riklam

ئەمڕۆ رۆژی جیهانی رادیۆیە

هەمەڕەنگ 10:11 AM - 2022-02-13

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (13)ی شوباتی هەموو ساڵێكی بەڕۆژی جیهانیی رادیۆ ناساندووە، تەمەنی رادیۆش نزیكەی 120 ساڵە.

رادیۆ یەكێكە لەهۆكانی راگەیاندن‌ و بەربڵاوترینیانە، بەشێوەكی گشتی خەڵك لەمەودایەكی فراوانی جیهاندا پێی ئاشنان‌و مێژووی داهێنان‌و سەرهەڵدانی ئەم ئامێرە گرنگە كۆنە، هەرچەندە ئێستا هۆكانی ڕاگەیاندن زۆر بون‌و پێشكەوتنی بەرچاویشیان بەخۆیانەوە دیوە، كەچی هێشتا رادیۆ توانیویەتی پێگەی خۆی ون نەكات‌و گرنگییەكەی بمێنێت‌و بەپایەداریی بمێنێتەوە. 

ناتوانرێت بەدیارییكراوی كەسێك بكرێتە داهێنەری تەواوی رادیۆ، هەر بۆیە لەمێژودا ناوی هەمو ئەوانە بەرز دەنرخێنرێت كە هەوڵیانداوە بۆ گەشەپێدانی ئەم داهێنراوەی مرۆڤ، لەڕاستیشدا یەكەمین كەس كە هەوڵی بەكارهێنانی شەپۆلەكانی دەنگی داوە بۆ گواستنەوەی دەنگ (گۆلیلمۆ ماركۆنی)یە كە 25ی تەمموزی ساڵی 1896دا جفرەی مۆرسی بەكارهێنا بۆ پەیوەندی بێ تەل.

پێش ئەوو دوای ئەویش چەندین زانا‌و كەسانی داهێنەر هەوڵی گواستنەوەی دەنگیان داوە هەركەسەیان‌و بەجۆرێك لەو بوارەدا خۆیان تاقیكردووەتەوە، لەوانەش (جیناڵد فسندن)ە كە بەیەكەمین داهێنەری پەخشی دەنگ دادەنرێت‌و دوای ئەویش ناوی چەند كەسێكی تر لەمێژودا تۆماركراوە، لەوانەش (هانز ئورستد)ی زانای فیزیایی دانیماركییە كە لەساڵی (1880)دا سەرەتای بیركردنەوەی لەرادیۆ داهێناوەو پاش ئەویش (ئەندرییە ماری ئەمپیر)ە كە لەساڵی (1819)دا هەوڵێكی دیكەی لەو بوارەدا تاقیكردووەتەوە.

لەساڵی (1831)دا زانای بەریتانیی (مایكل فارادی) دوای ئەویش (جۆزیف هنری) مامۆستاو زانا لەزانكۆی برستۆن لەئەمریكا هەوڵێكی دیكەیان لەبواری گەیاندنی دەنگ تاقیكردووەتەوە. لەساڵی (1886) (هاینریش هیرتز) زانای فیزیایی‌و میكانیكی ئەڵمانی شەپۆلی كارۆموگناتیسی لەوزەدا دۆزییەوەو هەر ئەو بو سیستمی شەپۆلی ڕادیویی (UHF)ی دۆزییەوەو بەیەكەمین كەسیش دادەنرێت كە دیزاینی بۆ ئامێری ناردن‌و پێشوازیی یەكەمین شەپۆلە ڕادیۆییەكان داناوە.

پاشان لە 25ی تەمموزی ساڵی 1874دا (گۆلیملۆ ماركۆنی) یەكەمین شەپۆلەكانی كارۆ مۆگناتیسی بۆ داهێنانی رادیۆ دۆزییەوەو خودی ئەویش داهێنەری تروسكەكانی بێ تەلە. پەخشی ڕادیۆیی مێژوییەكی كۆنی هەیەو هەر وڵاتێك لەوڵاتانی جیهان ڕۆژێكی خۆی دیاری كردووە بۆ یادكردنەوەی یەكەمین پەخشی ڕادیۆیی لەوڵاتەكەدا. 

مێژووی رادیۆ كوردییەكان
بەگوێرەی هەمو سەرچاوە كوردییەكان، یەكەم رادیۆی كوردی لە 19ی نۆڤێمبەری 1939 لەبەغدا كراوەتەوە. ئێزگەی دووەم بەزمانی كوردی (رادیۆی ڕۆهەڵات) لە 5ی ئازاری 1941 لەبەیروت‌و ئێزگەی سێیەمی كوردیش لەئابی 1942 لەیافا (فەلەستین) كراوەتەوە.

ئەم سێ ئێزگە كوردییەی سەرەوە وەك یەكەم رۆژنامەی كوردی: (كوردستان) لەدەرەوەی خاكی كوردستان پەخشیان دەستیپێكردووە. ئەو ئێزگانە لەراستیدا ئێزگەی كوردی نەبوین، بەڵكو ئێزگەی بیانی بون‌و بەزمانی كوردی وەشانیان هەبووە.

بەڵام بەوتەی ئەمیر حەسەن پور رۆژنامەنوس‌و لێكۆڵەری شاری مەهاباد یەكەم پەخشی رادیۆیی كوردی لە ساڵی1923 بووە لەیەكێتی سۆڤیەت‌و تا ساڵی 1929ی خایاندووە.

ساڵی 1941یش ئینگلیزەكان بۆ دژایەتیكردنی ئەڵمانیای نازی بەشی كوردی ڕادیۆی یافایان كردەوەو ژمارەیەك كەسایەتی وەك گۆرانی شاعیرو ڕەفیق چالاك كاریان تیادا كردووە.

پەخشی ڕادیۆی كوردی تارانیش لە 25ی تشرینی دووەمی ساڵی 1946 دەستیپێكرد، سەرەتا ماوەی پەخشەكەی تەنها 15 دەقیقە بووەو دواتر كاتەكەی زیاد كرا.

وێستگەی رادیۆی یەریڤان لەساڵی 1955دا، بەپێنجەم پەخشی ڕادیۆیی كوردی دادەنرێت كە ئەویش لەسەرەتادا ماوەی پەخشەكەی تەنیا 15 خولەك بووە.

لەسەردەمی جەمال عەبدولناسر سەرۆكی پێشوتری میسردا، ئێزگەیەكی كوردی لەساڵی 1957 لەشاری قاهیرە كرایەوە، دواترو لەپایزی 1958دا ڕادیۆی كوردی لەشاری كرماشان كرایەوەو ڕادیۆی كوردی تاران داخرا.

دوای دوو ساڵیش لەدەستپێكردنی شۆڕشی ئەیلول بەژمارەیەك ئامێری سەرەتاییەوە ڕادیۆی دەنگی كوردستان لەساڵی 1963دا لەناوچەی باڵەكایەتی دەستی بەپەخشی خۆی كرد.

سەرچاوە:
خەلیل عەبدوڵڵا.. دەنگی شۆڕشی نوێ
مێژووی رادیۆ لە سەرەتاوە تا ئێستا، كوردستانی نوێ
زریان ئەحمەد :-لە ڕۆژی جیهانیی ڕادیۆدا گرنگیی رادیۆ و مێژووی یەكەم رادیۆ كوردییەكان بخوێنەرەوە، ،سایتی مێژووی كورد
سەپان مەغدید: رادیۆ و رادیۆ كوردییەكان
 رۆڵی راگەیاندن لە راپەڕیندا (ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان) وەك نموونە 4-3-2017

PUKmedia  ئا.. كاوان ئەحمەد حەمەساڵح

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket