riklam

گرفتەکانی نوێنەران نابێتە بەربەستی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار

عیراق 04:32 PM - 2022-01-17

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت رێوشوێنەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عیراق لەکاتی یاسایی خۆی بەرێوەدەچێت و کێشەی دەستوری بوونی یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران کاریگەری لەسەر  پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵ نابێت.

 

مەلا كەریم شوكر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKmedia ی راگەیاند: رێكارەكانی دادگای فیدراڵ لەبارەی دەستوری بوونی یەكەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران،  كاریگەری لەسەر  پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار نابێت، كەماوەی 15 رۆژە دیاریکراوە دوای یەکەم دانیشتنی پەرلەمان.

 

وتیشی: دوای یەکلاکردنەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵ چاوەڕواندەكرێت دووەم  دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بكەوێتە سەرەتای مانگی داهاتوو، ئەمە لە كاتێكدا دوا وادەی دەستوری بۆ ئەو پرۆسەیی 8ی مانگی داهاتوو دەبێت.

 

لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق و  گفتوگۆی  لایەنەکان، ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: لەهەموو حالەتێک لایەنە شیعەکان بەتایبەتی هەردوو جەمسەری سەرەکی( سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگی) دەگەن بەرێکەوتن و ناکۆکیەکانیان وەلادەنێن، بۆیە چاوەڕواندەکرێت پێكهێنانی كابینەی تازە زۆر دوانەکەوێت و لەماوەیەکی  دیاریکراو  رابگەیەندرێت.

 

جێی ئاماژەیە لە 9ی ئەم مانگە یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەرێوەچوو، کە تێیدا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد و سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردران.

 

پاشان دوو تانە پێشکەش بەدادگای فیدراڵ کرا، گوایە ئەو دانیشتنە نادەستوری بووە، هەر بۆیە بڕیارە لە19ی ئەم مانگە دادگای ناوبراو  لەبارەی ئەو دوو تانەیە کۆبێتەوەو بۆچونی  خۆی لەبارەی کۆبونەوەکە بدات.

PUKmedia تەها عەبدوڵڵا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket