riklam

ئەندامێكی سەركردایەتی: پارتی یەكڕیزی ماڵی كوردی تێكدا

کوردستان 07:31 PM - 2022-01-25

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی رایدەگەیەنێت: یەكێتی هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەوە بووە كورد بەیەكڕیزی بچێتە بەغدا، بەڵام كاتێك وەفدی هاوبەش لەبەغدا بووە پارتی لەگەڵ حەلبوسی و خەنجەرو سەدردا لەهەولێر بۆ جێبەجێكردنی پیلانێكی توركیاو ئیمارات رێككەوتنێكیان كردوە كە بەپێی وەرەقەی ئەو رێككەوتنە یەكێتیی ئامادەنەبوو ئیمزای بكات یەك خاڵی تێدا نیە باس لەداواكاریی و مافەكانی كورد بكات. دەشڵێت: تاكە كاندیدی یەكێتی و خەڵكی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەڤاڵ د.بەرهەم ساڵح-ە كە هەموو هەوڵێك بۆ سەركەوتین دەدەین، بەڵام كاندیدی پارتی كە هۆشیار زێبارییە عیراقییەكان لەخەڵكی كوردستان باشتر دەیناسن كە لەسەر گەندەڵی لەبەغدا دەركرا.

"پەراوێزخستنی یەكێتی مەحاڵە"
زوبێر عوسمان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات كە لەدوای ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و دەركەوتنی دەنگ و كورسی دەركەوت كە یەكێتیی یەكێكە لەهێزە كاریگەرەكانی كوردستان، بە PUKmediaی رایگەیاند: هەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بوو سەلماندنی كە یەكێتی یەكێكە لەهێزە كاریگەرەكانی كوردستان كە پەراوێزخستنی زۆر قورسە بەتایبەت بەو شێوەیەی پارتی لێدەڕوانێت كە بۆ یەكێتی و هێزەكانی تری كوردستانیش كە بیانخاتە دەرەوەی هاوكێشەی سیاسی لەسیاسەتكردن لەهەرێم و عیراق كە ئەوەش كارێكی مەحاڵە.

 

"لەهەولێر پیلان و بەرنامەی وڵاتان جێبەجێكرا"
وتیشی: وەك یەكێتی زوو هەستمان بەوەكرد كە پارتی كاتێك لەگەڵ یەكڕیزی لایەنە سیاسیەكان و گەلی كوردستانە كە هەمویان بەدوای ئەودا بڕۆن و ئامانجەكانی خۆی جێبەجێ بكات، بەڵام یەكێتی هیچ كات ملكەچی جێبەجێكردنی بڕیاری لەو شێوەی نابێت و سازش لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان ناكات، ئەوەی یەكێتی داوای دەكرد بۆ یەكڕیزی لەپێناو خەڵكی كوردستان و لایەنەكان ئەوەبوو داكۆكی لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان بكرێت وەك كەركوك و ماددەی 140 و ناوچە دابڕێنراوەكان و پێشمەرگەو غازو نەوت، مووچەو بودجە تا لەگەڵ لایەنە شیعییەكان و سوننەكان رێككەوتن بكەین وەك چۆن سەرۆك مام جەلال بەردی بناغەی داڕشتوە، بەهەمان شێوە بەردەوامین و نەبینە هۆكارێك بۆ تێكدانی ماڵی شیعەو سوننەن بۆ ماڵی كوردیش لەهەرێم بەهەمان شێوە.
رونیشیكردەوە: بۆ یەكڕیزی كورد وەفدێكی هاوبەشی یەكێتی و پارتی پێكهێنراو پێكەوە چوونە بەغدا بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان و وەفدە هاوبەشەكەش بەسەرۆكایەتی عیماد ئەحمەد بوو، بەڵام  كاتێك وەفدی هاوبەش لەبەغدا بوو، لەهەولێر بۆ رێككەوتن پێشوازی لەحەلبوسی و خەنجەرو سەدر كرا، وەك ئەوەی مەشعان جبوری وتی بارزانی و حەلبوسی و سەدر جێبەجێكاری پیلان و بەرنامەی توركیاو ئیماراتن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانیان، بۆیە دوای پێزانینی ئەو پیلانە، دەستڕۆیشتوەكانی پارتی بەسەرۆكی پارتیشەوە لەلایەن هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانییەوە ئاگاداركرانەوە.

" رێككەوتنەكەی پارتی هیچ داواكارییەكی خەڵكی تێدا نیە"
زوبێر عوسمان باس لەوەشدەكات كاتێك وەفدی هاوبەش لەبەغدا بوون و لەهەولێر لەنێوان بارزانی و حەلبوسی و خەنجەرو سەدردا رێككەوتن كراوە، وتی: هەوڵدرا وەفدی یەكێتی ناچاربكرێت بۆ ئیمزاكردنی ئەو وەرەقەی رێككەوتنە، كە هیچ داخوازیی و داواكارییەكی رەوای خەڵكی كوردستانی تێدا نەبووە، بگرە چەند خاڵێكی تێدایە كە هیچ پەیوەندی بەحزبی سیاسی و داواكارییەكانی خەڵكی كوردستانیشەوە نیە، بۆیە وەفدەكەی یەكێتی رەتیكردوەتەوە وەرەقەكە ئیمزا بكات، چونكە پێشتر پارتی و بەشێك لەشیعەكان و سوننەكان رێككەوتنیان لەسەركردوە كە هەمووی بەرژەوەندی تایبەتە، دەیانویست یەكێتیش بۆ پەرتكردنی ماڵی شیعەكان  و لایەنە سیاسیەكانی كوردستانیش یەكێتی پەلكێش بكەن، بەڵام یەكێتی ئەوەی نەكرد.

"سازش لەسەر داواكاری كوردو یەكێتی ناكەین"
باسی لەوەشكرد كە دوای كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دۆخی هەرێم و عیراق تاوتووێكردو بڕیاردرا وەفدی یەكێتی بەسەرۆكایەتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی بچێتەوە بەغداو داواكارییەكانی یەكێتی و كورد بگەیەننە لایەنە عیراقییەكان، لەهەرێمیش رامانگەیاند كە ئامادەنین سازش بكەین، هێزێك نین هیچ شتێكمان لەسەر حساب نەبێت، بۆیە رێگەنادەین تاكە لایەنێك ببێتە مەرجەعی كورد، چونكە ئەوەی هەیە لەسایەی خوێنی شەهیدەكانی یەكێتی بووە، بۆیە بڕیارماندا بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیدمان هەبێت كە هەڤاڵ د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح-ە كە كاندیدی یەكێتی و هەرێمی كوردستانە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە كە یەكێكە لەوانەی پارێزەری دەستورو خەڵكی عیراقە.

"عیراقییەكان ئامادەنین دەنگ بەسەرۆك كۆمارێكی گەندەڵ بدەن"
لەبارەی كاندیدكردنی هۆشیار زێباری كە پێشتر لەلایەن پەرلەمانەوە لەسەر گەندەڵی دەركراوەو لەئێستادا شەقامی عیراقی دژی كاندیدكردنی خۆپیشاندان دەكەن، زوبێر عوسمان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رایگەیاند: هەموان دەزانن كاندیدەكەی پارتی كە هۆشیار زێبارییە لەسەر گەندەڵی لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی لێوەرگیراوەتەوە، ئێستا عیراقییەكان ئامادەنین دەنگ بەسەرۆك كۆمارێك بدەن كە وەزیر بووەو لەسەر گەندەڵی لەپەرلەمان متمانەی لێوەرگیراوەتەوەو دەركراوە، عیراقییەكان لەئێمە زیاتر كەسایەتی دەناسن.
وتیشی: ئێمە بەرگری لەكاندیدەكەی خۆمان دەكەین كە هەڤاڵ د.بەرهەم ساڵح-ەو پشكی كوردەو لەناو كوردیش پشكی یەكێتییە، هێزو لایەنە سیاسیەكانیش باش دەزانن كە كاندیدی یەكێتییە دەتوانێت پارێزەری دەستورو جێبەجێكاری داوا رەواكانی خەڵكی كوردستان و عیراق  بێت، ئەوە یەكێتی نەبوو ببێتە لایەنگیری لایەنێك و هۆكار بۆ پەرتكردنی لایەنەكان، بۆیە ئەگەر بەراوردێكیش لەنێوان هەڤاڵ د.بەرهەم ساڵح و هۆشیار زێباری بكرێت دەردەكەوێت كامیان سەركەوتوو بووە، وەك یەكێكیش بۆ بەرژەوەندی حزبیمان نیە، بەڵكو بۆ ئەوەمانە خەڵكی كوردستان نوێنەرێكیان هەبێت داكۆكیان لێبكات و بۆ چوار ساڵی داهاتوو بتوانێت كێشە هەڵپەسێردراوەكان چارەسەر بكات، بەتایبەت بۆ كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان.
PUKmedia تایبەت  

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket