}

شاره‌زایه‌كی یاسایی: سه‌رۆك كۆمار ده‌سه‌ڵاتی فراوانی هه‌یه‌

عیراق 06:17 PM - 2022-01-27

شاره‌زایه‌كی یاسایی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 27ی 1ی 2022 وای ده‌بینێت كه‌ سه‌رۆك كۆمار به‌گوێره‌ی ده‌ستوور ده‌سه‌ڵاتی فراوانی هه‌یه‌و جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ پۆستێكی گرنگه‌و پرۆتۆكۆڵی نییه‌.

عه‌لی ته‌میمی شاره‌زای یاسایی به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: ده‌ستووری عیراق له‌ماده‌كانی 66و 75دا باسی له‌پۆستی سه‌رۆك كۆمار كردووه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌سیمبولی یه‌كێتی وڵات و سه‌روه‌ری و پارێزه‌ری ده‌ستوور خاكی نیشتمان.

راشیگه‌یاند: یاسای ژماره‌ (8)ی ساڵی 2012 باسی له‌ مه‌رجه‌كانی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار كردووه‌ كه‌ده‌بێت له‌دایك و باوكێكی عیراقی و له‌دایكبووی عیراق بێت، له‌یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌ماندا خۆپاڵاوتن راده‌گه‌یه‌نرێت پێشترو پێش ئه‌وه‌ی كاری ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان رابگیرێت، ده‌رگا بۆ خۆپاڵاوتن كرایه‌وه‌، له‌ئێستادا به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م كاری دانیشتنی په‌رله‌مان لاچووه‌و چیتر پێویست به‌كردنه‌وه‌ی ده‌رگای خۆپاڵاوتن ناكات، هه‌رئه‌وه‌یه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان واده‌یه‌كی نوێ بۆ دانیشتنی په‌رله‌مان دیاریده‌كات كه‌ تایبه‌ت ده‌بێت به‌هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمارێكی نوێ و ده‌بێت له‌ 8ی شوباتی داهاتوو تێپه‌ڕ نه‌كات.

روونیشی كرده‌وه‌، سه‌رۆك كۆماری نوێ به‌زۆرینه‌ی دوو له‌سه‌ر سێی كۆی ژماره‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێررێت، خۆ ئه‌گه‌ر هیچ یه‌كێك له‌كاندیده‌كان رێژه‌ی ئه‌و ده‌نگه‌یان به‌ده‌ستنه‌هێنا، ئه‌وا له‌ گه‌ڕی دووه‌مدا چ پاڵێوراوێك زۆرترین ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا ئه‌و ده‌بێته‌ سه‌رۆك و  سوێندی یاسایی له‌به‌رده‌م په‌رله‌ماندا ده‌خوات.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، به‌پێی ده‌ستوور سه‌رۆك كۆمار ده‌سه‌ڵاتی فراوانی هه‌یه‌و راستاندن له‌سه‌ر یاساو رێككه‌وتننامه‌كان ده‌كات و ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ یاسای لێبوردنی تایبه‌ت ده‌ربكات و هه‌روه‌ها چه‌ندین ده‌سه‌ڵاتی تری هه‌یه‌و پۆسته‌كه‌ پۆستێكی گرنگه‌و پرۆتۆكۆڵی نییه‌.

پێشتریش ته‌میمی له‌لێدوانێكی تایبه‌ت بۆ PUKmedia رایگه‌یاندبوو مه‌رجی یه‌كه‌م بۆ خۆپاڵاوتن بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار برتییه‌ له‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت پاڵێوراو ره‌فتارو ئاكارو ناوبانگی باشی هه‌بێت هه‌روه‌ها شاره‌زایی سیاسی هه‌بێت و ده‌ستپاكیش بێت.

راشیگه‌یاند: پێشتر پاڵێوراوه‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌هۆكاری تێوه‌گلانی له‌گه‌نده‌ڵی و پرسی ده‌ستپاكییه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ له‌كاره‌كه‌ی دورخرابووه‌وه‌، ئێ باشه‌ ده‌ستپاكی و دادپه‌روه‌ر و ره‌وشتباشی له‌كوێی ئه‌م پاڵوێراوه‌دا هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌م كه‌سه‌ بۆی نییه‌ خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری بپاڵێوێت.

روونیشی كرده‌وه‌، له‌ده‌قی ده‌ستووردا هاتووه‌ كه‌ سه‌رۆك كۆمار، سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ته‌و سیمبولی یه‌كێتی نیشتمانه‌و نوێنه‌رایه‌تی سه‌روه‌ری وڵات ده‌كات، به‌پێی حوكمه‌كانی ده‌ستوور، شه‌ونخوونی ده‌كات بۆ زامنكردنی پابه‌ندبوون به‌ده‌ستوورو پارێزگاریكردن له‌سه‌ربه‌خۆیی عیراق و سه‌روه‌ری و یه‌كێتیی و سه‌لامه‌تی خاكه‌كه‌ی، هه‌روه‌ها مه‌رجی تر هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت له‌سه‌رۆك كۆماردا هه‌بێت، له‌دایكبووی عیراق و له‌دایك وباوكێكی عیراقی بێت و ته‌مه‌نی چل ساڵی ته‌واو كردبێت و لێهاتوویی هه‌بێت، هه‌روه‌ها ناوو ناوبانگێكی باش و شاره‌زایی له‌سیاسه‌تدا هه‌بێت و شایه‌تی بۆ بدرێت كه‌ ئه‌و كه‌سێكی پاك و ره‌وشتبه‌رزو دادپه‌روه‌رو دڵسۆزه‌ بۆ نیشتمان، به‌تاوانی له‌كه‌داركردن به‌شه‌ره‌فه‌وه‌ دادگایی نه‌كرابێت.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket