riklam

پۆستی سەرۆک کۆمار.. تۆمەتبارێک بەگەندەڵی؟ یان سیاسییەکی شایستە؟

کوردستان 10:32 AM - 2022-01-28

کاندیدکردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عیراق لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لەبەرامبەر کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح_ە رای بەشێک لە شەقام و سیاسیەکانی کورد و عەرەبی جوڵاند و بەشێکیشیان بۆچونیان وایە کە کاندیدەکەی پارتی نەک ناشایستە بەڵکوو تۆمەتبارە بەگەندەڵی و دەلێن، "کەسێک وەزارەتێکی بۆ بەڕێوە نەبرێت، چۆن دەبێتە سەرۆکی وڵات"، جەختیش لەوەش دەکەنەوە دەستور و دادگای فیدراڵی رێگە بە سەرکەوتنی کاندیدەکەی پارتی نادات و بەشێک لە سیاسیە عەرەبەکانیش د. بەرهەم بە گونجاوترین کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق دەزانن و دەشڵین ئەو پۆستە پشکی یەکێتییە.

 

لەبەرامبەریشدا لە دوێنێوە لە شەقامەکانی بەغدا دەنگی ناڕەزایی هاوڵاتیان بەرزدەبێتەوە خۆپیشانده‌ران دەڵێن، كه‌ نایانه‌وێت هه‌ندێك كه‌سایه‌تی سیاسی پۆسته‌ گرنگه‌كانی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی نوێی عیراق وه‌ربگرن.

PUKmedia لە میانەی راپۆرتێکدا راو سەرنجی بەشێک لە سیاسی و نوێنەرانی کورد و عەرەب لەو بارەیەوە دەخاتەروو..

ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی: كاتی ئه‌وه‌هاتووه‌ به‌پارتی بوترێت ستۆپ

رابیحه‌ حه‌مه‌د ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی به‌غدای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: پارتی هه‌موو كات له‌ت كردنی ماڵی كوردی له‌ هه‌رێم و به‌غدا به‌ئامانج گرتووه‌، ته‌نها له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌كه‌ی و هه‌ر ئه‌و حزبه‌ش بوو كه‌ به‌هۆی رێژه‌یه‌كی زۆری بندیواری له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و یه‌كه‌كانی هه‌شتا له‌سه‌رده‌مێك كه‌ نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بوو، نه‌یانهێشت مووچه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بخرێته‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق.

وتیشی: مه‌سعود بارزانی به‌كاندیدكردنی هۆشیار زێباری خاڵی ده‌یه‌وێت، یه‌كه‌م.. تۆڵه‌ له‌ لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان بكاته‌وه‌، چونكه‌ له‌ساڵی 2016 دا كاندیده‌كه‌ی ئێستای پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار، له‌پۆسته‌كه‌ی كه‌ وه‌زیری دارایی بوو له‌به‌ربوونی چه‌ندین دۆسییه‌ی گه‌نده‌ڵی نێدرایه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، دووه‌م .. ده‌یه‌وێت به‌ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانيش بڵێت كه‌ هه‌ر كارێك له‌عیراق و هه‌رێمی كوردستان بیه‌وێت له‌به‌ژه‌وه‌ندی حزبه‌كه‌ی نه‌ك گه‌لی كوردستان ده‌یكات، كه‌ بێگومان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌رگیز ئه‌وه‌ قبوڵناكات و كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ به‌پارتی بوترێت ستۆپ.

رابیحه‌ حه‌مه‌د ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: كاندیده‌كه‌ی یه‌كێتی له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ سوونه‌ و شیعه‌كانی عیراق بایه‌خی گرنگی هه‌یه‌ و ده‌زانن كه‌ هه‌موو كات پارتی بووه‌ درزی خستوه‌ته‌ ناو ماڵی عیراقه‌وه‌، بۆیه‌ كاتی ئه‌وه‌ش هاتووه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماردا ئه‌و لایه‌نانه‌ كه‌ نوێنه‌ریان له‌ په‌رله‌مان هه‌یه‌ په‌یامی خۆیان بگه‌یه‌ننه‌پارتی و ئه‌وانیش جارێكی دیكه‌ به‌پارتی بڵێن ستۆپ.

سالار مەحمود: کاندیدەکەی پارتی بۆ سەرۆککۆمار وەزارەتێکی بۆ بەڕێوەنەبرا!

سالار مەحمود ئەندامێکی خولی پیشوی پەرلەمانی کوردستان لەپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند: بە کاندیدکردنی ھوشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق، پارتی دیموکراتی کوردستان ئیحراجی بۆ خۆی و کوردیش دروستکردوە.

 

دەشڵیت: ئاسایی بوو پارتی بە نێچیرڤان بارزانی رکابەری د. بەرھەم ساڵح و یەکێتی بکەن و جۆری ململانێکەی شایستە دەکرد.

 

هاوکات سالار مەحمود نوسیویشیەتی: سەرۆک کۆمار واجیھەی کوردە لە عیراق و پەرلەمانی عیراق کەسێ بەشایستەی وەزیر نەزانێت و لەکاری بخات، چۆن دەیخەیتەوە بەردەم ھەمان پەرلەمان و دەتەوێت بیکەیت بە سەرۆکی وڵات!.

 

سەرکردەیەکی فەتح: پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی یەكێتییە

عەلی توركی جەمالی سەركردە لەهاوپەیمانی فەتح لەمیانی لێدوانێكدا بۆ PUKmedia وتی: كە پۆستی سەرۆك كۆمار مافی كوردەو بەدیاریكراویش شایستەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، بۆیە دەبێت پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ تایبەتمەندییەكانی ناو ئەم پێكهاتەیە بكات.

 

جەمالی جەختیشی كردەوە كە چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ د.بەرهەم ساڵحدایە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمارو وەك رێزگرتنێكی چوارچێوەكەیە لەخەسڵتەكانی گەلی كورد، هۆشیداریشیدا نەڕۆیشتن لەگەڵ د.بەرهەم ساڵح كێشەی ناوخۆیی گەورەی لێدەکەوێتەوە.

بەهار مەحمود:بە بەڵگـە ســەلمێنرا هـۆشـیار زێباری لەدۆسیەی گەندەڵی تێوەگلاوە

بەهار مەحمود ئەندامی پێشووی  لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوینەرانی عیراق رایدەگەیەنێت: یەكێك لە مەرجە سەرەكییەكانی هەر كەسیك كە خۆی كاندید دەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئەوەیە كە تێوەنەگلابێت لە هیچ دۆسیەیەكی گەندەڵی، بەڵام لەسەر بنەمای ئەنجامدانی گەندەڵی و تێوەگلانی لەچەند دۆسیەیەكی گەندەڵی لە پەرلەمانی عیراق متمانە لە هۆشیار زێباری سەندرایەوە ئەوەش بەڵگەیەكی سەلمێندراوە.

مەحمود مەشهەدانی: پۆستی سەرۆك كۆمار مافی یەكێتیە

لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی فورات نیوز، مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی پێشوتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەندامی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەبارەت بەپۆستی سەرۆك كۆمار رایگەیاند: سەرۆك كۆماری عیراق مافی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەو مافی هیچ حزبێكی تر نیە بەتایبەت پارتی، چونكە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و جێگری پەرلەمانیان هەیە.

 

له‌تیف نێروه‌یی: پارتی درزی خستوەتە نێو ماڵی کوردەوە

له‌تیف نێروه‌یی ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: یه‌كێتی له‌كاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنیش هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه‌ یه‌كڕیزی ماڵی كورد پارێزراوبێت و ئه‌وه‌ی كه‌ ماڵی كوردی په‌ت كردوه‌ پارتییه‌ نه‌ك یه‌كێتی، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی یه‌كێتی هه‌موو كات ویستوویه‌تی كورد به‌یه‌ك ده‌نگ بچێته‌ به‌غداو داوای مافه‌كانی گه‌لی كورد بكرێت.

وتیشی: له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا پارتی به‌بێ یه‌كێتی رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی عیراق كردو ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ پارتی درزی خستوه‌ته‌ ناو ماڵی كورده‌وه‌و ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بینرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پارتی له‌به‌غدا شه‌ڕی حزب ده‌كات نه‌ك یه‌ك ده‌نگی ماڵی كوردو مافه‌كانی گه‌لی كورد.

هۆشیار عەبدوڵا: شەرم لە چاوپۆشیکردن لە دۆسیەی گەندەڵی زێباری بکەن

هۆشیار عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە تویتێکدا لەپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی: هەموو ئەوانەی هەوڵ بۆ کاندیدکردنی هۆشیار زێباری دەدەن و چاوپۆشی لە دۆسیەکانی لەسەر گەندەڵی دەکەن، دەبێت شەرم لەخۆیان بکەن کە بانگەشەی رووبەڕوبونەوە گەندەڵی دەکەن.

دەشڵێت: ئەوانەشی بانگەشەی نیشتمان پەروەری و خۆشەویستی عیراق دەکەن باگوێ لە بۆچونەکانی زێباری بگرن دژ بە عیراق دوای لابردنی .

 

زێباری لە پەرلەمانیش سەربكەوێت دادگای فیدراڵ رەتیدەكاتەوە

د. گەیلان قادر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKmedia ی راگەیاند: بە گوێرەی بڕگەی سێیەم و چوارەمی مادەی 68ی دەستوری عیراق،  ئەو كەسەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار كاندید، جگە لە چەند مەرجێك لەرووی رەگەزنامە و تەمەن، هاوكات نابێت ئەوکەسە هیچ تۆمەتێكی گەندەڵی لە دەستەی دادگاو دەستپاكی و لێپرسینەوەو دادپەروەری لەسەربێت.

 

وتیشی: لەكاتێكدا ئەگەر کاندیدێکی سەرۆککۆمار لە گەندەڵی تێوەگڵابێت و بە رێكەوتنی سیاسی و لەسەر بنەمای بەژەوەندی لایەنە سیاسیەكان  لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ بهێنێت و سەربکەوێت بۆ ئەو سەربكەوێت، ئەوكاتە لایەنی ناڕازی بۆیان هەیە تانە لە دەنگدانەكەی پەرلەمان بدەن و سكاڵای خۆیان بە بەڵگەكانەوە پێشكەش بە دادگای فیدراڵ بكەن.

 

روونیشیكردەوە: دادگای فیدراڵ  رێگا بە هیچ بڕیارێكی نادەستور و نایاسایی نادات تێپەری بەڵكو  رەتیدەكاتەوە، بۆیە ئەگەر كەسێك لەگەندەڵی یان هەر تاوانێكی تر تێوەگڵابێت و سەربكەوێت بۆ سەرۆكایەتی كۆمار، ئەوا لە دادگا رزگاری نابێت و  دەنگدانەكەی پەرلەمان بۆ ئەو كەسە رەتدەكرێتەوە.

سه‌رۆكی پێشووی په‌رله‌مان: كاندیدی پارتی فایلی گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌و ده‌ستور ڕێگه‌ی پێنادات

د.یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: هۆشیار زێباری به‌پێی ده‌ستور شایسته‌ نییه‌ بۆ خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار به‌پێی مادده‌ی (68 / بڕگه‌ی 3) ی ده‌ستور.

 

وتیشی: ئه‌و پیاوه‌ شایه‌تی بۆ نه‌دراوه‌ له‌ ده‌ستپاكی و دادپه‌روه‌ری، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كرا و متمانه‌ی لێ وه‌رگیرایه‌وه‌ به‌هۆی بوونی فایلی گه‌نده‌ڵی و به‌ فیڕۆدانی سامانی گشتی، بۆیه‌ ده‌بێت دووربخرێته‌وه‌ له‌ خۆپاڵاوتن بۆ ئه‌و پۆسته‌.

 

ته‌لار له‌تیف: ده‌ستوور رێگه‌نادات گه‌نده‌ڵكاران ببنه‌ سه‌رۆك كۆمار

ته‌لار له‌تیف پارێزه‌رو لێپرسراوی ناوه‌ندی كاروباری یاسایی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: كاندید هه‌یه‌ كه‌ خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار پاڵاوتووه‌، پێشتر له‌كابینه‌ی پێشووتری حكومه‌تی عیراق له‌سه‌ر دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌ركراوه‌و نێدراوه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، كه‌ بێگومان به‌پێی ده‌ستوور و یاساكان له‌عیراق ناكرێت كه‌سێك دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی پاره‌و موڵكی گشتی له‌ئه‌ستۆبێت و له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی دوورخرابێته‌وه‌، له‌ئێستاشدا كاندیدی پۆستی سه‌رۆك كۆمار بێت.

 

وتیشی: ئه‌و لیژنه‌ تایبه‌ته‌ی كه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پێكده‌هێنرێت له‌سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كاندیده‌كان، پێویسته‌ رێگری له‌و كاره‌ بكه‌ن و رێگه‌ نه‌ده‌ن كه‌سێك كه‌ شیاوی ئه‌و شوێنه‌ نیه‌ بچێته‌ ئه‌و جێگه‌یه‌.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئه‌گه‌ر لیژنه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقیش نه‌یتوانی ئه‌و پرسه‌ یه‌كلا بكاته‌وه‌، بێگومان دادگای فیدراڵی ئه‌و پرسه‌ یه‌كلاده‌كاته‌وه‌، پێویسته‌ رێگری بكرێت له‌كه‌سێك جا له‌هه‌ر حزب و لایه‌نێك بێت له‌عیراق كه‌ خۆی بۆ ئه‌و پۆسته‌ گرنگه‌ له‌عیراق كاندید بكات كه‌ دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر بێت.

 

شرۆڤه‌كارێك: به‌رهه‌م ساڵح گونجاوترین پاڵێوراوه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار

واسق جابری شرۆڤه‌كاری سیاسیی به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: له‌ماوه‌ی رابردوودا عیراق قه‌یرانی گه‌وره‌ی به‌خۆوه‌ بینی و قۆناغی رابردووش سه‌ختترین قۆناغی سیاسی و خووله‌كانی په‌رله‌مان بوو له‌عیراقدا.
راشیگه‌یاند: له‌قۆناغی رابردوودا چه‌ندین كێشمه‌كێشی سیاسی و خۆپیشاندان و ململانێی سیاسی سه‌ریان هه‌ڵداو د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح بووه‌ خاڵی هاوسه‌نگی له‌نێو سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا.

ئاشكراشیكرد، كاندیدكردنی د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح له‌لایه‌ن یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ بۆ خوولی دووه‌می پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ته‌واوكارییه‌ بۆ قۆناغی رابردوو وه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر هێزه‌ سیاسییه‌كان مه‌زه‌نده‌یان بۆ مه‌ترسی قۆناغی داهاتوو هه‌بێت و گونجاوترین كه‌س بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار بۆ ساڵانی داهاتوو ده‌ستنیشان بكه‌ن.

ئەڵماس فازل: د. بەرهەم دیپلۆماتكارێكی سەركەوتووە

ئەڵماس فازل ئەندامی پێشووی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKmedia ی راگەیاند: د. بەرهەم ساڵح لە ماوەی سەرۆك كۆماریدا رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە بەرەوپێشچوونی كارەكان و گەورەترین و باشترین یاسای پەسەندكرد كە یاسای گێڕانەوەی پارە دزراوەكان بوو و زۆر لایەنیش دژی بوون.

وتیشی: بەپێی یاسای گێڕانەوەی پارە دزراوەكان، بەشێكی زۆری ئەو پارانەی برابوونە دەرەوەی عیراق گەڕێنرانەوە و ئەمەش دەستكەوتێكی گەورە بوو.

ئەڵماس فازل راشیگەیاند: بە دڵنیاییەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیارێكی گرنگ و چارەنووسسازیدا بە كاندیدكردنەوەی هەڤاڵ د. بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق چونكە، هەڤاڵ د. بەرهەم ساڵح لەسەر ئاستی عیراق خۆشەویستە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دیپلۆماتكارێكی سەركەوتووە.

 

بۆ ده‌بێت پۆستی سه‌رۆك كۆمار بۆ یه‌كێتی بێت ؟
له‌تیف نێروه‌یی ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: هه‌موو كات سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لای پارتی بووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌مووكاتیش پۆستی سه‌رۆك كۆمار بۆ یه‌كێتی بێت، هه‌روه‌ها ئه‌زموونی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق بۆ یه‌كێتی، ئه‌وه‌ی سه‌لماندوه‌ كه‌ لایه‌نه‌كانی عیراقیش ئه‌وه‌یان ده‌وێت و رازین به‌سیاسه‌تی یه‌كێتی و كاندیده‌كه‌ی یه‌كێتی له‌هه‌موو بارودۆخه‌كاندا.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، پۆستی سه‌رۆك كۆمار ده‌بێت بۆ كوردبێت، له‌ناو كوردیشدا ده‌بێت بۆ یه‌كێتی بێت، چونكه‌ له‌پۆستی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌، كه‌ بریتییه‌ له‌پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم و پۆستی سه‌رۆك كۆمار ده‌بێت یه‌كێك له‌و پۆستانه‌ بۆ یه‌كێتی بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كێتی حزبی دووه‌مه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان و به‌ئیستحقاقی خۆی ده‌زانێت كه‌ یه‌كێك له‌و پۆستانه‌ وه‌ربگرێت، كه‌ به‌پێی رێككه‌وتنی سیاسی یه‌كێتی و پارتی، پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراقی وه‌رگرتووه‌و به‌مافی خۆشی ده‌زانێت له‌ئێستاشدا وه‌ریبگرێته‌وه‌.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket