riklam

وەزیری پێشمەرگە: پێشمەرگە ئامادەبێت بۆ مەترسیەكانی تیرۆرستان

کوردستان 07:29 PM - 2022-01-24

ئەمڕۆ 24ی 1ی 2022 لەمیانی دوو كۆبونەوەی جیادا، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، بەئامادەبوونی سەربەست لەزگین، بریكاری وەزارەت، ئەمینداری گشتی و سەرۆكی ئەركان و ئەفسەرانی باڵای وەزارەت، لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیەكانی یەكەكانی پشتیوانی یەك و دوو، سەرجەم بەرپرسانی میحوەرەكانی هێزی پێشمەرگەو فەرماندەو جێگرانی(مقدم) لیواكانی وەزارەتی پێشمەرگە كۆبووە. 
لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی میحوەرەكان، وەزیری پێشمەرگە  جەختیكردەوە لەسەر سازو ئامادەیی بەردەوامی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەبەرامبەر مەترسیەكانی تیرۆرو تیرۆرستان.
بەرپرسانی میحوەرەكانی پێشمەرگە، پوختەیەكیان لەسەر دۆخی میحوەرەكان و پێداویستیە هەنووكەیەكان خستەڕوو، وەزیری پێشمەرگەو ستافی باڵای وەزارەتیان دڵنیا كردەوە لەتۆكمەیی و توندوتۆڵی سەنگەرەكانی پێشمەرگەو سازو ئامادەییانی بەردەوامیان.
وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: هەنگاوەكانی ریفۆڕمی سەربازی لەوەزارەتدا لەگەڵ هاوكاری و هەماهەنگیەكانی هاوپەیمانان، دەخوازێت كاربكرێت بەئاڕاستەی رێكخستنەوەی تەواوی هێزەكان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.
هاوكات رۆڵی بەرپرسانی میحوەرەكانی هێزی پێشمەرگەی لەماوەی شەڕی داعش بەرزنرخاندو ستایشی هەوڵەكانیانی كرد، لە رێكخستنی هێزەكان رۆڵ و كاریگەری دروستیان لە هێرش و رووبەڕوبونەوەی تیرۆرستان و پاراستنی سەنگەرەكانی بەرگری لەخاك و نیشتمان.
لە وێستگەیەكی تری كۆبونەوەكانیدا هەر ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندە و جێگرانی (مقدم) سەرجەم لیواكانی پیادەی پێشمەرگە كۆبووە. 
لەو كۆبوونەوەیەدا، وەزیری پێشمەرگە  فەرماندەكانی راسپارد چاو كراوەتر، بە بەرنامەو تەكنیكی نوێی جەنگی، روبەڕووی تیرۆرستانی داعش ببنەوە، لەتێكشكان و راوەدوونیان بەردەوام بن. 
هاوكات ستایشی ئەركی قارەمانانەی فەرماندەی لیواكان و سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگەی كرد، لە رۆڵی ئازایانەیان بۆ پاراستنی ئاشتی و ئارامی، سەنگەرەكانی بەرگری لەخاكی كوردستان، داواشیكرد زیاتر پابەندی رێساو دسپلینە سەربازیە نوێیەكان بن.  
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، وەزیری پێشمەرگە، فەرمانیدا كە هاوكاری لیژنەكانی وەزارەت بن لە پڕۆسەی سەنگەرسازی تازەو، پابەند دیسپلینە سەربازییەكان و  لەجاران باشتر و زیاتریش لە بەجێی گەیاندنی ئەركە پیرۆزەكەیاندا بن. 
وەزیری پێشمەرگە جەختیشیكردەوە، چاوپۆشی لەهیچ كەمتەرخەمیەك ناكەین و پرەنسیپی پاداشت و سزا پەیڕەو دەكەین. 
لەكۆتایی كۆبوونەوەكەدا، گوێ لە داواو داواكاری فەرماندەو جێگرانی لیواكان گیراو و بەڵێنی چارەسەركردنی خێرای كەموكوڕییەكان و پڕكردنەوەی پێداویستیەكانیان درا.
PUKmedia 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket