riklam

ئەو رۆژەی سەدام لەسێدارە درا

عیراق 09:06 AM - 2021-12-30

لەڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆ و لە 30ی كانونی یەكەمی 2006 دا سەدام حسێنی دیكتاتۆر لەسێدارەدرا، كە لە 16ی تەمموزی 1979ـەوە تا 9ی نیسانی 2003 سەرۆك كۆماری عیراق بوو.

سەرەڕای ئەوەی چەندین كردەوەی جەرگبڕ و نامرۆڤانەی بەرامبەر بە كورد ئەنجامدا، كارەساتی هەڵەبجە ناسراوترین كردەوەی بوو كە لەجیهاندا دەنگی داوەتەوە بەوپێیەی كۆمەڵكوژییەكی مەزنی ئەنجامداو بەبۆمبی كیمیایی 5 هەزار كوردی شەهید كرد.

ژیانی سەرەتایی و لاوی
سەدام حسێن عەبدولمەجید لە 28ی نیسانی 1937 لەگوندی عوجە لەشاری تكریت لەدایكبووە، هەرگیز باوكی نەدەناسی لەبەرئەوەی پێنج مانگ بەر لەدایكبوونی سەدام باوكی دیارنەما، بەپێی هەندێك لەگێڕانەوەكان بێت دایكی سەدام لەكاتی دووگیانیدا هەوڵیداوە خۆی منداڵەكەی (سەدام) بكوژێت، بەڵام پەشیمان بووەتەوە، لەكاتی لەدایكبوونی سەدامی ناردووە بۆلای براكەی واتا خاڵی سەدام، ئەمەش تاوەكو تەمەنی سێ ساڵەی سەدام بەردەوامبوو، دوای ئەوەی سەدام تەمەنی دەگاتە 10 ساڵان دووبارە دەچێتەوە لای خاڵی كە كەسێكی دینداری سوننە بووە و كاریگەری لەسەر سەدام هەبووە تاوەكو ساڵانی 1957، دواتریش سەدام تەمەنی 12 ساڵان بووە كە براكەی بەنەخۆشی شێرپەنجە گیانیلەدەستداوە.

ژیانی خێزانی
لەساڵی 1963 دا لەگەڵ ساجیدە ژیانی خێزانی پێكهێنا، كە ساجیدە دوو كوڕی بوو بەناوی عودەی و قوسەی و سێ كچیشی لێ بوو بەناوی حەلاو و رەغدو رەنا.

لەوپەڕی خۆشگوزەرانی دەژیان
سەدام حسێن ئەو سەرۆك كۆمارەی عیراق كە خۆی و خێزانەكەی لەوپەڕی خۆشگوزەرانی و رەفاهییەتدا دەژیان و عیراقییەكانیش هەمیشە برسی و رووت و رەجاڵ بوون، دوای خۆی جگە لەو كارەساتانەی كە بەسەر میللەتەكەیدا هێنای، وێنەكانی پشت حكومەتە دیكتاتۆرییەكەی بەجێمان بۆمان.

ئۆتۆمبێل و كەلوپەلی تایبەتیان هەبوو
سەدام حسێن، ئەو دیكتاتۆرەی كە جۆرەها كارەساتی بەسەر گەلەكەیدا هێنا، لەڕێی دەستبەسەردا گرتن و بردنی سەروەتی گەلانی عیراقەوە بۆ خۆی و كوڕەكانی و دارودەستەكەی ببووە خاوەنی جوانترین و بەنرخترین كەلوپەلە گرانبەهاكانی جیهان، ئەمە جگە لە كۆشك و تەلارەكانیان لەشارەكانی عیراق و ئۆتۆمبیلە بەنرخەكانیان كە تایبەت بەو دیكتاتۆرە و كوڕەكانی دروستكرابوون.

چوونە ناو حزبی بەعس
سەدام تەمەنی 20 ساڵان بووە كە چووەتە ناو حزبی بەعس، كە حزبەكە ئایدیای لەسۆشیالیزمی بوو، لەدوای چەند ساڵێك لەلایەن عەبدولكەریم قاسم دەكرێتە سەرۆكی نووسینگەی سوپای عیراق لەوكاتەی كە حزبەكەشی دژی ئەو رژێمەی عەبدولكەریم قاسم بووە. پاش نە‌مانی رژێمە‌كە‌ی عە‌بدولكە‌ریم قاسم ئە‌حمە‌د حە‌سە‌ن بە‌كر دێتە سە‌ر حوكم ئە‌ویش بە‌ردە‌وام تا ساڵی 1979 لە‌م ساڵە‌ بەبیناوی خراپبوونی باری تە‌ندروستی ئە‌حمە‌د حە‌سە‌ن بە‌كر سە‌دام حسێن دە‌سەڵاتی گرتە‌دە‌ست و لێبوردنێكی گشتی بۆ زیندانییە‌ سیاسییە‌كان دە‌ركرد، پاش ساڵێك لە‌گرتنە‌ دە‌ستی دە‌سە‌ڵات سە‌دام هە‌وڵی لەناوبردنی كورد بە‌ردە‌وامبوو. بۆیە‌ حكومە‌تە‌كانی پێش سە‌دام لەگە‌ڵ ئێران رێككە‌وتبوون ئە‌گە‌ر ئە‌وانیش دژایە‌تی كورد بكە‌ن ئە‌وا تا هە‌ندێك ناوچە‌ی عیراقیان پێدە‌دە‌ن كە‌ ئە‌و ناوچانە‌ش تا دە‌گە‌یشتە‌ ناوچە‌ی قە‌زای سۆرانی سە‌ر بە‌پارێزگای هە‌ولێر. لەساڵی 1980 ئێران ئە‌م داوایە‌ی لەعیراق كرد كە‌ پێیبدات بە‌ڵام سە‌دام رازی نە‌بوو چونكە‌ بەهیچ شێوە‌یە‌ك كارە‌كە‌یان ئە‌نجام نە‌دابوو. لە‌مە‌شە‌وە‌ جە‌نگی 8 ساڵە‌ی ئێران و عیراق هە‌ڵگیرسا بە‌ردە‌وامبوو تا ساڵی 1988 لە‌م ساڵە‌ بە‌بیانوی پاسدار لەشاری هە‌ڵە‌بجە‌ كیمیابارانی كرد و زیاتر لە‌ 5000 كە‌سی بێتاوانی شەهید كرد. بە‌مە‌شەوە نە‌وە‌ستا دە‌ستی بەئە‌نفالكردنی گە‌رمیانی و بارزانییە‌كانی كرد. ژمارە‌یە‌كی یە‌كجار زۆری لێ ئە‌نفال كرد، لەساڵی 1990 كوێتی داگیركرد و وڵاتانی هاوپە‌یمان بە‌مە‌ زۆر توڕە‌بوون و هە‌رزوو دە‌ریانپەڕاند لەكوێت، لە‌ مە‌شە‌وە‌ لەبەهاری 1991 گە‌لی كورد لەباكوری عیراق راپەڕینی كرد و توانیان سە‌ركە‌وتن بە‌دە‌ستبهێنن، دواتر دژەفڕین لە‌سە‌ر عیراق دانرا لە هە‌رێمی كوردستان و باشوری عیراق كە‌وتەژێر بە‌ندی 7ی نە‌تە‌وە‌ یە‌كگرتووە‌كان. لەساڵی 2003 سوپای ئە‌مریكا عیراقی داگیركرد ئە‌مە‌ جگەلە‌وە‌ی كە‌ كورد رۆڵێكی گرنكی هە‌بووە‌ لە‌ئازادكردنی عیراق. لەساڵی 2003 لەهێرشێكی ئە‌مریكا بۆ سە‌ر عودەی‌ و قوسەی‌ و هە‌ردووكیان كوژران و ساڵی 2006یش سە‌دام حسێن بە‌پە‌تی سێدارە‌دا كراو كۆتایی بە‌ژیانی هات.

سەدام و دارو دەستەكەی‌ روویان لەناوچەكانی‌ دەرەوەی‌ بەغدا كرد
دوای ئەوەی‌ سوپای ئەمریكا بەهاوكاری هێزەكانی‌ هاوپەیمانان لەبەرەی‌ باشور و هێزەكانی‌ پێشمەرگەش لەبەرەی‌ باكوردا توانیان لەمانگی‌ نیسانی‌ 2003 دا دەسەڵاتی‌ رژێمی‌ بەعس لەناوبەرن، (سەدام) و دارو دەستەكەی‌ روویان لەناوچەكانی‌ دەرەوەی‌ بەغدا كرد بۆئەوەی‌ لەو رێگەیەوە هەوڵی‌ كۆكردنەوەی‌ ئەندامانی‌ حزبی بەعس بدەن‌ و دژ بەسوپای ئەمریكا و هێزەكانی‌ هاوپەیمانان بجەنگن.

خەڵاتی دەیان ملیۆن دۆلاری دیاریكرا بۆ ئەوەی سەدام بدۆزێتەوە
دوای رووخانی‌ رژێمەكەی‌ سەدامیش، هێزەكانی‌ ئەمریكا بۆیان رونبووەوە كە سەدام خاكی‌ عیراق جێناهێڵێت، ئەوان لایان وابوو كەسایەتی‌ سەدام هەڵهاتن قبوڵناكات، هەربۆیە پلانێكی‌ تۆكمەیان داڕشت بۆ دەستگیركردنی، وەزارەتی بەرگری ئەمریكاش خەڵاتێكی‌ دەیان ملیۆن دۆلاری تەرخانكرد بۆئەوەی‌ وەك دیاری بدرێت بەو كەس ‌و لایەنانەی، كە زانیاری ورد و دروست لەبارەی‌ شوێنی‌ خۆحەشاردانی‌ سەدام بەهێزەكانی‌ ئەمریكا بدەن، ئەوە لەكاتێكدا بوو كە سەدام لەسەرووی هەموو ئەو تۆمەتبارانەوە بوو كە هێزەكانی‌ ئەمریكاو هاوپەیمانان هەوڵی‌ دەستگیركردنیان دەدا.

پلان بۆ دەستگیركردنی سەدام
پلانی دەستگیركردنەكەش، لەلایەن ژەنەراڵ (سیمۆن دارایز)ـەوە سەرپەرشتی‌ دەكرا، كە یەكێكبوو لەسەركردە باڵاكانی‌ دەزگای هەواڵگری ئەمریكا لەعیراق، لەمانگی‌ ئابی‌‌‌ 2003 دا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە كە گوایە چەندجارێك سەدام حسێن لەباكوری شاری بەغداو شاری‌ تكریت بینراوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەزگای هەواڵگری ئەمریكا تیمێكی‌ تری‌ بەسەرۆكایەتی‌ ژەنەراڵ (سوارز كیفمان) پێكهێنا بۆ زیاتر دڵنیابوون لەو زانیاریانەو دۆزینەوەی‌ پەناگە نهێنییەكەی‌ سەدام.

كەسە نزیكەكانی زانیاریان دا بەئەمریكا
لەدوایین هەوڵیشدا، هێزەكانی‌ ئەمریكا دەستیانكرد بەدەستگیركردنی‌ كەسە نزیكەكانی‌ سەدام ‌و پاسەوانەكانی‌ بۆئەوەی‌ لەڕێگەی‌ ئەوانەوە سەدام دەستگیربكەن، دوای دەستگیركردنی‌ چەند كەسێكی‌ نزیكی‌ سەدام ‌و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان زانیاریان لەبارەی‌ چەند شوێنێك دركاند كە سەدام پەنای بۆ دەبرد، هەروەها ناوی‌ ئەو ئەفسەرانەشیان بەهێزەكانی‌ ئەمریكا دابوو كە پەیوەندی راستەوخۆیان بە سەدامەوە هەبووە.

لەكاتی‌ لێكۆڵینەوەكاندا، ئەو دەستگیركراوانە ئاماژەیان بەوە كردبوو، سەدام تەنها دوو پاسەوانی‌ تایبەتی‌ لەگەڵدایە، بۆیە لەڕۆژی 12ی‌ كانونی‌ یەكەمی‌ هەمان ساڵ دوای ئەوەی‌ هێزەكانی‌ ئەمریكا لەهەڵمەتێكی‌ گەڕان ‌و پشكنیندا لەناوچەی‌ (كەڕادە)ی‌ شاری بەغدا توانیان كەسێك بەناوی (محەمەد ئیبراهیم ئەلسمەت) دەستگیربكەن كە پێشتر پلەی (عەقید)ی‌ هەبوو لەسوپای عیراقدا، دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا ناوبراو شوێنی‌ خۆحەشاردانی‌ (سەدام حسێن)ی‌ بۆ هێزەكانی‌ ئەمریكا دركاندبو‌و كە لەگوندێكی‌ ناوچەی‌ تكریتدا خۆی حەشارداوە.

لەچاڵێكدا دۆزرایەوە
ئێوارەی‌ هەمان رۆژ هێزێكی‌ تایبەتی‌ مارێنزی ئەمریكا‌ بەپاڵپشتی‌ فڕۆكە جەنگییەكان بەرەو ئەو ناوچەیە بەڕێكەوتن، هاوكات لەڕاپۆرتی‌ ژەنەراڵ (جەیمس هیكلی)دا ئاماژە بەوە كرابوو لەو هەڵمەتەدا كۆمەڵێك لەپێشمەرگەكانی‌ (یەكێتیی نیشتمانیی‌ كوردستان) بەشداربوون، دوای پشكنین ‌و گەڕانێكی‌ ورد لەناوچەكەدا بەرەبەیانی‌ رۆژی 13ی‌ كانونی‌ یەكەم و لە بەرەبەیانی یەكەم رۆژی جەژنی قورباندا ئەو هێزە لەچاڵێكی‌ تەنگدا توانیان سەدام دەستگیربكەن و دواتر رادەستی‌ گەلانی عیراقیان كرد.

بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو
سەدام دوای دادگایكردنی‌ لەسەر هەموو ئەو كارە نامرۆڤانەی‌، دژ بەگەلانی‌ عیراق ‌و گەلی‌ كورد بەتایبەتی‌ ئەنجامی دابوو، لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی‌ عیراق بڕیاری لەسێدارەدانی‌ بۆ دەركراو لە یەكەم رۆژی جەژنی قورباندا لە 30-12-2006 لەسێدارە درا.

گۆڕەكەی تەقێنرایەوە
پاش ماوەیەك لەگوندی عۆجەی زێدی "سەدام حسێن" گۆڕەكەی تەقێنرایەوە و پاشان هەڵدرایەوە. كە ئەوەش وەك تۆڵەكردنەوەیەك لەسەدام حسێن سەیردەكرێت. كە لەگرتەیەكی ڤیدیۆییدا تەقاندنەوەی گۆڕەكە نیشاندرا و كەسێكیش لەگرتە ڤیدیۆییەكەدا بەزمانی عەرەبی دەڵێت: "پیرۆزە، پیرۆزە لەهەموو ئەو دایكانەی كە داوای تۆڵەكردنەوەیان دەكرد". هەروەها دەشڵێت: "بۆ هەموو ئەوانەی كە داوای تۆڵەیان دەكرد، ئەوا براكانتان بەدەم فەتوای مەرجەعییەتەوە هاتن، گیانم بەفیدای ئیمامی سیستانی بێت". پاشان هەمان دەنگ لەسەربازێك هاوار دەكات كە چەند گوللەیەك دەتەقێنێت و پێیدەڵێت: "تۆڵەبكەرەوە ئەی باوكی كەڕاڕ. تۆڵەبكەرەوە". ئینجا كەسێكی تریش دەڵێت: "نا پێویست ناكات".

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket