riklam

ئەڵمانیا خۆی نوێ دەكاتەوە

جیهان 09:46 AM - 2021-12-13

ئەیلولی رابردوو هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی لەئەڵمانیا رێكخراو لەكۆی 736 كورسی پەرلەمانی پارتی سۆسیالدیموكرات 206 كورسی وپارتی سەوز 118 كورسی و دیموكراتی ئازاد92 كورسیان بەدەستهێنا و ئەو سێ پارتە بە ڕەنگەكانی سور و سەوز و زەرد بە هاوپەیمانییەتێكی نێوانیان بەسەرۆكایەتی ئۆلاف سۆڵز سیاسەتمەداری ناوداری سۆیالدیموكرات و جێگری پێشووی ئەنجێلا مێركل وكابینەیەكی حكومیان پكهێناو ناویان لێناوە كابینەی ترافیك، بەمجۆرە لەم خولە حوكمڕانی وڵاتەكەدا لەگەڵ وازهینانی مێركل كۆتایی بە حوكمی 16 ساڵەی پارتی دیموكراتی كریستیان و هاوپەیمانێتی دوو خولی رابردوی ئەو دوو پارتە هات و پارتەكەی مێركل بوبە ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمان .

شوێنگرەوەی مێركل
لە كۆبونەوەیەكی تایبەتی رۆژانی رابردووی پەرلەمانی تازەدا بۆ متمانەدان بە راوێژكاری تازە  ئۆلاف شولز كاندیدی پارتی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانیاSPD بە رەسمی پۆستی راوێژكاری وڵاتەكەی بردەوە و  لەكۆی 735 دەنگی پەرلەمانتارانی وڵات توانی 395 دەنگ بەدەستبهێنێت  و ببێتە نۆیەمین راوێژكاری ئەڵمانیای فیدڕاڵ و چوارەمین راوێژكار لەسەر حیسابی پارتی سۆسیالدیموكرات،   بەمجۆرە لەدوای حوكمی 16 ساڵەی دەسەڵاتی ئەنجێل مێركل پۆستەكەی رادەستی كرد، ئۆلاف شۆڵز ئەو سیاسەتمەدارەی پارتی سۆسیالدیموكرات لەهەڵبژاردنەكە توانی لەركابەرەكەی ئارمین لاشیتی كاندیدی پارتەكەی مێركل بباتەوە شوێنگرەوەی ئەنجیلا مێركل، ئەو پیاوە تەمەنی  63 ساڵە و بەكەسێكی مۆدێرن و بەكردەوە ناسراوە، ئەو پارێزەرە یەكەمین جار لە1998 بووە پەرلەمانتار لە 2011 تا 2018 پارێزگاری هامبۆرگ بوو، لەخولی رابردوو جێگری راوێژێكار و وەزیرێكی سەركەوتوی وەزارەتی دارایی وڵات بوو، سەرپەرشتی پلانی دارایی ولاتەكەی كرد لەروبەروبوونەوەی كۆرۆنا و 884 ملیاری یۆرۆی خستە خزمەت خەڵك و رۆلێكی كارای لەوڵات و لەنێو یەكێتی ئەوروپا گێڕا، هەر بۆیەش دەنگی دایەوە و هۆكاری سەركەوتنی بوو.

هاوپەیمانێتی حكومی
ئەو سێ پارتە كە هەرسێكیان لیبرال وعەلمانین لە سەروبەندی دروستكردنی هاوپەیمانییەتەكەیاندا لەنێوان خۆیاندا لەژێر ناوی  هاوپەیمانێتی لەپێناو ئازادی و سەربەستی و دادپەروەری كارنامەیەكی لێكتێگەیشتنیان ئیمزاكردووە كە 178 لاپەڕەیە و ئاڕاستەی بەرنامەی كاری چوار ساڵی داهاتوویان دیاریكردوە و پێیان وایە بەمە وڵات پێ دەنێتە قۆناغی تازە و جیا لە خولەكانی رابردوو چەندین گۆرانكاری لەسەر شێوازی ژیان و حوكمڕانی و كاروبارەكانی ناوەوە و دەرەوە و كۆچ و پەنابەران رودەدات و بەپێی چاودێران ئەو وڵاتە تازەتر لەجاران دەنواڕێتە ژیان و گوزەران و گۆڕانكاری لە هەموو بوارەكان دەكات، بەڵێنیانداوە قەیرانی كۆرۆنا و گۆڕانی كەشوهەوا بكەنە كاری لەپێشینەی خۆیان.

كابینەی نوێی حكومەتی ئەڵمانیا لە سەرۆك وەزیر راوێژكار و شازدە وەزیر پێكهاتووە، حەوت وەزیر لە سۆسیالدیموكرات، پێنج وەزیر لە سەوزەكان و چواریش  لەپارتی دیموكراتی ئازاد، نیوەی وەزیرەكان واتە هەشتیان ژنن لەنێوانیاندا وەزیری بەرگری.  

بەپێی راپرسییەكان زۆرینەی ئەڵمان ئەو هاوپەیمانێتییەیان پێ خۆشە و بە دەرفەتێكی باشی دەزانن بۆ نوێبوونەوە و گۆرانكاری لەدەسەڵات و ژیان و پەیوندییەنێودەوڵەتییەكان و بوارەكانی تر، بەپێی پرۆتۆكۆڵە مۆركراوەكەی نیوانیان دیارترین ئەو گۆرانكاریانەی كە دەبێت بكرێن  بریتین لە: مووچە و ژیان و گوزەران بەرزكردنەوەی كەمترین كرێی سەعاتی كاری لە 9,60 ەوە بۆ 12 یۆرۆ.

-    زیادكردنی مووچەی خانەنشینان.
-    گۆڕین وچاكسازی لە بەرنامەی یارمەتی سۆسیال بۆ بێ كارەكان.
-    زیادكردنی مووچەو پۆلینكردنیان بەپێی پیشە.
-    زیادكردنی مووچەی منداڵ وبڕینەوەی دەرماڵەیەكی تر بۆیان.
-    بایەخدانی زیاتر بە كارمەندانی بواری تەندروستی وبڕینەوەی دەرماڵەیەكی تایبەتی بۆیان.
-    زیادكردنی دەرماڵەی خوێندكارانی زانكۆ وپیشەییەكان.

بواری كۆچ وپەنابەران
راوێژكاری تازە هەرزوو هەڵوێستی خۆی لەسەر پەنابەران ئاشكرا كردووە، ئەوپیاوە دژی و كۆچبەر و پەنابەران نییە، بەڵام میكانیزمێكی تازە  بە پێویست دەزانێت بۆ ئەوەی پەنابەران بەپێی ئەو مەترسییەی كە لەسەر ژیانیان هەیە وەریان بگرن و وڵات لەدەست دیكتاتۆرەكان رزگاریان بكەن و بەپێی پێویستی خۆیان و بەپێی دەستڕەنگینی و كارامەیی خۆیان وەریان بگرن و دەستی كاری وڵاتی پێ پڕبكرێتەوە، هەوەرها بەشێوەیەكی رێكخراو بەپێی سیستەمێكی گونجاو  پەنابەران دیپۆرتی وڵاتانی خۆیان بكرێنەوە، بۆ مەسەلەی پێكەوەگونجان و تێكەڵكردنی و پەنابەران لە ناو كۆمەڵگەی ئەڵمانیدا پۆستێكی باڵا دراوەتە كچێكی عەرەبی عیراقی لەسەر لیستی سۆسیالدیموكراتەكان و ئەو كچە دەیەوێت میللەتەبێگانەكانی ناو ئەڵمانیا ئاوێتەی كۆمەڵگەی خانەخوێ بكات وئەركی حكومەتەكەی جیبەجێ بكات.

 ریم عەبالی تەمەنی 31 ساڵەو لە بارەی كۆچبەرانەوە رایگەیاندووە: كە نیازی وایە كار بۆ بەهێزكردنی پێكەوە گونجانی كۆمەڵایەتی بكات، پابەند دەبین بە هێشتنەوەی ئەڵمانیا وەكو وڵاتی كۆچبەران، پەرە بە سیاسەتی روون و گونجاو دەدەم بۆ ئەوەی حكومەت و كۆمەڵگەی مەدەنی بتوانن هەموو شتێك بكەن تاوەكو زەمینە بۆ رەگەزپەرستی و توندڕەوی و ئیسلامی سیاسی بنبڕ بكرێت، پەیمانی داوە بە جدی خەبات بكات لەپێناو بەدیهێنانی پراكتیزەكردنی كارنامەی حكومەت كە چەندین دەستكەوتی تێدایە لەوانە.  

-    هەموو ئەوانەی رەگەزنامەی ئەڵمانیان وەرگرتووە بۆیان هەیە رەگەزنامەی وڵاتی خۆشیان هەبێ و ببنە خاوەنی دوان.
-    كورتكردنەوە ماوەی مافی وەرگرتنی رەگەزنامە لە 8 ساڵەوە بۆ 5 ساڵ .
-    كورتكردنەوەی ماوەی نێوان مافی مانەوەی كاتی و هەمیشەیی لە 5 ساڵەوە بۆ 3 ساڵ.
-    خێراكردنی تەواوكردنی مامەڵەی پەنابەران.
-     گەشەپێدانی پرۆژەی هێنانی كرێكار و كارمەندی لێزان و خاوەن پیشە لەدەرەوە و نیستەجێكردنیان لە ئەڵمانیا.

ژینگە
كارنامەی تازە بەخەستی باسی ژینگە و گۆڕانی كەشو هەواو مەترسییەكانی گەرمبوونی گۆی زەوی تێدایە و پارتی سەوز توانیویەتی زۆربەی ئامانجەكانی خۆی تێدا جێگیر بكات لەوانە:
-    وەستاندنی بەكارهینانی خەڵوز بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا.
-    دروستكردنی زیاتری ئۆتۆمبێلی ژینگە پاریزی وەك ئۆتۆمبێلی كارەبایی.
-    كەمكردنەوەو بەرهەم نەهێنانی  ئەو مەكینە و ئامیرانەی كە بەگازو دیزل كاردەكەن.
-    هاوكاری كۆمپانیاپیشەسازییەكان بۆ بەرهەمهینانی كەلو پەل وشمەكی دۆستی ژینگە.
-    بەیەخدان بە پایسكل و كردنەوەی ریگای تایبەتی بۆیان لەناو شارەكان.
-    هاندانی خەڵك بۆ پراستنی ژینگەو سەوزایی.
-    قەدەغەكردنی كەلوپەلی بچوك پلاستیك، ئەوانەی بۆیەكجار بەكاردێن.
-    ئەكتیفكردنی مافی راكێشانی خێزان و یەكگرتنەوەیان لەگەڵ یەكتر.
-    هاوكاری باربۆی دارایی ئەو كۆچبەرانەی كە مافی پەنابەرێتیان رەتكراوەتەوە و دەیانەوێت بگەرینەوە وڵاتی خۆیان.

گۆڕانكاری تر لە بوارەجیاجیاكانی وەك
-    هەرزانكردنی نرخی كاربا و گۆڕینی سەرچاوەكانی بۆ ژینگە دۆست.
-    ساڵانە دروستكردنی 40 هەزار خانوو یەكەی نییشتەجێبوون و دابەزاندنی نرخی كرێ.
-    پاراستنی زیاتری مافی منداڵان و پەروەردەی باشتر.
-    كەمكردنەوەی تەمەنی بەشداری هەڵبژاردن و دەنگدان لە 18 ساڵەوە بۆ 16 ساڵ.
-    یەكسانكردنی باجی سەر دووەم ئۆكسیدی كاربۆن بەجۆرێك بۆ بەكاربەر و بەكارهێنەر وەك یەك بێت.
-     بەرەنگاربوونەوەی توندی رەگەزپەرستی و توندڕەوی نەتەوەپەرستی.
-    هێشتنەوەی كۆمپانیای هێڵی ئاسنین و شەمەندەفەر DB لەناو كەرتی گشتی حكومیدا.

كابینەی ترافیك ئۆلاف شۆڵز راوێژكاریەتی ولە 16 وەزارەت پێكدێ و بەپێی بەركەوتەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە شەشیان بۆ سۆسیالدیموكراتەكان و پێنج بۆ پارتی سەوز و چواریش بۆ دیموكراتی ئازاد، بۆ یەكەمین جار لەمێژووی ئەو وڵاتە ژنێك پۆستێ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی پێ سپێردراوە، خاتوو  ئەنالینا باربۆك هاوسەرۆكی پارتی سەوزی ئەڵمانییە و تەمەنی 41 ساڵە، بەژنێكی مۆدێرن و ژینگەپارێز و دۆستی گەنجان ناسراوە، پێداگیری لەسەر مافی نەتەوە ژێردەستەكان و بیری چەپ وپێشكەوتنی كۆمەڵگا دادپەروەری كۆمەڵایەتی دەكات، وەزیری تازە پستیوانی ماف وئازدییەكانی گەلانی ژێر دەستەو چەوساوە دەكات لە سەرانسەری دونیا بۆ هەردوو وڵاتی چین و روسیا، پێشنیار و ئامپژگاری هەیە لەم بوارەدا، دەیەوێت هەم پاریزگاری لە بەرژوەندییە دوو قۆڵییەكانی بازرگانی و هەمیش پرەنسیپە مرۆیی و دیموكراسییەكان بپاریزێت، ئەو ژنە خۆی بۆ پۆستەكەی مێركل كاندید كردبوو بەڵام دەنگی پێویستی نەهێنا و بە رێككەوتن پۆستی وەزارەتی دەرەوەی پێ دراوە.

هەروەها پۆستی وەزارەتی دارایی دراوەتە سەرۆكی پارتی دیموكراتی ئازاد  كریستیان لیندنەر و ئەو پارتە لە 2013 ەوە وەك پارتێكی بەرهەڵستكار كاردەكاو لە حكومەت بەشدرا نەبووە، ئەو پارتە زیاتر لەگەڵ چینی ژێرەوەیە و داكۆكی لە مافەكانیان دەكات.

PUKmedia بورهان ئەمین- ئەڵمانیا
سەرچاوە.. میدیای ئەڵمانیا



ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket