riklam

کوردێکی ڕۆژهەلاتی کوردستان ئەشکەوتێک دەکاتە کۆشک

کوردستان 03:57 PM - 2022-01-23

گوندی ساتیاری لەو گوندانەیە لە ھەر چوارلاوە بە ڕەزە دێم رازێندراوەتەوە، گوندێکی ئاوەدانە. دیمەنێکی رازاوە و جوانی ھەیە. ئەم گوندە لەھەورامانی لھۆندایە، سەر بەشارۆچکەی (باینگان) و قەزای (پاوەیە) نزیکەی (32)کم لەو قەزایەوە دوورە و نزیکەی (150)خێزانی تێدا دەژین و ژمارەی دانیشتوانی (800) کەسە.

گوندی (ساتیاری) لەسەردەمی پاشایەتیدا سەربە پارێزگای (سنە) و ناوەکەشی (ھێتمان) بووە. ھێتمان ناوی جوگرافیای شوێنەکەیە، دواتر ئەم گوندە دەخرێتە سەر پارێزگای (کرماشان) و ناوەکەی لە ھێتمانەوە بۆ ناوی عەشیرەتەکە (ساتیاری) دەگۆڕێت، بەپێی لێکدانەوەی خۆیان (ساتیاری) بەمانای کاتی ھاوکاری یان کاتێک بۆیارمەتیدانی دۆست و یاران بەکاردێت.

واتای (ھێتمان)یش بەو شوێنە دەوترێت جوتی تێدا بکرێت، لە ھەورامیدا بەجووت دەڵێن (ھیت) ئەم شوێنەش جێگەیەکی کشتوکاڵیە و زەوی و زارێکی زۆر لە دەوری گوندەکەدایە. دانیشتوانی ئێرە شێوەزاریان سۆرانی جافیە، لەسەردەمی دەرەبەگایەتیدا لەلایەن بەگەکانی جوانڕۆوە حوکمکراون، کاروپیشەیان ھاوشێوەی گوندەکانی تری ھەورامان سەخت و گرانبووە، بەپێی وەرزەکانی ساڵ ئیشوکاریان گۆڕاوە، لەوەرزی بەھار و ھاویندا کەمترین پشویان ھەبووە.

گەنجێکی بەھرەمەند لە بواری ھونەری بیناسازی و شوێن و جێگا کەلەپوری_یەکان لەگوندێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جێگا دەستی خۆی دیاری کردووە لەنێوان سێ تاشە بەردی گەورەدا کۆشکێکی بچوکی دروست کردووە،،شەھریار نەزەری تەمەن ٣٤ سی و چوار ساڵ دەرچووی بەشی ھونەرە جوانەکانی زانکۆی ئەسفەھان لەبەشی زیندوو کردنەوەی کەلەپور و شوێنەوارەکانە/ لە گوندی( ساتیاری ) نزیک شاری باینگان سەربە پارێزگای کرماشان لەماوەی ١٦ شانزە مانگی ڕابردودا دەستی کردووە بە دروست کردنی کۆشکێکی خنجیلانە کەبۆتە مایەی سەرەنج ڕاکێشانی ھەموو خەڵکی ناوچەکە و بگرە زۆر لەگەشتیارانی شارەکانی ئێرانی سەردانی کۆشکەکەی شەھریار نەزەری دەکەن، بەمەش کارەکەی لەخولیای تاکەکەسیەوە گواستراوەتەوە بۆ پاراستنی کلتوری ھەورامان و ناوچەی ساتیاری.

جێگای باسە لەناو ئەم کۆشکەدا سەرجەم کەرەستە و پێداویستی یەکانی لەپێخەف و قاپ و قاچاخ و ئامێری گەرمکردنەوە و ڕوناکی سەرجەمیان مێژوویەکی دێرین و کۆنیان ھەیە،، زۆربەیان مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جڵ بۆ پەنجا ساڵ،ھیچ ئامێر و کەرەستەی نوێگەری تێدا بەکار نەھێناوە،،ھونەرمەند و ئەندازیار شەھریار نەزەری لەئایندەدا دەیەوێت پرۆژەکەی فراوانتر بکات لە بیرۆکەیدایە گوندێکی گەورە و فراوانی وەک گوندی ساتیاری پێش پەنجا ساڵ دروست بکا، واتە گوندی ساتیاری دەبێتە دوو گوند { ساتیاری پێش پەنجا ساڵ و ساتیاری نوێکەی ئێستا} بۆ ئەم مەبەستە نەخشە و پلانی خۆی داناوە،،شایانی وتنە هەتا ئێستا هیچلایەنێک و کەسێک کۆمەکی ئەندازیار شەهریاری نەکردووە،ئەوگەشتیارانەش کەدێن و سەردانی کۆشکەکەی دەکەن هەتا ئەمڕۆ بێبەرامبەر بووە.

 

PUKmedia  ئامادەکردنی_فەلاح ئەحمەد ڕەشید

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket