riklam

ئەژماركردنەوەی دوا وێستگەی تانەلێدراوەكان کۆتایی پێدەهێنرێت

عیراق 05:27 PM - 2021-11-25

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی 11ی 2021 رایگەیاند كە كۆتاییان بەسەرجەم پرۆسەی ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگی ئەو وێستگەو بنكانەی دەنگدان هێنا كەتانەیان لەبارەوە پێشكەش كرابوو، ئەوەش وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ داواكاری هێزە ناڕازییەكان لەسەر ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكان.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لەبڵاوكراوەیەكدا كەوێنەیەكی دەست PUKmedia كەوتووە راشیگەیاندوە كە ئەمڕۆ كۆتایی بەئەژماركردنەوەی دوا وێستگە لەپارێزگای نەینەوا هاتووە، ئەوەش لەسەر بڕیاری دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان و بەئامادەبوونی نوێنەری ئەو كاندیدانەی تانەیان پێشكەش كردبوو هەروەها چاودێرانی نێودەوڵەتی و راگەیاندكارە رێگەپێدراوەكان.

كۆمسیۆن لەراگەیەنراوەكەدا ئاشكراشیكردووە ئاكامی دووبارە ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان لە 100% هاوشێوەی ئەنجامی پرۆسەی ئەژماركردن و جیاكردنەوە ئەلیكترۆنییەكە بووەو ئەو لیژنەیەشی كە پێكهێنراوە راپۆرتەكانی بۆ ئەنجومەنی كۆمسیاران بەرزكردۆتەوەو ئەوانیش راسپێردراون كە ئەنجامەكان بۆ دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان بەرزبكەنەوە.  

پێشتریش جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بە PUKmedia ی راگەیاندبوو ئەمڕۆ پێجەشممە ئەژماركردنەوەی دەستی 217 وێستگە لەپارێزگای نەینەوا كۆتایی پێدەهێنرێت و ئاماژەی بەوەشدا كاتی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان هێشتا دیار نییە.

راشیگەیاند: بەكۆتایی هاتنی پرۆسەی ئەژماركردنەوەی دەستی لەپارێزگای نەینەوا، كۆمسیۆن راسپاردەكانی خۆی بۆ دەستەی دادەوەری بەرزدەكاتەوە تاوەكو ئەوانیش لەلایەن خۆیەوە بڕیاریان لەسەر بدات و پاشان ئەنجامەكان بۆ كۆمسیۆن دەگەڕێننەوە.

دەستەی دادەوەری لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە 21 بڕیاری دەركردبوو كە لە 15 بڕیاریاندا كۆمسیۆن پابەند كرا تاوەكو دووبارە ئەژماركردن و جیاكردنەوەی دەستی بۆ ژمارەیەك وێستگە لەبنكەكانی دەنگداندا بكاتەوەو لە 6 بڕیاریشیاندا ئەنجامی ژمارەیەك وێستگەی لەبەشێك لەبنكەكان هەڵوەشاندەوە.

PUKmedia راگەیاندنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket