riklam

وێستگەكانی ژیانی سەدام و چۆنێتی كۆتاییهاتنی

عیراق 11:59 AM - 2021-12-13

شەوی شەممە، 13ی دیسەمبەری ساڵی 2003، ژمارەیەك لە سەربازانی لیوای یەكەمی فیرقەی پیادەی چواری هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا، لە پرۆسەیەكدا بە ناوی بەرەبەیانی سور، سەدام حسێن ی دیكتاتۆری روخاوی بەعسیان دەستگیر كرد. ئەمرۆ 18 ساڵ بەسەر ئەو روداوەدا تێدەپەڕێ كە بوە جێگای ئومێد بۆ تەواوی عیراقیيەكان.

سەدام حسێن پێنجەم سەركۆماری عیراق بوو لەدوای روخاندنی دەسەڵاتی پاشایەتی لە عیراق، لە ساڵی 1979 دا دەسەڵاتی گرتە دەست و تا ساڵی 2003 مایەوە و قۆناغی دەسەڵاتەكەشی بە خوێناویترین قۆناغی دەسەڵات لە عیراق دادەنرێت.

ژیانی سەدام
سەدام بە یەكێك لە دیكاتاتۆرە مەترسیدارەكانی سەدەی بیستەم دادەنرێت كە لە یەك كاتدا تەواوی پۆست و دەسەڵاتەكانی عیراقی لەدەستدابوو ناوی تەواوی سەدام، سەدام حسێن عەبدول مەجید ئەلتكریتی بوو، لە 28 ی نیسانی ساڵی 1937 لە گوندی عۆجەی سەر بە تكریت لەخێزانێكی شوان و ئاژەڵدار لەدایك  بووە، باوكی سەدام شەش مانگ پێش لەدایك بوونی سەدام كۆچی دوایی كرد، پاش ماوەیەكیش برا گەورەكەی سەدام لە تەمەنی 18 ساڵیدا بە نەخۆشی شێرپەنجە كۆچی دوایی دەكات.

دایكی سەدام كە ناوی سوبحە توڵفاح بوو ناوی سەدام بۆ كوڕەكەی دیاری دەكات واتە ئەو كەسەی توانای بەرەنگاربوونەوەی هەیە، پاش ماوەیەك دایكی سەدام شوو بە كەسێك بە ناوی ئیبراهیم ئەلحەسەن دەكات و بەو هۆیەشەوە سەدام رەوانەی ماڵی خەیروڵا توڵفاحی خاڵی دەكرێت تا لەوێ بژی، لە تەمەنی سێ ساڵیدا خەیروڵا توڵفاحی خاڵی بە تۆمەتی بەشداری كردن لە كودەتایەكی شكستخواردوودا دەخرێتە زیندانەوە، بۆیە سەدام رەوانەی ماڵی ئیبراهیمی زڕباوكی دەكرێتەوە،  لەو زڕباوكەی سێ برای هەیە بە ناوی بەرزان، وەتبان، سەبعاوی، كە لەدوای سەركەوتنی سەدام بۆ دەسەڵات، پۆستی گرنگی بەخشی بەو زڕبرایانەی.

ساڵی 1947 خەیروڵا توڵفاح لە زیندان ئازاد دەكرێت و بە هۆی ئەوەی زڕباوكەكەی زۆر خراپ دەبێ، بۆیە سەدام دەگەڕێتەوە بۆ ماڵێ خاڵی لە تكریت و هەر لەوێ خوێندنی سەرەتایی تەواو دەكات، پاشان لەگەڵ ماڵێ خاڵی دەچێتە بەغداو لە ناوەندی كەرخ دەست بە خوێندن دەكات، هەر لەوێش تێكەڵی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی عەرەبی دەبێت و ساڵی 1957 دەچێتە ریزەكانی حزبی بەعسەوە.

هەر لە بەغدا بە هۆی خاڵیەوە سەدام تێكەڵی ئەفسەرانی سوپا دەبێت و شارەزایی لە سوپاو سەربازی پەیدا دەكات، بۆیە سەدام هەمیشە چاكەی خاڵی لەبەر چاو گرتوە و لەكاتێك كە دەبێت بە جێگری سەركۆمار، خەیروڵا دەكات بە پارێزگاری بەغدا.

لە 7 ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1959 بەشداری پیلانی تیرۆر كردنی عەبدول كەریم قاسم دەكات، بەڵام پیلانەكە شكست ئەهێنێت و سەدامیش بە سوكی بریندار دەبێت و بەرەو سوریا هەڵدێت، پاش سێ مانگ رودەكاتە میسرو لە قاهیرە خوێندنی ئامادەیی تەواو دەكات و دەچێتە كۆلێژی یاسا.

ساڵی 1963 ساجیدەی كچی خاڵی مارە دەكات و هەر لەو ساڵەدا بەعسییەكان كودەتا بەسەر دەسەڵاتی عەبدولكەریم قاسمدا دەكەن و دەسەڵات دەگرنە دەست و ئەحمەد حەسەن بەكر كە فەرماندەیەكی سوپاو عەرەبێكی خەڵكی تكریت بوو دەكرێتە سەرۆك وەزیران و عەبدولسەلام عارف دەبێتە یەكەم سەركۆمار.

لە 17 ی تەمموزی ساڵی 1968 دا جارێكی تر بەعسییەكان بە كودەتا عەبدولرەحمان عارف لەسەر كار لادەبەن و سەدامیش یەكێك دەبێت لە بەشداربووانی ئەو كودەتایە، ئەحمەد حەسەن بەكر دەبێتە سەركۆمار و سەدامیش دەبێتە بەرپرسی ئاسایشی نەتەوەیی ساڵی 1969 دەكرێتە جێگری سەركۆمار .

ساڵی 1975 بە مەبەستی لاواز كردنی شۆرشی كورد، سەدام پەیماننامەی جەزائیری لەگەڵ شای ئێران ئیمزا كرد.

ساڵی 1979 ئەحمەد حەسەن بەكری ناچار كرد دەستلەكار بكێشێتەوە و خۆی دەبێتە چوارەم سەرۆك كۆماری عیراق.

دەسەڵاتی سەدام
دەكرێت بوترێت سەدام حسێن لە دید و روانین و بیركردنەوەی زۆر كەسدا لە ناوەوە و دەرەوەی عیراق لەجێی ئەوەی نموونەیەك بێت بۆ حوكمڕانی باش و سەرۆكی وڵاتێكی دیموكرات و سیستمێكی مرۆڤ دۆست، ناوێكە هاوتایە لەگەڵ چەندین دەستەواژە و چەمكی ترسناك و تۆقێنەری وەك ستەمكاریی، دیكتاتۆرییەت، چەوساندنەوە، جینۆساید، ئاگر و ئاسن، ترس و چەندینی تر.

لەسەر ئاستی دەرەكی: قارەمانێكی دۆڕاو
 سەدام لەدوای گیركردنی چنگی لەسەرۆكایەتی كۆماری عیراق لە ساڵی 1979 و بەرپابوونی شۆڕشی خەڵك دژی  شاهەنشایی ئێرانی دراوسێ لە هەمان ساڵدا كە شیعە مەزهەبە  بەرهەمەكەیان چنییەوە (هەر لەبەر ئەوەش ناونرا شۆڕشی ئیسلامی و وڵاتەكەش كرابە كۆمارێكی ئیسلامی)، لە ترسی پەڕینەوەی ئەو شۆڕشە بۆ عیراق و راپەڕینی زۆرینەی شیعە مەزهەبی هەواداری ئێرانە تازەكە، رێككەوتنی 1975ی نێوان هەردوو وڵاتی وەلاناو لە مانگی ئەیلولی ساڵی 1980 دا جەنگێكی ناڕەواو بێ پاساوی لەدژی ئێران بەرپاكرد، كە هەشت ساڵی خایاند تا ئەو كاتەی لە (8/8/1988) دا راگیرا و لەو جەنگەدا سەدان هەزار سەرباز و مەدەنی كوژران و قەرزێكی دارایی گەورەی 75 ملیار دۆلاری ئەمریكیی هاتە سەر وڵاتەكە.

هێشتا سەدام فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق،خاوەنی سوپایەكی پڕ چەك و ئەزموون بوو كە خستیەگەڕ بۆ سەپاندنی هەژموونێكی ناوچەیی بۆنموونە گوشاری خستە سەر كوەیت بۆ لێخۆش بوون لە بڕە بەشی قەرزەكانی ئەو وڵاتە بچوكە نەوتییە دەوڵەمەندە لەسەر عیراق بەڵام بێ سوود بوو، ئەوەبوو لەبەرەبەیانی 2/8/1990 سەدام سوپاكەی ناردە سەر كوەیتی بێ دیفاع و لكاندنی بە پارێزگاكانی عیراقەوە بەناوی گەڕانەوەی لق بۆ سەر بنەڕەت (عودە الفرع الی الاصل).

لەبەرانبەر ئەو لەشكركێشییە دەگمەنەی وڵاتێكی عەرەبیی بۆسەر دراوسێ عەرەبەكەی، جەیمس بەیكەر وەزیری دەرەوەی ئەوكاتەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەسایەی ئیدارەی جۆرج ئێچ بوشی باوك (1988-1992)دا هەڵمەتێكی دیپلۆماتیی گەورە وسەركەوتووی جیهانیی ئەنجامدا بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی سەربازیی نێودەوڵەتیی بە فەرماندەیی وڵاتەكەی ولێدانی عیراق لەبەرەبەیانی 17/1/1991 لە جەنگی دووەمی كەنداودا (كە بە گەردەلولی بیابان ناسرا) بۆ تێكشكاندن و ناچاركردنی سوپاكەی سەدام بۆ هەڵهاتن و پاشەكشە لە كوەیت لە رۆژی 28ی شوباتی هەمان ساڵدا.

ئەو جەنگە كە تەنیا زیاتر لەیەك مانگی خایاند (بەراورد بەهەشت ساڵ جەنگ لەگەڵ ئێران) كاولكارییەكی تر بەڵام، بێ وێنەی بەسەر عیراقدا هێنا كەزەرەرمەندە سەرەكییەكەی خەڵكی بەش مەینەت وچەوسێنراوی عیراق وكەمێك لەبازنەی فەرمانڕەوای رژێم بوون بەهۆی درێژەكێشانی گەمارۆیەكی ئابوریی سەختگیری نێودەوڵەتی وگۆشەگیری ودابڕانێكی توندی سیاسیی وڵاتەكە لە چواردەور و جیهان.

سەرباری ئەو دوو جەنگە ماڵوێرانكار و تێكشكێنەرە كەچی سەدام بەهۆی سووربوونی لەسەر مانەوە و رێگەنەدان بە روخاندنی رژێمەكەی بەهەر هۆیەك بێت، لە سەروبەندی بەهاری ساڵی 1991 واتە تەنها كەمتر لەمانگێك پاش كشانەوەی لەعیراق بە توندترین شێوە بەگژ راپەرینە مەزنەكەی خەڵكی كوردستان و حزب و هێزە شیعە مەزهەبەكانی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقدا چووەوە و سوپاكەی ناردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە و دانیشتوانی شار و شارۆچكە بەشداربووەكانی راپەڕین لەكوردستان وخەڵكی شارە شیعە مەزهەبەكانی ناوەڕاست و باشور بۆ سەركوتكردنی ئەو راپەڕینەی كوردستان و بەشە عەرەبییە شیعەكەی عیراق و لە ئەنجامدا كۆڕەوێكی ملیۆنیی ومێژوویی خەڵكی كوردستانی لێكەوتەوە كەبووە هۆی دەرچوونی بڕیاری 688 ی ئەنجومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان و سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین لە رووبەرێكی فراوانی پارێزگانی باكور وباشوری عیراق.

ئەوەبوو هێزەكانی رژێم بۆ ماوەیەكی كەم لە كوردستاندا مانەوە تا ئەوكاتەی لەراپەڕینێكی تردا (18/تەمموز/1991)، پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (بە بێ كەركوك) لە هێزەكانی رژێمی عیراق چۆڵكران و رژێمیش بڕیاری كشاندنەوەی ئیدارە و سەپاندنی ئابڵۆقەیەكی ناڕەوای بەسەر گەلی كوردستاندا دەركرد، بەكاریگەریی ئەو هەڵ و مەرجە ناوخۆیی ودەرەكییەش حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرا.

-   ئەل ئەیام ئەلطەویلە (بە پاڵەوانكردنی سەدام):

ساڵی 1980 و لەسەرەتای خۆسەپاندنی سەدام حسەین بەسەر گەلی عیراقدا وەك سەرۆك كۆمار، فیلمێكی  (150دەقیقەیی) بەناوی ئەلئەیام ئەلطەویلە –رۆژگارە دوور و درێژەكان-ەوە لەدەرهێنانی توفیق ساڵح و نووسینی سەدام حسەین و تۆفیق ساڵح و نواندنی سەدام كامل ئامۆزای سەدام حسەین لەرۆڵی سەدام حسەیندا بەرهەمهێنرا.

ئەو فیلمە كە لەتەلەفزیۆنی رەسمیی عیراقەوە (كەناڵی یەك) چەندین جار پەخشكراوە، بەرهەمێكی بایۆگرافیی بوو دەربارەی ژیاننامەی سەدام و هەوڵە شكستخواردووەكەی بۆ تێروركردنی عەبدولكەریم قاسم لە 7/10/1959 دا و راكردنی بەبرینداری بۆ سوریا.

فیلمەكە هەوڵێكی تری پروپاگەندەكارانە بوو بۆ بەپاڵاوانكردنی سەدام لەلای عیراقییەكان و گێڕانەوەی  دەربازبوونی قورس و گرانی سەدام لە دەستی هێزەكانی قاسم وساڵانە یاخود هەر چەند ساڵ جارێك لە بۆنە حزبییەكانی بەعسدا لە تەلەفزیۆنی عیراقەوە  پێشكەش بە بینەران دەكرا كە جگە لەتەلەفزیۆنی رەسمیی عیراق هیچ كەناڵێكی تریان نەبوو تەنها ئەو شوێنانە نەبێت كە لەسەر سنوورەكانی خۆرهەڵات هەندێك كەناڵی رەسمی ئێرانیان وەردەگرت و ئەوەش مەترسیداربوو لە روی ئەمنی و موخابەراتییەوە.

دوای ئەوەی سوپای ئەمریكا بەهاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانان لەبەرەی باشور و هێزەكانی پێشمەرگە لەبەرەی باكور توانییان لەمانگی نیسانی ساڵی 2003 دا دەسەڵاتی رژێمی بەعس لەناوبەرن،  سەدام و دارودەستەكەی روویان لەناوچەكانی دەرەوەی بەغدا كرد بۆئەوەی لەو رێگەیەوە هەوڵی كۆكردنەوەی ئەندامانی حزبی بەعس بدەن، كە دژ بەسوپای ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانان بجەنگن، دوای روخانی رژێمەكەی سەدام هێزەكانی ئەمریكا بۆیان رونبووەوە كە سەدام حسێن خاكی عیراق جێناهێڵێت ئەوان لایان وابوو كەسایەتی سەدام هەڵهاتن قبوڵ ناكات، هەر بۆیە پلانێكی تۆكمەیان داڕشت بۆ دەستگیركردنی، كە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا خەڵاتێكی دەیان ملیۆن دۆلاری تەرخانكرد، بۆئەوەی وەك دیاری بدرێت بەئەو كەس و لایەنانەی كە زانیاری ورد و دروست لەسەر شوێنی خۆحەشاردانی سەدام حسێن بەهێزەكانی ئەمریكا بدات، ئەوە لەكاتێكدا بوو كە سەدام حسێن لەسەرووی هەموو ئەو تۆمەتبارانەوە بوو كە هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانان هەوڵی دەستگیركردنیان دەدا.

پلانی دەستگیركردنەكە لەلایەن ژەنەڕاڵ (سیمۆن دارایز)ەوە سەرپەرشتی دەكرا، كە یەكێك بوو لەسەركردە باڵاكانی (دەزگای هەواڵگری ئەمریكا) لەعیراق، لەمانگی (8)ی ساڵی (2003)دا دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە گوایە چەند جارێك (سەدام حسێن) لەباكوری شاری بەغداو ناوچەی تكریت بینراوە، هەر بۆ ئەم مەبەستەش (دەزگای هەواڵگری ئەمریكا) تیمێكی تری بەسەرۆكایەتی ژەنەڕاڵ (سوارز كیفمان) پێكهێنا بۆ زیاتر دڵنیابوون لەو زانیارییانەو دۆزینەوەی پەناگە نهێنییەكەی (سەدام حسێن).

لەدواین هەوڵیشدا هێزەكانی ئەمریكا دەستیان كرد بەدەستگیركردنی كەسە نزیكەكانی سەدام و پاسەوانەكانی بۆ ئەوەی لەرێگەی ئەوانەوە سەدام دەستگیر بكەن، دوای دەستگیركردنی چەند كەسێكی نزیكی سەدام و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا زانیارییان لەسەر چەند شوێنێك دركاند، كە سەدام پەنای بۆ دەبات، هەروەها ناوی ئەو ئەفسەرانەیان بەهێزەكانی ئەمریكا دابوو پەیوەندی راستەوخۆیان بە سەدام حسێنەوە هەیە، هەروەها لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا ئەو دەستگیركراوانەدا ئاماژەیان بەوەكردبوو، سەدام تەنیا دوو پاسەوانی تایبەتی لەگەڵدایە، لەرۆژی 12 ی كانونی یەكەمدا دوای ئەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەهەڵمەتێكی گەڕان و پشكنیندا لەناوچەی كەڕادەی شاری بەغدا توانییان كەسێك بەناوی محەمەد ئیبراهیم ئەلسمەت دەستگیربكەن كە پێشتر پلەی عەقید بووە لەسوپای عیراقدا دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا ناوبراو شوێنی خۆ حەشاردانی سەدام حسێنی بۆ هێزەكانی ئەمریكا دركاندبوو پێی راگەیاندبوون، سەدام لەگوندێكی ناوچەی تكریت خۆی حەشارداوە.

ئێوارەی هەمان رۆژ هێزێكی تایبەتی مارێنزی ئەمریكی بەپاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكان بەرەو ئەو ناوچەیە بەڕێكەوتن، هاوكات لەڕاپۆرتی ژەنەڕاڵ (جەیمس هیكلی) ئاماژە بەوەكرابوو، لەو هەڵمەتەدا كۆمەڵێك لەپێشمەرگەكانی (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) بەشداربوون، دوای پشكنین و گەڕانێكی ورد لەناوچەكەدا بەرەبەیانی ڕۆژی (18)ی كانونی یەكەمدا ئەو هێزە لەچاڵێكی تەنگدا توانییان سەدام حسێن سەرۆكی رژێمی پێشووی عیراق دەستگیربكەن، دواتر رادەستی گەلانی عیراقیان كرد، دوای دادگاییكردنی لەسەر هەموو ئەو كارە نامرۆڤانەی دژ بەگەلانی عیراق و گەلی كورد بەتایبەتی ئەنجامیدابوو دواجار لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەركرا.

رۆژی 30 / 12 / 2006 لە بەرەبەیانی یەكەم رۆژی جەژنی قورباندا سەدام حسێن سەرۆكی رژێمی لەناوچووی بەعس لەعیراق لەفەرمانگەی موخابەراتی عیراقی لەسێدارەدرا، پاش ئەوەی لەدادگای باڵای تاوانەكان لەعیراق بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، پاشان سەرۆكی كۆمار دەسەڵاتی لەسێدارەدانی ئەو تاوانبارەی بەخشییە نوری مالیكی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق.

محەمەد مونیب ئەندامی تیمی پارێزەرانی بەرگریكار لە سەدام حسێن سەرۆك كۆماری پێشووتری عیراق لە یادی 10 ساڵەی لەسێدارەدانیدا رایگەیاند، كە لەسێدارەدانی ناوبراو لە بەرەبەیانی جەژنی قوربانی 2006دا بەمەبەست بووە.

محەمەد مونیب لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا كە رۆژنامەی ئەلیەوم ئەلسابع بڵاویكردووەتەوە، دەڵێت: "مەبەست لە لەسێدارەكانی سەدام حسێن لە بەیانی جەژندا ناردنی پەیامێك بووە بۆ هەمووان بەتایبەت بۆ فەرمانڕەواكان كە عەرەب مەڕن و دەكرێت لە رۆژی جەژندا سەرببڕدرێن.

جەختیشی لەوە كردەوە: كە سەدام حسێن كاری بۆ ئەوە دەكرد كە كەس بە خراپە باسی فەرمانڕەواكانی عەرەب نەكات و تەنها هێرشی دەكردەسەر ئێران و پێیوابووە كە رۆڵی ئێران لە ناوچەكەدا لە رۆڵی ئەمریكا مەترسیدارتر بووە.

ئەو پارێزەرە پێیوایە كە ئوممەی عەرەبی بە لەسێدارەدانی سەدام حسێن سەرەڕای ئەوەی دیكتاتۆر بووە، زیانی كردووە و بەڵگەش ئەو رووداوانەیە كە لە ئێستا لە سوریا روودەدەن.

PUKmedia كاوان ئەحمەد حەمەساڵح هەڵەبجەیی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket