}

فه‌ره‌نسا بڕیارێكی گرنگ تایبه‌ت به‌ جینۆسایدی كورد ده‌دات

کوردستان 04:01 PM - 2021-11-26

پێده‌چێت ھه‌ندێک وڵات ھێشتا له‌ كورد خۆی زیاتر بیری لای خه‌مه‌ گه‌وره‌كانی بێت. جا له‌ به‌رژه‌وه‌ندیانه‌ یا ھه‌ر دۆخێكی تر مایه‌ی تێڕامانه‌. له‌ فره‌نسا چه‌ند په‌رله‌مانتارێك پرۆژه‌ بڕیاری ناساندنی كۆمه‌ڵكوژی ھه‌ڵه‌بجه‌یان ئاماده‌ كردوه‌و رۆژی ٢٠٢١/١١/٢٦ ھه‌ینی ده‌چێته‌ ناو به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆ ده‌نگ له‌سه‌ردان.

ئه‌م رووداوه‌ گرنگه‌ ھاوكاته‌ له‌گه‌ڵ خنكانی ده‌یان كۆچبه‌ری كورد له‌ كه‌ناره‌ ئاویه‌كانی كاڵاس له‌ نێوان فره‌نساو به‌ریتانیا!

ناوه‌ڕۆكی پرۆژه‌كه‌ فره‌ ره‌ھه‌ندو تێروته‌سه‌له‌ به‌تایبه‌تی ھۆكاره‌ پێویستیه‌كانی وه‌ك پێشه‌كی باس له‌ قه‌ره‌بووی قوربانیان و كه‌سوكاریان ده‌كاته‌وه‌. 

ھه‌موو ره‌ھه‌نده‌ یاساییه‌كانی تاوانی كۆمه‌ڵكوژی ئاماژه‌ پێ كردوه‌.

دیكۆمێنتێكی یاسایی به‌ھێزه‌، كه‌ره‌سته‌ی ھه‌ڵمه‌تێكی نێوده‌وڵه‌تیه‌ بۆ ناساندنی جینۆسایدی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی دونیاو كردنه‌وه‌ی به‌ دۆسیه‌یه‌كی نوێ.

به‌تایبه‌تی له‌ كات و زه‌مانێكدا بابه‌تی كۆچی كوردان بۆ ھه‌نده‌ران و باس و خواسی میدیاكان له‌سه‌ر دۆخی كورد له‌ رۆژھه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوه‌ته‌وه‌ تراژیدیایه‌كی نوێ و پرسێكی گه‌رم.

فره‌نسا له‌م قۆناغه‌دا نزیكترین په‌یوه‌ندی به‌ حكومه‌تی كوردستانه‌وه‌ ھه‌یه‌. له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری دۆخی عیراق و ھه‌رێم ده‌كه‌ن.

له‌ رابردووشدا به‌ھۆی بڕیاری ٦٨٨ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ ( بڕیاری دژه‌ فڕین) كه‌ فره‌نسا داڕێژه‌ره‌كه‌ی بوو. ھه‌روه‌ھا ھه‌بوونی په‌یوه‌ندی به‌ھێز له‌نێوان چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی كاریگه‌ری فره‌نساو كورد. بنه‌مایه‌ك بۆ پرسی كوردو كار له‌سه‌ر كردنی له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و یاسایی دروست بوه‌.

پێویسته‌ ناوه‌نده‌ سیاسی و میدیایی و یه‌كێتی نوسه‌رانی جینۆسایدی كوردستان و ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمی و رێكخراوه‌ییه‌كان ئه‌م رووداوه‌ به‌ھه‌ند وه‌ربگرن و ته‌نیا ته‌ماشاكه‌ر نه‌بن، یا وه‌ك ھه‌وڵ و ده‌رفه‌ته‌كانی تر سارد نه‌كرێنه‌وه‌.

داواكارم په‌رله‌مانی كوردستان دانیشتنێكی تایبه‌ت بكات له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌ بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی فره‌نسا، دوای ئه‌وه‌ی ده‌بێت به‌ بڕیار. ئه‌رك و ھه‌ڵوێسته‌كانی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیاره‌كه‌ دیاری بكات.

ئه‌شێت ھه‌بن پێیان وابێت له‌ناو ئه‌م دۆخه‌ پڕ گێژاوه‌ی ھه‌رێم و له‌ناوخۆدا دروست بوه‌و بێباكیه‌كی گه‌وره‌ ھاتۆته‌ كایه‌وه‌ بڵێن ئه‌م بابه‌ته‌ كه‌ی له‌ ئێستایا گرنگه‌؟

ئه‌شێت ھه‌بن وا بیر بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام راستی ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێ كار له‌سه‌ر دروستكردنه‌وه‌ی ئه‌و ھێزه‌ بكرێت كه‌ پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌كان بچنه‌وه‌ ره‌دیفی یه‌كه‌م. سیاسه‌ت به‌ھای بۆ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌. ململانێ له‌سه‌ر بنه‌مای پرۆژه‌و ستراتیژیه‌ت بێت. 
پێویسته‌ سیاسه‌ت و دۆخی سیاسی له‌م چاڵاییه‌ تاریكه‌ سه‌ر بخرێ بۆ پانتایته‌كی ره‌خساوی كاری نیشتمانی. ئه‌م پرۆژه‌ بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا به‌داخه‌وه‌ كورد خۆی كه‌م ئاگای لێیه‌تی به‌ ھۆی خۆ گه‌مارۆدانی به‌ ململانێی نا دروست و به‌فیڕۆدانی تواناكان و دورخستنه‌وه‌ی وزه‌ باشه‌كان و جڵه‌و دانه‌ده‌ست بێباك و بێ تێزه‌كان!

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌ ئێستا چاوی میدیاكانی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌م ھه‌وڵه‌ بێت و له‌ رووی سیاسیشه‌وه‌ به‌ رووداوێكی گرنگ له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی كوردستان كاردانه‌وه‌و به‌ئاگا ھاتنه‌وه‌ دروست بكات. ھه‌م وه‌ك پرۆژه‌ی به‌خۆداچوونه‌وه‌و ھه‌م وه‌ك پرۆژه‌ی ھاوبه‌شی كاری نیشتمانی.
سالار مه‌حمود
PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket