riklam

ئەوەی پێویستە دەربارەی خوێن بیزانیت

ڕیپۆرتاژ 01:23 PM - 2021-12-13

- خوێن چییە ؟
- پێكهاتەكانی خوێن چییە ؟
- كاری خوێن
- نەخۆشییەكانی خوێن چییە و جۆرەكانی چین ؟
- هۆكارەكانی توشبوون بە نەخۆشییەكانی خوێن چییە ؟
خوێن شلەیەكی رەنگ سورە كە پێویستە بۆ ئەوەی بژیت، لە نێوان خوێنبەر ( arteries ) و خوێن هێنەرەكان ( veins ) ی مرۆڤ وە ئاژەڵە بڕبڕەدارەكاندا هاتوو چۆ دەكات.

- پێكهاتەكانی خوێن :
خوێن پێكهاتووە لە دوو بەش، بەشێكی شل كە بریتییە لە پلازما و پێكهاتەی پلازماش بەشی زۆری ئاوە و بەشێكی رەق كە بریتین لە خانەكانی خوێن و ئەوانیش خڕۆكە سورەكان و خڕۆكە سپییەكان و پەڕەكانی خوێن ئەگرێتەوە، لە رێگەی ئەم پلازمایەوە خواردن و هۆڕمۆنەكان و پڕۆتینەكان ئەگوازرێنەوە بۆ بەشەكانی لەش و هەروەها پاشماوەی خانەكانیش ئەگەڕێنێتەوە بۆ گورچیلەكان و كۆئەندامی هەرس تاوەكو لە رێگەی میز و پیساییەوە بكرێنە دەرەوەی لەش، و خڕۆكە سورەكانی خوێن ''RBC'' كە شێوەیان لە دیسك ئەچێت و لە بەشی ناوەڕاستدا قۆپاون هیمۆگڵۆبینیان تێدایە كە ئەم هیمۆگڵۆبینە ئۆكسجین لە سییەكانەوە ئەگوازێتەوە بۆ سەرجەم بەشەكانی لەش، هەروەها دووەم ئۆكسیدی كاربۆنیش لە بەشەكانی لەشەوە ئەگوازێتەوە بۆ سییەكان تا لە رێگەی هەناسەدانەوە بكرێتە دەرەوە، وە هیمۆگڵۆبینە كە رەنگی سور دەبەخشێت بە خوێن.

سەبارەت بە خڕۆكە سپییەكانی خوێن ''WBC'' ئەمان جەنگ ئەكەن دژی هەر ئیلتیهابێك ' infection ' كە توشی لەش ئەبێت و ئەمانە بەشێكن لە سیستمی بەرگری لەش .
كە لە لەشی ئێمەدا پێنج جۆری جیاواز لە خڕۆكە سپییەكان بەرهەم دێت وەكو ( Basophil , Eiosinophil , Monocytes , Lymphocytes , Neutrophils ) كە لەكاتی تووشبوونمان بە ئیلتیهاب یاخود نەخۆشی لەشمان بە بڕیكی زیاتر دەستدەكات بە دەردانی ئەو جۆرەی كە پێویستە دژی نەخۆشییەكە.

هەروەها سەبارەت بە پەڕەكانی خوێن ئەمانە شێوە هێلكەیین و هانی مەیینی خوێن دەدەن لەكاتی بوونی خوێن بەربوون لە بەشێكی جەستەمان، خانەكانی خوێن لەناو مۆخی ئێسكدا لەناو شانە نەرمەكاندا  دروست دەبن، جا هەریەكەیان بۆ ماوەیەكی دیاریكرا و دەژین بەم شێوەیە:
* خڕۆكە سورەكان RBC  بۆ ماوەی 120 رۆژ دەژین .
* پەڕەكانی خوێن platelets بۆ ماوەی 6 رۆژ .
* خڕۆكە سپییەكان WBC ماوەی ژیانیان جیاوازە هەیانە بۆ ماوەی یەك رۆژ یان كەمتر لە یەك رۆژیش ئەژین و هەیانە تا ساڵێك لە توانایاندایە بژین، مۆخی ئێسك بەردەوام خانەی خوێنی نوێ دروست دەكات تا جێگەی خانە مردووەكان بگرنەوە.

