riklam

كالیدۆنیا سەربەخۆیی رەتدەكاتەوە

جیهان 12:51 PM - 2021-12-13

گەلی كەناكی لە كالیدۆنیای تازە، رۆژی 12-12-2021، لە ریفیراندۆمێكدا، بە رێژەی 96٪ دەنگیان بە مانەوەیان لە چوارچێوەی كۆماری فەڕەنسادا و سەربەخۆییان رەتكردەوە.

دوایی 3 جار ریفیراندۆم لەو دوورگەیەیی كە 17 هەزار كیلۆمەتر لە پاریسەوە دوورە، لە هەموو ریفیراندۆمێكدا گەلی كەناكی بە نەخێر بۆ سەربەخۆیی دەنگیانداوە، هەتا ئێستاش تینوی سەربەخۆیین.

دوورگەی كالیدۆنی كە بە دوورگەی ئەودیو دەریاكان ناودەبرێت، ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە 291 هەزار و 664 كەس، رووبەری ئەو دوورگەیە 18 هەزار و 575 كیلۆمەتر دووجایە و دەكەوێتە باشووری دوورگەی ئارامەوە، بەمەش كالیدۆنیا بە شوێنێكی گرنگ و ستراجیدی دادەنرێت لەو ناوچەیەدا و دراوسێی ئوستورالیایە و 17 هەزار كیلۆمەتر لە پایتەختی فەڕەنساوە دوورە.

لە سەدەی 19 هەمەوە لەلایەن فەڕەنساوە داگیركراوە و سیاسەتی كۆڵۆنیالیزمی تێدا بەڕیوەچووە، لە ساڵی 1853 دا ناپولییونی 3 گەیشتە دەریایی پاسیفیك و ویستی بوونی هێزەكانی لەو ناوچانە بەهێزبكات و بنكەیان بۆ دابینبكات، بۆ ئەمەش ئەگەڕا بۆ خاكێكی تازە بۆ گەشەپێدانی كەشتییەوانی و بازرگانی دەریایی لە سەر دەریایی ئارام و پاسیفیك، لەو كاتەوە كالیدۆنیایی تازە لەلایەن ناپلیۆنی سێیەمەوە دەستی بەسەردا گیرا تا ئەمڕۆ.

دوایی 30 ساڵ لە رێككەوتنی ماتینییون ساڵی 1988 لە پاریس لەنێوان گەلی كەناكی دانیشتووانی  كالیدۆنییای تازە و كالدۆشییەكان كە بریتین لە نەوەی سپی پێستەكانی فەڕەنسا  لە سەرەتای كۆڵۆنیالیزمەوە دانیشتووی ئەو دوورگەین و نەوە بە نەوە ماونەتەوە، هاوكات لەگەڵ گەلی كاناكی، دوای ئەوەی ئەو دورگەیە ئاڵۆزیی و تووندو تیژیی زۆر و شەڕوپێكدادانی بەخۆیەوە دی هاوكات بەرەوڕوبوونەوەی چەكداریش لە نێوان بزووتنەوەی چەكداری سەربۆخۆیی كەناكی و سوپا و پۆلیسی فەڕەنسی روویدا تەنانەت كوشتن و برینداریشی لێكەوتەوە كە بە شەری ئەشكەوتی ئوفیا ناسراوە و بووە هۆی كوشتنی 19 چالاكەوانی كەناكی و برینداربوونی ژمارەیەك و كوشتنی 6 سەربازی فەرەنسی، ڕێككەوتنی ئەوكاتە لەساڵی 1988 دا رێككەوتنێكی گرنگبوو بۆ وەستانی شەڕو كوشتن، كە سەرۆكی پێشووی سۆشیال دیموكرات (فرانسوا مێتیران) كۆتایی بەو ئاڵۆزییە هێنا و دوای چەند مانگێك لەو رووداوە رێككەوتنی ماتیینیون كرا، دوای 10 ساڵ لە نۆمیا رێككەوتنی پڕۆسەی تەواوبوونی كۆڵۆنیالیزم ئیمزاكرا و دوای 20 ساڵیش ریفیراندۆم كرا بۆ سەربەخۆیی .

 لە مانگی مایسی ساڵی 1989 دا لییونێل جۆسپان سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتەی سۆشیالیست گەیشتە نومییا پایتەختی كالیدۆنی لە مەراسیمێكیدا ئەو رێككەوتنامەیەی ئیمزاكرد و بۆیەكەم جارە كە لێپرسراوێكی باڵای فەڕەنسا دانبنێت بە بوونی گەلی كاناكی و كلتوورەكەیدا،  بەڵام نەتوانرا لە ماوەی ئەو دەساڵەدا كێشەی كالیدۆنی چارەسەر بكرێت هەموو جارێك بەهۆكارێكی تایبەت و جیاواز  بەو كێشەیە دانووساندن و هەوڵەكان دوائەخران و سەرنەئەكەوت، پاش ئەوە لەساڵی 2019 دا بڕیاردا كە لە ماوەی 4 ساڵی داهاتوودا 3 جار ڕیفیراندۆم ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی كەناكییەكان بە ئازادی وەڵامی پرسیاری ئەوەبدەنەوە كە ئایا دەتانەوێت ئەو دوورگەیە سەربەخۆیی تەواوی خۆی وەرگرێت و لە فەڕەنسا جیابێتەوە یان نا.

لەدوای ئەو رێككەوتنەوە ئەمە سێهەمین جارە ریفیراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەو دوورگەیە دەكرێت، جاری یەكەم لەساڵی 2018 دا بوو لە 56٪ دەنگیان بە نەخێردا و جاری دووهەمیش لەساڵی 2020 دا بوو كە لە 53٪ دووبارە بە نەخێر دەنگیاندا بۆ سەربەخۆیی ئەمساڵیش ساڵی 2021 بە ڕاژەی 96٪ بە نەخێر بۆ سەربەخۆبوون دەنگیاندا، بەڵام ئەم جارە كەناكیەكان زۆر بە كەمی بەشداری ریفیراندۆمیانكرد، چونكە بەرەی  سەربەخۆیی كەناكی زۆر هەوڵیاندا كە ئەو ریفیراندۆمە دواكەوێت و نەكرێت، بۆ ئەوەی باشتر خۆیان ئامادەكەن و داوایان لە  كەناكیەكان دەكرد بۆ بایكۆت كردن نەچوون بۆ دەنگدان، پێیان وابوو كە بەهۆی ڤایروسی كۆرۆناوە نەیانتوانیوە هەڵمەتی پێویست و شایستە بەو  ریفیراندۆمە بكەن گەلی كەناكی ئامادەنین بۆ بەشداریكردن، بۆ ئەم مەبەستە بانگەشە و هەوڵەكانیان لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا دەستی پێكردبوو.

 گەلی كەناكی بە درێژایی ئەو سەدانە لەژێر ئیدارەی كۆڵۆنۆلیالیزمدا دەژیان، تا ساڵی 1975 بۆ یەكەم جار كەوتنە جموجۆڵ و گێرانی فێستیڤاڵی كەلتووریی كە ناویان نابوو فێستیڤاڵی مێلانزیا 2000 و كۆنبرەی تێمالا هەر لەو فێستیڤاڵەدا 50 هەزار كەس بەشداریانكرد و ماوەی 5 رۆژی خایاند .

هەرپاش ئەوەی فرانسوا مێتیران لەساڵی 1981 دا هاتەسەر حوكم، لەساڵی 1984 دا كەناكیەكان حكوومەتێكی كاتیان دروستكرد و هەر لەو ساڵەوە بووە سەرەتای دانووساندن بۆ مافی چارەنووس و بەرەی ئازادی نیشتمانی كەناكی سۆشیالیست، كە دوایی  گۆڕا بۆ بەرەی سەربەخۆیی كەناكی، هەر لەو كاتەدا داوایان لە كەناكیەكان دەكرد بایكۆتی دەنگدانی حكومەتی فەڕەنسا بكەن كە لەسەر خاكی كالیدۆنیا سازدەكرێت بۆ نموونە هەڵبژاردنەكانی شارەوانی و پەرلەمان، ئەمە بووە سەرەتای 4 ساڵ لە تووندوتیژی سیاسی و رەگەزی بووە هۆی كوشنی دەیان كەس، تا بە بارمەتەگرتنی چەند پۆلیسێكی فەڕەنسا لە ئەشكەوتی ئۆفیا كۆتایی هات، ئەویش بە بەرەوڕوبوونەوەی چەكداری  بە كوژرانی ژمارەیەك لە هەردوولا هەر لەو ساڵانەوە  ژمارەیەك لە حزب و لایەن و رێكخراوی كەناكی درووستبوون، هەندێكیان هیچكات سەربەخۆیین پێباش نییە و هەندێكی تریان باوەڕیان بە ئۆتۆنۆمی هەیە لە چوارچێوەی سیستمی كۆماری فەڕەنسا و بێگوومان تووندڕەوەكانیش پێیان وایە كە كالیدۆنیا فەرەنسییە و نابێت كەس باسی سەربەخۆبوون بكەن، گەلی كەناكی خاوەنی مێژوو و زمان و كەلتوور و شێوەی ژیانی تایبەت بەخۆیانن و خاوەنی ئاڵاو سرودی نیشتمانی خۆیانن جیاوزن لە كلتوری فەرەنسییەوە .

بەرەی ئازادی نیشتمانی كەناكی سۆشیالیست كە ناوی گۆڕاوە بۆ بەرەی سەربەخۆیی كەناكی و چەند لایەنێكی تر كە ژمارەیان پێنج بزوتنەوەیە، بەردەوامن لە چالاكی و خەباتیان بۆ سەربەخۆیی كالیدۆنیا و هەر لەسەر داوای ئەمان بوو لەم رێفیراندۆمەدا ژمارەیەكی زۆر بەشداریی دەنگدانیان نەكرد، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی كە 96 ٪بە نەخێر بۆ سەربەخۆیی كۆتایی بێت، چونكە تەنها لە 43 ٪لە كۆیی دانیشتوانی كالیدۆنی بەشداری دەنگدانیان كرد و ئەوانیش زۆریان كالدۆشیەكان بوون .

 ئەو پێنج لایەنە سیاسییە كالیدۆنیانە، لەسەروو هەموویانەوە، بەرەی ئازادی نیشتمانی، پێیان وایە ئەو  ریفیراندۆمە ریفیراندۆمێكی نا عەدالەتە چونكە، ڤایرۆسی كۆرۆنا لە مانگی سێپتەمبەرەوە 268 كەناكی كوشتووە و پێیان وایە كە پرۆسەی ریفیراندۆم یەكسان و لەبار نییە لەمكاتەدا، پێیان باشبووە كە دواخرێت بۆ مانگی نیسانی ساڵی 2023 بۆ ئەوەی كەناكییەكان خۆیان ئامادەكەن بۆ دەنگدان و بەشداربوونیان بە ژمارەیەكی زۆر لە پرۆسەی سەربەخۆیی كالیدۆنیا، بەڵام دوێنێ 12 ی كانوونی یەكەمی 2021 بۆ جاری سێهەم و كۆتا، بەپێی دەستوور دوورگەی كالیدۆنیای ئەو دیو دەریاكان  بە فەڕەنسی ئەمێننەوە و بەپێی دەستور ئەمە دوا چانس بوو بۆ بڕیاری سەربەخۆ بوونیان، جارێكیتر كالیدۆنیاكان ناتوانن ریفیراندۆم بۆ سەربەخۆبوون سازبكەن كالیدۆنیا بەشێك ئەبێت لە خاكی فەڕەنسا.

سەرۆك كۆمار ئیمانیول ماكرۆن هەر دوایی ئاشكرابوونی ئەنجامی ریفیراندۆمەكە، دوێنێ ئێوارە لە كۆشكی ئیلێزییەوە راستەوخۆ لە وتارێكیدا بەو بۆنەیەوە،  پیرۆزبایی لەگەلی كەناكی كرد و وتی: فەڕەنسا رێز لەئەنجامی ریفیراندۆمەكە دەگرن و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە مانەوەی كالیدۆنیا لە ناو سیستمی كۆماری فەڕەنسا و وتی: گەلی كەناكی بەوانەی دەنگیشیان داوە بۆ سەربەخۆی هاووڵاتی فەرەنسین و وڵاتەكە بە كالیدۆنیاوە جوانتر دەبێت.

وتیشی: هەوڵدەدەین میكانیزمێكی تازەی كاركردن بۆ ئیدارەی ئەو هەرێمە بدۆزیینەوە و خزمەتی كالیدۆنیا بكەین، بۆ ئەم مەبەستەش وەزیری كارووباری دورگەكانی ئەو دیو دەریا سێبەستیان لە كۆرنیوی لە نومێیای پایتەختی كالیدۆنیایە بۆ دەستپێكردنی دانوساندن لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا، بەڵام هەر لە ئەمڕۆوە 3 لایەنی سیاسی رایانگەیاند كە ئەنجامی ئەو ریفیراندۆمە رەتدەكەنەوە و واز لە چالاكییەكانیان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ناهێنن .

ئۆفیسی ئاژانسی هەواڵنێری فەرەنسی لە نۆمیاش پێی وایە كە ئەم ریفیراندۆمە هیچ مانایەكی نییە لەكاتێكدا كە نیوەی دانیشتوانی ئەو دورگەیە بەشداریان نەكردووە و بایكۆتی دەنگدانیان كردووە، ئەمە لەكاتێكدایە ریفراندۆمەكە لە كەش و هەوایەكی چڕی ئەمنیدا و لەژێر چاودێری زۆر لە چاودێرانی نێوەدەوڵەتییدا بە ڕیوەچوو ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو 185 هەزار دەنگدەربوون، پاریس ژمارەیەكی زۆر لە هێزە ئەمنییەكانی نارد بۆ ئەو دوورگەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكە لەكاتی هەڵمەتەی ریفیراندۆمدا بۆ چاودێری جووڵە و تێكچوونی باری ئەمنی، ژمارەی هێزە ئەمنییەكان لە پۆلیس و سەرباز بۆ ئەو دەنگدانە بریتیبوون لە هەزار چەكدار .

جییۆسیاسی ئەو دوورگیە كە پێی دەوترێت دوورگەی ئەودیوو دەریاكان، دەكەوێتە سەر هەردوو دوورگەی هیندی و ئارام و بەپێی ئەوەی كە شوێنی گرنگی ستراتیجی و جیوگرافییەوە و سەروەت و سامانێكی زۆری لە كانی نیكڵ و كوڵباڵت تێدایە، كالیدۆنیا یەكێكە لەو وڵاتە یەكەمانە لە بەرهەمهێنانی نیكڵ، وڵاتی چین و كۆریای باشوور لە كڕیارە دیارەكانیانن لەم ناوچەیە، هەروەها كالیدۆنیا جگە لەوەی دەوڵەمەندە بە كانەكان، لەهەمان كاتیشدا خاوەنی سرووشتێكی جوان و شوێنێكی گەشتیارییە و گەشتیاران لە هەموو دنیاوە روویتێدەكەن و سەردانی ئەكەن كە ئەمەش سەروەتێكی تری ئابوورییە لەو ناوچەیەدا، هەروەها كالیدۆنی ناسراوە بە ناوچەیەكی بوركاناوی، لە ساڵی 1986 ەوە لەسەر لیستی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكاندایە، بۆ نا سەقامگیری و هەوڵەكانیان بۆ نەهێشتن و نەمانی دەسەڵاتی كۆڵۆنیالی.

PUKmedia حەمە عوسمان-فەڕەنسا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket