده‌پرسێ كه داخۆ دۆخی ئابووری خه‌ڵك چۆنه، له‌وه‌ڵامدا پێی ده‌ڵێت گه‌وره‌م ئه‌وه‌نده دۆخه‌كه باشه ته‌نانه‌ت پینه‌دۆزه‌كانیش چوونه حه‌ج، پاشا له‌وه‌ڵامه‌كه‌ی زۆر په‌ست ده‌بێت، چۆن ده‌بێت شالیارێكی گه‌مژه نه‌زانێ ئه‌گه‌ر دۆخ باشبووایه پێڵاوفرۆش ده‌چوون بۆ حه‌ج نه‌ك پینه‌دۆز، نه‌قڵه‌كه‌ی خاڵند بۆ ئه‌وه‌بوو به فه‌ره‌یدون بڵێ نه‌گبه‌ت له من‌و تۆ بترازێ كێ هه‌یه دۆخی ئابووری خراپ بێ‌و كوا ئێستا خه‌ڵكی به شوێن پینه‌كردن‌و دوورینه‌وه‌و پاژنه چاككردنه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێت.
تۆ ده‌زانی براله پینه‌دۆزی، په‌یداكردنی دوو قروشه له خاوێنكردنه‌وه‌ی قوڕی شه‌ش مه‌مله‌كه‌ت، دوورینه‌وه‌ی ئه‌و چه‌رمه دڕاوه‌یه، كه به‌رگه‌ی تاڵاوی هه‌زار فرسه‌خ رۆیشتنی گرتووه، كاسبیه‌كه له‌بری ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هۆش‌و ئه‌قڵی خه‌ڵك بجوڵێی، ده‌بێت له قاچه‌كانیه‌وه نان به‌ده‌ستبخه‌ی، ئاخر سه‌وداسه‌ری له‌گه‌ڵ پێڵاو بۆ مرۆڤێك كه هه‌ژده ساڵ نمره‌كانی خوێندنی بێ سفر بووه ئه‌سته‌مه، به‌ڵام ئیدی كه ریشی ژیان درێژ بوو، ده‌بێت شانه‌ی هه‌موو ئیشێكی بۆ هه‌ڵگری، وامن ئه‌و شانه‌م تاوداوه‌تێ‌و پێ به پێ بۆ نانێكی حه‌ڵاڵ له‌گه‌ڵی ده‌چم، له‌گه‌ڵ پیشه‌یه‌ك ده‌جه‌نگێم، كه هه‌رگیز به خه‌یاڵمدا نه‌هاتووه‌و به‌شێك نه‌بووه له خه‌ونه‌كانی منداڵیم، كه چكۆڵه بووم له‌و باوه‌ڕه‌دابووم ده‌بمه پزیشك‌و جه‌سته‌ی مرۆڤ بۆ رزگاربوون ده‌خه‌مه به‌ر نه‌شته‌ر، كه‌چی كه گه‌وره‌بووم نه‌شته‌ری كه‌وش‌و پێڵاوی هه‌موو جۆرم بۆ مایه‌وه، وا ئێستا له‌ناو ئه‌و پیشه‌دا ده‌ژیم‌و خۆشمده‌وێ، هه‌ر هیچ نه‌بێت من له خۆزگه‌كه‌ی (ناپلیۆن پۆناپارت)دا جێگه‌ی خۆمگرت، كه گه‌ره‌كی بوو وه‌ك پینه‌دۆزێك ئێواران به‌ماندوویی‌و نانێكی حه‌ڵاڵه‌وه بگه‌ڕێته‌وه ناو ماڵێكی ئاسووده.
بۆ مرۆڤێكی سه‌وداسه‌ر له‌گه‌ڵ پێڵاو و پینه‌دۆزی، ده‌بێت له باره‌ی پیشه‌كه‌ی خۆیه‌وه بزانێت، ده‌بێت به‌هه‌موو كونوكه‌له‌به‌ره‌كانی ده‌ستڕه‌نگینی پیشه‌كه‌یدا بچێته‌وه‌و له دیوه په‌نهانه‌كانی مێژووه‌كه‌ی تێبگات، من نه‌ك هه‌ر هێنده، به‌ڵكو پسپۆڕی‌و شاره‌زایی زمانیشم بۆ ساغكردنه‌وه‌و كێوماڵكردنی ووشه‌كان به‌كارهێناوه، تۆ ده‌زانی مرۆڤ به‌رده‌وام بۆ ناسینه‌وه ناو ده‌داته شته‌كان، هه‌روه‌ها جێنه‌زرگه‌كردنی له‌یاده‌وه‌ری ووتراو یا نوسراویدا، ناو و پاشناو له‌زمانه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان ناوی كه‌س پێش ناسناوه‌كه دێ، وه‌ك چۆن نازناوی زانستی هه‌رده‌م پێشناوه، نازناوی پیشه‌یی به‌زۆری پاشناون و ده‌كرێ بڵێین هه‌ر پیشه‌یه‌ك له‌ژێر چه‌تری ناوێك‌دا كۆده‌كرێته‌وه و پێناسه ده‌كرێ وه‌ك ناوه‌كه‌ی خۆم (خاڵندی پینه‌دۆز)، ئیدی من بۆ ئه‌به‌د پاشناوی پیشه‌كه‌م هه‌ڵگرتووه‌و ناتوانم له تارمایی پێڵاوی دڕا‌و و پینه‌كردن رابكه‌م.
ووشه‌ی پینه‌چی یان پینه‌دۆز، له فه‌رهه‌نگی (هه‌مبانه بۆرینه)دا به‌و پیشه دێرینه ده‌وترێت كه خه‌وشیی‌و دڕاوییه‌كانی كه‌وش چاكده‌كاته‌وه، له زمانی عه‌ره‌بی‌و له فه‌رهه‌نگی دێرینه‌ی عیراقی‌دا (ئه‌سكافی) یان (جزمه‌چی) پێوتراوه، وه‌ك چۆن دروستكردن‌و به‌رهه‌مهێنانی پێڵاو كاری ده‌ستی بووه‌و ئه‌وانه‌ی له‌كرده‌ی به‌رهه‌مهێناندا كاریان كردووه به (ئه‌سكافی) یا (كه‌نده‌رچی) ناسراون، ده‌ڵێن پێشینه‌و ره‌چه‌ڵه‌كی ووشه‌ی ئه‌سكافی بۆ زمانی سۆمه‌ری ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه به‌ر له (3200) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بۆ یه‌كه‌مجار به‌كارهاتووه‌و له‌زاراوه‌ی (ئه‌سكاف) داتاشراوه، كه به‌واتای چاككردنه‌وه‌ی پێڵاو دێت. پاشان له شارستانیه‌تی میزۆپۆتامیاوه پیشه‌ی چاككردنه‌وه‌ی پێڵاو و كه‌وشسازیی ده‌چێته میسری كۆن‌و جۆره‌ها سه‌نده‌ڵی هه‌مه جۆره له‌وێ دروست‌و چاكده‌كرانه‌وه، ئه‌و سه‌نده‌ڵانه‌ی له‌وێ هه‌بوون جۆراوجۆر بوون‌و له مادده‌و كه‌ره‌سته‌ی هه‌مه چه‌شنه دروستده‌كران، وورده وورده ئه‌و پیشه‌سازییه ده‌گاته شام‌و دنیای عه‌ره‌بی له‌وێ قاپ قاپ‌و كه‌وشی دیكه به‌پێی كه‌لتوورو ژینگه‌و ئاوهه‌وا ده‌بنه مۆد، راستییه‌كه‌ی پیشه‌ی پینه‌دۆزی له‌و ده‌ورانه‌دا هه‌م پیشه‌سازیی دروستكردن‌و هه‌میش چاككردنه‌وه بوو، ئه‌وكات له دروستكردندا قاڵبی دارینه به‌كارده‌هێنرا، به‌ڵام ئێستاكێ مادده‌ی نایلۆن‌و پێكهاته‌ی تر ره‌عه‌مه‌ڵ دێت، خاڵند مه‌به‌ستی بوو پیشه‌كه‌ی خۆی وا نیشان بدات كه ره‌گ‌و ریشه‌یه‌كی مێژوویی هه‌یه‌و هه‌موو ئان‌و زه‌مانێك هه‌ر هه‌بووه، نازانم بۆچی شعرێكی بیركه‌وته‌وه، به‌ڵام ده‌یه‌ویست پێم بڵێ پیشه‌ی پینه‌كردن تۆخكردنه‌وه‌ی ئازاری رۆیشتنه به شاراوه‌یی، ئه‌و درزه‌یه كه نهێنی له‌تبوون شیده‌كاته‌وه، ته‌قه‌ڵێكه ده‌می ئازارێك ده‌گه‌یه‌نێت به ئازارێكی تر.
خاڵند به‌شوێن سه‌لماندنی ئه‌وه‌وه‌بوو كه پیشه‌ی پینه‌كردن، پیشه‌ی داپۆشینی خه‌وش‌و پڕكردنه‌وه‌ی جێگه‌ی ئازاره‌كانی رۆیشتنه، ئه‌گه‌ر پینه‌كردنی پێڵاو له شوێنی خۆی نه‌بێت نابود‌و ناشرین وێنه ده‌داته‌وه، ده‌گێڕنه‌وه (ئه‌براهام لینكۆڵن)ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، باوكی پینه‌دۆز بووه، ئه‌وكاته‌ی ده‌بێته سه‌رۆك‌و سوێند ده‌خوا، هاوارێكی زۆر ده‌بیستێ‌و پیشه‌كه‌ی باوكی وه‌ك خه‌وش به‌سه‌ر چاودا ده‌ده‌نه‌وه، ئه‌و هه‌ڵناچێ‌و به‌رووی ئه‌و بوكه‌ڵانه‌دا هه‌ڵناشاخێ، چونكه تێده‌گات شه‌رمێك نیه له پیشه‌ی مرۆڤ، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی شوره‌ییه‌كی گه‌وره‌یه پله‌به‌ندكردنی پیشه‌كانه، ئاخر دۆزینه‌وه‌ی ناو و ناتۆره‌و بچووككردنه‌وه‌ی پیشه‌ی خه‌ڵكی تر ته‌نها له به‌رئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پێڵاوه‌كانی مرۆڤدا مامه‌ڵه ده‌كات نیشانه‌ی ئه‌وه نییه كارێكی ئابڕوبه‌رانه‌یه، خۆناكرێت ده‌لاكێك كه سه‌وداسه‌ری له‌گه‌ڵ كه‌له‌ی مرۆڤ هه‌یه ئیشه‌كه‌ی پیرۆز بێ‌و بۆیاخچیه‌ك كه به شاقه‌لی موباره‌كی عه‌باكه‌ی دایكی پێڵاو ده‌سڕێته‌وه ئابڕوی تكا بێت، نه‌گبه‌تیه‌كه له‌وه‌دایه زۆرجار له‌ناو ماڵ‌و مه‌وتنی خۆشتدا ئه‌وه‌ت به‌روو داده‌نه‌وه.
تابلۆی پێڵاوه‌كه‌ی ڤان كوخ له دوكانه‌كه‌ی خاڵنددا
مرۆڤ كاتێك له شوێن ده‌فكرێت، تێده‌گات شوێن ته‌نها جێگایه‌كی فیزیكی نیه، به‌ڵكو هه‌ڵگری ره‌هه‌ندی سیمبولیه‌و ده‌شێت شوناسی كه‌سه‌كانی تێدا ره‌نگبداته‌وه، به‌رمه‌بنای ئه‌و مانایانه‌ی شوێن ده‌یدا به كه‌س‌و پیشه‌یه‌ك، ده‌یدات به وێنه‌ش، (فه‌ره‌یدونی گوێزڕن) وه‌ك ئه‌وه‌ی شتێكی شوێن گوم كردبێت، له پانتایی ئه‌و شوێنه راده‌ما، له‌و دووكانه چكۆڵه وورد ده‌بۆوه كه له‌كۆتایی راڕه‌وێكی قه‌ره‌باڵغ سه‌رقاڵی بزماررێژكردنی هه‌ژاری‌و نه‌داری بوو، ئاخر (خاڵند) دیواره‌كانی به جۆرێك به وێنه‌و په‌ند رازاندبۆوه، هه‌رده‌تووت به راڕه‌وه‌كانی (لۆڤه‌ر)دا هاموشۆ ده‌كه‌ی، له بنمیچی ئه‌و شوێنه‌دا تابلۆی پێڵاوه‌كه‌ی (ڤان كوخ) به‌دوو بزماری پۆڵا هه‌ڵواسرابوو، ئا ئه‌وه‌یه شوێن مانا ده‌داته وێنه‌كان، خۆ ره‌نگه له راڕه‌وێكی میوانخانه یان له چایخانه‌یه‌كی شار یان له هۆڵی دانیشتنی ماڵێك هه‌مان وێنه هه‌بن، به‌ڵام هه‌ڵواسینی تابلۆكه‌ی ڤان مانایه‌كی تری قوڵ هه‌ڵده‌گرێ. بۆچی له‌ناو ئه‌و هه‌موو تابلۆیه ته‌نها ئه‌وه، له‌راستیدا چیرۆكی ئه‌و تابلۆیه قوڵ‌و درێژه، له رۆژێكی پایزه‌ی (1886) له بازاڕێكی میللی (ڤان كوخ) دوو پێڵاوی دارینه‌ی كۆنه ده‌بینێ، كه‌س نازانێت بۆ له پێكردن كڕینی یان مه‌به‌ستی بوو له پشت وێنه‌كێشانه‌وه‌ی مانایه‌كی قوڵتر له رۆیشتن‌و داپۆشینی پێیه‌كانی بدۆزێته‌وه، هه‌رواش بوو، ئه‌و وێنه‌یه نه‌ك هه‌ر بووه كه‌ڤاڵێكی به‌نێوبانگی دنیای هونه‌ر، به‌ڵكو ئارگۆمێنتێكی فه‌لسه‌فی قوڵیی به‌دوای خۆیدا هێنا، فه‌یله‌سوفی به‌ناوبانگی ئه‌ڵمانی (مارتن هایدگه‌ر) له‌و باوه‌ڕه‌دایه پیڵاوه‌كه‌ی (ڤان كوخ) دوو دنیامان نیشان ئه‌دات، یه‌كه‌میان دنیایه‌كه وه‌ك ئه‌رك پێڵاو پێوه‌ی په‌یوه‌سته‌و دووه‌میش جیهانێكه له‌جه‌وهه‌ری كاری هونه‌ریدا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌و مانایه‌ی جارێك بوونێكی دروستكراوه‌و له‌وه‌ی تردا له‌دۆخی به‌شتبوونه‌وه بازده‌دات‌و خۆی به زه‌وییه‌وه گرێده‌داته‌وه.
(فه‌ره‌یدونی گوێزڕن) خه‌یاڵی تابلۆكه‌ی (ڤان كوخ) ئه‌به‌ستێته‌وه به خه‌یاڵێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، بیر له بوونی دیمه‌نی پێڵاوی به‌جێماوی دایكێكی ئه‌نفالكراو له بیابانه‌كانی (عه‌رعه‌ر)و (نوگره سه‌لمان) ده‌كاته‌وه، خه‌یاڵی بۆ كیژۆڵه‌یه‌كی (شه‌نگال) ده‌چێت كه كه‌وشه خوێناوییه‌كانی له رێگایه‌كی قوڕدا به‌جێماوه‌و چاوه‌ڕوانی گه‌ڕڕنه‌وه‌ی خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌كات، ئه‌و تێناگات بۆچی كه‌وشی جوتیارێك فه‌لسه‌فه له‌سه‌ری وه‌ده‌نگ دێت، كه‌چی پێڵاوی زینده‌به‌چاڵكراوێك نابێته هه‌واڵ، ئای غه‌ریب خۆمان هێشتاش ناتوانین هیچ نه‌بێت له‌جێی تابلۆی له‌به‌رگیراوه‌ی (ڤان كوخ) وێنه‌ی تاكێك نه‌علی كه‌نیشكێكی گه‌رمیانی یان پاپوچی پیره‌ژنێكی شه‌نگالی له‌سه‌ر دیواری شوێنه‌كانمان هه‌ڵبواسین.
شه‌ویلگه‌كانی خاڵند له‌ووتن شل بوون، له‌وه پتر نه‌یده‌ویست بزماررێژی یاده‌وه‌ری فه‌ره‌یدون بكا‌و پینه‌كانی ژیانی به خه‌می تر پڕ بكاته‌وه، هه‌ر چۆنێك بێت له بێده‌نگی هه‌ردووكیاندا پێده‌چوو دوادێڕی چیرۆكی پێڵاو دابنێن، چیرۆكێك كه هێشتاش هه‌ر سه‌ره‌تایه‌تی، ویستی هه‌ردووكیان بۆ ووتن هه‌بوو، به‌ڵام هه‌ریه‌كێكیان به پاساوی موزاحیم نه‌بوون قفڵیان له‌ده‌رگای قسه‌دا، ئاخر خاڵند ئه‌وه‌نده له‌نێو جیهانی كه‌وشدا ژیاوه ته‌نانه‌ت له خاوه‌نه‌كان زیاتر ده‌زانێ ژماره‌ی پێڵاوه‌كانیان چه‌نده‌و فه‌ره‌یدونیش ئه‌وه‌نده به‌پێخواسی رێگای بڕیووه شتێك نازانێت ناوی وه‌ڕسبوون بێت. هه‌رچۆنێك بێت له هه‌موو رێگایه‌ك توله‌ڕێگاكان لێك جیاده‌بنه‌وه، رێگای خاڵند دادانه‌وه‌ی ده‌ڕابه‌و قفڵكردنی كۆشكه‌كه‌ی‌و رێچكه‌ی فه‌ره‌یدونیش ئۆغركردنه‌وه بوو به‌ره‌و گوند، كه‌چی هه‌ردووكیان به‌شوێن كاتێكی تری بینینه‌وه بوون، ئاخر كات به پێوانه‌ی (جۆن لۆك) ئه‌گه‌ر هێڵێك بێت له ئه‌زه‌له‌وه ده‌ستی پێكردبێت، له پنتێكی ئه‌و هێڵه‌دا دوو بونه‌وه‌ر چانسی دیده‌نیان هه‌بووبێت، ده‌شێت هه‌مان ئه‌و دوو بونه‌وه‌ره له هێڵێكی تریش به یه‌كتر بگه‌نه‌وه. بۆ فه‌ره‌یدون ئه‌م به‌ڵگاندن‌و پاساودانه كورتبینه، نازانێ كه چاره‌نووسی ژیان‌و هاوبه‌شییه‌كان جارێكی تر به‌یه‌كتریان ده‌گه‌یه‌نێته‌وه. فه‌ره‌یدون كه هه‌م دڵی حه‌یرانی بینینه‌وه‌و هه‌میش ئاوه‌زی به حه‌وجێی گفتوگۆیه‌كی تره، ده‌رفه‌تێك بۆ بینینه‌وه هه‌ر ده‌ڕه‌خسێ.
به‌خشینی واتای سیمبولی به پێڵاو
به‌ده‌م رێگاوه خه‌یاڵی فه‌ره‌یدون به پێڵاو ئاخنرابوو، چركه‌ی ده‌ژمارد بۆ بیركردنه‌وه له‌دیمه‌نه‌كانی گونده‌كه‌ی، ئه‌و دیمه‌نانه‌ی پێڵاو تێیدا وێنه‌كان ده‌نووسنه‌وه، بیری له‌و شوانه ده‌كرده‌وه كه له‌و چیا‌و پێده‌شتانه له‌جیاتی هه‌ر شتێك پێڵاوه‌كانی ده‌كرده سه‌رین، ئه‌و دایكه‌ی ده‌هێنایه به‌رچاو له‌كاتی نوێژدا، به نه‌عله‌كانی په‌رژینێكی دروست ده‌كرد تا كه‌س به به‌رده‌میدا ره‌تنه‌بێت، خه‌یاڵی بۆ ئه‌و جوتیاره ده‌چوو كاتێك ده‌گه‌ڕایه‌وه جزمه‌كانی داده‌كه‌ند بۆ ئه‌وه‌ی مارو مێرویه‌ك دزه‌ی نه‌كردبێته ناوییه‌وه، وێنه‌ی ئه‌و نوێژخوێنه‌ی له‌به‌رچاو بوو، به‌ر له ده‌ستنوێژ توند پێڵاوه‌كانی هه‌ڵده‌گرێ‌و له‌سه‌ر ره‌فه‌ی مزگه‌وتیان داده‌نێ. چه‌ند سه‌یره هه‌موو رێگاكان ده‌یبه‌نه‌وه سه‌ر دنیای كه‌وش‌و خاڵندی له خه‌یاڵدا ناسڕنه‌وه، ئاخر ئه‌و ده‌یزانی پێڵاو چه‌نده بوونێكی ماددیه، ئه‌وه‌نده‌ش مانایه‌كی سیمبولی هه‌یه.
ئه‌و واتا سیمبولیه‌ی مرۆڤ بۆ پێڵاوی ده‌دۆزێته‌وه، هه‌مان ئه‌و مانایانه‌یه كه ده‌شێت له بواری دیكه‌دا به‌كاربهێنرێن، له‌كاتێكدا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، شوێنێكه هه‌میشه له رێگای مانا گه‌وره‌كانه‌وه مرۆڤ ئاماده ده‌كات بۆ ژیان‌و شته بچووكه‌كان فه‌رامۆش ده‌كات، ره‌نگه هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه بێت كه كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی فه‌وتان‌و نه‌مان وه‌ستابێت، له‌به‌رئه‌وه به‌حه‌وجێی كۆمه‌ڵێك مانای گه‌وره‌و چاره‌نووسساز بووه بۆ ئه‌وه‌ی بمێنێته‌وه، به‌ڵام (پێڵاو) جاروبار له‌ناو ئه‌و مێژووه‌دا كراوه‌ته پرسی گه‌وره‌و له‌رێگه‌ی دۆزینه‌وه‌و به‌كارهێنانی مانا سیمبولیه‌كانه‌وه له واتای بوونه ماددیه‌كه‌ی به‌تاڵكراوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌تا شه‌هید (مه‌لا عه‌لی) سه‌ری بڵندی دووژمنه‌كانی ده‌خاته بن پاژنه پێیه‌كانی خۆیه‌وه‌و نه‌ك هه‌ر سێداره‌ی دوژمن نایشكێنێ، به‌ڵكو به‌ژنی پێڵاوه‌كانی له‌وان به‌رزتر ده‌بینێ. شایه‌د مێژوو پڕه له نموونه‌ی سه‌مه‌ره كه مرۆڤ جۆرگه‌لێكی پێڵاوی كردۆته براندی سیاسیی، كه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه سه‌ر به ماركه‌یه‌كی هه‌رزانی ناو مه‌زادخانه‌كان بوون، مه‌گه‌ر كه‌س نه‌عله‌كه‌ی (ئه‌بو ته‌حسین)ی بیرده‌چێته‌وه، كه چۆن هه‌موو رقی چه‌وسانه‌وه‌ی له‌سه‌ر وێنه‌ی دیكتاتۆرێك به‌تاڵكرده‌وه، ئه‌ی كاممان كه‌وشه‌كه‌ی (مونته‌زه‌ر زه‌یدی) له خه‌یاڵ ده‌ڕوات ئه‌و وه‌خته‌ی (بوشی) سه‌یدو گه‌وره‌ی دنیای كرده سێره. هه‌ر له‌وه گه‌ڕێ مه‌گه‌ر هه‌ر پێڵاوی لاستیك نیه سه‌رده‌مانێكه به گێڕانه‌وه‌ی رابردوو كاسیان كردوین‌و خه‌ریكه بڵێین ئای پێڵاوی لاستیكی به‌دبه‌خت، بزانه له‌ژێر تایتڵ‌و ناوی تۆدا چی ده‌گوزه‌رێ، ناوی تۆ چۆن بۆته بنێشته خۆشه‌ی سه‌ر زمانی چه‌ند بازرگانێكی هه‌ڵزناو به سیاسه‌ته‌وه‌و له‌گه‌ڵ هه‌موو چۆڕێك پاره قه‌وانی دوێنێ لێده‌درێته‌وه. ئه‌وه خه‌یاڵه‌كانی رێگه دوور‌و درێژه‌كه‌ی فه‌ره‌یدوون بوو له نه‌زیله‌كانی ئه‌مڕۆ، هه‌ر له به‌ر خۆیه‌وه به‌ده‌م نركه نركی رێگاوه ده‌یووت‌و نه‌یده‌سه‌نده‌وه.
ئازاری دابڕان‌و مه‌یلی دیدار
ده‌گێڕنه‌وه فه‌یله‌سوفێكی به‌نێوبانگ باسی سه‌ردانێكی خۆی بۆ لای كه‌سێك ده‌گێڕێته‌وه، نایشارێته‌وه كه ساردی‌و قبوڵنه‌كردنی یه‌كتر له نێوانیاندا هه‌بووه، له‌وه‌ڵامی سڵاوی ئه‌و فه‌یله‌سوفه‌دا نائاگایانه پێی ده‌ڵێت (ماڵئاوا)، به‌ڵام هیچیان ره‌چاوی ئه‌و خۆده‌رخستنه ناكه‌ن‌و پێكه‌وه داده‌نیشن، ئه‌وه‌ی ئاوه‌ز نایه‌وێ بیدركێنێ، هه‌ندێكجار دڵ ئاشكرای ده‌كات، به‌مه ده‌وترێت زه‌له‌ی زمان، له‌میانی ووشه‌و تۆنی ده‌نگ‌و ئاماژه‌ی جه‌سته، له‌راستیدا عه‌قڵ له په‌یوه‌ندی به ئه‌وانی دیكه‌وه، زۆرینه‌ی جار فۆڕمێكی په‌سه‌ندكراو ده‌خاته‌ڕوو با پێچه‌وانه‌ی خۆشی بێت، وه‌ك (رۆلان بارت) له‌باره‌ی ئه‌و پرۆسه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌ڵێت " له په‌نای هه‌ر وتراوێك نه‌وتراوێك هه‌یه"، فه‌ره‌یدون بۆ رۆژی دواتر ده‌یه‌وێت به بیانوی جانتا دڕاوه‌كه‌ی خوشكیه‌وه بچێته‌وه لای خاڵندی پینه‌دۆز، به‌ڵام ده‌ترسێ له وه‌ڵامی (سڵاو)ه‌كه‌یدا (ماڵئاوا) بڵێ‌و له نه‌وتراوه‌كانی چاویدا، هه‌زار ووتنی وه‌ڕسبوون هه‌ست پێ بكات، مه‌گه‌ر كێ ده‌ڵێ خاڵند حه‌زی لێیه كه‌سێك هه‌ر بۆ كه‌یف‌و سه‌فای دڵ‌و هۆشی ده‌ستبخاته ناو برینه‌كانی پیشه‌كه‌ی‌و ئازاره‌كانی بیر بێنێته‌وه.
رۆژی دواتر فه‌ره‌یدون رۆیشته‌وه شار، هێنده خێرا رێی ده‌بڕی ده‌تووت تانجیه‌كانی قه‌راغ ئاوایی دوای ده‌كه‌ون، هه‌ناسه‌كانی له شه‌كه‌تبووندا بڕكیان لێ‌بڕابوو، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی به دوكانه‌كه‌ی خاڵند، سڵاوی كرد‌و به سڵاو وه‌ڵامی درایه‌وه، تێگه‌یشت له كۆ نه‌ستی پینه‌دۆزیش مه‌یلێك هه‌بووه بۆ بینین‌و نه‌یووت (ماڵئاوا)، پێده‌چوو هه‌ردووكیان چیرۆكی به‌جێماوی تریان هه‌بێ، له‌وانه‌بوو حیكایه‌تی ته‌واونه‌كراویان له‌سه‌ر ماكینه‌ی دروومانی پینه‌كردن به‌جێما بێت، خاڵند سه‌رقاڵی چاككردنه‌وه‌ی شولی ژێری كڵاشێك بوو، له‌وه‌ده‌چوو كڵاشه‌كه ئه‌وه‌نده له‌سه‌ر زه‌وی ماندوكرابێت وه‌ك مرۆڤێكی قه‌مبوور پشتی كوڕ بوبێته‌وه.
كڵاش وه‌ك شانازی نه‌ته‌وه
كڵاش یان وه‌ك له فه‌رهه‌نگی فارسه‌كاندا به (گیوه) ناوده‌برێت، پێڵاوێكی ده‌ستچنی نایابه‌و له‌نێوان نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌دا هه‌ر یه‌كێك خه‌ریكی راپسكانی ناسنامه‌كه‌یه‌تی بۆ خۆی، فارس ده‌یكه‌نه به‌شێك له ناسنامه‌و ئازه‌ره‌كان به شوناسی نه‌ته‌وه‌یی خۆیانی ده‌به‌ستنه‌وه، خۆ نه‌ژاد‌و ره‌چه‌ڵه‌كه‌كانی تری ئه‌و ناوچه‌یه‌ش پێڵاوه ده‌ستچنه‌كانی خۆیان، كه له كڵاش ده‌چێت هه‌ر ده‌گێڕنه‌وه سه‌ر یه‌ك به‌ره‌باب‌و نه‌ژادی ده‌ستڕه‌نگینی، راستییه‌كه‌شی له‌ناو هه‌موو ئه‌وانه‌دا خاوه‌نداریه‌تییه‌كه‌ی هه‌ر هی كورده، هه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی دنیا به كه‌وشی كوردی ده‌یناسێ‌و هه‌میش ناوچه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی له‌باشوور‌و رۆژهه‌ڵاتیش قه‌ڵه‌مڕه‌وی كورده‌كانه، سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن له‌سه‌رده‌می زه‌رده‌شتی په‌یامبه‌ر بۆ یه‌كه‌مجار دروستكراوه، كه‌چی فارس دروستكردنی یه‌كه‌م نموونه‌ی ئه‌و پێڕه‌وه ده‌گێڕنه‌وه بۆ پاڵه‌وانێك كه به قسه‌ی (فیرده‌وسی كوڕی گوده‌رز)، كه زاوای (رۆسته‌م) بووه‌و له كتێبی (به‌هاری عه‌جه‌م) ده‌ڵێت "گیوی گوده‌رز له‌كاتی په‌راگه‌نده‌بوونی له‌وڵاتی توراندا دروستیكردو خه‌ڵكانی تر به‌پێی به‌ڵگه‌ی شانامه‌و له راڤه‌كردنی ئه‌م تیۆریه وتوویانه كه كاتێك گیو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سیاوه‌ش نه‌وه‌ی كه‌یكاوس‌و دایكی چوبوون بۆ توركستان‌و حه‌وت ساڵ له‌و وڵاته سه‌رگه‌ردان بوو گیوه‌ی دروستكرد‌و دواتر هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه چاوه‌ڕوانی وه‌ها پێڵاوێك بوون، كڵاشیان هه‌ڵبژارد، به‌ڵێ بێ چه‌ندوچوون ئه‌و كه‌وشه كوردییه، زیاتر له دوو هه‌زار ساڵ مێژووی هه‌یه‌و له دێرزه‌مانه‌وه ده‌زانین ئه‌و پێڵاوه له چه‌رم‌و په‌ت دروست ده‌كرێت، هه‌ر ته‌نها ئه‌وه‌ش نا، به‌ڵكو ناوچه‌و قه‌ڵه‌مڕه‌وی هه‌ورامییه‌كان هه‌موو پێویستییه‌كانی خۆیان هه‌ر له‌ناوچه‌ی خۆیان له (مشكی‌و كڵاو و فه‌ره‌نجی‌و رانك‌و چۆغه) تاده‌گاته گۆره‌وی‌و كڵاش بۆخۆیان به‌رهه‌م دێنن، كڵاشی هه‌ورامی مێژوییه‌كی دێرینی هه‌یه زۆرێك له شاره‌زایان ده‌یگێڕنه‌وه بۆ سه‌رده‌می (پیر شالیاره‌كانی زه‌رده‌شتی) كه له كه‌ره‌سته‌ی زۆر ساده‌و ساكار دروستكراون. ئه‌و جۆره كه‌وشه به‌پێی جۆری چنینی روكار جۆراوجۆره، هه‌یانه پێی ده‌ڵێن مه‌لیكی‌و هه‌شه به (ئاجیده) ناوده‌برێ‌و دواینیشیان به (ته‌ختی چه‌رمی) ده‌ناسرێته‌وه.
پێوانه‌ی ژماره‌ی پێڵاو به ده‌نكه برنج
خاڵندی پینه‌دۆز دیسانه‌وه بالۆره‌ی ئه‌وه لێده‌داته‌وه، كه زۆربڵێی‌و دوباره‌كردنه‌وه‌ی واژه‌و گوزارشته سواوه‌كان له‌سه‌ر ئێشه زیاتر چیتر نیه، چونكه پینه‌دۆزێك وه‌زیفه‌كه‌ی دوورینه‌وه‌ی برینی پێڵاوه نه‌ك ده‌ستكاریكردنی ئازاره‌كانی رۆیشتن، ئه‌ركه‌كه‌ی بزمار رێژكردنی ژێره‌وه‌ی كه‌وشه نه‌ك داكوتینی مێخ له خه‌یاڵی موشته‌ریه‌كدا، ئه‌و هه‌ستكردنه به كه‌میی بریتییه له خه‌یاڵێكی پوچی مرۆڤ به‌وه‌ی كه كه‌متره له‌وانی دیكه، له‌كاتێكدا له‌چاوه‌كانی (فه‌ره‌یدونی گوێزڕن)دا، ئه‌وه‌ی ده‌یبیستێ زۆربڵێی نیه، به‌ڵكو گه‌وهه‌ری ووتنی مرۆڤێكه كه پیشه‌كه‌ی خۆی خۆشده‌وێت، قوڵبوونه‌وه‌یه‌تی له ناو دنیایه‌كدا كه نانێكی حه‌ڵاڵی لێ ده‌چنێته‌وه، ئاخر مرۆڤ هه‌موو ئه‌وشتانه‌ی به‌كاریاندێنێ نازانێ سه‌ر به چ نه‌ژادێكی داهێنان‌و سه‌ر به‌چ نه‌سلێكی به‌كاربردنن، داخۆ كێمان ده‌زانین پێڵاوه‌كان له‌كوێوه‌و له‌كێوه ژماره‌ی بۆ دانراوه‌و چۆن به‌پێی بونیادی پێیه‌كانمان هه‌موو مرۆڤێك ژماره‌یه‌كی خراوه‌ته‌سه‌ر، ئه‌و پرسیاره بۆ خاڵند ئه‌سته‌م نیه، ده‌زانێت كه پێوه‌ری دانانی ژماره له‌سه‌ر پێڵاو بیرۆكه‌ی مرۆڤێكی چینیه‌و به بنه‌ماگرتنی ده‌نگه برنج ساغی كردۆته‌وه، چیرۆكه‌كه به‌و شێوه‌یه ده‌گێڕێته‌وه "له‌دێر زه‌مان كرێكارێكی چینی له یه‌كێك له كارگه‌كانی پێڵاو كارده‌كات‌و له هه‌مانكاتدا جوتیاره‌و كێڵگه‌ی برنجی هه‌یه، پادشا پێویستی به پێڵاو ده‌بێت‌و ده‌نێرێت به‌دوای ئه‌م كرێكاره‌دا تا به ئه‌ندازه‌ی پێیه‌كانی پێڵاوی بۆ دروست بكه‌ن، هه‌ربۆیه جوتیاره‌كه ژماره‌ی پێیه‌كانی به ده‌نكه برنج دیاریده‌كات‌و چه‌ند ده‌نكه برنجی ریز كردبێ، ئه‌وه‌ی كردووه به پێوه‌ر بۆ ژماره‌ی پێڵاوه‌كان‌و دواتر ئه‌م شێوازه له‌لایه‌ن كارگه‌كانی تریشه‌وه كراوه‌ته نه‌ریت". راستییه‌كه‌ی چیرۆكی تریش هه‌ن، هه‌ندێكی تر ده‌ڵێن "پاشا ئیدواردی دووه‌می پادشای ئینگلیز له ساڵی (1324) ئه‌وه‌ی ئاشكراكردووه كه درێژی هه‌ر سێ ده‌نكه جۆیه‌ك یه‌كسانه به نزیكه‌ی ئینجێك، ئه‌گه‌ر بووترێت ژماره‌ی كه‌وشێك (39)یه، كه‌وا بێت یه‌كسانه به‌درێژی (39) ده‌نكه جۆو ئه‌مه‌ش بۆته بنه‌ما". به‌مجۆره‌ش مێژوو ئه‌وه‌شی له یاد نه‌چۆته‌وه كه سه‌رگوزشته‌ی دیاریكردنی ژماره‌ی پێڵاوه‌كانیشمان بۆ بنووسێته‌وه. هێشتا دوو ده‌ستی ماڵئاوایی له ناو یه‌كتریدا بوون، ده‌ستی پینه‌دۆزێك كه شوێنه‌واری بزمارو چه‌كوش‌و مقه‌ستی پێوه‌یه‌و ده‌ستی گوێزڕنێك كه هه‌مووی برینی لقه داری توڕه‌ی گوێزو به‌ڕووی یاخیه، به‌ر له ماڵئاوایی خاڵند ده‌ڵێت "سوپاس بۆ به‌زه‌یی خودا، كه له هیندستان نین، ئه‌گه‌ر قه‌ده‌ری ئێمه له گونده‌كه‌ی تامیل بووایه، نه پێڵاومان له پێده‌كردو نه ده‌بووینه پینه‌دۆز‌و نه یه‌كتریشمان ده‌ناسی، چونكه ئه‌وێ گوندێكه بۆ رێزگرتن له خودای (موسیالاما) كه پارێزگارییكردنی گونده‌كه‌ی له ئه‌ستۆیه، هاوڵاتییه‌كانی به‌پێی په‌تی ده‌سوڕێنه‌وه"، ئه‌وه دوا رسته‌ی به‌جێماوی ده‌می خاڵند بوو كه فه‌ره‌یدون گوێی لێ بێ‌و ئیدی جانتای دڕا‌و پینه‌كرا، رێگای گوند وه‌ك قه‌ده‌ری هه‌میشه‌یی بۆوه نسیب.
دزرانی پێڵاوه‌كانی فه‌ره‌یدون، زه‌وتكردنی یاده‌وه‌ری
له راكردنی ئاسك‌و پڵنگدا، كه هه‌میشه ئاسك ده‌یباته‌وه، په‌یوه‌ندی به‌وه نیه كه یه‌كه‌میان خێراتره، به‌ڵكو نهێنی ئه‌و بردنه‌وه له‌وه‌دایه كه پڵنگ به‌دوای نان‌و برسیه‌تیدا راده‌كا‌و ئاسكیش به‌دوای ژیاندا، بۆ فه‌ره‌یدون دیسانه‌وه راكردن بۆ گوند‌و به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانی له‌و رێگایه خێراتری ده‌كات، ژیانی پڕ چه‌رمه‌سه‌ری دێهات‌و وه‌رزی قه‌ڵاشكردنی دار‌و دایسانی سۆپا‌و گێڕانی بان به باگردێنێكی خه‌په‌تۆڵه ئه‌ركی ئه‌وه نه‌ك باوكێكی له‌ڕو لاواز، خێرا بردنه‌وه‌ی جانتا دڕاوه‌كه‌ی خوشكی تا چیتر قه‌ڵه‌م‌و قه‌ڵه‌مڕه‌نگه‌كانی لێنه‌كه‌وێت مژده‌یه‌كی خۆشه‌و ده‌یهه‌وێت تریقانه‌وه‌ی شه‌رمنانه‌ی ببینێ، له كۆتایی خاڵی سنووری شار له مزگه‌وتێك بۆ نوێژ لاده‌دات، مزگه‌وتێك دیواره‌كانی ده‌یان ئایه‌ت‌و فه‌رمووده به خه‌تێكی جوان باس له ده‌ست پاكی‌و زمان و مرۆڤه‌كان ده‌كات، كه‌چی كاتێك سه‌لامی كۆتایی ده‌داته‌وه، ده‌بینێ پێڵاوه‌كانی دزراون، ئای چ دنیایه‌كی سه‌مه‌ره‌یه، بۆچی دزێك له‌ناو ئه‌و هه‌موو پێڵاوه براند‌و ماركه گرانبه‌هایانه جوتێك كه‌وشی كۆنینه‌ی ده‌جار پینه‌كراوی بزماررێژكراو ده‌دزن، له‌وانه‌یه ئه‌و دزه وه‌ك (ڤان كوخ) ته‌ویای ئه‌وه‌ی هه‌بووبێ دووباره وێنه‌یان بكێشێته‌وه‌و بڵێ جوتیارێكی كوردیش دیسانه‌وه به زه‌وییه‌وه ده‌نوسێته‌وه، ئاخر خۆ خه‌می فه‌ره‌یدون بۆ له‌ده‌ستچوونی پێڵاو نه‌بوو، به‌ڵكو ده‌یزانی له‌پشت ئه‌و پێڵاوه ده‌یان چیرۆك‌و مێژوو و حیكایه‌تیش دزراوه.
PUKmedia ئاریان محەمەد
هەواڵی زیاتر
-
وته‌بێژی كۆمسیۆن: بنكه‌ی ده‌نگدان بۆ نه‌خۆش وزیندانیان ده‌كه‌ینه‌وه
01:36 PM - 2024-04-25 -
وەسفییە... ماندوویەکی رووخۆش
12:25 PM - 2024-04-25 -
نوسینگەی مەکتەبی سیاسی لەبەغدا کرایەوە
08:08 PM - 2024-04-24 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: یەکێتی ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن
07:39 PM - 2024-04-24
ئەمانەش ببینە
کوردستان 10:33 AM - 2024-04-25 راپۆرتێكی دیكه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر خراپی ئازادی له‌هه‌رێم بڵاوده‌كرێته‌وه
لە هەولێر و بەغدا زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە
05:13 PM - 2024-04-24
پەیامی یەکێتی دەگەیەنرێتە بەرەی تورکمانی
05:01 PM - 2024-04-24
ئه‌مریكا: ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی مرۆڤ له‌هه‌رێم خراپتر بووه
12:30 PM - 2024-04-24
وەفدێکی حکومیی عیراق بەشداری ساڵیادی بۆردومانی قەڵادزێ دەکات
10:14 AM - 2024-04-24
زۆرترین خوێنراو
-
پرسەنامەی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی شەیدا سەید شۆڕش
پرسەنامە 05:37 PM - 2024-04-24 -
لە هەولێر و بەغدا زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە
کوردستان 05:13 PM - 2024-04-24 -
سوپاسنامەیەک لە بنەماڵەی عەلی شامار و وەسفیە بەنی وەیس-ەوە
ی ن ک 05:11 PM - 2024-04-24 -
پەیامی یەکێتی دەگەیەنرێتە بەرەی تورکمانی
کوردستان 05:01 PM - 2024-04-24 -
سەرۆكکۆمار: کردنەوەی بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە بەغدا گرنگە
عیراق 04:46 PM - 2024-04-24 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ پێشوازی لە تیمی یەکێتی لە وەزارەتی تەندروستی دەکات
ی ن ک 02:22 PM - 2024-04-24 -
قوباد تاڵەبانی: هەر رۆژەی بیرخەرەوەی تاوانێکە
کوردستان 01:47 PM - 2024-04-24 -
سەرۆک بافڵ: یەکێتی لەقەرەبووکردنەوە و خزمەتی خەڵکی قەڵادزێ بەردەوامە
کوردستان 01:12 PM - 2024-04-24