- كاری خوێن چییە ؟؟
لە كارە گرنگەكانی خوێن بریتییە لە:
* دابین كردنی ئۆكسجین بۆ خانە و شانەكان.
* دابین كردنی خۆراك بۆ نموونە ترشە ئەمینییەكان (  amino acid ) و ترشە چەوری( fatty acids ) و شەكر(glucous ).
* لابردن و دەركردنی دەووەم ئۆكسیدی كاربۆن و یوریا و لاكتیك ئەسید (پاشماوە زیان بەخشەكان ).
* خانەی خڕۆكە سپییەكان antibody دروست دەكەن بۆ لەش وەكو بەرگرییەك بۆ پاراستنی لەش دژی infection و تەنی نامۆ foreign body .
* خانەی تایبەتمەمدی تێدایە وەكو پەڕەكانی خوێن كە یارمەتی مەیینی خوێن دەدەن.
* هۆڕمۆنەكان ئەگوازێتەوە.
* ئاستی ph ی لەشمان  رێك دەخات .
* پلەی گەرمی لەشمان رێك دەخات، كە لە كاتی جەوی گەرمدا ناردنی خوێن بۆ ڕووی لەشمان زیاد دەكات واتە بۆ بەشەكانی دەرەوە و نزیكی پێست، ئەمەش بۆ  پاراستنی لەشمان لە وشك بوونەوە، بەڵام لەكاتی جەوی سارددا خوێن زیاتر بۆ ئەندامە گرنگەكانی ناوەوە ئەڕوات .
* بە شێوەیەكی ئاسایی خوێن لە ( %8_7 ) ی كێشی لەشی مرۆڤ پێك دەهێنێت.
* بە شێوەیەكی گشتی نزیكەی چوار هەزار پێكهاتەی جیاوازی لە خۆ گرتووە بەڵام گرنگترینیان ئەو چوارەن كە لەسەرەتادا ئاماژەمان پێ كرد ( RBC , WBC , Platelets , plasma )
* هەموو مرۆڤێك ئەم پێكهاتانەی خوێن بەرهەم ئەهێنێت واتا پەیوەندی نییە بە ناوچە و نەژادەوە.
* خڕۆكە سورەكان نزیكەی %40-50 ی قەبارەی خوێن پێك ئەهێنێت.
* خڕۆكە سورەكان بە بەردەوامی لە لایەن مۆخی ئێسكەوە دروست دەكرێن بە ڕێژەی 2-3 ملیۆن لە ماوەی یەك چركەدا.
* هیمۆگڵۆبین كە پڕۆتینێكە وەكو پێشتر ئاماژەمان پێدا ئیشی گواستنەوەی گازەكانە و ڕێژەی لەسەدا 95 ی خڕۆكە سورەكان پێكدەهێنێت.
* هەر خڕۆكەیەكی سور نزیكەی 270 ملیۆن گەردی هیمۆگڵۆبینی دەوڵەمەند بە ئاسنی لەخۆ گرتووە.
* خڕۆكە سپییەكان بەشێكی زۆر بچوك لە قەبارەی خوێن  پێكدەهێنێت كە بە نزیكەی لەسەدا یەكە لە كەسێكی تەندروست.
* لوتكەی كاركردن و چالاكی پەڕەكانی خوێن بریتییە لە كاتی بەیانیان.
* پلازما ڕێژەی لەسەدا 55 ی قەبارەی خوێن پێك دەهێنێت.
* قەبارەی پەڕەكانی خوێن نزیكەی یەك لەسەر سێی خڕۆكە سوورەكانی خوێنە.

خوێن بەخشین چییە؟
خوێن بەخشین كارێكی خۆویستانەیە، كە هاووڵاتی خوێنی خۆی دەبەخشێت و دەدرێت بەو نەخۆشانەی پێویستیان بە وەرگرتنی خوێن هەیە.
ساڵانە ملیۆنەها نەخۆش پێویستیان بە خوێن وەرگرتن هەیە لەبەر هۆكاری جیاواز، هەندێك پێویستان پێیەتی بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری.
هەندێكی تر تووشی رووداو هاتوون یاخود توشی نەخۆشیی جیاواز بوون وەكو شێر پەنجە و دابەزینی رێژەی خوێن و نەخۆشییە جیاوازەكانی تری خوێن، هەندێك كەس تەنها پێویستیان بە یەك پێكهاتەی خوێن هەیە، ئەمانە هەمووی لە رێی خوێن بەخشینەوە ئەنجامدەدرێن.

ئەو كەسەی كە خوێن دەبەخشێت، پێویستە ئەم خاڵانەی تێدابێت:
1-تەمەنی لەنێوان 17-66 ساڵان بێت.
2- نابێت تای ھەبێت.
3- دەبێت لێدانی دڵ و فشاری خوێنی ئاسایی بێت.
4-نابێت ھیچ نەخۆشییەكی گوازراوەی ھەبێت بەھۆی خوێنەوە .
5- نابێت بەڕۆژوو بێت لەو كاتەدا.
6- نابێت ھیچ كام لە دەرمانە خوێن شلكەرەوەكان بەكار بھێنێت، لەوانە : ئەسپرین.
7- گەر ژن بوو، نابێت دووگیان بێت.
8-دەبێت رێژەی ھیمۆگڵۆبین لە نێردا 13.5 گرام و لە مێدا 12.5 گرام بێت.

خوێن بەخشین چ سوودێكی هەیە؟
خڕۆكە سوورەكانی خوێن نوێ دەكاتەوە.
ئەگەرەكانی توشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ كەم دەكاتەوە.
رێگری لە رەقبوونی خوێنبەرەكان دەكات.
سوڕی و چالاكی خوێن زیاتر دەكات.
پلازمای ناو خوێن نوێ دەكاتەوە.
ئەگەرەكانی توشبوون بە شێرپەنجە كەم دەكاتەوە.
ئاستی ئاسنی زیادەی ناو خوێن كەم دەكاتەوە.
چەوری و كۆلیسترۆڵی زیادەی ناو خوێن كەم دەكاتەوە.
پشوو بە جەستە دەدات.
رزگاركردنی ژیانی مرۆڤێكی دیكە.
بڕێكی زیاتری ئۆكسجین دەگاتە ناو خوێن و جەستە بە گشتی.

خوێن بەخشین كاریگەریی لە سەر تەمەنی مرۆڤ هەیە:
بە پێی ئەنجامی توێژینەوەیەكی پزیشكی، دەركەوتووە كە خوێن بەخشین كاریگەریی لە سەر تەمەنی مرۆڤ هەیە و ئەو كەسانەی لە ژیاندا چەند جارێك خوێن دەبەخشن، تەمەنیان درێژترە بەراورد بەو كەسانەی كە خوێن نابەخشن.
پسپۆڕان تا ئێستا بە شێوەیەكی ورد هۆكاری ئەو كاریگەرییەی خوێن بەخشینیان دیاری نەكردووە بەڵام، پێشبینی دەكرێت كە گواستنەوەی خوێن ببێتە هۆی نوێبوونەوەی خوێن لای كەسی خوێن بەخش، هەروەها وا دەكات ئەو كەسە لە بارودۆخی نەخوازراویشدا ئەگەری بەردەوامی ژیانی باشتر بێت، بەدەر لەوەش خوێن بەخشین هۆكارێكە بۆ كەمبوونەوەی رێژەی ئاسن لای ئەو كەسانەی ئەو كانزایانە لە لەشیاندا زۆرە. لە بەر ئەوەی كە زۆربوونی رێژەی ئاسن زیاد لە بڕی پێویست كاریگەری خەراپی لە سەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت.

بۆ كرداری خوێن بەخشین پێش وەخت پێویستە ئەم رێنماییانە رەچاو بكەین:
1. باشتروایە بە ماندوویی خوێن نەبەخشیت و شەوێك پێشتر بە باشی حەوابێتەوە.
2. پێویستە پێش كرداری خوێن بەخشینەكە بە چەند سەعاتێك، ژەمێك خۆراكی مامناوەند و وزە بەخش بخورێت یاخود هەندێك شیرینی بخورێت.
3. خواردنەوەی شلەمەنییەكان لە پێش و لە پاش كرداری خوێن بەخشینەكە بەشێوەیەكی گشتی سوودی هەیە، بەڵام پێویستە ( چا ، قاوە ، ئەو خواردنەوانەی كە مادەی كافایینیان تیادایە) لەو ماوەیەدا بەكارنەهێنرێن و نەخورێنەو .
4. پاش خوێن بەخشینەكە، بەخێرایی لەسەر جێگاكەت بەرز مەبەرەوە، لەوێدا پێویستە كەمێك بحەوێیتەوە پاشان هەستیتەوە .

كێن ئەوانەی نابێ خوێن ببەخشن:
1- توشبووان بەنەخۆشییەك كەزیانی ھەبێت بۆ ئەو كەسەی خوێنەكەی بۆ دەگوێزرێتەوە.
2- توشبووانی سەرع و نەخۆشییەكانی دڵ.
3- ئەوانەی ماوەیەكی زۆر لەچەند ناوچەیەكدا ژیاون كەئەگەری توشبوونیان ھەبووە بەچەندین نەخۆشی.
4- ئەوانەی سەر بەكۆمەڵگەیەكن كەرێژەیەكی زۆر نەخۆشی گوازراوەیان تێدایە.
5- ئەو كەسانەی بەرێك و پێكی دەرمان دەخۆن.

كەی دەتوانرێت خوێن ببەخشرێت؟
دەكرێت دووبارە خوێن ببەخشیت لەدوای 56 رۆژ لەكاتێكدا بانكی خوێن 3 مانگی داناوە بۆ سنوورداركردنی دووبارە خوێن بەخشینەوە.

بۆ دەستنیشان كردنی شێرپەنجەی خوێن بۆ ئەم نیشانانە بگەڕێ:
1-بێهێزی و ماندویەتی بەردەوام.
2-بەردەوام بوونو دووبارە بوونەوەی خوێن بەربوونی لوت.
3-زوو نەخۆش كەوتن.
4-لەدەستدانی كێشی جەستە بەبێ هۆكار.
5-هەوكردن و ئاوسانی گرێ لیمفاوییەكان.
6-ئاوسانی جگەر و سپڵ.
7-برینداربوون و خوێن لێهاتنی شوێنەكانی جەستە بە ئاسانی.
8-درووست بوونی نیشانە و پەڵەی سووری بچوك لەسەر جەستە.
9-زۆر ئارەق كردنەوە.
10-ژانكردنی ئێسكەكان.
11-خوێن بەربوونی پوك

PUKmedia ئامادەكردنی.. كاوان ئەحمەدحەمە ساڵح هەڵەبجەیی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket