riklam

شێخ رەزای تاڵەبانی.. شاعیرێكی رێچكە شكێن

ڕیپۆرتاژ 09:40 AM - 2022-01-13

شێخ رەزای‌ تاڵەبانی ناوی تەواوی رەزای كوڕی‌ شێخ عەبدولڕەحمانی‌ تاڵەبانی كوڕی‌ مەلا ئەحمەدی‌ كوڕی‌ مەلا مەحموودی‌ زەنگەنەی كوڕی یوسف ئاغای زەنگەنەیە، ساڵی‌ 1831 لەگوندی‌ قرخی‌ نزیك چەمچەماڵ لەدایك بووە، لە تەمەنی‌ حەوت ساڵیدا لای‌ شێخی‌ باوكی‌ دەستی‌ بەخوێندن كردووە، لەتەمەنی‌ 25 ساڵی‌یەوە خۆی‌ بە خوێندنی‌ ئەدەبیاتی‌ عەرەبی و فارسی و توركی خەریك كردووە، ساڵی‌ 1860 چووە بۆ ئەستەمبوڵ و ماوەی‌ دوو ساڵ لەوێ‌ ئەبێ‌ و پاشان ئەگەڕێتەوە بۆ كەركوك، دوای‌ مردنی‌ باوكی‌ ئەچێ‌ بۆ كۆیەو لای‌ شێخ غەفوری‌ مامی‌ زیاتر لەشەش مانگ ئەمێنێتەوە و بەتەمای‌ كچەكەی‌ ئەبێت بەڵام مامی‌ رازی‌ نابێ‌ و ئەویش ئەڕوات بۆ كەركوك، ساڵی‌ 1866 بۆ جاری‌ دووەم ئەچێتەوە بۆ ئەستەمبوڵ، لەرێگەی‌ میسرەوە ئەچێ‌ بۆ حەج، ساڵی‌ 1884 ئەگەڕێتەوە بۆ كەركوك و زۆر جار ھات و چۆی‌ وەسمان پاشاو مەحمود پاشای‌ جاف و پیاوە گەورەكانی‌ ئەو ناوەی‌ كردووە، خێزانی‌ وەسمان پاشا، عادیلە خانم ھەمیشە دیاری‌ بۆ داناوە و یارمەتی‌ بۆ ناردووە، ساڵی‌ 1898 ئەچێ‌ بۆ بەغدا و لە تەكیەی‌ تاڵەبانی‌ دانیشتووە، پەیوەندی‌ بەتینی‌ لەگەڵ بنەماڵەی‌ سەلیم بەگی‌ بابان و سەید عەبدولرەحمانی‌ نەقیب دا ھەبووە.

-زۆربەی‌ شیعرەكانی‌ لە بابەتی‌ ھەجووكردن بووە
داشۆرین لە زمانی كوردیدا وشەیەكە بەرامبەر بە (هجو)ی عەرەبی بەكارهاتووە و مانای دەستنیشانكردن و بژاركردنی كەموكوڕی كەسێك یان داماڵینی كەسێتی و ناوزڕاندنی دەدا، بە كوردی دەبێتە داشۆرین، واتا ئەو نووسینەی باسی خراپی كەسێك یان شتێك دەكا، یا زەمكردنی كەسێكە بە شیعر.

داشۆرین وەك زاراوە لە ئەدەبدا واتا ریسوا كردن و جنێودان بە شیعر، داشۆرین سەرەتایی ترین شێوەی گاڵتەوگەپە،  كە شاعیر ئەوپەڕی هونەری بەلاغەت بەكاردێنێ.

شێخ رەزا بەهۆی شیعرە هەجوەكانییەوە، شاعیرێكی رچە شكێنە لە ئەدەبیاتی كوردیدا، شێخ كە شاعیرێك بوو هەر بە جنێو  و پەردە لەسەر هەڵماڵراو بەناوبانگ بووە، لەگەڵ گەلێ لە شاعیری تردا قسەی سەیر و سەمەرە و بەتوێكڵ و بەدوو واتا بەكترییان وتووە.

لەسەردەمی خۆیدا شەڕەشیعری هەردوو شاعیر شوكری فەزڵی و شێخ رەزا باسوخواسی گەرمی نێو كۆڕی ئەدیبان و شیعر دۆستان بووە، بێگۆمان شوكریش شاعیر بوو و پەنجەی لەگەڵ شێخ رەزادا ئەدا، بەڵام شێخ رەزا، وەكو شەڕەكەڵەشێر مەرجی بەزاندنی ئەكرد.

كە لە شیعرەكان ورد دەبینەوە، بۆمان دەردەكەوێت كە  شێخ رەزا، كۆمەڵێكی زۆر لە وشە بازاڕییەكانی هەر لە سنە و سابڵاغ و سلێمانییەوە بگرە تا كەركوك و هەولێر و كۆیە كۆكردووەتەوە و هەرچی جنێوی پس و قسەی سوك و ناشیرین هەیە هەمووی زانیوە و هی تازەتریشی داهێناوە و لەپاڵ وزەی شاعیرانە و داهێنەرانەیدا، بەشێوەیەكی هونەریی ئەوتۆ خستووەتە ناو قاڵبی شیعری بەرزەوە و گەیاندویەتییە ئەوپەڕی بەرزی، بەجۆرێكی وەها ئەو شیعرانە سەرەڕای ئەو هەموو ناوەڕۆكە پەردە لە روو هەڵماڵراوەشەوە خۆی كردووە بە ناو كۆڕە گەرمەكانی گشت جێگەیەكەوە.

شیعرەكانی شێخ رەزا لە دووتوێی دیوانێكدا بەناوی دیوانی (شێخ رەزای تاڵەبانی) كۆ كراونەتەوە‌ و چەند جارێك چاپ و بڵاو كراوەتەوە، ئەم شاعیرە پایەبەرزەی كورد شێخ رەزای‌ تاڵەبانی‌ لە 13ی كانونی دووەمی 1910 لە شاری بەغدا كۆچی دوایی كرد و لە گۆڕستانی گەیلانی‌ و لە نزیك شێخ عەبدولقادری گەیلانی بە خاك سپێردراوە. 

نموونەی نشتیمان پەروەری
لەم دێڕەی خوارەوە ئەو پەڕی نیشتمان پەروەری شاعیر دەنوێنێت لەكاتی رووخانی میرنشینی بابان و داگیركاری عوسمانەكان و سەفەوییەكان نووسیویەتی:

لە بیرم دێ سولەیمانی كە دارولمولكی بابان بوو
نە مەحكوومی عەجەم نە سوخرەكێشی ئالی عوسمان بوو

لە بەر قاپی سەرا سەفیان دەبەست شێخ و مەلا و زاهید

مەتافی كەعبە بۆ ئەربابی حاجەت گردی سەیوان بوو

لە بەر تابووری عەسكەر ڕێ نەبوو بۆ مەجلیسی پاشا
سەدای مۆزیقە و نەققارە تا ئەیوانی كەیوان بوو

درێخ بۆ ئەو زەمانە، ئەو دەمە، ئەو عەسرە، ئەو ڕۆژە
كە مەیدانی جریدبازی لە دەوری كانی ئاسكان بوو

بە زەربی حەملەیێ بەغدای تەسخیر كرد و تێی هەڵدا
سولەیمانی زەمان، ڕاستت دەوێ، باوكی سولەیمان بوو

عەرەب ئینكاری فەزڵی ئێوە ناكەم ئەفزەلن ئەمما
سەلاحەددین كە دنیای گرت لە زومرەی كوردی بابان بوو

عوموومی شەهریاران و سەلاتینی فەرەنگستان
لە ڕوعبی سەتوەتی ئەو شێرەدا گشتی هەراسان بوو

قوبووری پڕلەنووری ئالی بابان پڕ لە ڕەحمەت بێ
كە بارانی كەفی ئیحسانیان وەك هەوری نیسان بوو

كە عەبدوڵڵاهـ پاشا لەشكری والیی سنەی شڕ كرد

«رەزا» ئەو وەختە عومری پێنج و شەش تیفلی دەبستان بوو


سەرچاوەكان 
دیوانی شێخ رەزای تاڵەبانی كۆكردنەوەی، شێخ محمدی خاڵ وئومێد ئاشنا

موكەڕەم تاڵەبانی ،شێخ رەزای تاڵەبانی، ژیانی  پەروەردەی بیروباوەڕی وشیعری

ئومێد نەجم ،شێخ رەزای تاڵەبانی...كەڵە شاعیری هەجوو‌

فەرهاد عەزیز حەسەن ،داشۆرین لە نێوان شێخ رەزا و ئیرەج میرزادا 

PUKmedia ئامادەكردنی.. كاوان ئەحمەد حمە ساڵح هەڵەبجەی  

 

ئەمانەش ببینە

سروشتی گۆمی فێڵاو

کوردستان 09:02 AM - 2024-04-16 رۆژی ژینگەی هەرێم

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket